ئا: هێڤی ئاوات
سیستەمی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن بەتەواوی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە کە زیاتر لە ٣٠ سالە بەردەوامە، مامۆستایەک دەڵێت "لەباخچەی ساوایانەوە تا پەیمانگاو زانکۆکان، هەموو بەڕێوەبەرو هەموو راگرو سەرۆکی زانکۆکان، بەپیی ئینتیمای پارتیو یەکێتیو بەفەرمانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە دادەنرێن".
رۆژی یەکشەممە ٢١ی ئەیلول، ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردو لەو ڕێورەسمانەی بەم بۆنەیەوە رێکخرابوون، چەندین بەرپرسی حزبی لەپاڵ بەرپرسانی حکومیو بەڕێوەبەرانی پەروەردەدا بەشداری لێدانی یەکەم زەنگی کردنەوەی قوتابخانەکانیان کرد.
م.رێکەوت، کە تەمەنی ٥٨ ساڵەو ماوەی ٣٢ ساڵە مامۆستایەو لەناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتیو ئامادەییدا وانەی وتوەتەوەو ئاگاداری ڕەوشی قوتابخانەکانە، باس لەوە دەکات کە لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، بەهەموو شێوەیەک سیستەمی پەروەردەیان کردووە بەقوربانی، ئەو بەئاوێنەی وت "پارتیو یەکێتی دەستیان وەرداوەتە ناوەندەکانی خوێندنو حزب تەحکوم بەدانانی بەڕێوبەرو یاریدەدەرەکانو بەپڕۆگرامی خوێندنو کاتی دەوامیشەوە دەکات، لەوەزیرەوە تا بەڕێوبەری پەروەردەکانو قوتابخانەکانو بەشەکانی پەروەردە ھەموی حزب دایاندەنێت"،
وتیشی "لەدوای راپەڕینەوە کردیان بەمەرج هەر دەرچوویەکی زانکۆ کە دابمەزرێتو ببێت بەمامۆستا دەبێت بڕوات لەمەڵبەندو لق یان کۆمیتەو ناوچە تەزکیەی حزبی بهێنێت، تا ئێستاش ساڵانە فۆرمێک دەهێنن بۆ قوتابخانەو خوێندنگاکان کە ئەوانەی حزبن پڕی بکەنەوە، زۆرجار ناوەندەکانی خوێندن بونەتە شوێنی کۆڕو کۆبونەوەی پارتی یان یەکێتی، ئەمەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی سیستەمی پەروەردەی لەکوردستاندا دواخستووە کە ئیتیماو دڵسۆزی بۆ حزب زۆر لەپێشترە لەتواناو لێوەشاوەیی".
لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێکی زۆر دراوە دەستی حزب لەپرۆسەی خوێندنو ناوەندەکانی خوێندن دووربخرێتەوە، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە شکستیان هێناوە، لەبەرئەوەی پەروەردەو خوێندن ناوەندێکی گرنگو هەستیارنو حزبە دەسەڵادارەکان وەک میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوەکانو جەماوەر بەکاریاندەهێنن.
م.سروشت عەلی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی یەکێتیو پارتی لەبواری پەروەردەدا کردوییانە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو سیاسەتە بووە کە حزبی بەعس لەڕابردوودا پەیڕەوی کردووە، ئەو وتی "حزبی بەعس کاری لەسەر ئەوە دەکرد کە بەڕێوبەرەکان بکات بەحزبی، بۆ ئەوەی زانیاریان بۆ بەرێتو چاودێر بێت بەسەر مامۆستایانەوە، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە ئەوەی پارتیو یەکێتی کردیان زۆر خراپتر بوو لەوەی حزبی بەعس، بەتەواوی دەستیان خستە ناو پرۆسەی پەروەردەوە، نەک تەنھا بەڕێوبەرەکان، بەڵکو هەوڵیان دا لەرێگەی یەکێتی مامۆستایانو رێکخراوەکانی خوێندکارانو قوتابیانەوە خوێندکارو مامۆستاش بکرێن بەحزبی".
وتیشی "لەم ساڵانەی دواییشدا کە بایکۆتو خۆپیشاندانو ناڕەزایی ئەنجامدراوە لەلایەن مامۆستایانەوە بەهۆی نەدانی مووچەوە، هەمیشە حزب لەڕێگەی مەڵبەندو لق کۆمیتەو ناوچەوە فشاری کردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناڕەزاییانە بێتو بایکۆت بشکێنن، زۆر بەڕێوبەریش ھەبووە ئەوەندەی لەژێر بڕیاری حزبەکاندا بوە ئەوەندە حسابی بۆ مامۆستاکان نەکردوە، حزبە دەسەڵاتدارەکان ھۆکاری قەیرانو شکستی پرۆسەی پەروەردەن، رێگەیەکی چارەسەری ئەم بارودۆخە ئەوەیە دەستی حزب لەناوەندەکانی خوێندن دوربخرێتەوە، تاکەی حزب لەپەروەردەدا بڕیاردەر بێت؟ بۆچی تا ئێستاش بەڕێوبەرێک دانانرێت تا ئینتیمای حزبی نەبێو وەرەقەی سەوزو زەردی پێنەبێت؟ بەڕێوبەر ھەیە بیستو پێنج ساڵە دەیان کێشەی یاسایی لەسەرە، بەڵام لەبەرئەوەی دەستی ئەم مەسئولو ئەو مەسئول ماچ دەکاو سەر بەحزبی دەسەڵاتە، کەس باسی لابردنی ناکات".
هەرچەندە یەکێتی مامۆستایان پشتگیری داخوازی مامۆستایانی کردووە کە خۆپیشاندانو بایکۆتیان کردووە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان، بەڵام هەمیشە لەلایەن زۆربەی مامۆستایانەوە جێی رەخنە بووە کە وەک پێویست داکۆکییان لەمامۆستایان نەکردووەو زیاتر دەسکەلای دەسەڵات بوون.
نەوشیروان حەمە غەریب، کارگێڕی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان باس لەدەستوەردانی حزبیو کاریگەریەکانی لەسەر پڕۆسەی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "سیستەمی پەروەردەی لەکوردستان لەداڕماندایە، یەکێک لەگروپە هەرە لاوازەکانی ئەم سیستەمە ئەو بەڕێوەبەرە حزبیانەن کە لەژێر کاریگەریی حزبی دەسەڵاتداردان، بەڕێوەبەرەکان کۆنترۆڵی مامۆستایان دەکەن، نزیکەی ١٤٠ هەزار مامۆستامان هەیە لەکوردستان، ئەمە توێژێکی زۆر گەورەیە، جگە لەژمارەیان، کاریگەرییان دیارە، رابەری پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوون، ئەندامانی خێزانەکەشیان زیاد بکە، ئەوسا دەزانی چ گروپێکی گەورەن لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، هەموو دەسەڵاتەکان دەیانەوێت بەکاریانبهێنن".
وتیشی "بەدرێژایی ساڵانی رابردوو یەکێتی مامۆستایان کە لەلایەن پارتیو یەکێتییەوە کۆنترۆڵ کراوە، کاری لەسەر ئەوە کردووە لەلایەکەوە وەزارەتی پەروەردە بپارێزێتو لەلایەکی تریشەوە مامۆستایان بێدەنگ بکات بەمیکانیزمی جۆراوجۆر، ئەمەش بەڕوونی دەریدەخات کە یەکێتی مامۆستایانو ناوەندی پەروەردەو وەزارەتو حکومەت یەک سیستەمنو یەکتر دەپارێزن، تا سەندیکایەکی نوێو ڕاستەقینەی مامۆستایان دروست نەکرێت کە داکۆکییان لێبکات، وەک ئەوانەی لەوڵاتانی دیموکراسیدا هەیە، ئەستەمە مامۆستایان بتوانن هیچ شتێک بگۆڕن، میکانیزمێکی بەرگری بەکۆمەڵ پێویستە".
ناوبراو جەغت لەوەش دەکات کە سیستەمی پەروەردەو پرۆگرامی خوێندن بەگوێرەی ئامانجی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەگۆڕاندان، پەروەردە لەوڵاتانی دیموکراسیدا بەشێوەیەکی تایبەت لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، ئازادی بیرکردنەوەو بەهاکانی وەک یەکسانیو مافەکانی مرۆڤ بنیاتدەنرێت، ئامانجی پێشخستنی پەروەردەی هاوڵاتیانە کە بتوانن چالاکانە بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن، ئەو وتی "بەڵام لەکوردستاندا پەروەردە زۆرجار وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرێتو پرۆگرامی خوێندنیش بەتایبەتی وانەکانی وەک کوردیو کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەک دادەڕێژرێت کە گوێڕایەڵیو دڵسۆزی بۆ سەرکردە لەهۆشی گەنجدا بچێنێتو هەوڵی سەرکوتکردنی بیرۆکە جیاوازو پێشکەوتنخوازەکان بدات".
ئاوێنە چەند جارێک پەیوەندی بەکاربەدەستانو بەڕێوەبەرانی پەروەردەی سلێمانیو هەولێرەوە کرد سەبارەت بەم بابەتە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.



ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات