ئا: ئاوێنە
شارەزایەکی ئەمنی و ستراتیژیی، ھۆکاری پێنەدانی وەزارەتی ناوخۆ بەیەکێتی لەلایەن پارتییەوە بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، یەکێک لەھۆکارەکان پارتی نایەوێت دەرەفەت بدرێت بە پەکەکە و چەکدارەکانی رۆژھەڵات بارەگای خۆیان بکەنەوە، لەبارەی ھۆکارێکی دیکەش دەڵێت "ئەگەر پارتیش بیەوێت ئەو وەزارەتە بدات بە یەکێتی ھەر ناتوانێت، چونکە بەداخەوە بەدەست خۆی نەماوە بەتایبەت لەدوای ٣١ی ئاب".
عەبدولقادر ھەرکی، شارەزای بواری ئەمنی و ستراتیژیی، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی پۆستی 'سیادی'ی وەزارەتی ناوخۆ نادات بە یەکێتی؟ بەئاوێنەی وت "وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی پاراستنی ناوخۆی ھەرێم و سەر سنورەکان و تاڕادەیەک دەرەوەی سنورەکانە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی نایەوێت پەکەکە یاخود حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێران لەگەڵ رۆژئاواییەکان لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی ھەرێم سنوری چالاکیان ھەبێت چ لەرووی سیاسی یاخود سەربازییەوە بنکەی پشتیوانی بەکاربھێنن".
ئەو شارەزا سەربازییە نمونەیەک باس دەکات و دەڵێت "بەنمونە پەکەکە رێگەپێدراون لەعێراق چالاکی سیاسی بکەن، بەڵام لە سنوری ھەولێر و دھۆک ناتوانن و بوونیشی نییە، چونکە وەزارەتی ناوخۆ رێگەیان پێنادات، ھەروەھا ئەو چەکدارانەشی رۆژھەڵاتین نەیانھێڵاوە بارەگایان ھەبێت لەھەولێر، بۆیە پارتی لەزۆنی زەرد وەزارەتی بەدەستەوەیە بەوجۆرەیە کارەکان پەیڕەو دەکات".
عەبدولقادر ھەرکی خاڵێکی دیکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "ھاتنە ناوەوەی دەزگا سیخۆڕییە ئەمنی و ھەواڵگرییەکانی جیھانە. بەداخەوە ٣٠ ساڵە ھەرێم نەیتوانییوە سەربەخۆیی ھەواڵگری خۆی بپارێزێت، کوردستان بووەتە مۆڵگەی ھەموو جۆرە دەزگا ھەواڵگرییەک کە بەسەدان شێوە خۆیان دەنوێنن لە کوردستان و چالاکی خۆیان ئەنجام دەدەن".
ئەو شارەزا ئەمنییە راشیوایە ئەگەر پارتیش بیەوێت ئەو وەزارەتە بدات بەیەکێتی ناتوانێت، چونکە "بەدەست خۆیەوە نەماوە و بەتایبەت لەدوای ٣١ی ئاب، هەربۆیە یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستەیە زۆر زەحمەتە".