بەریتانیا: گەورە قاچاغچییەکی کورد سزا درا
  2025-10-28       2380       

ئا: کاوە رەش

 

ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە "گەورە قاچاخچیەکی نێو تۆڕێکی قاچاخچیەتی کوردەکانی بەکۆچبەری نایاساییەوە دەستگیرکردوە، برای قاچاغچی زیندانی کراو، ئامانج زادەیە کە ساڵی ڕابردوو حوکمی ١٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا".

 

ئەو کوردە قاچاغچیە کەناوی (ئ، ئ)و تەمەنی ٢٦ ساڵە، لەدوای لێکۆڵینەوەکانی دەزگای تاوانی نیشتیمانیەوە گیراوە، ڕۆژی دووشەمە  ٢٧/١٠/٢٠٢٥ دادگای شاری پریستۆن لەبەریتانیا پێنج ساڵ‌و نیو زیندانی بەسەردا سەپاند، بەھۆی ئەوەی دەستی ھەبووە لەنێو تۆڕێکی گەورەی نێودەوڵەتی قاچاغچیەتی کردن بەکۆچبەرانەوە.

ناوبراو لەگەڵ ئامانج حەسەن زادەی برای، کاریان کردووەو سەرۆکایەتی تۆڕێکی تاوانکاری قاچاخچییەکانی کردووە کە خەڵکیان لەتورکیاوە بۆ ئەوروپاو دواتر بەرەو بەریتانیا گواستۆتەوە.

ئەو باندە نێودەوڵەتییە، تۆڕەکانی سۆشیال میدیایان بەکارھێناوە بۆ ڕیکلامکردن بۆ خزمەتگوزارییەکانیان، تا ئەو کۆچبەرانە ڕاو بکەن، کە دەخوازن بەڕێگای نایاسایی کۆچ بکەن.

بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلایەن لێکۆڵەرانی NCA دۆزراونەتەوە دەریانخستووە کە (ئ.ئ) ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لەناو ئەو گروپی تاوانکارییەی ئامانج حەسەن زادە، دەستی ھەبوە لەدروستکردنی پەیوەندیەکاندا لەگەڵ کۆچبەران‌و دابین کردنی بلیتی گەشت، بۆ کۆچبەرەکان تا گەشتەکانیان بۆ ڕێکبخەن بەنایاسایی.

بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی لەلایەن ئەفسەرانی NCA تۆمارکراون‌و چاودێری کراوە، دەریدەخەن ئەو جووتە برایە، لەگەڵ ژمارەیەک قاچاغچی دیکە لەئەوروپاو ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییان ھەبووەو تۆڕەکانیان بەیەکەوە گرێداوە.

(ئە، ئە) لەمانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤ دەستگیرکرا، دوای دەستکەوتنی چەندین بەڵگەی کاری قاچاغچییەتی کردنی  ئەو باندە.

دوای دەستگیرکردنی، لێکۆڵەران چەند گفتوگۆیەکی دەنگییان دۆزیوەتەوە، کە لەڕێگای تەلەفۆنەکەیدا لەگەڵ چەند کۆچبەرێکی نایاسایی مامەڵە دەکەن، دەیانەوێ گەشتی نایاسایی بکەن.

لەلێکۆڵینەوەکاندا ئەو کوردە قاچاغچیە دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە ئاسانکاری بۆ کۆچی نایاسایی کردووە بۆ وڵاتانی یەکیەتی ئەوروپاو  بەریتانیا.

لەدوا دانیشتنی دادگای تاجی پرێستۆن، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەم، سزای پێنج ساڵ‌و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

مارتن کلارک، بەرپرس لەلقی NCA دەڵێ "ئەو قاچاغچییە ڕۆڵێکی گرنگی لەنێو تۆڕی تاوانکاری زادەی برایدا بینیوە کە ھاوکار بووە لەگواستنەوەی خەڵک بۆ ناو یەکێتی ئەوروپاو دواتر بۆ بەریتانیا بەبەلەمی بچووک‌و گرنگییان بەو مەترسیانە نەدەدا کە ڕووبەڕوویان دەبوەوەو تەنھا وەک کاڵایەک دەیانبینی کە قازانجیان لێبکرێت".

دەشڵێت "لەگەڵ ھاوبەشەکان لەھەرێمی کوردستان کاردەکەین بۆ بەئامانجگرتنی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە."

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، ئامانج حەسەن زادەی بۆ ماوەی ١٧ ساڵ زیندانی کرا، دوای ئەوەی لێکۆڵەرەوەکان دەرینخستوە کەناوبراو چەندین گەشتی نایاسایی لەفەرەنساوە بۆ بەریتانیا ئەنجامداوە کە زۆرترین وەجبەی کۆچبەرانی کوردیان تێدا بووەو بەناو ڕۆژھەڵاتی ئەوروپادا گواستراونەتەوە بۆ ناو ئەڵمانیاو بەلجیکا و پاشان فەرەنساو دواتریش بەریتانیا.

لەگرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە لەیوتیوب لەلایەن NCA دۆزراوەتەوە کە ساڵی ٢٠٢١ لەعێراق تۆمارکراوە، زادە لەئاھەنگێکدا لەگەڵ میوزیکژەنەکان گۆرانییەک بەزمانی کوردی دەڵێنەوەو پێیدەڵێن: باشترین قاچاخچی‌و بەندبێژێک دەڵێ: دەبێ ھەموو قاچاخچییەکانی دیکە دەرس لەو ئەو وەربگرن‌و فێری قاچاغچییەتی بن.  ئەویش پارە بەسەر بەندبێژەکاندا ھەڵ دەدات و دەمانچەیەک بەھەوادا  دەتەقێنێ.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×