ئا: محەمەد هاوژین
ژمارەی ئۆتۆمبێلی چینی لەشارەکانی هەرێمی کوردستاندا تا دێ زیاتر دەبێت، داتاکان دەریدەخەن کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هاوردەکردنیان شەش هێندە زیادیکردووە، خاوەن پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل دەڵێت "ئۆتۆمبێلی چینی زۆربەیان فول مواسەفاتنو دوا تەکنیکو تەکنەلۆجیایان تیادا بەکارهاتووەو نرخەکەشیان بەراورد بەبراندە ئەمریکیو کۆریو ئەوروپیو ژاپۆنییەکان زۆر هەرزانترە".
بەختیار محەمەد، کە پیاوێکی تەمەن ٦٤ ساڵەو نزیکەی ٤٥ ساڵە سەروکاری لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا هەیە، ئەمساڵ ئۆتۆمبێلێکی دەبڵ کابینەی ئێم جی کڕیوەو زۆر لێی رازییە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا چەندین جۆر ئۆتۆمبێلم کڕیوەو تاقیکردوەتەوە، هیچ کامیان وەک ئەم ئۆتۆمبێلە چینییە لێخوڕینی بەلامەوە خۆش نەبووە، بەڕاستی ئیسراحەتم لێکردووە".
وتیشی "جگە لەباشیەکەشی، ئەو مواسەفاتانەی لەم ئۆتۆمبێلەدا هەیە، لەئۆتۆمبێلێکی هاوشێوەیدا نرخەکەی سێ ئەوەندەی ئەمەو زیاتریشە".
بەپێی راپۆرتێكی شیكاری ئابوری عێراق، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵی ٢٠٢٥دا، بایی ٦٣٩ ملیۆن دۆلار ١٨ هەزار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری چینی هاوردەی عێراق كراون، لەکاتێکدا لەنیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٤٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.
بەپێ لێدوانی نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان، لەهەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٥دا، ژمارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە ١١٤ ھەزار ئۆتۆمبێل، ئەو وتی "ئەمساڵ مانگانە زیاتر لە ١٤ هەزار ئۆتۆمبێل، هاوردەی هەرێمی كورستان كراوە".
وتیشی "ئۆتۆمبێلەكان هی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانن، بەڵام هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی خەریکە پشکی شێری بەردەکەوێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەساڵی ٢٠٢٣ دا، ١٢٢ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم كراوە، لەساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتوەتە ١٧٢ هەزار ئۆتۆمبێلو پێسبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٥، ئەو ژمارەیە تێپەڕێنێتو نزیکبێتەوە لە ٢٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل.
بەرهەم عەبدوڵا، خاوەن پێشانگەی کڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لەسلێمانی، باس لەوە دەکات کە ئۆتۆمبێلی چینی خواستێکی زۆری لەسەرە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەیان فول مواسەفاتو دوا تەکنیکو تەکنەلۆجیایان تیادا بەکارهاتووەو نرخەکەشیان بەراورد بەئۆتۆمبێلی وڵاتانی تر، زۆر هەرزانترە، ئەمە جگە لەوەی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید (بەنزینو کارەبا) زۆرە کە چین بەنرخێکی هەرزان دەیخاتە بازاڕەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێستا ئۆتۆمبێلی چینی زۆرترین ئۆتۆمبێلە کە لەبازاڕدا دەفرۆشرێت، تا ئۆتۆمبێلێکی وڵاتانی تر دەفرۆشرێت لەبازاڕدا، دوو سێ ئۆتۆمبێلی چینی دەفرۆشرێت".
وتیشی "ئێستا من تەنیا ئۆتۆمبێلی چینی دەکڕمو دەفرۆشمو وازم لەئۆتۆمبێلی وڵاتانی تر هێناوە."
بەرهەم ئەوەش رەت دەکاتەوە کە ئۆتۆمبێلی چینی لەڕووی کوالیتییەوە لەئاستی ئۆتۆمبێلی وڵاتانی تردا نەبێت، ئەو وتی "ئەمە تەنها پاگەندەیە، زیاتر ئەوانە دەیکەن کە خەریکی فرۆشتنو کڕینی ئۆتۆمبێلی ئەوروپیو ئەمریکیو کۆریو ژاپۆنینو بازاڕیان وەک جاران نەماوەو دەیانەوێ بەم قسانە بازاڕی ئۆتۆمبێلی چینی بشکێنن".
وتیشی "هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی چینی کە لەڕووی تەکنیکەوە هاوشێوەی ئۆتۆمبێلە بەناوبانگەکانی جیهانن، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی هەموو ئۆتۆمبێلێکی لەبازاڕدا دابەزاندووەو ئێشتا ئەم خەمی ئەم ڕکەبەرە نوێیەیانە."
عێراق لەئێستادا چوارەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە زۆرترین ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە دەكات دیارترین براندەکانی ئۆتۆمبێلی چینیش کە هاوردەی کوردستان دەکرێن بریتین لە: جیلی، چانگان، هەڤال، جیتۆر، ئێم جیو کاییو چەند مارکەیەکی دیکە.
فایەق محەمەد، کە کاری فرۆشتنو کڕینی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی دەکات، جەغت لەوە دەکات کە خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی ئۆتۆمبێلی چینی، هەرزانی نرخەکەیەتی، ئەو بەئاوێنەی وت "هۆکاری سەرەکی، زۆر فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی چینی ئەوەیە هەموو توێژە جیاوازەکان توانای کڕینیان هەیە، لەڕووی دیزاینەوە جوانەو کورسییەکانیان چەرمەو تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی وەک حاسەو کامێرا دەرەوەی ئاست بەرزو شاشەی گەورەو سەقفێکی پانۆرامایان تیا بەکارهاتووە".
فایەق ئەوەش ناشارێتەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا، کڕیار لەبری ئەوەی پارە بدەن بەو ئۆتۆمبێلە ئەمەریکیانەی لێدراونو لەڕیگەی دوبەیەوە دەهێنرێنە کوردستان، دەچن ئۆتۆمبێلێکی سفری مواسەفات بەرز بەنرخێکی زۆر هەرزانتر دەکڕن، ئەو وتی "بەڵام ئۆتۆمبێلی چینی لەڕووی کوالێتییەوە هەرگیز قابیلی بەراورد نین بەبراندە ئەمەریکیو کۆریو ئەوروپیو ژاپۆنییەکان، برادەرم هەیە ئۆتۆمبێلی چینی کڕیوە، دوای دوو رۆژ فرۆشتویەتەوەو ١٠٠٠ دۆلاری زیان کردووە، برادەریشم هەیە ئۆتۆمبێلی چینی کڕیوەو ئەڵێ گیرم خواردووە بۆم نافرۆشرێتەوە، لەبەرئەوەی نرخی ئۆتۆمبێلی چینی نەک ساڵ بەساڵ بەڵکو مانگ بەمانگ زیاتر دادەبەزێت".
وتیشی "خەڵک هەیە حەزی لێیەو خەڵکیش هەیە دوودڵەو ناوێرێ خۆی لێبدات، لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان زۆربەیان کەرەسەو پارچەی یەدەگیان لەبازاڕدا کەمەو بەئاسانی دەستناکەون، هەروەها پێویستیان بە بەنزینو خزمەتگوزاری تایبەتیشە".
بەڵام سەڕەرای ئەوەش، بەهۆی زۆری خواست لەسەر ئۆتۆمبێڵی چینی، ئێستا چین پلانی ئەوەی هەیە لەچەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێڵی کۆکردنەوەی پارچەو کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دابمەزرێنێت.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات