دهۆک تاکە بازنەیە لەعێراقدا تەنها دوو لیست کورسیان تیا بردەوە
  2025-11-23       759       
١٠ حزب‌و لایەنی سیاسی کاندیدیان ھەبوو لەبازنەی دهۆک - فۆتۆ: شاهۆ ئەحمەد

ئا: عەمار عەزیز

 

  پارێزگای دھۆک جیاواز لەھەموو شارەکانی تری عیراق‌و ھەرێمی کوردستان، تەنیا دوو لیست "پارتی‌و یەکگرتوو" توانیان کورسی بەدەستبهێنن، ئەمە لەکاتێکدایە ١٠ حزب‌و لایەنی سیاسی کاندیدیان ھەبوو لەم بازنەیەدا، پارتی ٩ کورسی بەدەستھێناو یەکگرتوو ٢ کورسی، لەگەڵ کورسیەکی کۆتای کریستیان کە سامی ئۆشانەی هاوپەیمانی پارتییە.

 

خالید ئەحمەد دۆسکی، لەبەشی ھەڵبژاردنی مەکتەبی سەرکردایەتی پارتی لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "پارتی حزبی کردارە، حزبی خاوەن بەرپرسیارەتییە، قسەیەک ناکات کە جێبەجێ نەکرێت، خەڵکی بادینان ھەر ئەمەی لێبینیوەو خەڵکەکە ھەر پارتی بەخاوەنی خۆی دەزانێت‌و دەنگی پێدەدات، لەمێژە حزب‌و لایەنەکان ھەوڵدەدەن لەبادینان دەنگ بەدەستبێنن، شوێن‌و پەنجەی خۆیان هەبێت، بەڵام نەیانتوانیوە بروا بەخەڵک بکەن‌و متمانە بۆ خۆیان دروست بکەن".

پارتی لەبازنەی دھۆک ٤١٣ ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە، هەروەها بەرنامەی ھەبوو بۆ پشتگیریکردن لەکورسی کۆتا لەدھۆک، ٢٣ ھەزار دەنگی بۆ کورسی کۆتای کریستیانەکان ڕۆیشتووە .

دۆسکی وتی "پارت‌و حزبەکانی تر ھەمان بیرکردنەوەو پلان و بەرنامەی سلێمانی لەشاری دھۆک نمایش دەکەن، بەڵام دھۆک شارێکی جیاوازە لەسلێمانی، دەشێت ئەو ھێزو لایەنانە شتێکی وا نمایش بکەن کە کۆپی سلێمانی نەبێت، بەڵکو بەپێی پێویست خۆیان بگونجێنن لەگەڵ خەڵکەکە، تەنیا یەکگرتووە توانیویرتی لەم یاریەدا سەرکەوێت، ئەگەر سەیری وتاری کادێرانی یەکگرتوو بکەی لەبادینان، دەبینی زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوانەی سلێمانی، نەرمترەو خۆیان لەگەڵ خەڵك دەگونجێنن‌".

وتیشی "ھەر لەکۆنەوە ھیچ حزبێکی ئایدۆلۆژی لەدھۆک نەیانتوانیوە شوێنی خۆیان بکەنەوە، بەنموونە حزبی شیوعی عێراقی فکرەی چەپ‌و ھێزەکانی پەکەکە، رەوتەکانی ئیسلامی بەئەفکارەکانی جیھادی‌و ئیخوان، خەڵکی دھۆک خەڵکێکی کردەن، نەک تیئۆریی، زیاتر حەزیان لەپڕۆژەکانی کردارە، نھێنی پارتی لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی ئەوەیە کە زۆر ڕاشکاوانەیە، لەبەرپرسیارەتی ھەڵنایەت‌و پارتی بەگشتی زۆر دەنگونجێت لەگەڵ سروشتی خەڵکی بادینان".

 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم ھەڵبژاردنە توانی ٧٢ ھەزارو ٧٦١ دەنگ بەدەستبهێنێت‌و توانی ببێتە خاوەنی دوو کورسی، لەهەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوودا تا ئێستا لەدھۆک یەکگرتوو ھەر ھێزی دووەم بووە، تەنیا ھەڵبژاردنی پار ساڵی پەرلەمانی کوردستان نەبێت کە ئەوکات بووە بەھێزی سێیەم‌و نەوەی نوێ توانی ببێتە ھێزی دووەم .

 

سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردن لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئاوێنەی وت "ھێزەکانی تر وەکۆ یەکێتی، رەوتی ھەڵویست‌و گۆڕان‌و لایەنەکانی لەشاری سلێمانی‌و شارەکانی ترن، بەڵام سەرکردایەتی یەکگرتوو کە بەشێکیان خەڵکی دھۆکن‌و بەردەوام لەناو خەڵکدان هۆکاری سەرکەوتنمانە، ھۆکاری دووەم سروشتی خەڵکی دھۆک وایە لەکاتی بانگەشە حەزیان لەھاوارکردن‌و دەنگی بەرزو شتی تر نیە، حەزیان لەبانگەشەیەکی ئارام‌و لەسەرخۆیە".

وتیشی "ھەر لەسالی ١٩٩٤وە تا ئێستا یەکگرتوو ھەر ھێزی دووەم بووە، تەنیا ھەڵبژاردنی پار ساڵی پەرلەمانی کوردستان نەبێت کە بووە ھێزی سێیەم ئەویش حاڵەتێکی تایبەت بوو، نھێنی دەنگەکانمان لەبادینان زیاتر دوو شتە: یەکەم، کاندیدەکانمان خاوەن پێگەیەکی بەرزی ئەخلاقی‌و کۆمەڵایەتین. دووەم، بەردەوام لەناو خەڵکداین، ھەر لەپرسەوە بگرە تا دەگات بەسەردانی نەخۆش‌و ھاوکاریکردنی کەسانی کەمدەرامەت‌، جگە لەئەرکی حزبی، وەکو ئەرکێکی دینی کە ئایینی ئیسلام زۆر بایەخی بەم شتە داوە، ئێمەش زۆر گرنگی پێ دەدەین".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە نەوەی نوێ لەبازنەی دهۆک ئەمجارە نەیتوانی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بەدەستبهێنێتەوەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهۆی دەنگدان‌و پشتیوانیکردن لەکاندیدی کۆتای کریستیانەکان، دەنگی زۆر کەمی کردو کورسییەکەی ئەو بازنەیەی لەدەست دا. هاوکات "ڕەوتی ھەڵوێست"یش، کە یەکێک بوو لەلیستە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بەژمارەیەک کاندید لەبازنەی دھۆک کێبرکێی بەدەستھێنانی دەنگەکانی دەکرد، سەڕەرای ئەوەی زیاتر لە ١٨ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام نەیتوانی کورسیەک بباتەوە .

 

سەفیرا سەدیق، ئەندامی ڕەوتی ھەڵوێست لەبادینان بەئاوێنەی وت "رەوتێکی وەکو ھەڵوێست یاخود حزبێکی تر کە ھیچی بەدەست نیە، بەدڵنیایی ناتوانێت کێبرکێ لەگەڵ پارتی بکات کە ھەموو شتێکی بەدەستە، بەتایبەت پارەو چەک‌و زۆر شتی تر، خەڵک تا ئێستاش بەتایبەت لەبادینان ترسی ئەوەیان ھەیە کە ئەگەر دەنگ بەپارتی نەدات رەنگە خۆی یان ئەندامێک لەخێزانەکەیان لەوەزیفەکەی لاببرێت یان لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، جگە لەمەش خەڵکی ئێمە پێویستی بەپارەیە، بەئاشکرا پارە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرا، خەڵک ھەبووە بۆ ٢٥ ھەزار یان ٣٥ ھەزار دەنگی خۆی دەدا".

وتیشی "ھەڵبژاردنی ئەمجارە تا کاتژمێر ١٢ باش بوو، دوای ئەوە دەیان پێشیلکاری کران، مۆبایل بەئاشکرا دەیانبردە ناو وێستەگەکانی دەنگدان، وێنەی کاندیدیان لەپێش دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان دابەش دەکرد، خەڵک بەئاشکرا بەپارە دەنگیان دەدا، ئەمە لەکاتێکدایە کۆمسیۆن‌و ھێزە ئەمنیەکان ھیچیان نەدەکرد، دڵنیام ئەگەر ھەڵبژاردنێکی پاک‌و بێ ساختە بکرێت، حزبەنەکانی تر لەبادینانیش دەنگێکی باش بەدەستدەھێنن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×