ئەو حزبانەی سەرکردەکانیان لەزینداندان، چۆن بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن؟
  2025-10-28     
حیزبە دەسەڵاتدارەکان، دەرفەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ھێزەکانی دەرەوەی خۆیان بەرتەسک دەکەنەوە

ئا: مەزهەر کەریم

 

لەکاتێکدا کە حزبەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن، سەرکردەی دوو حزبی ئۆپۆزیسیۆن ئێستا لەزینداندان‌و دەرفەتی بانگەشەکردنیان وەک پێویست بۆ نەڕەخساوە، شارەزایەکی بواری ھەڵبژاردن دەڵێت "ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەمجۆرە، نائازادو نادادپەروەرانەیە".

 

بورھان رەشید گوڵە، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لەبازنەی سلێمانی، کە لەئێستادا لاهور شێخ جەنگی سەرۆکیان لەزینداندایە، بەئاوینەی وت "چەند رۆژێک دەبێت دەستمکردوە بەپۆستەر ھەڵواسین‌و بانگەشەکردن، لەھەندێک شوێن رێگریی کراوە لەھەڵواسینی پۆستەرەکانم‌و نەیانھێشتووە ھەڵبواسرێن، لەبەرئەوە زیاتر لەسۆشیال میدیاوە بانگەشە دەکەم، بەھۆکاری ئەوەی شێخ لاھور گیراوە لەم بانگەشەیەدا زیانی زۆرمان کردووە، بێ پارەین‌و زیاتر گرنگی بەسۆشیال میدیا دەدەین بۆ بانگەشە بەھۆی ئەو بارودۆخە بەرەی گەلی تێکەوتووە".

وتیشی "کۆبوونەوەی جەماوەریمان نابێت‌و ھەتا کۆبونەوەی جەماوەریش نەبێت، نازانین یەکێتی رێگریمان لێدەکات یان نا، بەڵام لەھەولێر ئازادانەتر کارەکانمان دەکەین، پێویستە دەنگدەرەکانیشمان نەترسن، باوی ترس نەماوە، ئەگەر کەسانێکیش بترسن ئەوە دەبێت بزانن کە مەرگ کەی ھات گەڕانەوەی بۆ نیە، بۆیە پێویستە خەڵک ئازا بێت‌و نەترسێت".

لەبارەی کارنامەی بەرەی گەلەوە، ئەو وتی "بەھۆی ئەو دۆخەی بەسەر بەرەی گەلدا ھات، فریانەکەوتین کارنامەکەمان بنوسینەوە، بەڵام دروشم‌و کارەکانی من بوژانەوەی کەرتی تەندروستییە لەعێراقدا، ھەروەھا نەمانی حیزبی چەکدارو  پەرە بەخوێندنی کەرتی گشتییە".

بورھان وتیشی "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ وازبھێنن‌و ئامێرەکان ساختەکارییان پێنەکرێت، لەحیزبی دەسەڵات زیاتر دەھێنین لەسلێمانی، ئەمەش لەخۆمەوە ناڵێم، سەنتەرێک راپرسی کردبوو لەسەر رێژەی دەنگەکان ئێمە لەپێش حیزبی دەسەڵاتەوە بووین‌و برواشمان وایە دەنگێکی باش دەھێنین ئەگەر ساختەکاریی نەکرێت".

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهەمانشێوە، گرفتیان ئەوەیە چەند هەفتەیەک بەر لەدەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، شاسوار عەبدولواحیدی سەرکردەیان دەستگیرکراو حوکمی سێ مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنراو ئێستا لەزینداندایە.

 

بەرپرسێکی نەوەی نوێ "کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت"، لەبارەی کاریگەری بێدەنگ کردنی سەرکردەکەیان‌و رێگریەکانی بەردەم بانگەشەی ھەڵبژاردنیانەوە، بەئاوێنەی وت "لەئێستادا سەرۆکی جوڵانەوەکەمان لەزیندانە، بەڵام ئێمە ئەو کارو ئەرکانەی لەسەرمانە رایدەپەڕێنین، گوتارو دروشمەکانی نەوەی نوێ ھەمان ئەو گوتارو دروشمانەن کە کاک شاسوار کاری لەسەر کردووە، حیزبی دەسەڵات بڕوای وابووە بەگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە، ئێمە ناتوانین کارەکانمان بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە".

وتیشی "ئەگەر دۆست‌و دوژمنەکانمان یەک تۆز ویژدانیان ھەبێت، دەبێت ئەو راستیە بزانن سەرۆکی جوڵانەوەکەمان لەسەر بەرگریی کردن لەمافی خەڵک ئێستا لەزیندانە، ئەمەش کاری پارتی‌و یەکێتییە، بەنموونە شیروان شیروانی ئێستا لەزیندانە، یەکێتی لەوبارەیەوە ھیچ هەڵوێستێکی نییە، بەھەمانشێوە شاسوار عەبدولواحید لەلایەن یەکێتیەوە گیراوە، پارتی ھیچ ناڵێت، واتا ئەم دوو حیزبە بەڕێکەوتن کەی بزانن هەر کەس‌و لایەنێک مەترسیی ھەیە لەسەریان، دەستگیری دەکەن، ھۆکارەشی ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە لەدەنگی ناڕازی دەترسێت".

ئەم بەرپرسەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد کە بەردەوام فلێکسەکانی نەوەی نوێ لێدەکرێنەوە، ئەو وتی "ئەمشەو فلێکسێکی شاسوار عەبدولواحید دادەنێین بۆ بەیانیەکەی دڕاوە، لەسەھۆڵەکەی سلێمانی شاشەی بانگەشەمان داناوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەکاتێکدا یەکێتی خاوەنی سەدان شاشەیە، پارتیش بەھەمانشێوە لەھەولێرو دھۆک سەدان شاشەی داناوە، بەڵام رێگە بەئێمە نادەن شاشەمان ھەبێت، بەڵام ئێمە کۆڵنادەین، ئێستا فلێکسێک بدڕێنن دوای چەند دەقەیەک فلێکسەکە دادەنێینەوە، ھەوڵی دانانی شاشەش دەدەین لەداھاتوودا".

 

چاودێرانی هەڵبژاردن چەندین تێبینییان هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، کە حزبەکانی دەسەڵات خاوەنی توانایەکی مادی‌ گەورەن‌و حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش توانای مادی‌و دەرفەتی بانگەشەکردنیان سنووردارەو نایەکسانییەکی گەورە بەدیدەکرێت.

 

ھەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای بواری ھەڵبژاردن بەئاوێنەی وت "حیزبە دەسەڵاتدارەکان، دەرفەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ھێزەکانی دەرەوەی خۆیان بەرتەسک دەکەنەوە، بەوەی کە شوێنە باش‌و گرنگەکانی ناو شارەکانیان بۆ خۆیان قۆرخ دەکەن، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئامادەیی لەسەر ھێزە سیاسیەکانی دیکە دەبێت، بیرمان نەچێت بانگەشەی ھەڵبژاردن مافی ھەر ھێزێکی سیاسیە کە لەلایەن کۆمیسۆنەوە رێگەی پێدراوە، بەڵام ھێزە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەت ھێزی دەسەڵات لەسنووری سلێمانی ھاتوون یاسایان بەکارھێناوە تا بتوانن کاریگەریان ھەبێت لەسەر ئەو دوو ھێزە سیاسیەی کە سەرۆکەکانیان ئێستا لەزینداندان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژمارەی دەنگەکانی ئەو لایەنانە دەبێت".

وتیشی "بەپێی ئەو یاسایەی بۆ پارتە سیاسیەکان دانراوە لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان دەرفەتی یەکسان‌و وەک یەک رەچاوکراوە بۆ ھەموو پارت‌و لایەنە سیاسیەکان، کە ئەمەش لەکۆمەڵێک خاڵدا خۆی دەبینێتەوە لەسەروو ھەموویانەوە دەبێت حیزبی سیاسی دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت بەکارنەھێنێت بۆ بانگەشە کردن، بەڵام بەھۆکاری ئەوەی لەپۆستی گشتیدان حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەبینین دامەزراوە گشتیەکانی دەوڵەت بەکاردەھێنن بۆ بانگەشەکردن بۆ حزبەکانی خۆیان، ئەمەش جۆرێکە لەنادادیی‌و نادادپەروەریی‌و نائازادیی‌و نایەکسانی، کۆمسیۆن لەئێستاو رابردوودا نەیتوانیوە ئەم پێشێلکاریانە کۆنترۆڵ بکات".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×