کاروان یاروەیس بۆ ئاوێنە: بڕیارەکەی هەرێم لەسەر (هەژماری من) تەوتین نییەو بەداخەوە هەڵوەشاوەتەوە
  2025-11-25       3276       

پاش ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی سێ مانگی دانا بۆ پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئاوێنە بە پێویستی زانی بەدواداچوون بکات لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ تەوتینە؟ بۆ ئەو مەبەستە ئەندامێکی پەرلەمانی بەغدا زانیاری دەخاتە روو.

 

ئاوێنە: بەپێی بڕیاری ژمارە (٥٥٠) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کەلە ڕۆژی (١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتووی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لەماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لەوبارەیەوە ئاوێنە پرسی کە ئایا لەئێستادا کە مووچەخۆران (هەژماری من) پڕدەکەنەوە تەوتینە؟ بۆ ئەو مەبەستە کاروان یاروەیس، ئەندامی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق تایبەت بە ئاوێنەی وت "ئێستاش سورم لەسەر ئەوە، کاتی خۆشی هەڵمەتێکم لە پەرلەمان ئەنجامدا ١٧٠ واژۆم کۆکردەوە بۆ ئەوەی تەوتین بە پێناسەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێت کە چۆن بڕیاری دابوو لەرێگەی بانکە فیدراڵەییەکان حکومییەکانەوە بکرێت، ئەوکاتەیە حکومەتی هەرێم کارا نەبوو ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، بەڵام ئێستا جێی پرسیارە کە هەرێم بە پەرۆشە بەزووی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، بەداخەوە من پێم وایە هەژماری من تەوتین بێت".

ناوبراو زیاتری ئاشکراکرد "من راموایە ئەوە تەوتین نییە و هەژماری من بووەبە ئەمری واقع، بەداخەوە تەوتین شکستی هێناوە و حکومەتی هەرێمیش خۆی دەزانێت رێکارەکان چۆن دەگرێتە بەر".

سەبارەت بەوەی ئایا دوای ساڵێک فەرمانبەران دەتوانن ئەو بانکەی مووچەی لێوەردەگرن بیگۆڕن بە بانکێکی دیکە؟ یاروەیس رونیکردەوە "مەبدەئی تەوتین ئەوەیە کە مووچەخۆر ئازاد بێت متمانە بەکام بانک و خزمەتگوزاری کام بانکەی بەدڵە بیەوێت هەژمار بکاتەوە، بەڵام ئەوە لە هەژماری مندا نییە، بەڵکو کورتکراوەتەوە لە کۆمەڵێک بانکی نا حکومی(ئەهلی). بەڵام هێشتا روو نییە کە ئایا لەنێو هەژماری من دەتوانرێت بانکەکان بگۆڕدرێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×