ھەڵبژاردن ململانێی پێکھاتەکان لەکەرکوک‌و جێناکۆکەکان توندتر دەکاتەوە
  2025-11-03       751       
لەو شوێنانەی کورد‌و عەرەب‌و تورکمان بەریەک دەکەون گرژی‌و ئالۆزی دروست دەبێت

ئا: شاھۆ ئەحمەد

 

رووداوەکانی پردێ لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردندا، دیسان بێ متمانەیی‌و رقی شاراوەی پێکهاتەکانی بەرامبەر بەیەکتر دەرخستەوە، هێزە کوردییەکان چاویان لەسەر ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامێکی باشتر لەکەرکوک‌و ناوچە ناکۆکەکان بەدەستبهێنن، تا کاریگەرییان لەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئیداری‌و سیاسی لەو ناوچانەدا هەبێتت.

 

لەرۆژانی رابردوودا لەناحیەی پردێی سەر بەپارێزگای کەرکوک لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن گرژی لەنێوان چەند گەنجێکی تورکمان‌و کورد دروستبوو، ھەر زوو پۆلیسی پردی کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی کرد‌و بۆ ئەو مەبەستەش سوپای عێراقی لەو ناوچەیە بڵاوەی پێوەکراوە، لەدوای رووداوەکان بەرپرسانی یەکێتی ڕایانگەیاند کەوا چەند کەسێکی تورکمانی ویستویانە ئاژاوەگێڕی بکەن‌و بارودۆخەکە بقۆزنەوە، بەڵام ئەوان رێگە بەھیچ کەس‌و لایەنێک نادەن ئارامی کەرکوک تێکبدەن، لەبارەی ئیستحقاقەکانی کوردەوەش تا جێ بەجێ کردنی مادەی ١٤٠ ناتوانرێت ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە سەر ئیدارەی ھەرێم.

 

"کێشەکان لەدۆخی متبووندان"

سەبارەت بەگرژییەکانی ئەمدواییەی ناحیەی پردێ، فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە ئەوەی روونکردەوە کەوا "ئەو کێشانە لەوە بچوکترە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، بەشێکی ئەو ئاڵۆزییە پەیوەندی بەتای ھەڵبژاردنەوە ھەیە، کە لەدەرئەنجامەکانی خۆیان دڵنیا نین، راستە کێشەی نێوان پێکھاتەکان مێژووییە، بەڵام بەشێکی زۆری چارەسەر کراوە‌و بەشێکیش بوونی ھەیە، دەتوانم بلێم لەئێستا لەحاڵەتی مت بووندایە‌و سیاسەتە گشتیەکە ئەوەیە کە لەئێستادا ئەو مت بوونە درێژە بکێشێت کە بارودۆخێکی باشترە لەرابردوو ".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا تاکو مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، کەرکوک‌و ناوچە کوردییەکان لەنێوان حکومەتی ھەرێم‌و حکومەتی عێراق دیزاین ناکرێت ھەم لەروی ئیدارییەوە ھەم لەروی سیاسیەوە، ئەو وتی "زۆر گرنگە تاکو جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ تێگەیشتنی ھاوبەش ھەبێت لەنێوان حکومەتی ھەرێم‌و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەر کردنی دۆسیەکانی کەرکوک‌و خورماتوو خانەقین‌و پاشان بۆ مەخمور تا دەچێتەوە شەنگال‌و شێخان‌و ھەموو ئەو ناوچانەی بەشێکی بەرفراوانی خاکی کوردستانە ".

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە لەم ھەڵبژاردنە دەرئەنجامی باشتری ھێزە کوردییەکان لەناوچەکە کاریگەری لەسەر ھەموو جومگەکانی ژیانی ئیداری‌و سیاسی‌و ھەموو ئەو بوارانە دەبێت، کە ئەوان لەگفتۆگۆداین‌و ململانێی یاسایی‌و دەستورین.

 

یەکێتی: ئێمە لەکەرکوک ململانێی ھیچ کەسێک ناکەین

ڕەوەند مەلا محمود بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی رووداوەکانی ئەو دواییەی ناحیەی پردێ، بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە لەکەرکوک ململانێی ھیچ کەسێک ناکەین، بەڵکو ھەوڵ دەدەین بەھێمنی بابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بچێتە پێشەوە، ئەوەشی دەیەوێت ململانێی نێوان لیستەکان دروستبکەن تەنھا خۆیانن‌و دەیانەوێت کێَشە دروست بکەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کەوا ھەموو ھەوڵی یەکێتی ئەوەیە لەدوای ھەڵبژاردن ئیستحقاقی خۆیان لەکەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست بھێنینەوە، ئەو وتی "نوێنەرانی کورد لەبەغدا دەبێت بەرگری بکەن لەو پلەو پۆستانەی کورد لەو ناوچانە، ھەروەھا خۆشمان لەکەرکوک دەنگ‌و رەنگی خۆمان رێکبخەینەوە بۆ ئەوەی بەرگری جدی لەشارەکە بکەین".

وتیشی "ئێمە لەدوای لێکەوتەکانی ریفراندۆم بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەمان لەدەستدا کە ھەندێک خەڵک شانازی بەوەوە دەکات، بەڵام ئێمە لێرە ماینەوەو بەشداری ھەڵبژاردنمان کرد‌و نیوەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگامان ھێنا، پارێزگارێکی کوردمان دانا، ھەروەھا کەرکوکمان ئاوەدان کردوەتەوە، ھەربۆیە ئێمە دەتوانین لەدوای ھەڵبژاردنیش دەتوانین ئیستحقاقی کورد لەو ناوچانە وەربگرینەوەو خزمەتی زیاتر بکەین"..

 

پارتی: قبوڵیان نیە ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە، بەڵام لایان ئاساییە ئاڵای تورکیا لەکەرکوک بەرزبکرێتەوە

زیاد ئەحمەد، کاندیدی پارتی لەبازنەی کەرکوک لەلێدوانێکی ئاوێنە ئەوەی خستەڕوو کەوا سەرکەوتن بۆ کورد لەکەرکوک زۆر گرنگە، چونکە فرە پێکھاتەیە‌و کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی ئاشتی‌و ئارامی پاراستوەو، ھەر بۆیە سەرکەوتنی کورد زیاتر بەدەستھێنانی کورسی دەبێتە مایەی ئاسایش‌و سەقامگیری نێوان پێکھاتەکان، ئەو بەئاوێنەی وت "لەکۆنەوە لەو شارە پێکھاتەکان پێکەوەژیانیان ھەبوە، بەڵام لەدوای پڕۆسەی ئازادی‌و کەرکوک ئازاد کرا، کۆمەڵێک گۆڕانکاری روویدا لەڕووی سیاسیەوە کە بۆتە ھۆی گرژی نێوان پێکھاتەکان، بەتایبەت ھەندێک کەسی حزبی ھەیە لەپێکھاتەکانی تر جگە لەکورد کە دەسەڵات‌و ھێز لای ئەوانە، ھەوڵدەدەن ئیستفزازی کورد بکەن لەو ناوچانە، بۆ نموونە قبوڵیان نیە ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە، لەبەرامبەردا لایان ئاساییە ئاڵای تورکیا لەکەرکوک ھەڵبدرێت، ھەربۆیە سیاسیەکانی تورکمان‌و عەرەب سۆزی خەڵکیان بەکارھێناوە بۆ دژایەتی کورد بۆ ئەوەی بیکەنە بانگەشەی ھەڵبژاردن".

کاندیدەکەی پارتی لەکەرکوک ئاماژەی بەوەش کرد کەوا کورد لەکەرکوک جگە لەمافی خۆی داواکاری ھیچی تری نەبووە لەوانە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، کە دەبێت کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوەش ئێستا لەکەرکوک دەکرێت پێشێلکاری دەستورو یاسایە، ئەو وتی "بەداخەوە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆربەی بەرێوبەرە کوردەکان بەتایبەت ئەوانەی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان بوومن لەو شارە دوورخرانەوە، ھەتا ئەو کوردانەی لایەنەکانی تر کە ماونەتەوە دەسەڵاتەکانیان دیاریکراوە‌و پۆستی لاوەکییە، ھەربۆیە ئەگەر ئەمجارە کورد دەنگی باش بەدەستبھێنێت ئەوا دەتوانین ئیستحقاقی خۆمان‌و پۆستەکانیش بەدەستبھێنینەوە".

 

"لەکەرکوک تەنھا پارێزگار کوردە، پۆستەکانی تر هیچی کورد نین"

لەتیف فاتیح نوسەر‌و چالاکوانی سیاسی لەکەرکوک لەبارەی ململانێیەکانی نێوان تورکمان‌و کورد پێیوایە بۆ یەکلاکردنەوەی ھەندێک کێشەی ناوخۆیان ئەو گرژییانە دروست دەکەن، چونکە لەو رۆژانەی رابردوو باڵیۆزی تورکیا لەعێراق سەردانی پردێی کردوەو دواتر لەتورکیا لەگەڵ نوێنەرانی تورکمان کۆبۆتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ململانێیەکی توند لەنێوان تورکمانی شیعە‌و سوونە ھەیە، زۆر جار تورکمانی سوونە بۆ ئەوەی ئەو ململانێیە لابەرێت گرژی لەگەڵ کورد دروستدەکات، لەپردێ ریشەی ئەو کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زوو لەو ناوچانە، ھەروەھا بەشێکی تریش پەیوەندی بەوەوە ھەیە کەوا لەبەرئەوەی ئێمە لەھەڵبژاردن بانگەشەیەکی لۆژیکیمان نیە، ھەر بۆیە لەو شوێنانەی کورد‌و عەرەب‌و تورکمان بەریەک دەکەون گرژی‌و ئالۆزی دروست دەبێت ".

ناوبراو پێیوایە ئیدارەی بەرێوەبردنی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکەکان تا مانگی یەک وەکو خۆیی دەمێنێـەوە، ھەروەھا بەپێی ئەو رێکەوتنەی یەکێتی کردوویەتی لەدوای مانگی یەک پۆستی پارێزگار بداتەوە بەعەرەب ھێشتا روون نیە، چونکە یەکێتی لەبەرامبەردا چەندین پۆستی داوە بەعەرەب، لەو بارەیەوە وتی "تەنھا پارێزگار کوردە، ئەگینا ئێمە لەشارو ناحیەکانی کەرکوک وەکو پردێ‌و داقوق‌و سەعدیە‌و خورماتوو ئەو ناوچانەی موسڵ، زۆر پۆستمان لەدەستداوە، کە بەداخەوە زۆر کات ھۆکارەکەی پارتی‌و یەکێتیە، کە پێکەوە رێک ناکەون".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×