ئا: مەزهەر کەریم
هەموو کاندیدی حزبەکانی کوردستان پێویستیان بەدەنگ کۆکردنەوەیە، لەو پێناوەدا هەر پشت بەئەندامانو هەوادارانی حزبەکانیان نابەستن، بەڵکو پەنا دەبەنە بەر خزمو عەشرەتو قەومو قیلەو خێڵەکانیان، تەنانەت بەلای زۆرێک لەکاندیدەکانەوە ئەمانە زیاتر جێی متمانەن، کاندیدێک دەڵێت "عەشیرەت ھێندە گرنگە لەماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێردا دەتوانێت سوپایەک کۆبکاتەوە".
دوو حزبە سەرەکیەکەی کوردستان، یەکێتیو پارتی لەهەر سێ بازنەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێک لەکاندیدەکانیان کوڕی سەرۆک عەشرەتو ئاغایەک، یاخود بەئاشکرا سەر بەعەشرەتێکی دیاریکراون، زۆر جار عەشرەتەکەش دوو کاندیدی دیاری هەیە، کە یەکێکیان سەر بەپارتییەو ئەویتریشیان سەر بەیەکێتییە، بۆ ئەوەی دەنگەکانیان دابەش بێتو تەنها بۆ کاندیدێکی حزبێکیان نەڕوات، کاتێک یەکێتی یان پارتی کاندیدێکی سەر بەعەشرەتێکیان هەیە، ئەویتریان دێت کەسێک لەهەمان عەشرەت دەکات بەکاندیدی حزبەکەی خۆیان.
بۆ نمونە، ئێستا لەسلێمانی لەناو بێسەرییەکاندا، یەکێتیو پارتی هەریەکەو کاندیدێکی دیاریان هەیەو کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامیان زۆرترین دەنگی بێسەرییەکان بۆ خۆی بەرێت.
د. بەکر عەبدوڵا محەمەد بێسەری، کە لەروسیا گەڕاوەتەوەو کاندیدی لیستی پارتییە لەبازنەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە دڵنیا نییە لەوەی عەشرەتی بێسەری دەیگەیەنێتە پەرلەمان یان نا، بەڵام ستایشی رۆڵی عەشایر دەکاتو پێیوایە هۆکاری مانو بەردەوامبوونی کوردن، ئەو بەئاوینەی وت "جارێکیان لەخاتوو ڤاسیلیڤام پرسی، کە زاناو پرۆفیسۆرێکی روسییە لەسانپترسبۆرگ لە ئینیستیتۆی رۆژھەڵاتناسی بەشی کوردناسی، کورد بەو ھەموو زوڵمەی لێیکراوە تا ئێستا چۆن ماوە؟ وتی: بڕۆن مەمنونی عەشایەر بن، ئەگەر عەشایەرە کوردییەکان نەبوونیایە، زمانو کلتورو خاکەکەشتان دەبرا، تەنانەت شەرەفو کەرامەتیشتان".
ئەم کاندید کە بەردەوام خزمو کەسە بێسسەرییەکانی لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان بەسەر دەکاتەوە، بەگرنگییەوە لەڕۆڵی خزمایەتیو پەیوەندییە عەشایرییەکان دەڕوانێت لەسەرخستنی کاندیدەکاندا، ئەو وتی "عەشیرەت ھێندە گرنگە لەماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێردا دەتوانێت سوپایەک کۆبکاتەوە، بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنیش عەشایەر رۆڵی گرنگی هەیە، هیوادارم بۆ لەمەودوا هەموو لایەنو پۆستە باڵاکان وەک پێویست خزمەتی عەشایرەکانمان بکەن".
لەبەرامبەردا، د. بریار رەشید کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەبازنەی سلێمانیو بەهەمانشێوە سەر بەعەشرەتی بێسەرییە، ئەو لەمبارەیەوە بەئاوێنەی وت "نامەوێت لەسەر رۆڵی عەشیرەت قسە بکەم، چونکە لەحیزبی بەرامبەریش کاندید ھەیە لەھەمان عەشیرەت، بۆیە قسەو باسی زۆر ھەڵدەگرێتو رەنگە پاشان رونکردنەوە بدرێت، بۆیە واز لەم پرسیارە دەھێنم بۆ کاتی خۆی".
وتیشی "ئەوەی گرنگە باسبکرێت ئەوەیە ئەو کاندیدەی ئێستا دەچێتە ماڵانو لای خزمو کەسوکار، پێویستە لەدوای ھەڵبژاردن ئەم چوار ساڵەش بەھەمانشێوە بەردەوام بێتو لەخۆی نەگۆڕێت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ئەمیان بردۆتە پەرلەمان بەدەنگەکانیان، ئەگەر کەموکورییەک ھەبێت، ئەم ھاوکاریان بێت، ئەگەر ئەمە نەکرا، ئەوا دەبێت بەکەموکوڕیی بۆ حیزبەکەو بۆ کاندیدەکە، دواتر خەڵک پەشیمان دەبێتەوە لەھەڵبژاردن".
عەشرەتی بێسەری نمونەیەکە لەزۆربەی عەشرەتەکانی کوردستان، کە پارتیو یەکێتی لەڕێگەی کاندیدەکانیانەوە کار لەسەر بەدەستهێنانی دەنگەکانیان دەکەن، هەرچەندە وەک بەشێک لەکاندیدەکانی بازنەی سلێمانی دەڵێن فاکتەری عەشایریی لەسەرخستنی کاندیدەکاندا وەک هەولێرو دهۆک یەکلاکەرەوەو بەهێز نییە.
ئەحمەدی حاجی رەشید، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری لەبازنەی سلێمانی، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "زۆربەی کات کاندیدێک دەچێتە پەرلەمان ھۆکارەکەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە، وەک ئەوەی کەسێک پەیوەندییە عەشایرییەکەی بەهێزەو بەھەمووان دەیبەنە پەرلەمان، بەڵام ئەم فاکتەرە لەسنووری سلێمانی هێندەی هەولێرو بادینان بەھێز نیە، لەھەولێر کاریگەری ٥٠%ی ھەیەو لەبادینان کاریگەری ١٠٠%ی ھەیە".
وتیشی "بەدەر لەعەشیرەت، خزمانو ھاورێو کەسوکار بەپێی ئەو پێگەیەی تێیدان، وەک ئەوەی خاوەنی بیرو باوەڕێکی تایبەت بەخۆیان بن، ئەوا کاریگەریان لەسەر کاندید نابێت بۆ چونە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر سۆزیی خۆشەویستیان ھەبێت ئەوە کاریگەریان دەبێتو وەک برا دەنگ بۆ برا بدات، دەتوانن دەنگ بەکاندیدەکە بدەنو بیبەنە پەرلەمان".
ئەحمەدی حاجی رەشید، هەرچەندە خزمەکانی بەسەر دەکاتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە دایکی سەر بەعەشرەتێکەو باوکیشی سەر بەعەشیرەتێکی دیکەیە، ئەو وتی "بەھەموو براو خوشکەکانمەوە ھەوڵم بۆ دەدەنو خزمم ھەیە لەڕۆژھەڵاتی کوردستان تەلەفونی کردووە بۆ خزمان لەباشووری کوردستان تا دەنگم بدەنێ، بەردەوام دەنگم بۆ کۆدەکەنەوەو بۆ خۆشم خەریکم".
وتیشی "لیستی کراوە باشترینە، چونکە خەڵکی دەزانێت دەنگ بدات بەکام بەربژێری خۆی، بەتایبەت بازنەی پارێزگا کە باشترینیانە لەبازنەی کراوەدا، واتە فرە بازنەیی باشترینیانە".
ئەمە لەکاتێکدایە هەندێک لەحزبەکان یەک بازنەییان پێباشترە لەفرە بازنەیی، لەبەرئەوەی رۆڵی عەشرەتو خێڵو بنەماڵە گەورەکان لەسەرخستنی کاندیدەکانیان کەمتر دەکاتەوە.
عەبدوڵا شێخ محەمەد خڕنوکی، کاندیدی لیستی ھەڵوێست لەبازنەی سلێمانی بەئاوێنەی وت "پێگەی کۆمەڵایەتی ھێندە گرنگە لە ٧٥% خەڵکی عەشایرە دەتباتە پەرلەمان، کە خەڵک بڕوای وایە خزمەکەی خۆی دەیباتە پەرلەمان".
وتیشی "لەڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیەوە زۆر سەرنجڕاکێشە کاتێک کاندید دەچێتە ماڵان، ماڵی وەھا ھەیە یان کەسی وەھای ھەیە پانزە ساڵە نەیبینیوە، کە دەچنە ماڵان خاوەن ماڵ خۆی لەئیش دەکاو چەندین کاتژمێر چاوەروان دەبێتو رێزێکی زۆرمان لێدەگرن، پێیان دەڵێێن دەنگمان پێبدەن، ئەوانیش تەنیا دەڵێن کە چوونە پەرلەمان لەبیرمان مەکەنو کارمان بۆ بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات