ریکلامی حزبە گەورەکان رێیان لەرێبواران گرتووە - شۆستەی بەردەم پارکی ئازادی لەسلێمانی
ئا: شاھۆ ئەحمەد
بڕیار وایە لە۱۱ تشرینی دووەمی ۲٠۲٥ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، زیاتر لەنۆ ھەزار کەس خۆیان کاندید کردووەو کێبڕکێ لەسەر ۳۲۹ کورسی پەرلەمان دەکەن، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش رێکەوتنی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی کردووە تاکو چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن .
م.پشتیوان ئەحمەد، مامۆستای زانکۆو شارەزای بواری ھەڵبژاردن لەبارەی میکانزمی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەئاوێنەی راگەیاند "لەخولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ۲۱ ملیۆنو ٤٠٠ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە لەو رێژەیەش لەھەرێمی کوردستان ۳ ملیۆنو ۷۷ ھەزارو ۳۸٤ کەس دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن بەمەرجێک بایۆمەتریان کردبێت، لەپارێزگاکانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی عێراق سێ بازنەی ھەیە لەسلێمانی ۱۸ کورسی دیاریکراوەو ٥ کورسی بۆ کۆتای ژنە، لەھەولێر ۱٦ کورسی دیاریکراوەو ٤ کورسی بۆ کۆتای ژنەو ۱ کورسیش بۆ پێکھاتەکانە، لەدھۆکیش ۱۲ کورسی دیاریکراوەو ۳ کورسیش بۆ کۆتای ژنەو ۱ کورسیش بۆ پێکھاتەکانە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بەو لیستو کاندیدە بدات کە لەبازنەی پارێزگاکە دیاریکراوە، بەڵام بۆ پێکھاتەکان یەک بازنەیی پەیڕەو کراوە بۆ نموونە ئەگەر کاندیدێک لەھەولێر بەربژێر بێت دەنگدەر دەتوانێت لەبەسرا دەنگی پێبدات، ئەو وتی "لە۳۲۹ کورسی پەرلەمان ۹ کورسی بۆ پێکھاتەکان دیاری کراوەو ھەروەھا دەبێت رێژەی ژن لەپەرلەمانی عێراق ۲٥٪ بێت، واتا ۸۳ کورسی پەرلەمان بۆ ژن یەکلابوەتەوە".
سەبارەت بەمەرجی تەمەنو بڕوانامە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پێویستە بەربژێر تەمەنی لە۳٠ ساڵ کەمتر نەبێتو بڕوانامەی بەکالۆریۆس ھەبێت، ئەو وتی "لەھەموو ھەڵبژاردنەکان جگە لەخولی "پێنجەم" کە بەسیستەمی یەک دەنگی نەگوازراوە بووە، خولەکانی تر بەسیستەمی رێژەیی بووە، ھەربۆیە لەو ھەڵبژاردنە بەسیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی پەیڕەو دەکرێت بەشێوازی سانتلیگۆی ھەموار کراوەی ۱.۷ بەنموونە کورسی یەکەم بەسەر۱.۷ دابەش دەکرێت".
م.پشتیوان ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کەوا جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، ھەروەھا لەبارەی دیاریکردنی رێژەی کورسی، وتی "لەمادەی ٤۹ی دەستوری عێراق ھاتوە بۆ ھەر کورسییەک ۱٠٠ ھەزار دەنگ پێویستە، پێشتر بۆیە جێبەجێ نەدەکرا بەبیانوی نەبوونی سەرژمێرییەکی دروست، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی سەرژمێری کە دانیشتوانی عێراق ٤٥ ملیۆنو ٤٠۷ ھەزارو ۸۹٥ کەسە ئەگەر بەپێی ئەو یاساییە بێت کورسیەکانی پەرلەمانی عێراق لە۳۲۹ەوە دەبوو بە٤٥٤ کورسی، بەڵام تاکو ئێستا ئەوە پەیڕەو ناکرێت".
سەبارەت مەترسی ساختەکاری لەپرۆسەی دەنگدانیش، ئەو وتی "ھێزە دەسەڵاتدارەکان کارتی دەنگدان دەکڕن، بەڵام ناتوانن دەنگ بەو کارتە بدەن لەبەرئەوەی ھەم پێویستی بەپەنجەمۆرە ھەم پێویستی بەدەموچاوە بۆ بەشداری کردن لەپڕۆسەی دەنگدان، جگە لەوەش سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ چاودێری کردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، ھەروەھا پێشموایە ناتوانرێت ئەو سیستەمە بەرنامەڕێژ بکرێت".
ئەم ھەڵبژاردنە بەپێی یاسای ھەمواری سێیەم ژمارە ٤ ساڵی ۲٠۲۳ بەرێوەدەچێت، کە کۆکراوەی دوو یاسایە "یاسای ژمارە ۱۲ی ساڵی ۲٠۱۸ی ئەنجومەنی پارێزگاکانو یاسای ژمارە ۹ی ساڵی ۲٠۲٠ی ئەنجومەنی نوێنەران"، بەپێی ئەو یاسایە ۱۸ بازنە بەسەر ۱۸ پارێزگای عێراق دابەش بووەو بۆ ھەر پارێزگایەک بازنەیەک دیاریکراوە.
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی ھەڵویستو سەرۆکی لیستی ھەڵوێست لەبازنەی پارێزگای ھەولێر یەکێک بوو لەوانەی زۆرترین رەخنەی لەسیستەمی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گرت، لەبارەی سیستەمی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەئاوێنەی وت "ھەر کات ھەڵبژاردن خراپ بووبێت وتمانە خراپە، ھەڵبژاردنی ۲٠۱۸ زۆر خراپ بوو، ھی ۲٠۲۱ باش بوو، ھی ۲٠۲۳ی ئەنجومەنی پارێزگاکان باش بوو، ئێمە لەڕێگای سەرۆک وەزیرانو ھەموو دامەزراوە ناوخۆییو دەرەوە ھەموو ھەوڵی خۆمان داوە تاکو دەستکاری لەدەرئەنجام و پرۆسەکە نەکرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد محەمەد شیاع سودانی بەحکومی ئەوەی خۆی لیستی ھەیەو یەکەم ئەزمونیەتی لەھەڵبژاردن، رەنگە کەسیشی نەبێت لەکۆمسیۆن بۆیە تەواو ھەڵوەستە دەکات بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەڵمانیو ئیسپانی رێکەوتنی کردووە تاکو چاودێری ھەڵبژاردن بکات، ئەو وتی "من نالێم ساختەکاری ناکرێت، بەڵام ئەگەر رێگریش بکرێت پارتیو یەکێتی بیر لەھەندێک رێگا دەکەنەوە ھەمان دەرئەنجامی ساختەکارییە، بۆ نموونە دەنگ کڕین، کاتێک ۱٠٠ ھەزار دەنگ ساختە بکەیت جیاوازی چیە لەگەڵ ئەوەی بەپارەی دزراوی میللەت ۱٠٠ ھەزار دەنگ بکڕیت؟! ھەربۆیە بژاردەکەی بەردەم ئێمە لەئێستادا ھەڵبژاردنە".
سەرۆکی لیستی ھەڵوێست ئەوەشی روونکردەوە کەوا لەئێستا پارتیو یەکێتی زۆر مەبەستیانە خەڵکی ناڕازی بەشداری دەنگدان نەکەن، لەوبارەیەوە وتی "ئەگەر باوەڕت بەھەڵبژاردن نەبێتو باوەڕت بەخۆپیشدان نەبێت، لەئاسمانەوەش ئەو دۆخە ناگۆڕێت، ئێستا ھەڵبژاردن ھەیە، پارتیو یەکێتی لەھەموو کات زیاتر ئێستا مەبەستیانە خەڵکی ناڕازی بەشداری نەکەن، چونکە لەبەرژەوەندی ئەوانە بۆ نموونە لەسلێمانی یەکێتی خاوەنی ۲٠٠ ھەزار دەنگە، ئەگەر ٦٠٪ خەڵک بەشداری بکات ئەوا نزیک بە ٦ کورسی دەھێنێت، ئەگەر رێژە کەمتر بێت بۆ ۳٥٪ خەڵک بەشداری بکات ئەوا بەو ۲٠٠ ھەزار دەنگە نزیک ۱٠ کورسی بەدەستدەھێنێت".
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ۳ کورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی پێیوابوو سیستەمی دەنگدان دیزاین کراوەو ئەوەی بەدەست ھاتووە دەنگی راستەقینەی ئەوان نیە، ھەربۆیە بریاریدا بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان نەکاتو پەرلەمانتارەکانی کشاندەوە جگە لەھێرۆ عەتار، کە پابەندی بڕیاری حزبەکەی نەبوو، چوە پەرلەمانو سوێندی یاسایی خوارد.
بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمەڵی ئیسلامی ئامادەکاری فراوانی کردووە، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیو سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لەبازنەی پارێزگای سلێمانی لەبارەی بەشداری کۆمەڵ بەئاوێنەی راگەیاند "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبوینەتەوە، تارادەیەکی باش گرەنتی کردوە کەوا ئەم پرۆسەی ھەڵبژاردنە دیزاین ناکرێت، سروشتی عێراقیش وایە فرە کوێخایە ئەگەر ئاواش بوو ھەموویان چاودێرن بەسەر یەکەوە، ھەربۆیە ساختەکردن کەمێک زەحمەتە مەگەر ئەوەی خۆیان پێکەوە رێکبکەون".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا ئەوان کاتێک زانیان پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیزاین کراوە، نەچوونە پەرلەمان ئەو وتی "ھەر ئێمەش نەبووین ھەندێک حزبی تریش ھاوھەڵویست بون لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئەوان نەکشانەوە، سەرۆکی حزب ھەبووە پێیوتوم باوەڕم بەو پرۆسەی ھەڵبژاردنە نیەو دیزاین کراوە، بەڵام پەرلەمانتارەکانم لەپەرلەمان ناکشێنەوە، پەرلەمانتارێکم پێشتر مامۆستا بووە ٥٠٠ ھەزار مووچەکەی بوو، ئێستا چۆن دەستبەرداری ئەو ۸ ملیۆنەی مووچەی پەرلەمان دەبێت؟!".
لەبارەی ئامادەکارییەکانی بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن، مەڕوان محەمەد بەرێوبەری ئۆفیسی ھەولێری ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە لەئێستادا خەریکی دانانو رێکخستنی کارمەندانی سەر سندوقین، ھەروەھا چاوەڕێی ئامێرەکان دەکەین لەکۆریا دێتەوەو لەبەغدا بەرنامەڕێژ دەکرێت، دواتر دەگات بەدەستی ئێمە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا ھەر ھاوڵاتیەک بایۆمەتری نەکردبێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەو وتی "لەسەر کارتی دەنگدان ناوو وێنەی کەسەکە خۆی ھەیە، شوێنی دەنگدانیشی دیاریکراوە، ناتوانرێت جگە لەخۆی کەسی تر دەنگ بدات، لەبنکەکانی دەنگدان کامێرەی چاودێری ھەیە، لەھەر وێستگەیش دوو کامێرەی چاودێری ھەیە، ھەروەھا ئێمە یاسای ھەڵبژاردنمان ھەیە، ھەر کەسێک یان لایەنێک پێچەوانەی ئەو یاسایە بێت ئەوا رووبەری سزا دەبێتەوە".
هاوڵاتیانیش سەبارەت بەهەڵبژاردن، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا کە بەشێکیان پێیانوایە بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردندا باشترین رێگەچارەیەو بەشێکیشیان پێیانوایە جگە لەدەنگدان هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە بۆ گۆڕانکاریی.
بەوتەی ئەیاد حەوێزی تەمەن ٦٥ ساڵ، ھەڵبژاردن سوودی نەماوە، بەڵام تاکە رێگە بۆ ئەوەی مافی خۆیان بەدەستبهێنن هەر دەنگدانە، ئەو بەئاوێنەی وت "دیاری کردنی نوێنەر بۆ عێراق گرنگە، تا بتوانین کەسی باش بنێرینە پەرلەمانو داکۆکی لەمافەکانمان بکات".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات