ئا: شاھۆ ئەحمەد
کۆیە لەروی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای ھەولێرەو لەڕووی سیاسیەوەش یەکێتی بەرێوەی دەبات، بەرپرسانی ئەو شارە نایشارنەوە کەوا "بەھۆی ئاسەواری دوو ئیداریو ھەڵکەوتەی کۆیە لەو نێوانەدا غەدری لێدەکرێتو باڵانسی ھێز تێکچووەو پێویستە لەرێگەی کارا کردنەوەی ھەندێک یاساوە کێشەکانی چارەسەر بکرێن"، بەڵام کاندیدێکی پارتی لەکۆیە دەڵێت "حزبی دەسەڵات مۆنۆپۆڵی ھەموو سێکتەرەکانی کۆیەو دەوروبەری کردووەو داھاتو سامانی کۆیە لەخزمەتی خۆیان بەکاردەھێنن".
خەلیل عوسمان، کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبازنەی پارێزگای ھەولێر لەبارەی کێشە ئیدارییەکانی کۆیە بەئاوێنەی وت "کۆیە ناوچەیەکی غەدر لێکراوە لەسنوری پارێزگای ھەولێر، دەسەڵاتدارانی ھەولێر غەدر لەکۆیە دەکەن لەڕووی پڕۆژەو خزمەتگوزاری، ئێمە ھیوادارین بتوانین ئەو باڵانسانە ڕاست بکەینەوە لەڕێگای کارا کردنەوەی ھەندێک یاسا کەپەیوەندی ھەیە بەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، کۆیەش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی خۆی بەشی ھەبێت لەو پارەیە تا بتوانێت پڕۆژەکانی خۆی پێبکات، ھەروەھا لەداھاتوودا ئێمە دەتوانین چەندین شتی تریش بۆ کۆیە بکەین".
وتیشی "ناتوانن وەکو پەرلەمانی کوردستان کاریگەریمان ھەبێت ،چونکە پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت فشار لەپارێزگارو دەسەڵاتی جێبەجێکار بکات بۆ ئەوەی خزمەتی کۆیە بکات، کۆیە لەرووی ئیدارییەوە سەر پارێزگای ھەولێرەو لەرووی سیاسیەوەش سەر بەپارێزگای سلێمانییە، ئەو ھۆکارەش وای کردووە دەسەڵاتدارانی ھەولێر کۆیە وەکو قەزایەکی خۆی سەیر نەکات".
کاندیدەکەی یەکێتی جەغتی لەوەش کردەوە کە "بەپلەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕکابەری خۆمان دەزانین لەشاری کۆیە".
بەڵام ئاڤێستا مام یەحیا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کەوا لەبەرئەوەی خەڵکی کۆیەیەو لەگەڵ کێشەو گرفتەکانیان بووە تەواو ئاگاداری پشتگوێخستنی ئەو شارەیە، لەوبارەیەوە بەئاوێنەی وت "بەڵێنی ئێمە بەڵێنی خزمەتگوزارییە بۆ کۆیەو ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، پشت ئەستور بەکارنامەی سیاسیو ئیداری پارتیمان بۆ چوار ساڵی ئایندەی عێراق بەدروشمی ھاوبەشی، ھاوسەنگی، سازان)، ھەروەھا بەمتمانەوە خۆمان لەئاست خزمەتکردنی کۆیە دەبینینەوە، بەو پێیەی پارتی بەکردار سەلماندویەتی کە پارتێکی خزمەتگوزارو ئاوڕی جدی لەکێشەکان داوەتەوە، وەکو کێشەی ئاوو کارەباو سیستەمی بانکیو حکومەتی دیجیتاڵیو کەرتی رێگەوبان ".
لەبارەی کێشەو گرفتەکانی کۆیە ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کەوا "ڕێگاوبان یەکێکە لەکێشە سەرەکیەکانمان لەکۆیە، بەنموونە شەقامی مام جەلال زیاتر دووجار گوژمەی بۆ دەرچووەو کاری تێدا دەستپێکردوەو بێ تەواو کردن بەجێھێڵدراوە بۆ ساڵانێکی زۆر، کەرتی تەندروستی کێشەیەکی گەورەیە، لەبەرئەوەی ئەو شوێنە تەندروستیانەی لەکۆیە ھەن بەتایبەت لەکەرتی گشتی لەتوانایاندا نیە خزمەتی تەندروستی پێشکەش بەخەڵکی کۆیەو دەوروبەری بکەن، لەبواری ئابوریش زۆر کەرتو بوار ھەیە دەتوانرێت زۆر بەئاسانی سەرمایەگوزاری تێدا بکرێتو ببنە ھۆی بوژانەوەی ئابوریو دارایی خەڵک، بەڵام دیسان بەدیدگایەکی لۆکاڵیو ئاستێکی بچووک مامەڵەی لەگەڵ کراوەو فەرامۆشکراوە، بەتایبەت کەرتی گەشتوگوزاریی دەتوانرێت کۆیە بخاتەسەر پێی خۆیو خەڵکێکی زۆر بخاتە سەر کار، ئەوانە ھیچی نەکراوە، پلانی ئێمە ئەوەیە بیکەین ".
