هۆکاری نەمانی متمانە بەکاری پەرلەمانتاریی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەک "بزنسو ئامڕازی پارە کۆکردنەوە"ی لێهاتووە
ئا: هێڤی ئاوات
لەکوردستانو عێراقدا، لەئاستی کۆمەڵانی خەڵکدا گەرموگوڕییەک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەدیناکرێت، خەڵکی باس لەوە دەکەن متمانەیان بەهەڵبژاردنو بەکاندیدەکانیش نەماوە، چاودێرێکی هەڵبژاردنیش دەڵێت "وەزیفەی پەرلەمانتاریی گۆڕاوە بۆ دەستکەوتی ماددیو زۆربەی پەرلەمانتاران بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لا گرنگە تا بەرژەوەندی خەڵک".
بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانی پەیامنێرانی ئاوێنە، خەڵکی رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بەهەڵبژاردنو بەشداری کردنیان لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەڵام زۆربەیان دەڵێن "متمانەیان بەکاندیدەکان نییە".
دیار عەزیزی تەمەن ٣٣ ساڵ، لەناو بازاڕی هەولێر کە پڕ بووە لەپۆستەری کاندیدەکانو بەتەنافی رەنگاوڕەنگی بانگەشەی حزبەکان رازێنراوەتەوە، خەریکی سەوزەو میوە فرۆشتنەو وەک خۆی دەڵێ "سەرقاڵی کارو کاسپیو پارە پەیدا کردنی خۆیەتیو هیچ شتێک بۆ ئەو دوو عانەیە ناهێنێت، کە ئەمڕۆ پەیدای دەکات".
دیار هەڵبژاردنی زۆر بەلاوە جێیی بایەخ نییە، لەبەرئەوەی کەس خەڵکی وەک ئەمی لەبیر نییە، ئەو بەئاوێنەی وت "من دڵنیام زۆربەی ئەوانەی دەچنە پەرلەمانەوە، زیاتر لەوەی بیرییان لای خەڵک بێت بیرییان لای پاداشتو ئیمتیازو دەستکەوتو زیادبوونی مووچەی خۆیانە، کە ئەوان بیریان لای خەڵکو خزمەتکردنی خەڵک بێت، من بۆ بیرم لای ئەوان بێت؟!".
وتیشی "هیوادارم ئەوانەی دەچنە پەرلەمانەوە خەڵکیان لەبیر بێت، چونکە بەدەنگی خەڵک دەیبەنەوەو دەچنە پەرلەمانەوە".
بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی سلێمانیش هەمان بۆچوونیان هەیە، لەبەرئەوە بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردوەوە کە لەئاستی کۆمەڵایەتییدا بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گەرمو گوڕ بووە، ئێستا ساردو سڕییەکی پێوە دیارە، ئەمە لەکاتێکدایە دوو سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن، کە بنکەی سەرەکییان لەسلێمانی بووە، خراونەتە زیندانەوەو بانگەشەکردنی هەلبژاردنیان لێ قەدەغە کراوە.
سامان محەمەدی تەمەن ٤٩ ساڵ، شۆفێری تەکسییەو سکاڵایەتی لەدەست ئەوەی وا بانگی نیوەڕۆیەو لەبەیانییەوە هاتوەتە دەرەوەو تەنها دوو "داخلی" کردووە، کاتێک باسی هەڵبژاردنی لێدەپرسیت، رووی گرژ دەکاو بە"جنێوێک" بێزاری خۆی دەردەبڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەڕای من لەعێراقو کوردستانیشدا ھیچ کاربەدەستێکی گەورەو بچوک نادۆزیتەوە جگە لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆیو دەوروبەرەکەی باوەڕی بەھیچی تر بێت، من وا نزیکەی پەنجا ساڵم لەژیان بەڕێکردو ئەنواع بەرپرسو کاربەدەستو وەزیرو پەرلەمانتارم بینی کە بەڵێنی سەوزو سوورو زەردیان بەخەڵک دا، کەچی نەک ھەر ھیچیان بۆ خەڵک نەکرد، بەڵکو زیاتر قوڕیان کرد بەسەر خەڵکداو بارودۆخی ئەم وڵاتەیان خراپتر کرد، لەبەرئەوە دڵم بەمانەش خۆش نییە کە ئێستا دەچنە پەرلەمانی عێراقەوە".
