ئا: شاھۆ ئەحمەد
تورکیاو ئێران، وەکو دوو دەوڵەتی دراوسێ بەدرێژایی مێژوو کاریگەریان لەسەر عێراق ھەبووە، بەوتەی چاودێرانی سیاسی ئەو دوو وڵاتە لەھەڵبژاردنەکانی عێراق زۆرترین دەستێوەردانیان کردووەو ھەریەکەیان بەجۆرێک دەیانەوێت ھەژموونی خۆیان بەسەر عێراقەوە ھەبێت، بەڵام ناتوانن کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەبێت لەسەر دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنو براوەو دۆڕاو دیاری بکەن.
مەسعود عبدالخالق، چاودێری سیاسیو سەرۆکی دەزگای ستاندەر پێیوایە تورکیاو ئێران لەدەستێوەردانی عێراق سیاسەتیان جیاوازە، ھەر یەکیان مەرامی سیاسی خۆیان ھەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێران لەڕووی مەزھەبیەوە لەگەڵ عێراق سەر بەمەرجەعیەتێکنو سەر بەیەک تائیفەن، ئێران بۆ هەژمونی خۆی لەعێراق دەستێوەردان دەکات،ھەروەھا ئەو حاڵەتە نەتەوەییەی کوردی قبوڵە بەمەرجێک گەشە نەکاتو نەبێتە دەوڵەت. ھەرچی تورکیایە حاڵەتی مەزھەبی کێشەی نیە، بەڵام حاڵەتی نەتەوەیی کوردی قبوڵ نیە، ئەوەش دوو ستراتیژی جیاوازی ئەو دوو وڵاتەن، ھەر بۆیە تورکیا دەستێوەردان لەعێراق بۆ دژایەتی کوردە، ئەوان زیاتر ھاریکاری تورکمانو سوونەکان دەکەن".
عبدالخالق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تورکیا پێیوایە ئەو فیدراڵییەی بەکوردستان دراوە کێشەیەکی گەورەیە لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەبەرئەوەی تورکیا سیاسەتێکی ھەیە بەناوی "سیاسەتی ئیحتیوا"، کە تایبەتە بەدژایەتیی کورد، ئەو وتی "ھەندێک حزبی کوردیش کە بەشێکیان ئیسلامینو بەشێکیش لەدەسەڵاتن ھاریکاری تورکیا دەکەن".
ناوبراو بەدوری دەزانێت تورکیاو ئیران رۆڵیان ھەبێت لەدیاریکردنی براوەو دۆڕاوی ھەڵبژاردن، لەوبارەوە وتی "ھەڵبژاردنی عێراق راستەقینەیە، لەبەرئەوەی لەھەڵبژاردنی پێشوو حەلبوسی یەکەم دەنگی ھێنا لەبەغداو شیعە دووەم بوو، لەکەرکوک ھەم دیسان شیعە دەنگی پێویستی نەھێنا، ئەگەر ئێران توانای ھەبوایە دەستێوەردانێکی دیزاینکراو بکات دەرئەنجامەکە بەو شێوەیە نەدەبوو، ھەروەھا تورکیاش ئەگەر بتوانێت ھەڵبژاردن دیزاین بکات حکومەتی عێراق دەداتە دەست سوونەکانو دوور لەشیعەو کورد".
عبدالخاڵق ئەوەشی خستەڕوو کەوا "عێراق لەسێ پێکھاتەی سەرەکی دروست بووە: شیعەو سوونەو کورد، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام کێشە ھەبێت، لەسەرەتای دروستبوونی عێراقو شۆرشە جیا جیاکانی عێراقو شەڕی ئێرانو عێراقو ھێڵی سیو شەشو لەسەر چەندان بابەتی تر یەک ھەڵوێستیی لەنێوان ئەو سێ پێکھاتەیە نەبووە، ھەر بۆیە دەرفەت دروست بووە دەوڵەتانی دەوروبەر دەستێوەردان بکەنو سیاسەتی خۆیان جێبەجێ بکەن".
سەرۆکی دەزگای ستاندەر جەختی لەسەر ئەوەش کردوەوە کەوا تورکیا تاکە دەوڵەتە لەناوەوەو دەرەوەی خۆی دژی کورد بێت، ئەو وتی "ئێران لەناوەوەی خۆی کوردی چەوساندوەتەوە، عێراق تا رادەیەک ناحەزی کوردە، بەڵام پەیوەندی بەکوردی دەرەوە نیە، سوریاش بەھەمان شێوەیە".
ھەر سەبارەت بەکاریگەری تورکیاو ئێران بەسەر عێراقو ھەڵبژاردنەکانەوە پەرلەمانتارێکی یەکێتی تیشکی خستەسەر ئەوەی کەوا "عێراق لەروی دەستورییەوە خاوەن سەربەخۆییو سەروەری خۆیەتی، بەڵام بەھۆی ھەندێک کێشەی ناوخۆو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نەیتوانیوە سەروەری خۆی بپارێزێت، بەدڵنیاییەوەش ئەو دوو وڵاتەش کاریگەریان بەسەر ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ھەیە ".
ھەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری عێراقو سەرۆکی لیستی یەکێتی لەبازنەی ھەولێر لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە وتی "ئەوەی جێگای دڵخۆشییە دامو دەزگاکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن ساڵ بەساڵ پێشکەوتووترەو ئەو کەموکورییانەی لەرابردوو ھەبوە چارەسەر بووە، بۆ نموونە پێشتر تەنھا پەنجەمۆر بوو زۆر کێشە دروست دەبوو، بەڵام ئێستا لەرێگای دەموچاوەوە دەخوێنرێتەوە، ھەروەھا نوێ کردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، ھەر بۆیە خۆشبەختانە ھەموو رێگرییەک کراوە بۆ ئەوەی ساختەکاریو دەستێوەردان بکرێت، بەڵام لەھەمان کاتیشدا کاریگەری تورکیاو ئێران بەسەر ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە، بەڵام دەکرێت بەشێوازی تر بێت نەک راستەوخۆ لەرێگای دەنگدانەوە".
وتیشی "زەحمەتە لەو قۆناغەی ئێستا بتوانرێت کاریگەری وڵاتان کەمبکرێتەوە، لەبەرئەوەی چەندین ناوەندو لایەنی سیاسی ھەیە سەر بەو دوو دەوڵەتەن کە ھەریەکەیان بەجۆرێک پشتگیری مادیو پشتگیری میدیاییان دەکەن، ھەر بۆیە عێراق پێویستی بەکات ھەیە بۆ ئەوەی لەھەندێک پرس سەربەخۆیی بوونی خۆی بەدەستبھێنێت، کە ھەرچەندە قۆناغی باشی تێپەر کردووە، دامەزراوەکانیان بەھێزن پەرلەمانێکی بەھێزی ھەیەو ژێرخانێکی ئابوری باشی ھەیە ئەگەرچی داھاتی سەرەکی نەوتە ".
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ ھەڵبژاردن لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە ئەوەی خستەروو کەوا تورکیاو ئێرانو وڵاتانی کەنداو لەڕێگای لیستو حزبەکانی سەر بەخۆیانو ئەوانەشی لەوان نزیکن بەھەر رێگایەک بێت هەژمونی خۆیان زیاد بکەن، بەڵام ناتوانن کاریگەری ڕاستەخۆیان ھەبێت لەدیاریکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردن، ئەو وتی "ئێران لەرێگای ئەو لیستو قەوارانەی سەر بەخۆیانن، ھەم لەروی مەزھەبی ھەم لەروی سیاسی ھەوڵ دەدەن ھەموو رێگایەک بگرنەبەر لەرێگای پارەپێدانو کڕینی دەنگ بۆ ئەوەی هەژمونی خۆیان زیاد بکەن، تورکیاش لەگەڵ ھێڵی سونەو ئەو ھێزە کوردیانەی لەسەر ئەو ھێلەن پێگەی خۆی بەھێز بکات لەپەرلەمانی عێراقو پێکھێنانی حکومەتی عێراق، بەڵام بەدووری دەزانم ڕاستەوخۆ بتوانن دەستێوەردان بکەن لەپرۆسەی ھەڵبژاردن، بەھۆی ئەو رێکارانەی ھەیە لەپرۆسەی ھەڵبژاردنی عێراق".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا بەھۆی ئەو کێبڕکێیەی لەبەغدا ھەیە لەنێوان لیستەکان، کە ھەریەکیان بوون بەچاودێر بەسەر ئەوەی ترەوە، ئەستەمە ساختەکاری یاخود دیزاین بکرێت، ھەروەھا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو خولەی پەرلەمان بەشداری کردووەو لیستی ھەیە، بۆیە زۆرترین ڕێگاو شوێن دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەساختەکاری، ئەو وتی "ھەر ھێزێک لەھەرێمی کوردستان بێت یاخود عێراق ئەگەر ھاوسۆزیان بۆ تورکیاو ئێران نەبێت، ئەوان حەز ناکەن بەھێز بن لەپەرلەمانی عێراق، ھەر بۆیە بوونی کورد لەبەغدا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی تاچەند لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەن".
بەڵام بەبڕوای فازڵ بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەلیستی پارتی، عێراق وەکو تەختەی شەتڕەنج وایە ھەموو کەس یاری لەبەرژەوەندی خۆی دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو دەوڵەتانەی لەبانگەشەی عێراقدا کاریگەریان ھەیە ھیچی لەبەرژەوەندی سیاسەتی عێراق نیەو بەزیانی تەواو دەبێت، چونکە ئەوان یاری بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن نەک عێراق".
سەبارەت بەبراوەو دۆڕاوی ھەڵبژاردنو پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کورد، بەشارەتی وتی "گەشبین نیم بەسیاسەتی ھیچ کامیان بەرامبەر کورد باش بێت، ھەموویان باشن تا ئەو کاتەی جڵەوی حکومڕانی دەگرێتە دەست، لەبەرئەوەی کورد ماوەی سەد ساڵی رابردوو ھەموویانی تاقیکردوەتەوە تا دەگاتە محەمەد شیاع سودانی، کەگەورەترین بەیاری بەچارەنوسو قووتی خەڵکی کوردستان دەکات، ھەر بۆیە ھێزە سیاسیەکانی عێراق وەکو بازرگانی شەڕ مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات