بێ ئاویی، مۆتەکەی ئێستاو ئایندەی کوردستان
  2025-10-24       453       
دەیان سالە کوردستان وشکەساڵی‌و تینووێتی وەک هاوینی ئەمساڵی بەخۆیەوە نەبینیوە

فۆتۆستۆری: مەزهەر کەریم

 

هاوینی رابردوو، کوردستان‌و عێراق‌و ناوچەکە دۆخێکی کەم ئاویی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی، کە پێشبینی دەکرێت دەیان ساڵ بێت وشکەساڵی‌و تینووێتی بەوجۆرەیان بەخۆوە نەبینیبێت.

زۆربەی گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانی‌و تەنانەت بەشێک لەگوندەکانی سنوری پارێزگاکە هاوینیان لەسایەی کەمئاوی خواردەنەوەو ئاوی شیریندا بەسەردەبردو هاوڵاتیان بەتەنکەر ئاویان کڕی.

وشکەساڵی‌‌و گۆڕانکاریەکانی کەش‌‌وھەواو زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان‌‌و خراپی بەڕێوەبردنی ئاوو سەرچاوەکانی ئاوو نەبوونی بەنداوی گلدانەوەی ئاو، هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن.

ئەمە لەکاتێکدایە بەھای ئاو کە شاڕەگی ژیانە، رۆژ بەڕۆژ بەنرختر دەبێت، زۆرێک لەچاودێران ئاو، بە"نەوتی سەدەی بیست‌‌و یەکەم" ناودەبەن‌‌، ئێستا وڵاتانی جیھان لەھەلومەرجێکدان کە وەک بەشێک لەئاسایشی نەتەوەیی خۆیان لەروبارو دەریاچەکان دەڕوانن‌‌.

لەناو شاری سلێمانی زۆرێک لەهاوڵاتیان لەسەرەتای هاوینەوە تا ئێستاش بەهۆی بێ ئاوییەوە بەتەنکەر ئاو دەکڕن.

دوو جۆر بیرتی ئیرتیوازی (شەمعە) ھەیە لەناو شاری سلێمانی، جۆری یەکەمیان حکومیەو حکومەت بەپسوڵەو بڕە پارەیەکی رەمزی ئاو دەدات بەتەنکەرەکان، بەڵام شەمعەی ئەھلی هی خاوەن کەرتی تایبەتەو بەئارەزووی خۆیان ئاو دەفرۆشن‌و دەدەن بە تەنکەرەکان نرخەکانیان لەپێنج ھەزارەوە دەست پێدەکات تا بیست ھەزار دینار بەپێی گەورەیی‌و بچوکی تەنکەرەکە.

زانیار رۆستەم، شۆفێرو خاوەنی تەنکەرێکە، بەئاوێنەی وت "لەکاتی گەرمای ھاویندا بەھۆیی نەبوونی ئاوەوە، داخوازیی زۆر لەسەر ئاو زۆر بوو، رۆژانە چوار بۆ سێ تەنکەر ئاوم بەرکەودەکەوت لەبیریی ئیرتیوازیی مامەیارەو بۆم نەبوو لەبیری ئەھلی ئاو باربکەم، هەر چواریم دەفرۆشت، زیاتریش هەبوایە هەر دەمفرۆشت، لەبەرئەوەی خەڵک زۆری داوای دەکرد".

زانیار باس لەوە دەکات ئەو تەنکەرانەی لۆگۆی حکومیان پێوەیەو لەبیری حکومی ئاو پڕ دەکەن، بۆیان نیە لەبیری ئەھلی ئاو بار بکەن، چونکە دەبێت بڕیار بدەن یان لەبیری ئیرتوازی حکومی ئاوبار بکەن یان ئەھلی".

زانیار باس لەوە دەکات رۆژانە نرخی تەنکەرێک ئاوی بچوک (٢٠ بەرمیلی)ی حکومی، لەسەرەتایی مانگی شەشدا تەنھا پانزە ھەزار دینار بووە.

زانیار ئاماژە بەوە دەکات کە لەمانگی حەوت‌و ھەشتدا بەھۆیی داخوازی لەسەر ئاوو کەمی ئاو نرخەکەی بوو بەبیست‌و پێنج ھەزار دینار.

زانیار ئەوەش روون دەکاتەوە "بەڵام لەبیرە ئەھلیەکان ئارەزوومندانەو بازاڕی ئازاد بووەو لەهەموو کاتێکدا بەردەست بووە، نرخی فرۆشتنی تەنکەرێک ئاو گەیشتوەتە چل ھەزار بۆ شەست ھەزار دینار".

بەپێی لێدوانی خاوەن بیرێک، ئاوی بیرەکان تا سەرەتای هاوین ئاویان تیا بووە، بەڵام وردە وردە ئاویان کەمی کردووە، بوجۆرێک لەکۆتایی هاویندا هەندێک لەبیرەکان وشکیان کردووە یان ئاویان ئەوەندە کەم بوەتەوە کە دوو سێ تەنکەر زیاتر نەتوانراوە ئاو بار بکرێت.

پەیام عەزیز، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە، لەکاتێکدا کە پارەی ئاو دەدا بەشۆفێری تەنکەرەکە، بەئاوێنەی وت "بەھۆیی بێئاویەوە ئەمساڵ تەنکەرێک ئاوی لەبیست‌و پێنج ھەزار دینارەوە کڕیوە بۆ سەروو چل‌و پێنج ھەزار دینار، لەماوەی چوار مانگی وەرزی گەرمای ئەمساڵدا، لەمانگی ٦ تا مانگی ١٠، نزیکەی چوار سەد ھەزار دیناری داوە بەئاوی تەنکەر".

لەئێستادا سەرەرایی ئەوەی ئاوی حکومی ماڵان ھەر وەک خۆیەتی‌و وەک پێویست نیە بۆ بەشێک لەماڵ‌و گەڕەکەکانی سلێمانی، بەڵام بەھۆی ئەوەی وەرزیی گەرما نەماوەو موبەریدە ئیشناکات، کڕینی ئاو کەمبۆتەوە، بەڵام ھێشتا ژمارەیەک ماڵ ھەر دەبێت بەتەنکەر ئاو بکڕن، بەھۆیی ئەوەی ئاوی حکومی بەشیان ناکات.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×