لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان خۆپیشاندان لەلایەن مامۆستایانو فەرمانبەرانی ناڕازییەوە ئەنجامدراوە
ئا: وریا حسین
ڕەنگە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی نەریتی لەهەرێمی کوردستان بەرەو خوارى لوتکەکە هەنگاو بنێت، لەکاتێکدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان، پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، توانیویانە مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن سەرەڕای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بەڵام ئێستا چەندین گروپ لەدەرەوەى ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات دەرکەوتوون داواى گۆڕانکارى دەکەن.
ڕێبوار کەریم ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقو سەرکردەی باڵای پارتی هەڵوێست، ئاماژە بە"ساردییەکی گشتی" دەکات کە کاری سیاسیو مەدەنی لەهەرێمی کوردستاندا گرتووەتەوە، ئەم ساردییە ڕەنگدانەوەی بێهیوایی خەڵکە لەپڕۆسەی سیاسیو ئەو حیزبانەی کە تێیدا بەشدارن.
هەرچەندە ئەو پێیوایە "لێگەیشتنێکی مەدەنی تەواو" لەقۆناغی داهاتوودا دروست دەبێتو ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بەشێوازێکی باشتر هەڵبژاردنەکان تێبپەڕێنێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە پێویستە "زەمینەیەکی تەواو بێگرفت" هەبێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، دوور لەهەر جۆرە تەنگەژەیەکی دادوەری یان سەربازی.
ئەو جەخت لەسەر گرنگی "خەباتی مەدەنی" دەکاتەوە وەک ڕێگایەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانو گەیشتن بەئامانجەکان.
بە بڕوای ئەو، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕاستەقینەو جدی بێت، دەتوانێت پێکەوە لەگەڵ هێزە جدییەکانی تردا کار بکات.
رێبوار پرسیار دەکات "بۆچی دەسەڵاتێک کە دەیان ناخۆشگوزەرانی هەیە، هێزەکانی دەسەڵات، بەڵام کاتێک دێتە سەر بەرژەوەندی حیزبی یەکسەر بتوانن دەستبکەن بەکار؟ بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەبێ لەو کاتەوە لەبەرانبەردا ئەگەر مەبەستەکەی مافی خەڵکە، زۆر ئاسانترە بۆی تۆ لەگەڵ هێزی ئۆپۆزسیۆنەکەی".
ئەو "ئاسۆی یەکگرتن" دەبینێتو باوەڕی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بەو هیوایەی کە هەموو هێزەکان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانیان بتوانن ڕێکبکەون.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە سەرۆکی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی بەرەی گەل، لاهور جەنگى بەپاساوى بوونى کێشەى یاسایى لەزینداندان، کە ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکاتو کاریگەری لەسەر توانای ئۆپۆزسیۆن هەیە بۆ یەکگرتنو کاریگەری دانانو ئەگەرچى بڕوایەکى پێچەوانە هەیە کەوا زیندانیکردنى ئەو دوو سەرکردەیە سۆزى لایەنگرانیان دەجوڵێنێت بۆ دەنگدان.
گوھدار زێباری، یەکێک لەچالاکوانە زیندانیکراوەکانی پێشووی بادینان، وێنەیەکی ڕاستەقینەترو توندتر بۆ دۆخی ئۆپۆزسیۆن دەکێشێت.
ئەو پێیوایە "ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی ناتوانێت لەکۆمەڵگایەکیی میلیتاریو عەشایرییدا ڕۆڵ ببینێت".
ئەمەش ئاماژەیە بۆ سروشتی حوکمڕانی لەهەرێمو ئەو تەحەددیاتانەی کە ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن دەبنەوە.
زێباری دەشڵێت "ئۆپۆزسیۆن لەکوردستاندا بەقۆناغێکی خۆخۆریدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەندەی دژی یەکتر قسە دەکەنو خەریکی یەکترن کاتی داڕشتنی بەرنامەی خۆیان نیە".
ئەم دابەشبوونو پەرشوبڵاوییە بەقازانجی دەسەڵات دەشکێتەوەو بەبڕوای زێباری، "ئەمجارە بەهۆی بێ ئۆمێدی خەڵک لەئۆپۆزسیۆن، دەنگەکانی دەسەڵات دوو قات زیاد دەکات."
زێباری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چالاکوانو ڕۆژنامەنووس تەنها کاتێک ڕۆڵ دەبینن کە "دیموکراسی بەهای هەبێت، پەرلەمانو دادگا ببنە دەزگای لێپرسینەوەو بەسزا گەیاندنی سەرپێچیکاران".