وتیشی "پێموانییە ئەوانەی بەرەو بەغدا دەچن بەڕاستی خەڵکیان لەبیر بێت، ئەوان بەپلەی یەکەم چاویان لەسەر بەرژەوەندی خۆیانە، بەپلەی دووەمیش چاوییان لەسەر بەرژەوەندی ئەو حیزبانەیە کە کاندیدی کردوون، بەڵام ھیوادارم ئەگەر خەڵکیشیان لەبیر نەبێت، مافو داخوازییە رەواکانی کوردییان لەبیر بێتو جورئەتی ئەوەیان ھەبێت داکۆکی لێبکەن".
ئومێد ئەحمەدی تەمەن ٥٦ ساڵ، کە پیشەی مامۆستایە، کاتێک دەربارەی هەڵبژاردن پرسیاری لێدەکەیت، بەپێکەمینەوە دەڵێت "هەڵبژاردنی چی؟! مووچەکەمان جوانە، وا مانگی یانزەیەو هێشتا مووچەی مانی هەشتمان وەرنەگرتووە".
ئەم مامۆستایە باس لەوە دەکات کە سەڕەرای هەموو بێزاریو تێبینییەکانیشی، بەشداری لەهەلبژاردندا دەکات، لەبەرئەوەی تەنها لەم رێگەیەوە دەتوانیت بەجۆرێکی لاوازیش بێت بەشداری لەبڕیاری سیاسیدا بکاتو کوردیش پێویستی بەوەیە لەبەغدا کەسانێک هەبن بەرگری لەمافەکانی بکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ھیوادارم پەرلەمانتارانی قۆناغی داھاتوو ھەست بەو کێشەو گرفتانە بکەن کە رۆژانە ھاوڵاتیانی تیا دەژینو کار بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکیو پێشخستنی وڵات بکەنو ئەوەیان لەبیر نەچێت کە بەدەنگی ئەم خەڵکە چوونەتە پەرلەمانەوەو ئەرکی سەر شانیانە داکۆکییان لێبکەن".
وتیشی "بەبڕوای من بەشێکی زۆر کەمیش بێت لەوانەی دەچنە پەرلەمانەوە، ھەرگیز خەڵکیان لەبیر ناچێتو ھەموو هەوڵێکیشیان بۆ ئەوە دەخەنە گەڕ کە خزمەت بەو خەڵکە بکەن کە کردویانن بەنوێنەری خۆیان".
چاودێرێکی پرۆسەی هەڵبژاردنو کاری پەرلەمانتاریی لەهەرێمی کوردستان پێیوایە هۆکاری نەمانی متمانە بەکاری پەرلەمانتاریی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەک "بزنسو ئامڕازی پارە کۆکردنەوە"ی لێهاتووە.
سەروەر عەبدوڕەحمان سەرۆکی دامەزراوەی "پەی" بۆ پەروەردەو گەشەپێدانو چاودێری پەرلەمان، بەئاوێنەی وت "خەلكی ساڵ بەساڵو هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن، متمانەیان بەپەرلەمانو کاری پەرلەمانتاریی کەمتر دەبێت، لەبەرئەوەی لەم وڵاتەدا وەزیفەی پەرلەمانتاری گۆڕاوە بۆ دەستکەوتی ماددیو وەک بزنسو ئامڕازی پارە کۆکردنەوەی لێهاتووە".
وتیشی "خەڵک چۆن متمانەی بەپەرلەمانو پەرلەمانتار بمێنێت کە چەندین پەرلەمانتارمان ھەبووە لەماوەی خولێکی شەش مانگیدا قسەیەکی نەکردووە یان لەماوەی یەک ساڵدا قسەیەکی نەکردووە، لەماوەی چوار ساڵدا سێ خولەک قسەی کردووەو دەیان ملیۆن دیناری وەرگرتووەو سبەینێش بەپارەیەکی زۆروزەبەند خانەنشین دەکرێ؟!".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات