کورد، ناکۆک بەرەو بەغدا دەڕۆن
  2025-11-06       591       
ھەردوو حیزب یەکدەنگی‌و یەکگرتوویان ھەتا ئەو کاتە دەوێت پۆستەکانیان لەبەغدا دێتە دەست

ئا: مەزهەر کەریم

 

لیستە کوردییەکان زۆر ناکۆک‌و جیاواز دەردەکەون، بەتایبەتی ڕوانینی دوو حیزبە سەرەکیەکە بۆ چۆنیەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، هەرچەندە یەکێتی‌و پارتی سوورن لەسەر ئەوەی "یەکریزییان زۆر پێویست‌و گرنگە لەبەغدا".

 

بڕیار رەشید، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبازنەی سلێمانی‌و پەرلەمانتاری عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی پەیوەندیەکی بەھێزی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ھەیە لەبەغدا، "بەڵام لایەنێک ھەیە کە وەک حیزبی یەکەم لەھەرێم خۆی نمایش دەکات سیاسەتێکی روونی نیە لەبەغدا، ئەو بەئاوێنەی وت "مەبەستم پارتیە کە سیاسەتێکی روونی نیە کە چی دەوێت لەبەغدا؟ چۆن کارەکانی دەکات؟ ئەمەش زیانی لەیەکگترتووی لایەنەکان داوە لەبەغدا".

وتیشی "یەکریزیی زۆر پێویست‌و گرنگە لەبەغدا ھەبێت، بەڵام ئەمە کاتێک دەبێت لایەنە کوردیەکان ھاوڕا بن، بەداخەوە ئەمە نەبووە، بەشێک لەحیزبەکان وەک پێویست نەھاتوون لەگەڵماندا بۆ ئەم ھاودەنگییە، بەوھۆیەوە بەشێک لە کێشەو گرفتەکانی ھەرێم چارەسەر نەبووە، تەمەنا دەکەین حیزبە سیاسیەکانی دیکە لەگەڵماندا بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت کێشەی چارەسەرکرنی مووچە".

 

بەڵام لەبەرامبەردا، ئەشواق جاف، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی سلێمانی، بەئاوێنەی وت "راستە ئێمە لەهەرێم یەکدەنگ نەبووین، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین پێویستە لەودیو حەمرین سەرجەم لایەنەکان بۆ مافە دەستووریەکانی ھەرێم یەکدەنگ بین، چونکە پێویستە بۆ زامنکردنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان‌و رێگر بین بەرامبەر لایەنەکانی دیکەی ئەنجوومەنی نوینەران وەک شیعەو سوونە کە بەرامبەر مافە دەستووریەکانی ھەرێم بوەستنەوە".

وتیشی "ئەو مادە دەستووریانەی تایبەتن بەکورد پەیوەندیی بەو عەقلیەتەوە ھەیە لەبەغدا حکوم دەکات، کە باوەڕی بەفیدراڵیەت نیە، باوەڕی بەدابەشکردنی دەسەڵات نیە، لایەنە کوردییەکان بەزۆرینە لەگەڵ مافە دەستووریەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان یەک ھەڵویست بوون، ئەگەر یەکگرتووش نەبووبین، وەک پارتی باوەڕمان بەیەکدەنگی هەبووەو لەو پێناوەشدا بەشێک لەپۆستەکانمان کە ئیستیحقاای خۆمان بووە داوە بەحزب‌و هێزەکانی تر".

 

لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی‌و پارتیش رەخنە ئاڕاستەی شێوەی کارکردنیان لەبەغدا دەکەن، کە بەرزژەوەندییە حزبیەکانیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەکانەوە.

 

محەمەد حەکیم، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لەبازنەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ئێستا قەدەری کورد وایە دابەشی دوو زۆنی زەردوو سەوز بووە کە ئەوە دیفاکتۆیەو وابەستەی ئەجندای وڵاتانی دەرەوەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەردوو حیزب یەکدەنگی‌و یەکگرتوویان ھەتا ئەو کاتە دەوێت پۆستەکانیان لەبەغدا دێتە دەست، پاشان گرنگی بەیەککگرتوویی نادەن".

وتیشی "کوتلە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن، زیانی زۆر لەکورد دەدات وەک ئەوەی مادەی ١٤٠ی دەستوور دەبوو لە ٢٠٠٧ەوە جێبەجێ بکرێت، کە ماوەی ١٨ ساڵە تەنھا بەشی یەکەمی جێبەجێ نەکراوەو لەسێ بەش پێکھاتووە، ئەمەش روونە پارتی‌و یەکێتی‌و حیزبەکانی تر لەبەغدا یەکدەنگ یەکگتوو نەبوون‌و کورد زیانی کردووە، کورد زەمینە سازی بۆ کۆدەنگی خۆی نەکردووە، لەم ھەڵبژاردنەشدا وتاریی دژ بەیەک زاڵە، تەنانەت نەتوانراوە ھەردوو حیزبی دەسەڵات پەرلەمانی کوردستان کارابکەنەوە، ئیتر دەبێت چاوەرێی چییان لێبکرێت؟!".

لەبارەی ئەوەی وەک کۆمەڵی دادگەری‌و لایەنەکانی ئۆپۆسیۆن جیاواز لەپارتی‌و یەکێتی دەتوانن لەبەغدا یەکدەنگ بن، ئەو وتی "ھیچ وتارو بانگەیەکی دژی یەکمان نیە وەک ئۆپۆسیۆن لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا، لەبەغداش یەکدەنگ نەبین، وەک خۆم پابەندی دوو دروشم دەبم یەکەم پابەندیی ئایین‌و دووەم پابەندی پرسە نیشتمانیەکان".

 

هەروەها، عومەر محەمەد پێنجوێنی کاندیدی لیستی یەکگرتوو لەبازنەی سلێمانی، بەئاوێنەی وت "دەبێت بیرمان نەچێت ھەردوو دەسەڵاتی پارتی‌و یەکێتی لەبەغدا بەڕاستی خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ناکەن، ئەو پێگەیەی ھەیانە ناتوانن خزمەتی نیشتمانەکەیانی پێبکەن، بەنموونە لە ١٤% دامەزراندن لەعێراقدا بەر ھەرێمی کوردستان دەکەوێت، بەڵام ئەوە چەندین ساڵە یەک گەنجی کورد دانەمەزراوە، سەیری پەرلەمانەکەیان بکە لەکوردستان کەی بیانەوێت دەرگایی پەرلەمان دادەخەن، تا ئێستا ھەرێمی کوردستان پەرلەمانی نیە".

وتیشی "دەکرێت ھەر حیزبەو بەیەکگترووی ئیسلامیشەوە خاوەنی یەک بەرنامە نەبن، بەڵام گرنگ ئەوەیە سەبارەت بەداکۆکیکردن لەمافە دەستووریەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان یەکدەنگ بین".

 

بەڵام عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیستی ھەڵوێست جەغت لەوە دەکات کە "ئەوەی ئێستا دەبینرێت لەناکۆکی‌و دژیەکی پارتی‌و یەکێتی، سیناریۆیەو چەندین ساڵە پارتی‌و یەکێتی لەدۆسیەی نەوت‌و بەرژوەندیەکانیان لەبەغدا یەکدەنگ‌و یەک ھەڵوێستن"، ئەو بەئاوێنەی وت "ئۆپۆسیۆن لەبەغدا بەرنامەی خۆی پێشکەش دەکات، ئەمەش کارێکی ئاساییە، ئێمە وەک ھەڵوێست ناچینە ھیچ بەرەیەکەوە پارتی‌و یەکێتی تێدابێت، پارتی بەھیچ شێوەیەک باوەڕی بەیەکریزیی نیە، دەیەوێت ھەموو خەڵک‌و هەموو حزب‌و لایەنەکان دوای بکەون".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×