ئەو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە لەهەرێمدا، "قسەی چالاکوان بەداخەوە هیچ بەهایەکی نیە، نەتەنها بەهای نیە هەتا پێیان بکرێت زیندانی دەکەنو تۆمەتی بۆ دروست دەکەن وەکو ئێستا کە چەندین چالاکوانو ڕۆژنامەنووس لەزیندانەکانن".
ئەم لێدوانانە ڕوونو ئاشکرانو واقیعێکی تاڵی هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن.
بەهار عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ماس، خۆىو چەند پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراقو کوردستان خاوەنى ڕێکخراویترین گروپى سیاسین لەدەرەوەى چالاکى سیاسى، هاوڕایە لەگەڵ ئەو بۆچوونە گشتییەی کە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی ببینێت.
ئەو پێیوایە "دوای بەرەو پاشەوەچوونی گۆڕان، دەوری ئۆپۆزسیۆن بەرەو پاش چووە".
بەبڕوای ئەو، تەنها کاتێک ئۆپۆزسیۆنێکی حەقیقی هەبووە کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ دامەزرا. ڕەخنەش لەحیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت کە "نەبەرنامەیەکی ڕوونو بەرچاویان هەیە"و "هەموویان لەسەر تەوەرێک کار دەکەن کە ئەو تەوەرە ئەوەیە سۆزی خەڵک ڕاکێشن، نەک بەرنامەی ستراتیژیو بەدیلیان هەبێت". لەئەنجامدا، "رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان ڕوو لەپاشەکشەیە."
ئەو پێشبینی دەکات کە ژمارەی کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی عێراقدا کەمتر بێتو دەڵێت "ئێمە سەرقاڵی بەرنامەی خۆمانین، بێزار بووین لەوەی کە جارێکیتر حیزبێکی دیکە دروست بکرێتو باوەڕیشمان بەوە نییە"، بەڵام ئامانجیان ئەوە بووە کە "هەموو هێزەکانی دەرەوەی یەکێتیو پارتی، بەتایبەتی دەرەوەی دەسەڵات، لەلیستێکدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵو کاریگەرییان هەبێت."
دڵشاد میرانی، یەکێک لەنوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی، بەڕوونی باس لەو کاریگەرییە دەکات کە گرووپە سەربەخۆکانو ناڕازییەکان لەسەر شەقام دروستیان کردووە.
ئەو ئاماژە بەئەنجامدانی ٧٢ خۆپیشاندان لەلایەن مامۆستایانو فەرمانبەرانی ناڕازییەوە دەکاتو دەڵێت "ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا کردمان بۆ خزمەتی شەقام ئەمڕۆ بەڕوونی ئەنجامەکەی دەبینین".
میرانی پێیوایە "ئەوە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی ئێمەیە وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بێت ئەگەر بەکاتیش بێت نەوت ڕادەستی عێراق بکاتو ئومێدی ئەوە دروست بێت مووچەی فەرمانبەران ئەمساڵ نەفەوتێت."
لەکاتێکدا میرانی ناڵێت ئۆپۆزسیۆن "هیچی نەکردووە"، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "ئەوەی ئێمە کردوومانە زۆرجار لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن خۆیان تێهەڵکێشی دەستکەوتەکانی ئێمە کردووە، لەکاتێکدا نەیاندەوێرا وەک ئێمە ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە ببنەوە."
بە بڕوای میرانی "ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دۆخی باش نابێت، بەپێچەوانەوە گروپە سەربەخۆکانو ئەوانەی لەدەرەوەی ئۆپۆزسیۆن کار دەکەن، ئێستا ئەوانە زیاتر متمانەپێکراون لەلایەن شەقامەوە".
ئەم لێدوانانە بەڕوونی نیشانەی گۆڕانی دینامیکیەتی سیاسییە لەهەرێمی کوردستان، کە تێیدا گرووپە سەربەخۆکانو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ڕۆڵێکی گرنگتر دەبینن لەچاو ئۆپۆزسیۆنی نەریتی.
لەکۆتاییدا، هەرێمی کوردستان بەقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لاوازو پەرشوبڵاوە، لەکاتێکدا گروپەکانی دەرەوەی دەسەڵاتو ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بەرەو بەهێزی دەڕۆنو متمانەی زیاتری شەقامیان بەدەست هێناوە. چارەنووسی داهاتووی هەرێم بەندە بەوەی کە ئایا دەتوانرێت ئەو ساردیو بێهیوابوونە سیاسییە بشکێنرێتو ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەرو یەکگرتوو دروست بکرێت، یان ئەوەی شەقامو گروپە سەربەخۆکان دەبنە هێزی سەرەکی گۆڕانکاریی.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات