قسەکەی بارزانی دەربارەی دیزاینکردنی هەڵبژاردن "تەڵەیە"
  2025-11-08       2517       

ئا: ئاوێنە

 

دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبانگەشەی حزبەکەیدا لەشاری ھەولێر ئاماژەی بەوەدا، کە کورسیەکانی پەرلەمانی عێراق پێشوەختە دیاریکراوە؛ دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ ھەڵبژاردن رایدەگەیەنێت "ئەو لێدوانەی بارزانی زیاتر بۆ دەرەوەی خۆیان‌ و بۆ ساردکردنەوەی ھێزەکانی دیکەیە و تەڵەیە".

 

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ ھەڵبژاردن لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی پارتی لەکۆتا رۆژی بانگەشەی حزبەکەی لە ھەولێر لەلێدوانێکدا تایبەت بە ئاوێنەی وت "پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو قسەیە بۆ جەماوەرەکەی کردووە یاخود بۆ دەرەوە؟ ئەگەر بۆ جەماوەرەکەی بێت، دەبێت جەماوەرەکەی بەشداری لەھەڵبژاردن نەکات و بایکۆت بکەن. بەڵام من پێموایە ئەو قسەیەی بۆ دەرەوە بووە، هەروەها وا لێکبدرێتەوە کە پێشوەخت دیزاینکراوە بچێت و نەچێت یەک دەرەنجامی ھەیە، لەبەرئەوەی پێشوەخت دانراوەو بە پێچەوانەوە بێت دەبێت بەوردی شیکاری بکرێت، دەتوانین بەو جۆرەیەش سەیری بکەین ئەو دەنگانەی پێشتر ھێناویانە ھەموویان ئەو دەنگانە دەھێننەوە، واتە ھەمان کورسی". 

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە بارزانی نەیتوانیوە لەو قسەیەدا مەبەستەکەی بگەیەنێت کە ناڕەزایی دەربڕین بووە بەرامبەر بەسیستەمی هەڵبژاردنەکە کە فرە بازنەییەو ژمارەی کورسی هەر شارەو دیزاینکراوە، بارزانی داوای سیستەمی یەک بازنەیی دەکات بۆ هەڵبژاردنی عێراق‌و هەرێمی کوردستان، ئارام جەمال وتی "من بەھیچ شێوەیەک نە لەھەرێم و نە لەعێراق لەگەڵ یەک بازنەییدا نەبووم و ناشبم، چونکە تەکنیکەکە تێکدەچێت، بەڵام لەبری ئەوە ھەر پارێزگایەک و یەک بازنەی ھەبێت و وەکو ساڵی ٢٠٠٥ لە مانگی ١٢دا کورسی قەرەبوو دابنرێت، بەنمونە ھێزێکی دەسەڵات ١٥ کورسی ھێناوە دواتر لەئاستی عێراقدا ھەموو دەنگەکانی کۆبکرێتەوە دابەشی ھەموو کورسییەکانی عێراق بکرێت بەوەش کورسی قەرەبووەکە دیاریبکرێت".

وتیشی "ئەو دیدو بۆچوونە کە داوای یەک بازنەیی دەکات لەھەمان خەیاڵدانەوە ھاتووە کە لەھەڵبژاردنی ٢٠٢١دا مەسعود بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر و حەلبوسی ویستیان زۆرینەیەک پێکبھێنن، بەڵام ئەمجارە جیاوازە و بەشێوەیەکی سیاسیانە زەمینەی بۆ برەخسێندرێت تاوەکو پێش ھەڵبژاردن ھاوپەیمانییەکی ھەڵبژاردن بکەن و ببن بەزۆرینەیەک، پێشتریش ئەو خەیاڵدانە لە مێشکی موقتەدا سەدریشدا ھەبوو، بەڵام نەیتوانی و باجی داو پارتیش ماوەیەکی زۆر پەراوێز خراو ئەو دژایەتیەی ئێران بۆ پارتی بوونی ھەیە؛ بەشێکی پەیوەندی بەوەشەوە هەیە، ھەربۆیە ئەوان دەیانەوێت لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە زەمینەی بۆ ساز بکەن".

ئارام جەمال دووپاتی دەکاتەوە کە ئەگەر پارتی بزانێت پێشتر ھەڵبژاردن دیزاینکراوە بەشدار خولی شەشەمی پەرلەمانی نەدەکرد، ئەو وتی "ئەو لێدوانەی زیاتر بۆ دەرەوەی خۆیانە بۆ ساردکردنەوەی ھێزەکانی دیکەیە، ئەو لێدوانەی مەسعود بارزانی پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە، چونکە پێشتر کە ئەو لێدوانانە دراوە دوای ئەوە ھەنگاوی کردەیی بەدوادا ھاتووەو ھیچ بەیاننامەیەکش لەمەکتەب سەرکردایەتییەکەیان بڵاوناکرێتەوە، کەواتە ئەوە تەڵەیەکە دانراوە؛ تاوەکو خەڵکێکی سادە بکەوێتە تەڵەکەوەو بڵێن؛ ئەوەتا وتمان دیزاینکراوە!".

وتیشی "پارتی بۆیە بەشداری لەھەڵبژرادن دەکات بۆ ئەوەی دەنگەکانی خۆی بەرزبکاتەوەو دروشمەکەشیان لەئاستی عێراقدایە، ئەگەر وتەکە بەوجۆرە بوایە کە دیزاینکراوە ئەوا راستەوخۆ بایکۆتی دەکرد". 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×