ئا: شیلان محەمەد
کاندیدانی ژن لەبازنەکانی هەڵبژاردنی کوردستانو عێراق نیگەرانن لەوەی کە ناتوانن بەهۆی کۆمەڵێک دابونەریتەوە وەک کاندیدانی پیاو بانگەشە بکەنو تاکو تەرایان نەبێط، هەموویان بەسیستەمی کۆتا دەچنە پەرلەمانەوە.
تەرزە محەمەد حسێن، مامۆستای زانکۆو کاندیدی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کاتێک ئافرەت دێتە کایەی هەڵبژاردنو ململانێوە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی زۆر کۆبکاتەوە تاکو بتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو بەئاوێنەی وت "ڕەنگە زۆر ئەستەم بێت لەم هەڵبژاردنەدا ئافرەتێک بەدەنگی خۆیو بەبێ کۆتا دەربچێت، لەبەرئەوەی ململانێکان لەنێوان پیاوانو ژنان یەکجار زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەت لەگەڵ ئافرەتیشدا دەکەوێتە بەرامبەر ململانێیەک تاکو زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە ".
وتیشی "من خۆم یەکێکم لەوانەی یەکەمجارە بەشداری لەم پرۆسەیە دەکەم، لەڕێگەی حیزبەکەمانەوە هەموو هەوڵێکمان داوە تاوەکو زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە، لەتەمەنیشدا لەچاو ئەوانەی ساڵانی پێشوو بەشداریان کردووە، ڕەنگە جیاوازیمان زۆر بێت، بەڵام تەمەن پێوەر نییە بۆ ئەوەی کێ دەبێتە ئەندام پەرلەمان، بەڵکو ئەوەی زۆر گرنگە لەئێستادا، چیت کردووە؟ چۆن دەتوانیت زۆرترین دەنگ کۆبکەیتەوە؟ بەچی میکانیزمێک دەتوانیت بچیتە نێو دەنگدەرانو هاونیشتیمانیانی جیا لەحیزبەکەی خۆت، ئەمەش کاریگەری گرنگی هەیە بەتایبەت لەبازنەی سلێمانی".
بەشێکی دیکە لەژنە کاندیدەکان پێیانوایە ئەوە ناهەقییە بەرامبەر بەژنان دەکرێت کە ئەگەر خانمێک بەدەنگی خۆیشی دەربچێت هەر دەچێتەوە کۆتا.
شلێر محەمەد گوڵپی، کاندیدی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبازنەی سلێمانی بەئاوێنەی وت "هیوادارین بۆ داهاتوو ئەم کێشانە چارەسەر بکرێت کە ئەگەر خانمێک بەدەنگی خۆیی بڕوات لەکۆتاکە کەم نەکاتەوە، چونکە ٥٥٪ی دانیشتوانی عێراق ژنە، بۆچی نوێنەری ژن ٢٥٪ بێت؟".
لەبارەی ئەوەی هیچ خانمێک هەیە بەدەنگی خۆی بچێتە پەرلەمان، ئەو وتی "بێگومان ئەو فراکسیۆنانەی سەرۆکیان ژنە، دەکرێت بەدەنگی خۆیان بڕۆن، ئەوەشی کە خانمان دەنگی کەمتر دەهێنن، بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ سەر هۆشیاری خەڵکو متمانەیان بەکارو چالاکییەکانی پیاو زیاترەو پیاویش زیاتر دەرکەوتووە ."
شلێر رەخنە لەوەش دەگرێت کە حیزبەکان خانمە کاندیدی جوان بەکاردەهێنن، ئەو وتی "دەبێت ئێمە خەم لەوە بخۆین بەهۆی ئەوەی خانمە کاندیدێک کە فیلەرو بۆتۆکسو جوانکاری کردووە، دەنگ بهێنێت، گەر کەسێک فێڵ لەڕوخساری خۆیدا بکات، چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکات دەنگدەر بڕوای پێ بکات؟!".
وتیشی "هیوادارین خەڵک متمانە بر ئێمەی خانمان بکات، چونکە ئەوەی بەپیاوان دەکرێت، بە ئێمەی ژنانیش دەکرێت، دەتوانم بڵێم پەرلەمان پێویستی بەمێشکی داهێنەرە نەک ڕەگەز".
هەروەها نور فەریق، کاندیدی لیستی هەڵوێست بەئاوێنەی وت" لەکورسی کۆتاکاندا غەدر لەکاندیدە ژنەکان دەکرێت، چونکە ژن نزیکەی نیوەی کۆمەڵگا پێکئەهێنی، بۆیە دەبێت ژمارەی کورسی کۆتاکان زیاد بکرێت، تا بتوانین نوێنەرایەتی ژنان بەشێوەیەکی گونجاو بکەین، حەق وایە ئەگەر نەتوانرێت رێژەکە بکرێتە یەک پیاو بەرامبەر یەک ئافرەت، ئەوا حەقە بکرێتە ۲ پیاو بەرامبەر ۱ ئافرەت".
وتیشی "بەهۆی ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی پیاوان بەهێزترە لەپێگەی کۆمەڵایەتی ئافرەتان، پەیوەندییەکانیان زیاترەو تێکەڵی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ هەموو چینەکانی کۆمەڵگاو دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ سەردانی شوێنە شەعبیەکان کە بۆ خانمان لەکۆمەڵگەی ئێمە تا رادەیەک سنووردارە، بۆیە دەنگ زیاتر دەهێنن لەکاندیدە ژنەکان".
بەشێکیش لەکاندیدەکان پێیانوایە ئاستی هوشیاری کۆمەڵگە، یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکان کە کاریگەری هەیە لەسەر ئافرەتان بۆ ئەوەی دەنگی کەم لەگشت هەڵبژاردنەکان بەدەستبهێنن.
مارۆن عەدنان، بەرپرسی نوسینگەی ثائیرە یوسف عەزیز، کاندیدی لیستی کۆتا، بەئاوێنەی وت "کۆمەڵگەی عێراق زۆربەی هەرە زۆری لەژێر چەتری دەرەبەگایەتی چەقیوە، حوکمی عەشایەری یان دەرەبەگایەتی یەکەم ئاستەنگە بۆ گەیاندنی دەنگی سەربەخۆی ئافرەتانو کەمی رێژەی بەدەستهێنانی دەنگەکانیان".
وتیشی "حزبی شیوعی کوردستان لەکورسی کۆتا کاندیدی نیە، بەڵام پاڵپشتی کاندید ثائیرە یوسف دەکات لەسەر لیستی ۳٤۲ کۆتای سەربەخۆی کریستیانەکان، چونکە لەگشت بابەتە نیشتیمانیەکان لەڕیزی پێشەوە بووە، سەکۆیەک بووە بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ئەم نیشتیمانە، چونکە یەکێکە دامەزرێنەرانی رێکخراوی پاراستنی ئافرەتانو منداڵان لەهەرێمی کوردستان، بەڵام دیارە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بەڕوونی کار لەسەر ئەوە دەکەن ئافرەتی سەربەخۆ دەرنەچێت، بەڕێژەیەکی کەم لەدەنگەکاندا کورسیەک بەدەستبهێنن، ئەمەش وا دەکات دەنگی پێکهاتەکان پێشێلکراو بێت لەپەرلەمانی عێراق".
شارەزایەکی هەڵبژاردنیش جەغت لەوە دەکات کە کاندیدە ژنەکان دەرفەتی هاوتای پیاوانیان بۆ نەڕەخسێنراوە لەبانگەشەی هەڵبژاردندا، بەتایبەت لای ئەو حیزبانەی دەزگای میدیای تایبەت بەخۆیان هەیە .
د. سەعید کاکەیی، شارەزای بواری هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات لەبڕگەی چوارەمی ماددەی (٤٩)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا کۆتای یەک لەسەر چواری بۆ ژنان زامن کردووەو بەپێی ماددەی چوارەمی ناو هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جەختیکردووە لەسەرهەموارکردنی بڕگەی (١)ی ماددەی ٢٢ی یاسای ناوبراو بۆ دەستەبەرکردنی لانیکەم (٣٠٪)ی کاندیدانی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وتی "لەکۆی گشتی ( ٣٠٣) کاندیدی ناو پارێزگاکانی کوردستان (٩٥) کاندیدیان ژنن، ڕێژەی کاندیدی ژنی خوار تەمەن ٣٥ ساڵی (٤٥٪)و ئەوانی تریش لە(٤٠٪)یان بریتین لە کاندیدی ژنانی سەرووی ٣٥ ساڵو (١٥٪)شیان بریتین لەکاندیدی ژنانی دووبارەو سێبارەو تەنانەت چوار بارەشن، کە زۆرینەیان بەلای کەمەوە یەك یان دوو یان سێ بار پێشتر ئەندام پەرلەمان بوون، چونکە پۆستی باڵای حزبییان هەیە یان کەسوکاری نزیکی سەرکردە حزبییەکاننو لەڕێی ئەوانەوە بڕیارو فشاری حزبی دەسەپێنرێنە سەر کاندیدە ژنە براوەکانی ناو لیستە حزبییەکان لەنێو ئەنجومەنی نوێنەراندا".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات