مامۆستایی ئایینی ئەرکە ئاینیەکەی کە مامۆستایی مزگەوتە گەورەترە لەکاریی پەرلەمانتاریی
ئا: مەزهەر کەریم
بەشێک حزبەکانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی ئایینییان کاندید کردبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم مامۆستایانە کە تا دوێنێ لەمینبەری مزگەوتەوە خەریکی وتاری ئایینی بوونو سەرقاڵی بانگەشە بوون بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانەوە، بەڵام هیچ کام لەو حەوت مامۆستا ئایینییەی کاندید کرابوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێویستیان بۆ چوونە ناو پەرلەمان بەدەستنەهێنا، وتەبێژی یەکێتی زانایانی کوردستان دەڵێت "ئەوان راستە مامۆستایی ئایینی بوون، بەڵام بەربژێریی حیزب بوون".
مامۆستا ئەحمەد سۆفی، لەلیستی کۆمەڵ، یەکێک بوو لەو مامۆستا ئایینیانەی بەربژێر بوون، بەڵام لەبەرئەوەی سێ ھەزارو ٢٠١ دەنگیان ھێناو لەڕیزبەندی دووەمی لیستەکەیدا بوو لەبازنەی ھەولێر، نەیتوانی بردنەوە مسۆگەر بکات، ئەو لەبارەی دەنگ نەھێنانی بەئاوێنەی وت "ھۆکاری دەنگ نەھێنانم، ئامادەسازیی تەواوم نەکردبوو بۆ کاندید بوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا لەبیست رۆژی کۆتاییدا، بانگەشەی ھەڵبژاردنم کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەو دەنگانەی من ھێناومە خەڵکانێک ھەبووە چونەتە پەرلەمان، بەڵام من لیستەکەشم لەکۆمەڵی داگەری دەنگی پێویستی نەھێناوە، ئەمەش ھۆکارێکی دیکەیە، ھەروەھا ھۆکاری دیکە ناتەبایی حیزبەکەم بوو، کە ھەندێک خەڵک لێمانجیابوەوەو کاریان بۆ نەکردین".
سۆفی وتیشی "یەکێکی دیکە لەکێشەکان لەگەرمەی بانگەشەدا سەرۆکی حیزبەکەمان، لەو کاتەدا لەتورکیا بوو، کە دەبوو خەریکی گەڕانو بەسەرکردنەوەو بانگەشە بوایە، لەگەڵ ئەوەشدا براکەی خۆم دەسەڵاتی پارتی ھەرەشەیان لێکردبوو کە نابێت لایکێکیش بۆمن بکات لە فەیسبووک، نەک بانگەشەش، کە ئەمەش ئەوپەڕی فشاریی دەسەڵات بوو لەسەر ئێمە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ھەواڵانەی کە دەوترا ھەڵبژاردن ناکرێت ئەمەش ھێندەیی دیکە ھۆکاریی خراپی لەسەر رێژەی دەنگەکانی من ھەبوو، کە بروام بەبارودۆخەکە نەبوو تا بەجدییتر بانگەشە بکەم".
بەڵام ئەو مامۆستا ئایینییەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کاندیدی کردبوو، بەهەمانشێوە، نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
مەلا میکائیل ھەرکی، کاندیدی پارتی بوو لەبازنەی دھۆک، کە ھەشت ھەزارو ٦٢٣ دەنگی ھێناوەو لەڕیزبەندی ھەژدەمینی لیستەکەیەتی، ئەو سەبارەت بەهۆکاری نەبردنەوەی، بەئاوێتەی وت "لەکاتی بانگەشەدا زۆر دەرنەکەوتمو زۆر ئارەزووی قسەکردنم نەبوو، رەنگە ئەمە ھۆکارێک بێت، لەئێستاشدا نامەوێت قسە لەسەر دەرنەچوومو رێژەی دەنگەکانم بکەم، کە من دەرنەچووم، چی بڵێم؟! بۆیە قسەکردن لەوبارەیەوە ھیچ سوودێکی نابێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێک لەمامۆستایانی ئایینیو ئەکادیمییەکانی کوردستان پێیانوایە کە پێویستە کاری سیاسی لەکاری ئایینی جیابکرێتەوەو تێهەڵکێش نەکرێن.
دکتۆر محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، مامۆستایی زانکۆ لەکۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لەزانکۆی سلێمانی لەبارەی بەشداریی مامۆستایانی ئاینی لەھەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانو عێراق، بەئاوێنەی وت "مامۆستایی ئایینی ئەرکە ئاینیەکەی کە مامۆستایی مزگەوتە گەورەترە لەکاریی پەرلەمانتاریی، بەبڕوای من ھەتا کاری حیزبی بۆ مامۆستای ئایینی باش نیە، چونکە ئەوەی حیزب پێی باش بوو دەبێت ئەوە بکاتو ئەوە بڵێت، بەڵام کە سەربەخۆ بوو، چی پێویست بوو، چی بەگرنگ زانی ئەوە باس دەکات، پێویستە مامۆستای ئایینی مامۆستای خاکو وڵاتو نیشتمانەکەی بێت، ئەوە باشترە بۆی".
پێنجوێنی وتیشی "ئەو مامۆستا ئایینیانەی کە دەرنەچوون لەپەرلەمانی کوردستان لەماوەکانی پێشووداو ئەم مامۆستایانەشی کە دەرنەچوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمە گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە پێویستە مامۆستای ئایینی واز لەسیاسەت بھێننو لەناو رێکخراوێکی زانایانی ئایینی کاری خۆیان بکەن، پڕۆژەی گەورە پێشکەش بەنیشتمان بکەن، کە لەکاری پەرلەمانیو وەزارەتێک گەورەتر بێت".
دکتۆر محەمەد پێنجوێنی باسی ئەوەی کرد ئەو مامۆستیانەی دەرنەچوون ھۆکاریی خۆیان ھەیە، کە ئەویش ئەوەیە ئاخۆ حیزبەکانیان تا چەند مەبەستیان بووە دەریانبچێنن یان ھەر دەنگیان پێ کۆکردونەتەوە یان بۆ خۆیان تا چەند توانیویانە بانگەشەو ریکلامی سەرکەوتوو بۆ خۆیان بکەنو بچنە پێشەوەو دەرکەونو سەردانی ماڵان بکەن، ئەو وتی "هەن مامۆستایەکی ئایینیو وتاربێژێکی باشن، بەڵام رەنگە سیاسیەکی باش نەبن، یان رەنگە خوێندەوارێکی باش بێت بەڵام جەماوەرێکی باشی ئەو حیزبەی کاندیدی کردووە دەنگی پێنەدەنو پشتیوانی لێنەکەن".
لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا، یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان رایگهیاند "حەوت مامۆستای ئایینی بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆیان کاندید کردبوو، بەڵام هیچیان نەیانتوانی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن."
دکتۆر عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەو مامۆستا ئاینیانەی کاندیدی بوونو بەڵام دەنگی پێویستیان نەھیناوە، بۆچونی جیاوازی ھەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەوان راستە مامۆستایی ئایینی بوون، بەڵام بەربژێریی حیزب بوون، لەلای ئێمە وەک لیژنەی فتوا زۆر ئاساییە مامۆستایەکی ئایینی بەشداریی کاری سیاسی بکاتو ئەو شوێنە بکاتە مینبەرێک بۆ خزمەتی کۆمەڵگا، بەڵام لەو دوو ھەڵبژادنەی کوردستانو عێراق ھیچ مامۆستایەکی ئایینی دەرنەچوون، ئەمەش واتای ئەوە نیە مامۆستای ئاینی ئەو تواناو قابیلیەتەی نییە، رەنگە وەک پێویست راوێژ بەمامۆستایانی ئاینی نەکرابیت بۆ بەربژێرکردنیان بۆ پەرلەمان، رەنگە ئەمەش ھۆکارێک بێت".
لەبارەی ئەوەی ئایا یەکێتی زانیان دەتوانێت ھاوکاریی ئەم مامۆستا ئاینیانە بکات یان لەداھاتوودا خۆی بەربژێریی ھەبێت، وتەبێژی یەکێتی زانایان وتی "حیزبەکان خۆیان کاندید ھەڵدەبژێرنو لەناویشیاندا مامۆستایەکی ئایینی هەیە، ھیچ کاندیدێکیش لەناو ئەو کاندیدانەدا بەدیاریکراوی بەربژێریی یەکێتی زانایان نەبوونو بیریشمان لەوە نەکردۆتەوە بەربژێرمان ھەبێت، چونکە کارو ئەرکو پێگەی یەکێتی زانایان جیاوازە، ئەوە کاری حیزبەکانە نەک یەکێتی زانایان".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات