ئا: شاھۆ ئەحمەد
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقو ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس، ھاوڵاتیان بەھیوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراسیو پێکەوە ژیان بوون، بەڵام سەڕەڕای ھەبوونی ھەڵبژاردنو سیستەمی پەرلەمانیو ھەبوونی لیستو حزبە جیاوازەکان، بەبڕوای چاودێرانی سیاسی ھێشتا عێراقو ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەنابرێن.
"دەنگ نەدان گەورەترین کێشەیە لەکوردستان"
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لەپەرلەمانی عێراقو کاندیدی ئەو حزبە لەبازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردن پێیوایە دیموکراسیهو هەڵبژاردن لەعێراقو ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک گرفتی ھەیە، بەتایبەتی بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنو دەنگ نەدانیان دەچێتە خانەی بەرژەوەندی حزب دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەو ئاوێنەی وت "بێمتمانەیی ھاوڵاتیان بەرامبەر بەپڕۆسەی ھەڵبژاردنو بەشداری نەکردنیان لەدەنگدان، بەتایبەت دەنگە ناڕەزایەتیەکانی دەرەوەی دەسەڵات گەورەترین کێشەیە، لەبەرئەوەی لایەنەکانی دەسەڵات خەڵکو دەنگدەری خۆیان لەژێر فشارو ھەر جۆرێک بێت بەشداری پێدەکەن لەدەنگدان، لەوەشدا تەنھا لەبەرژەوەندی لیستەکانی دەسەڵاتە ".
وتیشی "گرفتێکی بەردەم ھەڵبژاردن کە لەدونیادا وێنەی نەبوەو تەنھا لەعێراق نەبێت، بریتییە لەبەکارھێنانی موڵکی گشتیو پلەو پۆستو پارەو ھێز بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنو فشار خستنە سەر ھاوڵاتی بۆ بەدەستھێنانی دەنگ بۆ لایەنەکانی دەسەڵات، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیو مافی مرۆڤو ئازادیو حوکمرانی پەرلەمانی، تەنھا دروشم نیە، دەبێت کردار بێت، ئەوەی ئێستا ھەیە تەنھا دروشمەو دەسەڵات ھەموو پێگەو پلەو دارایی بەکارھێناوە بۆ فشار دروست کردن لەسەر ھاوڵاتی لەپێناوی پاراستنی دەسەڵاتو بەرژەوەندیەکانی خۆی".
"گەورەترین کێشە، نەبوونی حزبی دیموکراسییە"
هۆگر چەتۆ رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری کردنی ھەڵبژاردنەکان، پێیوایە کەوا دیموکراسی پانتایەکی فراوانەو بەوە پێوانە ناکرێت ئەگەر ھەڵبژاردن ھەبێت کەواتە دیموکراسی ھەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "گەورەترین کێشەی ھەڵبژاردنو دیموکراسی لەکوردستانو عێراق، نەبوونی حزبی دیموکراسییە، چونکە داینەمۆی ژیانی دیموکراسی، پارتی سیاسییە، بەداخەوە لەعێراقو ھەرێمی کوردستان دیموکراسیمان وەکو مۆدێل ھەڵبژاردوە بۆ خەڵکی نادیموکراسی، لەبەرئەوەی دیموکراسی کلتورە، سروشتە، شێوازی مامەڵەیە، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە، سەروەری یاسایە، یەکسانی ژنو پیاوە".
ھۆگر چەتۆ ئەوەشی روونکردەوە کەوا لەئێستادا دیموکراسی کورت کراوەتەوە لەھەبوونی حزبو میدیاو ھەڵبژاردن، ئەو وتی "دیموکراسی لەعێراق لەچوارچێوەی دەستور دانراوە، لایەنو ھێزە سیاسیەکان ئەوکاتە بیروڕایان وابووە کەوا بۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوەو ئایینەکان پێویستیان بەدیموکراسی تەوافقی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەعێراق دەگوزەرێت گۆڕاوە بۆ دیموکراسی پشک پشکێنە، کە ئەو حاڵەتە نەخوازراوەو ناتەندروستە بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەتداری، ھەموو ئەو پشکانەش دابەش بوە بەسەر ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردن".
"دەنگدان لەژێر پاڵەپەستۆی حزبە گەورەو پارەدارەکانە"
کوردۆ عومەر، پەرلەمانتاری یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە ھەموو ھەڵبژاردنێک نیشانەی دیموکراسیە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، کە تێیدا ھاوڵاتیان نوێنەری خۆیان دەنێرنە پەرلەمان، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەرچەندە لەعێراقو ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن ھەیەو کۆمەڵێک کەس دەچنە پەرلەمان، بەڵام ئەوەی گرنگە تا چەند ئەو نوێنەرانە خزمەت دەکەن، لەعێراق دەنگدان لەژێر پاڵەپەستۆی حزبە گەورەو پارەدارەکانە".
وتیشی "لەم خولەی پەرلەمان پەلە کرا لەتێپەراندنی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقو ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لەبەرژەوەندی حزبو لیستە گەورەکانە، ھەروەھا لەزیانی لیستە بچوکو کاندیدە سەربەخۆکانە".
"ساختەکاریی گەورەترین مەترسییە".
عبدالستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵو بەربژێری دەرچووی کۆمەڵی دادگەری بوو لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ،بەڵام بەھۆی بایکۆتی حزبەکەی بەشداری لەخولی شەشەمی پەرلەمان نەکردووە، سەبارەت بەگرفتو مەترسیەکانی بەردەم دیموکراسیو ھەڵبژاردن، بەئاوێنەی وت "کۆمەڵێک رێنماییو پەیڕەوی کۆمسیۆن ھەیە بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق جێگای مەترسییەو رێگە خۆش دەکات بۆ ساختەکاری ،بۆ نموونە لەھەر وێستگەیەک ئەگەر ٥%ی دەنگەکان کێشەی ھەبو چاوپۆشی بکرێت کەئەوەش رێگا خۆش دەکات بۆ ساختەکاریی، ھەروەھا ٥٠٤ هەزار کارت ماوە لەکۆمسیۆن لەلایەن ھاوڵاتیانەوە وەرنەگیراوەتەوە، کە پێویستە خەڵک ھۆشیار بکرێتەوەو وەریبگرنەوە یان دەبێت ئەو کارتانە لەژێر لیژنەیەکی چاودێری بن، جگە لەوەش سەبارەت بەئامێرەکانی دەنگدان داوامانکردوە لیژنەیەکی شارەزا لەو بوارە بەدواداچوون بۆ ئەو ئامێرانە بکاتو دڵنیا ببینەوە لەرێکو پێکیو ئامێرەکان".
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان کەوتونەتە ژێر پرسیاری گەورەوە، ئەو وتی "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیزاین کراو پەرلەمانیش ساڵێکە داخراوەو چەندین ساڵیشە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوە کە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە ھەڵوەشاونەتەوە، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنمان ھەبوو ئەویش لەلایەن دادگاوە ھەڵوەشاوەتەوەو نەماوە، ھەروەھا حکومەت لەئێستادا کاربەرێکەرە، ھەموو ئەوانە بنەمای دیموکراسین،بەڵام پەکخراونو لەژێر پرسیاردان".
لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیش، وتی "وڵاتانی دراوسێو ئەوروپاو ئەمریکا کاریگەریان لەسەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەیە، ھەندێکیان بەرژەوەندی ئابوریو سیاسیان ھەیە، ھەندێکی تر بەرژەوەندی مەزھەبیان ھەیە، بەشێکی تری بەرژەوەندی ئەمنیان ھەیە لەناوچەکە، عێراقیش وڵاتێکی لاوازە لەڕووی سەربازیو بەرگری کردن لەخۆیو سنورەکانی بۆ ناپارێزرێت، ھەروەھا پێکھاتەکانی وەکو شیعەو سوونەو کورد ھەر یەکەیان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پشتگیری دەکرێن بۆ دژایەتی کردنی ئەویتر".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات