ڕێژەی بێکاری لەنێو ئەو کچانەی بڕوانامەی زانکۆو پەیمانگایان بەدەستهێناوە بەراورد بەوانەی بڕوانامەیان نییە، کەمترە
ئا: شیلان محەمەد
بەشێکی بەرچاو لەکچان هیچ داهاتێکیان نیەو باوکو دایکیشیان لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز رێگەیان نادەن کار بکەن، کۆمەڵناسێک دەڵێت "خێزان لەکۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵێک بنەماو پێوەری هەیە، هەمیشە سنورێک دادەنێت بۆ بەشداری کردنی کچان لەناو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەدا".
شنیار، کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵەو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، ئێستا لەماڵەوە دانیشتووە. چەند جارێک لەکەرتی تایبەتو مارکێتەکاندا کاری دەستکەوتووە، بەڵام باوکی رێگری لێکردووەو نەیهێشتووە ئەو جۆرە کارانە بکات، ئەو بەئاوینەی وت " باوکم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دامەزراندن نەبێت لەکەرتی حکومیدا نایەڵێت هیچ کارێکی تر بکەم، دامەزراندنیش نییەو منیش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانمو حەزی خۆم پێویستم بەداهاتێکی سەربەخۆیە".
وتیشی "کێشەکە ئەوەیە باوکیشم کە نایەڵێ بچم لەدەرەوە کار بکەم، بەهۆی سنوورداری سەرچاوەی داهاتی خێزانەکەمانەوە وەک پێویست خەرجییەکانی ژیانمی بۆ دابین ناکرێت".
شنیار نمونەیەکە لەهەزاران کچ لەکوردستاندا کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، بێکار دەبن، یاخود کەسوکاریان رێگەیان پێنادەن کاربکەن.
تاهیر حەسەن، مامۆستاو باوک ئاماژە بەوە دەدات لەم وڵاتەدا هەزاران خوێندکاری زانکۆو پەیمانگا خوێندنیان تەواو کردووەو بێکار دانیشتوون، زۆرێک لەباوکانیش پێیان شەرمە کچەکانیان بەدوای هەلی کاردا بگەڕێنو پێیانباشە لەماڵ دابنیشن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەرکێکی گران بۆ بژێوی ژیانیان، ئەو بەئاوێنەی وت "ڕێژەیەکی بەرچاو لەباوکان دەرفەت بەکچەکانیان نادەن کارێک بۆ خۆیان دابین بکەن، هۆکارەکەشی جەنجاڵ بوونو بێباوەڕی کەسانی هەلپەرستن، من بەباشی دەزانم زۆرێک لەباوکان هەل بدەن بەکچەکانیان تا بتوانن کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان".
کۆمەڵناسان پێداگری لەسەر گرنگی کارکردنی کچانو ژنان دەکەن بۆ سەربەخۆیی ئابوری خۆیانو بۆ پێشخستنی کۆمەلگەش.
دارا ئەنوەر زۆراب، کۆمەڵناسی پەروەردەیی ئاماژە بەوە دەکات کە خێزان لەکۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵێک بنەماو پێوەری هەیە، وەک ڕەگوڕیشەی کلتوریو ئایینیو کۆمەڵایەتی هەیە، هەمیشە سنورێک دادەنێت بۆ بەشداری کردنی ئەندامەکانیو بەتایبەت کچان لەناو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەدا، ئەو وتی "لەبەرامبەر ئەم دۆخە خێزانیەدا ئێمە لەکۆمەڵگەیەکداین کە یاساو دادپەروەری لەئاستێکی باڵادا نییە، یان بهمانایەکی تر یاساکان جێبەجێ ناکرێن، بەتایبەت یاساکانی کارو کارکردنو پاراستنی مافەکان، ئەمەش هەمیشە دۆخێک دروست دەکات کە خێزان زۆر کات سنور دابنێ یان ڕێگری بکات لەکارکردنی ئەندامەکانی بەتایبەت کچان".
وتیشی "ئەمەش جارێکیتر کچان دەخاتە ناو ململانێیەکی قورس لەنێوان گوێڕایەڵی خێزانو دۆخی کارکردن، ڕەوایەتیو پاساویی سایکۆلۆجیو سۆسیۆلۆژی بۆ خێزانو ئەندامەکانی بوونی هەیە، بەڵام گرنگە هۆشیاری پەروەردەیی خێزانو دیالۆکو گفتوگۆی عەقڵانی خێزانو ئەندامەکانی ئەم دۆخە یەکلا بکاتەوە، وەک پاڵپشتی کچان بۆ کارکردنو دۆخی نەخوازراویش بەهاوکاری خێزانو یاسا کچان ڕووبەڕووی ببنەوەو هیچ بارودۆخێکی ناچاری قبوڵ نەکەن، ئەوکات خێزان و ئەندامەکانی سەرکەوتوو دەبنو کۆمەڵگەش دەخەنە ناو دۆخی گۆڕانکاریی کارکردنی کچانو ژنان بەدیووە ئەرێنییەکەی".
ئابوریناسانیش جەغت لەوە دەکەن هەمیشە ڕێژەی بێکاری لەنێو ئەو کچانەی کە بڕوانامەی زانکۆو پەیمانگایان بەدەستهێناوە بەراورد بەوانەی بڕوانامەیان نییە، کەمترە .
د.ئارام قادر کۆکۆیی، پسپۆڕی ئابوری لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "باشترە لەهەموو دۆخێکدا ئەو کەسانەی لەدەرەوە کار دەکەن لەژنانو کچان، لەخوێندن بەردەوام بن، تاکو بتوانن بڕوانامە بەدەستبهێنن، چونکە ئەگەری بەدەستهێنانی کارییان زیاترە لەوانەی کە لەماڵەوەنو بڕوانامەیان نییە".
سەبارەت بەڕێگرییەکان لەلایەن خێزانەکانیانەوە، کۆکۆیی وتی "ئەمە زیاتر پەیوەندی بەلایەنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، پەیوەندی بەئاستی گەشەی ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە، ئەوەی کە کەمتر ژنان دەبینین لەدەرەوە لەبازاڕی کار بەشدار بن، لەوانەیە یەکێک لەفاکتەرەکان خێزان بێت، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەری دیکەش هەیە لەوانە سروشتی کارکردن لەوڵاتی ئێمە زیاتر بۆ نێرینە گونجاوە، زۆربەی ئەو سێکتەرە ئابورییانەشی لەم وڵاتەدا هەن، بەدەست پاوەوەن تا ژن".
وتیشی "بێگومان ئەگەر ژنانو کچان لەبازاڕی کاردا بەشدارو ئامادە نەبن، کاریگەری ئابوری نێگەتیڤی زۆر گەورەی دەبێتو ئاستی وەبەرهێنان کەم دەبێتەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات