ئا: شیلان محەمەد
ژنانو کچانی کوردستان ناڕەزین بەرامبەر بەوەی لەبازاڕی کاردا، مامەڵەیەکی یەکسانیان لەگەڵ ناکرێ لەڕووی کاتو کرێو مووچەوە، چالاکوانێکی بواری ژنان دەڵێت "هەندێکجار ئەو خانمانەی لەکەرتی تایبەتو مۆڵو شوێنە جیاوازەکاندا کار دەکەن دەڕەتێندرێن".
شێنێ ئیبراهیم، یەکێکە لەو کچانەی کە دەرچووی زانکۆیەو بەهۆی دانەمەزراندنەوە لەکەرتی حکومیدا، بۆ دابینکردنی داهاتو بژێوی ژیانی، لەکەرتی تایبەتدا کاری کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "کێشەیەکی گەورەی کوردستان ئەوەیە، هیچ شتێک بەیاسا ڕێک نەخراوە، ئەگەر یاسایەک هەبوایە بازاڕو کرێو کاتی ئیشکردنی ڕێکبخستایە، ئەو بێ سەروبەرەییە رووی نەدەدا کە من بینیومە".
وتیشی "بۆ یەکەمجار من لەدوکانێکی شیرینی دەستمکرد بەکارکردن، دوو کچی دیکەش لەوێ کاریان دەکرد، کاتی کارکردنمان زۆر زۆر بوو، ١١ بۆ١٢ کاتژمێر کارمان پێدەکرا، لەشوێنێکدا کە مەرجی تەندروستی تیا نەبوو، ماوەی ٨ مانگ لەوێ مامەوە بەمووچەی ٢٠٠ هەزار، بەڵام پیاوێک لەوێ کاری دەکرد کاتەکەی تەنها ٤ کاتژمێر بوو، وەک ئێمە پارەی وەردەگرت".
وتیشی "دواتر چووم بۆ مارکێتێک داوای کارم کرد چوار ڕۆژ تێست بووم، سێ ڕۆژی سەرەتا ١٨ کاتژمێر کارم پێکرا، کاتێک خاوەن مارکێتەکە دەهات نەدەبوو بەهیچ جۆرێک دابنیشین، هەموو ناو مارکێتەکەش کرابوو بەکامێرای چاودێری بۆ ئەوەی لەسەر بچوکترین شت رەخنەت لێبگرنو بڵێن تۆ بەکەڵکی کارەکە نایەیت!".
شێنێ باس لەوە دەکات پاشان چووە لە"حانووت"ی قوتابخانەیەک کاریکردووە سەرەڕای ماندووبونەکەشی مانگی ١٥٠ هەزاری هەبووە، ئەو وتی "سەرباری ئەم هەموو ناهەقیو نایەکسانییە، ئەوەی منی خەمبار کردووە ئەوەیە زۆرجار خاوەنکار پرسیاری ژیانی تایبەتت لێدەکات، کە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی رێژەی زۆری بێکارییەوە بەشێکی زۆر لەگەنجان ئامادەن بەکرێو مووچەیەکی کەم کار بکەن، بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی داهاتیان هەبێتو پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیانی خۆیانی پێدابین بکەن.
کاروان سەعید، کەسێکی خاوەن کارەو ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە بەهۆی زۆری رێژەی بێکارییەوە خانمان بەکرێو مووچەیەکی کەمتر کاریان پێدەکرێت، ئەو وتی "لەزۆربەی شوێنەکاندا، خانمان کاتێکی زۆرتر کاریان پێدەکرێ، بەڵام لەبەرامبەردا کەمترین مووچەیان پێدەدرێ، ئەمە نیشانەی نادادپەروەریو نایەکسانیو بێ ویژدانییە".
وتیشی "خاوەن کاران لەبەرئەوەی دەزانن خەڵکی بێئیشو بێکارە، پارەیەکی کەم دەدەن بەکارمەند لەبەرامبەر کاتێکی زۆر کارکردندا".
رێکخراوە ناحکومییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم نایەکسانییە چەندین ساڵە بەردەوامەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتەنگ چارەسەرکردنییەوە نین.
بەهار مونزیر، بەڕێوبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێکجار ئەو خانمانەی لەکەرتی تایبەتو مۆڵو شوێنە جیاوازەکاندا کار دەکەن دەڕەتێندرێن، بەپارەیەکی کەم کاتێکی زۆر کاریان پێدەکرێت، ئەو وتی "ئەمە یەکێکە لەو کێشانەی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، پانێلێکی زۆر تایبەتمان لەسەر کرد کە حکومەت چۆن بتوانێت رێگە لەم دیاردەیە بگرێت لەناو کەرتی تایبەتدا".
وتیشی "لەڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ڕێسایەکی تایبەتمان هەیە بەپاراستنی کچانو ژنان لەهەراسان کردن، دیکۆمێنتێکی نوسراومان هەیە بۆ ئەوەی کە هەر ژنێک لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە جا لەهەر جێگایەکدا بێت، جێگای کارکردن نابێت جێگای ئیستیغلال کردنو هەراسانکردن بێت، پانێڵێکیشمان کردووە بە بەشداری نوێنەری بەڕێوبەرایەتی کارو وەرارەتی کار، کە چۆن بتوانرێ ڕێگایەک هەبێت بۆ چاودێری لەسەر ئەو کچ و ژنانەی لەسەر کار توشی گێچەڵو هەراسان دەبن، یەکێک لەشتە باشەکانیش ئەوەیە لانیکەمی مووچەی مانگانەی کارمەند لە ٤٥٠ هەزار کەمتر نەبێت".
ئابوریناسانیش جەغت لەوە دەکەن کە گەشەی ئابوری وڵات بەبێ بەشداری ژنان لەبازاڕی کارو بەرهەمهێناندا بەدینایەت.
د. ئارام کۆکۆیی، پسپۆڕی ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کارکردنی ژنان دوو رەهەندی ئابوریو کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێ، ئەو بەئاوینەی وت "لەڕووە ئابورییەکەیەوە ئەوەیە گۆڕانگاری لەهەیکەلەی خێزاندا ڕودەدات بەوەی ئەگەر کچان بچنە دەرەوەو کار بکەن دەتوانن تا ڕادەیەک سەربەخۆ بن لەڕووی ئابوورییەوە، کە سەربەخۆش بوون زۆربەی بڕیارەکان دەگەڕێتەوە لای خۆیان، لایەنی کۆمەڵایەتەکەش ئەوەیە کە قەبارەی خێزان بچووک دەبێتەوە".
وتیشی "کاتێک دێتە سەر باسی ئەوەی هەندێکجار ژنانو کچان دەڕەتێنرێنەوە کاتێکی زۆر لەبەرامبەر کرێیەکی کەمدا کار دەکەن، ئەمە زیاتر بابەتێکی یاساییە، دەبێت وەزارەتی دادو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بەدواداچونی بۆ بکەن، لەهەندێک وڵاتی ئەسکەندەنافی کاتەکانی کارکردن بۆ ٤٠ کاتژمێر لەهەفتەیەکدا کەم کراوەتەوە، دەبێت لەهەرێمی کوردستانیش ئەو ڕێکارانە بگیرێنەبەر، جگە لەوەش کۆمەڵێک یاسا هەیە کە پارێزەری مافی کرێکارو کارمەندانە، رەچاوکردنی ئەمانە هاندەرێکە لەڕووی ئابوورییەوە وا دەکات زۆربەی خانمان بڕۆنە بازاڕەوەو کار بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات