ماریا، سەرەڕای هەڕەشەکان وڵاتەکەی بەجێنەهێشت‌و شایستەی خەڵاتی نۆبڵە
  2025-10-10       1295       
ماریا کۆرینا ماچادۆ

ئا: ئاوێنە

 

ماریا کۆرینا ماچادۆ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا، ئەو وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلایەو کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت "ئەوەی بۆ ئێمە جێیی سەرنج‌و بایەخ بوو ماریا کە لەپێشەنگی شەڕی دیموکراسیدایە، سەرەڕای هەڕەشەکان وڵاتەکەی بەجێنەهێشتووە".

 

بەپێی بڕیاری لیژنەی نۆبڵی نەرویج، براوەی ئەمساڵ ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا بوو. ئەو سیاسەتمەدارە ئەو خەڵاتەی پێبەخشرا بەهۆی بەرەوپێشبردنی مافە دیموکراسییەکانی گەلی ڤەنزوێلاو بەهۆی خەباتی بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانەو ئاشتیانە لەدیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی.

بەگوێرەی بەیاننامەی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ، ماریا کۆرینا ماچادۆ وەک سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراسی ڤەنزوێلا بووەتە یەکێک لەنموونە ناوازەکانی ئازایەتی مەدەنی لەئەمریکای لاتین. ئەو بووەتە کەسایەتییەکی سەرەکی یەکگرتوو بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی کە سەردەمانێک بەقووڵی دابەش بوو، ئەو خاڵی هاوبەشی لەداواکارییەکانیدا بۆ هەڵبژاردنی ئازادو حکومەتی نوێنەرایەتی خەڵک دۆزیەوە. 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڤەنزوێلا لەوڵاتێکی تاڕادەیەک دیموکراسی‌و ئاوەدانەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی تۆتالیتاری و پاوانخواز کە ئێستا لەقەیرانێکی مرۆیی و ئابووریدایە. زۆربەی خەڵکی ڤەنزوێلا لەهەژارییەکی گەورەدا دەژین، لەکاتێکدا چەند کەسێکی کەم لەلوتکەدا دەوڵەمەندتر دەبن. ماشێنە توندوتیژەکانی دەوڵەت دژی هاووڵاتیانی خۆیەتی، نزیکەی ٨ ملیۆن کەس پێشتر لەوڵاتەکەیان هەڵهاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەکی سیستماتیک لەڕێگەی ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنی یاسایی و زیندانیکردنەوە سەرکوت دەکرێت.

ماریا کۆرینا ماچادۆ، دامەزرێنەری ڕێکخراوی سۆی کە تایبەتە بەگەشەپێدانی دیموکراسی، زیاتر لە ٢٠ ساڵە بۆ هەڵبژاردنی ئازادو دادپەروەرانە خەبات دەکات. ئەو کچە لە پێناو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرایەتی خەڵک کار دەکات‌و ساڵانێکی زۆری بەسەربردووە بۆ ئازادی گەلی ڤەنزوێلا.

بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆرینا ماچادۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بوو بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، بەڵام ڕژێم کاندیدکردنی قەدەغە کرد، دواتر پاڵپشتی کاندیدێکی دیکەی کرد کە ناوی ئێدمۆندۆ گۆنزالێز ئوروتیا بوو. سەدان هەزار خۆبەخش وەک چاودێری هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری دابەشکارییە سیاسییەکاندا ڕاهێنران بۆ دڵنیابوون لە دەنگدانی دادپەروەرانە، سەرەڕای مەترسی هەراسانکردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان، چاودێری بنکەکانی دەنگدانیان لە سەرتاسەری وڵاتدا کرد. ئەوان دڵنیابوون لەوەی کە ژماردنەوەی کۆتایی دەنگەکان بەڵگەدار کراوە پێش ئەوەی ڕژێم بتوانێت ساختەکاری لەژمارەی دەنگەکان‌و ئەنجامەکەدا بکات، ئەنجامەکان سەرکەوتنێکی ڕوونیان بۆ ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدا، بەڵام رژێمی دیکتاتۆر ڕەتیانکردەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکەن و درێژەیان بەدەسەڵاتی خۆیان دا.

بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیموکراسی مەرجی پێشوەختەیە بۆ ئاشتی. ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵام ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە دیموکراسی لەداکشاندایە، کە تادێت ڕژێمە تاکڕەوەکان تەحەدای نۆرمەکان دەکەن و پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن، ڕژێمی ڤەنزوێلا و سەرکوتکردنەکەی تایبەت نییە لەجیهاندا، ئێمە هەمان ڕەوتەکان لەسەرانسەری جیهاندا دەبینین: ئەوانەی لەدەسەڵاتدان، دەسەڵاتی دادوەری هەڵدەوەشێننەوە، میدیای ئازاد بێدەنگ دەکەن، ڕەخنەگران زیندانی دەکەن و کۆمەڵگاکان بەرەو پاوانخوازیی‌و میلیتاریزەکردن دەبەن".

کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجی بە درێژایی مێژووی خۆی، هەمیشە دانی بەژن و پیاوی بوێردا ناوە کە لەبەرامبەر ستەمدا وەستاونەتەوە، کە هەڵگری هیوای ئازادی بوون لەژوورەکانی زیندان و لەسەر شەقام و لەفەزای گشتیداو لەڕێگەی کردەوەکانیانەوە نیشانیان داوە کە بەرخۆدانی ئاشتیانە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت.

ئەوان سەرنجیان بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشا کە ماریا کۆرینا ماچادۆ ساڵی ڕابردوو ناچار بوو خۆی بشارێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەڕەشەی جددی لەسەر ژیانی، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا مایەوەو ئەم بڕیارە ئیلهامبەخش بوو بۆ ملیۆنان کەس.

ماریای تەمەنی ٥٨ ساڵەو خاوەنی سێ منداڵە، سەرۆکی پارتی ڤینتی ڤەنزوێلاوسەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەشیەتی، پێشتر وەک ١٠٠ دیارترین کەسایەتی ژن لەجیهاندا دەستنیشان کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×