سەبارەت بەکێشە ئیداریو داراییەکانی کۆیە لەگەڵ ھەولێر، ئاڤێستا مام یەحیا ئەوەی خستەرو کەوا "حزبی دەسەڵاتداری کۆیە مۆنۆپۆڵی ھەموو سێکتەرەکانی کۆیەو دەوروبەری کردوەو ھەرچی داھاتو سەرمایەی کۆیە هەیە بۆ خزمەتی خۆی بەکارھێناوە، بەڵام کە باس دێتە سەر خزمەتگوزاریو ئاوەدانیو خۆشگوزەرانی، دەسەڵاتدارانی کۆیە بەخەڵک دەڵێن کۆیە لەڕووی ئیدراییەوە سەر بەپارێزگای ھەولێرە، پێویستە ئەوان بۆتان جێبەجێ بکەن، کاتێکیش پارتی دەیەوێت خزمەتی کۆیەو دەوروبەری بکات، یەکێتی رێگری دەکاتو خۆی دەکات بەخاوەنیو سەدان کێشە بۆ پڕۆژەو بەرنامەو پلانەکانی پارتی دروست دەکات، کە ویستی جێبەجێ کردنی ھەیە، ھەر بۆیە بەم سیناریۆیە بۆتە قوربانیو ئاسۆی روونی گەشەوەیان لێ تاریک کردوون، نەخۆیان خزمەتی ئەم شارە دەکەن، نەھێشتویانە ئێمە خزمەتیان بکەین ".
سەرۆکی شارەوانی کۆیەش، محەمەد میرحاج ئاشکرای دەکات کەوا ئەوان لەڕووی کارگێریەوە ھیچ کێشەکیان نیە لەگەڵ پارێزگای ھەولێر، بەڵام لەڕووی داراییەوە ھیچ پارەیەکی سویلە بۆ کۆیە دابین ناکرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەر پڕۆژەیەک بۆ کۆیە دەربچێت کە دەگاتە بواری جێبەجێکردن یەک دینار بۆ پڕۆژە خەرج ناکرێت، بەو ھۆیەش کۆمەڵێک پڕۆژە وەستاو کۆمەڵی پڕۆژەی تریش ھەیە تاکو ئێستا نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەھۆی خەرج نەکردنی سویلە".
وتیشی "ئێمە لەشارەوانی کۆیە سی پڕۆژەمان ھەیە کە ماوەی دوو ساڵە ڕێگەپێدانمان بۆ وەرگرتووە لەپارێزگای ھەولێر، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی شارەوانیو تەنانەن ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام یەک پڕۆژەم بۆ جێبەجێ ناکرێت، لەبەرئەوەی ھیچ کۆمپانیایەک تەندەر وەرناگرێت ئەگەر پارەکەی بۆ سەرف نەکرێت لەبانک، بەداخەوە بەساڵ پڕۆژە لەکۆیە ناکرێت لەکاتێکدا لەساڵانی رابردووش نەبووە، کۆیە زۆر لەدوایەو دانیشتوانەکەشی زەرەری زۆریان کردووە".
لەبەرامبەریشدا، مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕەتی دەکاتەوە کەوا جیاوازی کۆیە لەگەڵ قەزاکانی تری ھەولێر کرابێت، ئەو بەئاوێنەی وت "تا ئێستا ھیچ بەرپرسێکی کۆیە لەوبارەیەوە گلەیی نەبووە، قەزای کۆیە شایەنی زۆر لەوە زیاترن بۆیان بکرێت، بەڵام کۆیە زیاتر لەقەزاو ناحیەکانی تری ھەولێر خزمەتکراوەو ئیشی بۆ کراوە، تا ئێستاش ھیچ بەرپرسو بەڕێوەبەرێکی کۆیە نەھاتووە گلەیی ئەوەی ھەبێت بڵێت داوای ئەو پرۆژەمان کردووەو بۆمان جێبەجێ ناکرێت، زۆرجار بەرپرسانی شارەوانیو ئیدارەی کۆیە سەردانمان دەکەن، ھەر شتێک یان پرۆژەیان ھەبووبێت بۆمان جێبەجێ کردون وەکو قەزاکانی تر".
وتیشی "ئەوەی لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا بووبێت بۆ کۆیە کراوە، ئەو بڕە بودجەیەی ھاتووە بەشێوەیەکی یەکسان دابەش کراوە بۆ ھەموو قەزاکانی سەر بەپارێزگای ھەولێر، بەڵام ئەو قەیرانەی حکومەتی عێراق بۆ کوردستانی دروست کردووە کاریگەری لەسەر ھەموو شارەکان ھەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆیە یەکێکە لەقەزا گرنگەکانی ھەولێر کەوا ھیچ کێشەیەکی سیاسیو یاساییو کارگێریمان نیە".
لەنێو ئەم بێنەو بەردەیەی یەکێتیو پارتیدا، بەشێک لەچالاکوانی شاری کۆیە پێیانوایە بەرپرسیاریەتی دواکەوتن یان پێشکەوتنی شارەکەیان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو حزبەی شارەکەیان بەڕێوەدەبات.
ڕەشید دەلاک، چالاکوانی شاری کۆیە پێیوایە لەشکستو سەرکەوتنی کۆیەدا، یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت، لەبەرئەوەی لەماوەی سی ساڵی رابردوودا حکومی ئەو شارەی کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەرچی یەکێتی کۆمەڵیک بەھانەو پاساوی ھەیە بۆ خزمەت نەکردنو پەککەوتنی پرۆژەکان لەشاری کۆیە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە یەکێتی کۆیە بەرێوەدەبات، دەبوو بەھەر جۆرێک بێت نەھێڵێت مافو ئیمتیازی بفەوتێت، ھەربۆیە پێموایە تێڕوانینی خەڵک بۆ ھەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەتایبەت لەھەڵبژاردنی رابردوودا دەنگەکانی ڕکابەرەکەی یەکێتی، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە زیادی کردووەو لەم ھەڵبژاردنەشدا دەنگەکانی زیاد بکات، رەنگە باڵانسی ھێز بگۆڕێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات