ئا: ئەیاد محەمەد
لەکفری لەماوەی دوو رۆژدا سێ کەس کوژران، ھاوڵاتیان پێیانوایە حزبو سیاسەت، دادگاو یاسا دەسوڕێنێت، کەسانی دەستڕۆیشتوو کاریان لەدادگاو لای دەسەڵاتی جێبەجێکار بەزووی بەڕێدەخرێت، بەڵام ھاوڵاتیانی بێ دەسەڵاتو بێ پلەو پۆست وەلا دەنرێن، دادوەرێک دەڵێت "خەڵکی وا ھەیە خۆی بەدەسەڵاتدار دەزانێت، وا دەزانێت دەبێت خۆی دادگا بێتو خۆی لێکۆڵەر بێتو چاوەڕێ ناکاتو دەستی دەچێتە خوێنی خەڵک، وەک ئەوەی لەکفری روویدا".
شەوی دووشەممە ٢٢ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە لەناو باخەکەیدا بەگولـلە کوژرا.
٤٨ کاتژمێر بەسەر ئەو رووداوەدا تێنەپەڕی بوو کە لەتۆڵەی کوشتنی "ئەکبەر حاجی رۆستەم"دا، باوکو کوڕێک کوژران، کە "عەرەبن"و کەسوکاری ئەو کەسانەن وەک دەوترێت بەتۆمەتی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم دەستگیرکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەسنوری گەرمیان، ڕووداوەکانی کوشتن چوار ئەوەندەی ساڵی پار زیادیکردوە، بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە ساڵی ڕابردوو لەسنوری گەرمیان تەنھا ٣ حاڵەتی کوشتن ھەبووە، بەڵام ئەمساڵ تاکو مانگی ٢٤ی ئەیلول، ١٢ حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە، واتە لەچاو ساڵی پار چوار حاڵەتی کوشتن ھێندە زیادیکردووە.
عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان سەبارەت بەسەروەربوونی یاساو جیاوازی لەنێوان کەسانی خاوەن دەسەڵاتو هاوڵاتی ئاساییدا، بەئاوێنەی وت "ھەموو ھاوڵاتیەک بەیەک چاو تەماشادەکرێن، یاسا سەروەرە بەسەر ھەموویانداو ھیچ جیاوازییەک ناکرێت لەنێوان کەسێک کاربەدەست بێت یاخود کاربەدەست نەبێت، ھەمان ڕێکاری یاسایی بەسەر ھەمووی جێبەجێ دەکرێت".
وتیشی "کەیسەکانی ڕابردوو ھەموو بکوژەکان دەستگیرکراونو ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە، ئەم کەیسەی ئێستای کوشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەمو دوو هاوڵاتی عەرەب لەکفری، ھیچ قسەیەکی لەسەر ناکەین، چونکە لەلێکۆڵینەوەداین".
بەڵام بەشێک لەپارێزەرو چالاکوانانی کۆمەڵایەتی پێیانوایە ئەو بێشەروبەرەییەی زۆربەی بوارەکانی ژیانی گرتوەتەوە لەناوچەی گەرمیاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کێ هێزو دەسەڵاتی هەبێت حساب بۆ یاسا ناکات.
لەمبارەوە پارێزەر کاوە لەتیف، بەئاوێنەی وت "بێگومان خەڵکانێک کە دەستڕۆیشتوون ئیشوکاریان لەدادگا یان دەسەڵاتی جێبەجێکار وەک پۆلیس یان ھەموو فەرمانگەکانی حکومەت جیاوازییەکی زۆر لەنێوان خەڵکی پلەو پایەو خەڵکی بێدەسەڵاتو هەژار دەکرێ، کوڕی خەڵکی ھەژارو داماو بکوژرێت کەس لەسەری بەجواب نایەت، تەنانەت زۆر جار دۆسیەکانیان دادەخرێت، دیزە بەدەرخۆنە دەکرێ، بابەتی دۆزینەوەی تۆمەتبارەکانو شێوازی کوشتنەکان ئەشاردرێنەوەو نادۆزرێنەوە، دیارە بەئەنقەست، لەکاتێکدا ھێزە ئەمنیەکان توانای ئەوەیان ھەیە چی تاوانێک کە زۆر قورسە یان بەنھێنی ئەنجام دەدرێت بیدۆزنەوە".
وتیشی "ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەھەرێمی کوردستان، دادگاکان دادگای حزبینو ئاسایشو پۆلیس زیاتر سەر بەحزبنو دامەزراوە حکومیەکان حزب زاڵە بەسەریاندا، ئەم حزبایەتیەش بوە بەدەردو نەخۆشییەک بۆ میللەت".
لەئێستادا بەشێک لەھاوڵاتیان خۆیان بەدوای تۆڵەکردنەوەدانو چاوەڕوانی دادگاو لایەنە پەیوەندیدارەکان ناکەن، تاکو بگەن بەئەنجام، وەک ئەوەی لەکفری روویدا.
دادوەر بورھان ئەحمەد، بەئاوێنەی وت "رووداوەکانی کوشتن پەیوەندییان بەهوشیاری خەڵکو ناوچەکانەوە ھەیە لەڕووی زاڵبوونی کلتوری عەشایەرییەوە، ھەندێکجار لەو شوێنانە لەسەر شتی ئاسایی مرۆڤ کوژراو، خەڵکی واش ھەیە خۆی بەدەسەڵاتدار دەزانێت، وا دەزانێت دەبێت خۆی دادگا بێتو خۆی لێکۆڵەر بێت، ئیتر چاوەڕێ ناکاتو دەستی دەچێتە خوێنی خەڵک".
سەبارەت بەوەی ئایا دادگا بۆ کەسانی خاون پلەو پۆست جیاوازە تاکو کەسی ئاسایی، دادوەر بورھان وتی "دادگا خۆی پۆلیسی قەزای ننیە، سەر بەدادگا بێت، ناچاری تۆ پۆلیسو ئاسایش کارەکانت بۆ بکات، ئەکەر ئەو نەیکات تۆ ھەر بۆخۆت بڕیار بنوسەو ھیچ دەسەڵاتێکت نیە، لەوڵاتەکانیتر دادگا خۆی پۆلیسی ھەیە".
بەشێک لەلایەن پەیوەندیدارەکانیش جەغت لەوە دەکەن کە لاوازیی دامودەزگاکانی حکومەت هاندەر بووە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆیان دەستپێشخەری بکەنو تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، لەبەرئەوەی گومانیان هەیە دادگاو یاسا حەقیان بسێنێت.
دکتۆر ھێمن خورشید، پزیشکی پسپۆڕی ئارێشە دەرونییەکان، سەبارەت بەکوشتنو تۆڵەکردنەوە، بەئاوێنەی وتی "ھەر کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی کە خێڵگەرییەو نەچوەتە دونیای مۆدێرنو دەوڵەتو یاسا تێیدا دروستنەبووە، خەڵک تۆڵە دەکاتەوە لەبەرئەوەی ھەستدەکات کەس نیە حەقی بسێنێتەوە، کاتێک خێڵ دەبێتە مەرجەع خێڵ بڕیاردەدات، خێڵ دەوری دەوڵەت دەبینێت، بەڵام کاتێک دەوڵەت دروستەدبێت دام و دەزگا دروستەبێت خەڵک بڕوا بەدامودەزگا دەکات کە مافیان نافەوتێت".
وتیشی "ھیچ قۆناغێکی مێژووی نەبووە کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە کینەو ڕقی تێدا بووبێت، کابرا بەدوای بیانودا دەگەڕێت، کابرا بەناوی دیندارییەوە دێت کۆمێنتت بۆ دەنوسێت کافرت دەکات، یەکێکیتر بەناوی خیانەتکردن لەنیشتمان کەچی خۆشیان کاری باشیان نیە، ئەمە پێیدەوترێت پەنگ خواردنەوە، کۆمەڵگەی ئێمە لەئانوساتی تەقینەوەیەکی ناوەکی زۆر مەترسیداردایە، چونکە کەس کەسی خۆشناوێت، تۆ بڕۆ یەک ڕەمزم بۆ بێنە لەکوردستاندا خەڵک لەسەری کۆک بن، ئەمە تۆڵەکردنەوەیە، ئێمە بیری خۆکوشتمان ھەیە، بیری ئەویتر کوشتنمان ھەیە، بیری ئەویتر کوشتن دڕندەییە، لێرەش دەوری حکەمەت گرنگە، ئەگەر وشیاری دروست بێت ئەگەر چەک نەدرێتە دەستی خەڵک، ئەم ھەموو شتە نامۆیانە ڕۆژانە ڕوودەدەن دەبێت حکەمەت ڕێکیبخات، چونکە تاک دواجار بەرھەمی ئەو سیستەمی وڵاتەیە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات