ئا: هێڤی ئاوات
لەهەرێمی کوردستاندا، دوو کەرتی گشتی هەن پەیوەندییەکی گرنگو راستەوخۆیان بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیەو رۆژ بەڕۆژ بەرەو وێرانبوونو پووکانەوە دەچن، کە ئەوانیش کەرتەکانی تەندروستیو پەروەردەن، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی سلێمانی دەڵێت "ڕۆژ بەڕۆژ کەرتی گشتی تەندروستی لەپاشەکشەدایەو کەرتی تایبەت لەبواری تەندروستیدا فراوانتر دەبێت".
تایەر محەمەدی تەمەن ٤٨ ساڵ، نەخۆشەو لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کەوتووە، جگە لەوەی پارەی مانەوەی شەوانی لێدەسێنرێ، هاوکات بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانیو دەرزیو دەرمانەکانیشی دیسان پارەی لێوەردەگیرێ، ئەگەر لەنەخۆشخانەش نەبن، ئەوا دەبێ لەدەرەوەی نەخۆشخانەکە پشکنینی بۆ بکرێو درزیو حەبەکانی بکڕێت، ئەو وتی "لەکوردستاندا خەمی گەورەی هەموو هاوڵاتییەک ئەوەیە نەخۆش بکەویتو پارەت پێنەبێ، لەهیچ شوێنێک چارەسەر ناکرێیت، روو لەهەر شوێنێک دەکەیت لەپێشدا پێتدەڵێت بێنە، پارە بێنە، ماوەی چوار مانگە من نەخۆشمو پارەو پولم بەدەستەوە نەما".
وتیشی "نازانم روو لەکوێ بکەم، چارەسەرکردن لەنەخۆشخانە تایبەتەکان زۆری تێدەچێو ئەمەش حاڵی نەخۆشخانە گشتییەکانە کە حەبو دەرمانو دەرزیو کەرەسەکانی تەندروستی تیا دەستناکەوێ".
ئەم خەمەی تایەر، خەمی هەموو چارەخوازو هاوڵاتیانی کوردستانە، کە نەخۆشخانە گشتییەکان بەدەست کۆمەڵێک گرفتی گەورەوە گیرۆدەن، هەر لەمانگرتنی پزیشکو کارمەندانەوە بگرە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە تا دەگات بەنەمانی دەرمانو نەبوونی چارەسەری پزیشکی، رووکردنە نەخۆشخانە ئەهلیو تایبەتە کوالێتی بەرزو پڕ خزمەتگوزارییەکانیش پێویستی بەگیرفانی پڕە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەمانگی ئەیلولی رابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند بەهۆی نەبوونی دەرمانو کەرەسەی پزیشکییەوە، نەشتەرگەری لەنەخۆشخانە گشتییەکان رادەگیرێت. هەرچەندە دواتر راشیانگەیاند "کێشەی نەشتەرگەریو دەرمانو نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لەسلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەرکراوە"، بەڵام ئەم چارەسەرکردنە کاتییە، بۆ چارەخوازان هیوابەخش نییە.
عومەر گوڵپی، كاندیدی سەركەوتوی كۆمەڵ بۆ پەرلەمانی كوردستان بەنیگەرانییەوە دەپرسێت: ئەوا بۆ ماوەی ئەم سێ مانگەش کێشەی نەشتەرگەری نەخۆشخانە گشتییەکان چارەسەر کرا، ئەی دوای ئەوە؟!
ئەو بەئاوێنەی وت "١٢٠ ملیار دینار داهاتی مانگانەی سلێمانیو هەڵەبجەو گەرمیانو ڕاپەڕینەو کەس نازانێ چی لێدێت، تەنانەت ٣ ملیار دیناری بۆ كەرتی تەندروستیو دەرمانو پێداویستی نەخۆشو نەخۆشخانەکانی بەڕەوا نابینن، کە دەبێت دەرمان بۆ هەر ناوچەیەک لەداهاتی خودی ناوچەکە بکڕدرێت".
وتیشی "بەشی زۆری پێداویستی نەخۆشخانەکان لەبەشی هەرێمی کوردستان لەبەغداوە دێت، بەشێکی بچوکی لەسەر وەزارەتی تەندروستیو دارایی هەرێمە، نایانەوێت ئەم بەشە بچوکە دابینی بکەن، بەجۆرێک لەئێستەدا زۆرینەی چالاکی نەخۆشخانەکان بۆ پێداویستی نەخۆش نزیکە لەوەستان، بەڕاستی دۆخی نەخۆشخانەکانو خراپی خزمەتگوزاریی هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر هەمومان، پێویستە هەڵويستمان هەبێت".
دانەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنداو ململانێی حزبایەتی دەسەڵاتدارانی دوو زۆنە ناکۆکە، کاریگەری نەخوازراوی لەسەر کەرتی تەندروستیش هەبووە، بەشێک لەرەخنەگران پێیانوایە حکومەتی هەرێم بایەخ بەکەرتی گشتی تەندروستی ناداو بەمەبەست رووبەڕووی پەراویزخستنو گرفت دەبێتەوەو لەبەرامبەردا ئاسانکاریی بۆ نەخۆشخانە ئەهلیو تایبەتەکان دەکرێت، کە ساڵ بەساڵ ژمارەیان لەکوردستاندا زیاتر دەبێت.
ئەمە جگە لەوەی کە وهزارهتى تهندروستى، جیاكاریی دەکات لەنێوان هەولێرو سلێمانیداو بازرگانی دەرمانیشی قۆرخکردووە بۆ چەند کۆمپانیایەکو دواجار بازرگانی بەتەندروستیو نەخۆشی چارەخوازانەوە لەبەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانە دەکرێت.
دکتۆر فایەق گوڵپی، کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە، ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەنەخۆشخانە گشتییەکان بۆیان هەبووە ڕۆژی سێ نەشتەرگەری بکەن بەپارەیەکی زۆر کەم، بەڵام لەماوەی مانگەکانی ئابو ئەیلولدا ئەوە نەماو دەبوو یەک نەشتەرگەری بکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "لەنەخۆشخانە گشتییەکاندا نەشتەرگەری نیمچە تایبەتیش داهێنرا بۆ ئەوەی بەشێکی پارەی نەشتەرگەرییەکە بدرێتە کارمەندەکان لەبەرئەوەی مووچەیان نیە، بۆ نمونە ئەگەر نەشتەرگەریەک لەنەخۆشخانە ئەهلیەکان ٤٠٠ هەزاری تێبچێت لەنەخۆشخانە حکومیەکان بە ١٥٠ هەزار دەکرێو ئەم پارەیە دابەش دەبێت بەسەر دکتۆرو کارمەندو ستافی نەخۆشخانە".
دکتۆر فایەق گوڵپی جەغت لەوە دەکات لەوەتەی وەزارەتی تەندروستی بەدەست پارتیەوەیە لەسلێمانی زیاتر مانگرتنو ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە، ئەو وتی "من نازانم ئەسڵی کێشەکە چۆنە لەهەولێرەوە ئابڵوقە دەخەنە سەر بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی یان بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕەخنە دەگرێتو دەیەوێت بڵێت لایەنی پەیوەندیدار لەهەولێر هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات بەرامبەر نەخۆشخانەکانی سلێمانی، چونکە ئەو کێشانەی لەسلێمانی هەیە لەهەولێرو دهۆک نیە بەو شێوەیە".
دکتۆر فایەق گوڵپی ئاماژە بەوەش دەکات، کێشەیەکی دیکەیان ئەوەیە ناتوانن دیاری بکەن کێ بەڕاستی هەژارەو کێش دەوڵەمەندە بۆ ئەوەی لەنەخۆشخانە گشتییەکان جارەسەر وەربگرێت، ئەو وتی "کەسانێک هەن دێن دەڵێن نەشتەرگەریمان پێویستەو هەژارین، بەڵام دواتر دەردەکەوێت وانیەو زۆر دەوڵەمەندن، ئێمە کەسانێکمان هەیە خاوەن پێداویستی تایبەتن دەبێت ئەمانە لەنەخۆشخانەی ئەهلی نەشتەرگەری نەکەن، بەڵکو خاوەنی کارتێکی تەندروستی بن، دەرمانو خزمەتگوزاری پزیشکیان لەنەخۆشخانە گشتییەکان پێشکەش بکەن، ئێمە چەندین ئۆتیزمو نەخۆشی زگماکیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەکوردستان هاوڵاتیان پۆلێن ناکرێن تا بزانین کێ هەژارەو کێ مامناوەندو دەوڵەمەندە وەک ئەوەی لەوڵاتان هەیەو بەو پێوەرە خزمەتگوزاری تەندروستییان پێشکەش بکەین".
وتیشی "بەداخەوە لەسلێمانی ڕۆژ بەڕۆژ کەرتی تایبەت لەبواری تەندروستی فراوانتر دەبێت، لەبەرامبەریشدا کەرتی گشتی سنوردارو کەم دەبێتەوە".
ئاوێنە چەند جارێک هەوڵی دا لەمبارەوە لێدوانی وتهبێژی وهزارهتى تهندروستى ههرێم وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوو وەڵام بداتەوە.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات