ئا: عەمار عەزیز
لەسێ بازنەکەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ھەر عەشیرەتو بنەماڵەیەک کاندیدی تایبەت بەخۆیان ھەیە، سەرۆک عەشیرەتەکان ھاوکاری کاندیدەکانی خۆیان دەکەنو ماڵ بەماڵ دەگەڕێن تا زیاتر دەنگی بۆ کۆبکەنەوە، کاندیدێک لەبازنەی دهۆک دەڵێت "هەر کاندیدێک پشتی بەعەشرەتو ئاغاو سەرۆک عەشرەت قایم بێت، سەرکەوتنی مسۆگەرە".
بەپێی بەدواداچوونێکی تایبەتی ئاوێنە لەبازنەی هەڵبژاردنی دهۆک، هەریەک لەعەشیرەتەکانی زێباری، ھەرکی، سورچی، گۆران، ئاکرەیی، دۆسکی، مزیری، کۆچەر، بەرواری، گولی، سندی کاندیدی تایبەت بەخۆیان ھەیەو رۆژانە بانگەشەیان بۆ دەکەنو ھەموو ھاوکارییەک پێشکەش دەکەن لەپێناو سەرخستنی کاندیدەکەی خۆیان .
عەشیرەتی زێباری لە سنوری قەزای ئاکرێو پارێزگای دھۆک بەگشتی عەشیرەتێکی گەورەیە، دوو کاندیدیان هەیە کە یەکێکیان سەر بەپارتییەو ئەویتریشیان سەر بەیەکگرتووە .
رەزا زوبێر زێباری، سەرۆک عەشیرەتی زێبارییەکان لەئاکرێ بەئاوێنەی وت "ھەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە پێشمەرگە بوومو بەگیانی نیشتیمانپەروەری پەروەردە کراوین، لەسەر ئەوەش ڕاھاتووین کە دەنگ بەو کاندیدە بدەین بتوانێت بەرگری لەکوردو ماددەی ١٤٠و دەیان دۆسیەی تر بکات، لەگەڵ سوونەو شیعەکان دانیشتن بکات بۆ چارەسەری کۆی بابەتەکان، بەڵام بەم دواییە بابەتەکە کراوەتە مەسەلەی عەشرەتو عەشیرەتکاری، ئێمەش کاندیدێکمان ھەیەو بە خەڵکمان وتووە دەنگی پێبدەن".
وتیشی "ململانێی حزبو لایەنەکان لەسەر کۆکردنەوەی دەنگ وایکردوە کاندیدەکان پەنا بۆ سەرۆک عەشیرەتو ئاغاکان ببەن، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر ھەموو عەشیرەتێک کردووە، بەبڕاوی من خراپە خەڵک لەسەر بنەمای عەشیرەت دەنگی خۆی بدات، بەڵکو کەسایەتیو زیرەک و لێھاتووی کاندیدەکە گرنگترە، ھەروەھا گرنگە کە بتوانێت بەرگری لەکوردو مافە دەستورییەکانی بکات لەبەغدا".
زێباری دەپرسێت "ئەگەر عەشیرەت دەنگی خۆی بداتە کەسێک لێھاتوو زیرەک نەبێتو دواتر دەرچوو، چ سوودێک دەگەینێت بەو عەشیرەتە؟! ئایا کە ھیچ سوودێک نەگەینێت بەعەشیرەتەکەی زیان بەنەتەوەکەی خۆشی ناگەێنێت؟! بەڵام ئیتر واقعێک دروستبووە کە ھەر عەشیرەتو ئاغایەک ھەوڵ بۆ سەرخستنی کاندیدەکەی خۆی دەداتو زیاتر کار بۆ ئەو دەکات تا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت ".
کاندیدێکیش ئەوە ناشارێتەوە ئەگەر بەپشتگیری عەشیرەتو ئاغا نەبێت ناتوانن دەنگ بەدەستبهێنن، لەبەرئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ حزبەکانو کاندیدەکانیان.
کەوێ میرو بەرێگارەیی، کاندیدی لیستی پارتی لەبازنەی دھۆک، بەئاوێنەی وت "ئەگەر پشتگیری عەشیرەتو بنەماڵەو ئاغا نەبێت دەنگ هێنان زۆر قورسو زەحمەتە، بەپێچەوانەش ئەگەر ئەوان پشتگیریمان بکەن ئەوا سەرکەوتنمان مسوگەرەو دەتوانین دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنین، خۆم تا ئێستا سەردانی ٧ ھەزار ماڵم کردووە، ھەروەھا سەردانی سەرۆک عەشیرەتەکەمو چەند بنەماڵەو ئاغایەکم کردوە تا ئەوانیش پشتگیریو ھاوکار بنو بتوانین دەنگێکی زۆر بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین ".
وتیشی "نەک من ھەموو کاندیدەکانی تر سەردانی ئاغاو سەرۆک عەشیرەتەکان دەکەن، ئەمە شتێکی زۆر سروشتییەوھیچ ھەڵەیەکی تێدا نیە، تا ئەوان زیاتر پشتگیرو ھاوکاری کاندیدەکان بن بەدڵنیایی دەنگی زۆر بەدەستدەھێنن، ھەر کاندیدێکی ئێمە سەر بەبنەماڵەیەکە یان عەشیرەتێکە، شەوو رۆژ پشتگیری لەکاندیدەکانیان دەکەنو دەنگی بۆ کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی دەربچێت".
بەبڕوای مامۆستایەکی زانکۆ دەنگدان لەسەر بنەمای عەشیرەتگەری دیاردەیەکی زۆر ھەڵەیەو پێویستە حزبەکانیش کاندیدەکانی خۆیان لەسەر بنەمای بڕوانامەو لێھاتووی ھەڵبژێرن .
ساڵح زاھیر، خاوەن بڕوانامەی ماستەرو شارەزا لەبواری ھەڵبژاردن بەئاوێنەی وت "ھەڵەیەکی زۆر گەورەیە خەڵک لەسەر بنەمای عەشیرەت دەنگ بەکاندیدێک بدات، بەڵام زۆر بەداخەوە لەسنوری پارێزگای دھۆک بەئاشکرا ھەر عەشیرەتو ئاغاو بنەماڵەیەک پشتگیری لەکاندیدەکەی خۆی دەکات، بانگەشەی بۆ دەکات، بۆ ئەوان گرنگ نیە کاندیدەکەیان چۆنە، گرنگ ئەوەیە سەر بەعەشیرەتەکەیەو دەبێت دەربچێت".
وتیشی "ئەگەر سەیرێکی کاندیدەکان بکەن بەشێکیان لەوانەیە ھەر زمانی عەرەبی نەزانن، ئێ سبەی ئەگەر دەرچوو چۆن دەتوانێت قسە بکاتو بەرگری لەمافەکانی خەڵک بکات، گرنگە کاندیدەکان بڕوانامەی باشیان ھەبێت، ھەروەھا زۆر شارەزاییان لەزمانی عەرەبی ھەبێت، چونکە دەقەکانی یاساو بڕگەکانی ناو پرۆژە یاساییەکان پێویست بەوە دەکات ئەندام پەرلەمانەکان زۆر شارەزا بن، لەوانەیە پرۆژەیە یاساییەک پەسەند بکرێت لەئایندەدا لەسەر وشەک کێشە بۆ کورد یان ھەر پێکھاتەیەکی تر دروست بکات ".
ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دھۆک ٧٧٦ ھەزار دەنگدەرن، لەبازنەی دھۆک ٥٩ کەس خۆیان کاندیدکردوە، ھەموویان سەر بەچەند عەشیرەتو بنەماڵەیەکن.
رزگار کامیل، دەنگدەرێکی شاری دھۆکەو لەمبارەیەوە بەئاوێنەی وت "ئەگەر حزب پشتگیری لەکاندیدێک نەکات زۆر قورسە دەربچێت، حزب لەرێگای ئاغاو سەرۆک عەشیرەتەکان کاندیدەکانیان دەردەچێنن، کاندیدەکە باش بێت یان ھەرچی بێت بۆ ئەوان گرنگ نیە، ھەموومان دەزانین ھەر یەکێک لەئێمە سەربە عەشیرەتو بنەماڵەیەکینو دەیان جار تەلەفون دەکەن دەنگ بەفلان کاندید بدەن ".
وتیشی "سەرۆک عەشیرەتو ئاغایەکان بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر داوا لەخەڵک دەکەن دەنگ بەکاندیدانی خۆیان بدەن، دڵنیام ئەگەر ئاغاو سەرۆک عەشیرەت لەخەڵک بگەڕێن ئەوان لەسەر بنەمایەکی دروست دەنگی خۆیان دەدەن، بەڵام وا لەخەڵک دەکەن بەگرتنەبەری چەندین رێگە، رەنگە ھەندێکجار فشاریش لەسەر ئەوان دروست بکەن تا دەنگ بەکاندیدەکەیان بدەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات