ئا: ئاوێنە
ڤلادیمێر پوتین کۆمیتەی نۆبڵی بەوە تۆمەتبار کرد کە خەڵاتەکە بەو کەسانە دەبەخشێت هیچیان بۆ ئاشتی نەکردووە، ئەو دەڵێت "دۆناڵد ترەمپ لەدڵسۆزیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەدات"، سەرۆکی ئەمریکاش سوپاسی دەکات بۆ پشتگیریکردنی.
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا ڤلادیمێر پوتین بەرگری لەدۆناڵد ترەمپی هاوڕێی دەکات. ئەمە یەکەم لێدوانی ترەمپ بوو لەو کاتەوەی ئاشکرا بوو کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ بۆ ئەو ناچێت، بەڵکو بۆ سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا ماریا کۆرینا ماچادۆ دبێت.
براوەی ئەمساڵ "ماریا کۆرینا ماچادۆ"، ژنە سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزولایە، کە کرێملین و کۆشکی سپی تووڕە کردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمز، ڤلادیمێر پوتین لەشاری دوشانبی پایتەختی تاجیکستان وتی "نازانم سەرۆکی ئێستای ئەمریکا شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە یان نا، بەڵام ڕاستە بە دڵسۆزیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانە ئاڵۆزەکان دەدات کە دەیان ساڵە بەردەوامن".
سەرۆکی ڕوسیا لەوە زیاتریش ڕۆیشت و کۆمیتەی نۆبڵی بەوە تۆمەتبار کرد کە خەڵاتەکە بەو کەسانە دەبەخشێت هیچیان بۆ ئاشتی نەکردووە.
ڤلادیمێر پوتین وتی: من باوەڕم وایە ئەم بڕیارانە زیانێکی زۆریان بە ناوبانگی خەڵاتەکە گەیاندووە.
ماڵپەڕی hvg.hu وەبیری هێنایەوە کە سەرۆکی ئەمریکا پێشتر چەند جارێک داوای ئەو خەڵاتەی کردووە. لەوتارەکەیدا کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بۆ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشکەشی کرد، ڕاستەوخۆ ڕایگەیاند "ئەگەر وەرینەگرێت، سووکایەتییەکی گەورە دەبێت بەئەمریکا".