ئا: ئاوێنە
جەواد سەعید، راویژکاری پەرلەمانی کوردستانو کادێری پێشوی یەکێتی (کە نزیک بووە لەکۆسرەت رەسوڵ)، لەم گفتوگۆیەی ئاوینەدا دەڵێت "پێشبینی دەکەم چی بەسەر دەسەڵاتی کاک لاھور ھات، ئاواش بەسەر دەسەڵاتی کاک باڤڵ دێت بەڵام بەشێوەیەکی تر".
ئاوێنە: ئایا ئەنجامی ھەڵبژاردنی عێراق پارتی بێباکتر کردووە وەک بەلێکدانەوەکانیاندا دەردەکەوێ، یاخود پێداگری یەکێتییە بۆ پۆستی زیاتر کە رێگرە لەوەی حکومەتی ھەرێم پێکبێت؟
جەواد سەعید: لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی، دروشمێکی سەرەکی جیاواز و دژ بەیەکیان ھەبوو، پارتی دەیوت ئاوەدانی دەکەینەوە، یەکێتیش دەیوت دەیڕوخێنین. لە ڕاستیدا ھەردوکیان ڕاستیان کرد، پارتی دەستیکرد بەھەندێک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری وەکو ڕێگاوبان و چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبا، یەکێتیش بەھۆی جیاوازی دەنگ لەگەڵ پارتی نەیتوانی ھیچکام لە دروشمەکانی دژ بە پارتی جێبەجێ بکات و حکومەتەکەی ھەولێر بڕوخێنی، بۆیە لە ماوەی چەند کاتژمێرێدا، بە تۆپ و تانک، پەلاماری ئامۆزاکەی داو تەخت و تەلاری لالەزاری بەسەردا ڕوخاندن. کە بووە جێگای شەرمەزاری بۆ یەکێتی و شکاندنی شکۆی سلێمانی.
لە ھەڵبژاردنی عیراقیش پارتی ھەندێ پڕۆژەی بە ئەنجام گەیاندو بەردی بناغەی ھەندێکیتری دانا، یەکێتیش لە ناو دروشمەکانی دەخولایەوە. ڕاستە پارتی، دەنگەکانی دوو ھێندەو زیاتر لە دەنگەکانی یەکێتی زیاترە بەڵام بە ھەردوکیان ٣١%ی دەنگی دەنگدەرانی کوردستانیان ھێناوە، پارتی ٢٢% و یەکێتی ٩% واتە پارتی دوو ھێندە زیاتری ھێناوە، ئەوەی جێگای تێڕامانە یەکێتی ١٥.٧% دەنکی سلێمانی و دەورو بەری ھێناوە. بایکۆت و سوتاندنی دەنگ و دەنگی دژە پارتی و یەکێتی نزیکەی ٧٠%یە لەسەرانسەری کوردستان، ئەمەش پاشەکشەیەکی زۆرە لە دەنگی یەکێتی و پارتی بەراورد بەیەکەم ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنەکانی دواتر. بۆیە نە بێباکی پارتی دروستە نە داواکاری پۆستی زیاتری یەکێتی.
ئاوێنە: ئایا پارتی لە ڕێگای سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، مەبەستی چییەو دەیەوێ بەرەو کوێ ھەنگاو بنێ، ئەی بۆچی ئەوەی بۆ ھەولێر و دھۆک دەیکات بۆ سلێمانی و ناوچەکانی تریش نایکات؟
جەواد سەعید: ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئەرکی حکومەتن، کاک مەسرور لەکارنامەی کابینەکەیدا کۆمەڵێک بەڵێنیدا، یەکێک لەو بەڵێنانە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و کارەبا بوو، کردی، جێی دەستخۆشییە. ڕاستە ئەمانە پایەیەکن لە پایەکانی دەوڵەتداری بەڵام پایە و بنەما و پێوەری گرنکتر ھەن بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ببیتە حکومەتی ھاوڵاتی و پێشکەوتو و دیموکراسی. بۆ گەیشتنیش بەم ئامانجە، پێویستە حکومەتی ھەرێم، سیستەمی ئابورییەکی بەھێزو بەردەوامی ھەبێت، خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتو بێت کە تێیدا خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بۆ ھەموان بێت، سیستەمێکی پەروەردە و خوێندنی باڵای پێشکەوتوو نیشتیمانی ھەبێت کە لەسەر بنەمای دروستکردنی تاک و خۆشەویستی نیشتیمان و گەشەکردنی زانست داڕێژرابێ، ھەروەھا ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئارامی ھەبێ. ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەش تێبینیم کرد، پارتی و یەکێتی، بەھەمان گوتاری تەقلیدی و ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژو لە یەکتریان دەدا، تاکە جیاوازی ئەمجارەی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەوەبو کە پارتی بە پڕۆژەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی ململانێی یەکێتی دەکرد، تا ڕادەیەکیش لەو ڕووەوە ئامانجی پێکا. جارێ دیار نییە، پارتی ھەنگاو بەرەو کوێ دەنێ، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، پارتی، پایەیەک لە پایەکانی حکومڕانی قیت کردەوە جا مەعلوم نییە دەست بۆ دروستکردنی پایەکانی تر دەبات و کاری جدی لەسەر چەمکی ھاوڵاتی دەکات و ئامانجی بە پارتی بونی کۆمەڵگا تێدەپەڕێنیت یان دەگەڕێتەوە سەر دەقی پێشوی. بێگومان ئەوە بۆ یەکێتیش ڕاستە. سەبارەت بەوەی بۆچی ھەمان پڕۆژەش بۆ سلێمانی و ناوچەکانی تر ناکرێت، ئەوە بۆ دوو ھۆکار دەگێڕمەوە، یەکەمیان; لە کابینەی پێشوتر، ئەو پڕۆژانەی ئێستا ھەن بەو شێوەیە نەبون، تەنیا باس لەوە دەکرا کە سلێمانی و ناوچەکانی تر فەرامۆش کراون، ئەوەش تیمی یەکێتی لێی بەرپرسن، لەو کابینەیەش، یەکێتی بە فەرمی داوای لە پارتی کرد، با ھەریەکەو داھاتی خۆی لە پڕۆژەکان خەرج بکا، ئەوەی ماوەش موچەی پێ تەواو بکرێ. ھەردولا لە داھاتی ناوخۆ پارەیان بۆخۆیان لادا. پارتی، بەشێک لەو پارە لادراوانەی لە پڕۆژەکانی ھەولێرو دھۆک خەرج کرد، ئەوەی یەکێتیش ڕەنگە خۆیان بزانن، بەڵام ئەوەی دیارە و خۆیان ئاشکرایان کردوە، لە دوای ٨ی تەموزەوە، ھەموو دزی و سەرانە وەرگرتنیان خستە ئەستۆی کاک لاھوری شێخ جەنگی، ئەویش دەیوت لەوەتەی من لەناو یەکێتی نەماوم، ڕۆژانە بە ملیۆنان دۆلار لە مەرزەکان و داھاتی ناوخۆ دەدزرێن. قسەی ھەردوولا ڕاستن.
ئاوێنە: بەڕوای تۆ ھۆکارەکانی ڕووداوی ٨ی تەموزو لالەزار چی بوون؟
جەواد سەعید: ھۆکارەکان، دەسەڵات و پارە بون لە نێوان دوو ئامۆزادا، تەنیا مەبەستیش لەوەدا بە بنەماڵەکردنی یەکێتی وەرگرتنی تاپوی خاوەندارییەتی یەکێتی بوو لە خاوەنە ڕاستەقینە و تێکۆشەرەکان. خەتابارو تاوانباری سەرەکی لەسەر ڕووداوەکانی پێش کۆنگرە و ئەنجام و دەرھاویشەکانی کۆنگرە و دۆخی ئێستای یەکێتی لاھور شێخ جەنگی بوو. ھەردوو ڕوداوەکە بۆ من پێشبینیکراو بو، ھەر لەو پێگەیەی ئاوێنەدا، مانگێک پێش کۆنگرەی چواری یەکێتی، مانگێکیش دوای کۆنگرە، ئەوکات زۆر بەڕونی وتم ئەگەر ئەو گەنجانە دەسەڵات بگرنە دەست ئەوا دۆخی یەکێتی، سلێمانی و کوردستانیش بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەڕوا. ئێستاش پێشبینی دەکەم چی بەسەر دەسەڵاتی کاک لاھور ھات، ئاواش بەسەر دەسەڵاتی کاک باڤڵ دێت بەڵام بەشێوەیەکی تر.
ئاوێنە: ئەوەندەی تۆ ئاگاداریت کادرانی یەکێتی لەدۆخی ئێستای یەکێتی رازین یاخود بەپێچەوانەوە، ئەگەر ناڕازین لەچی ناڕازین؟
جەواد سەعید: پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، پێویستە پێناسەی کادر ڕوون ڕوون بکەمەوە. لە فەلسەفەی حزبی سیاسیدا، کادر ئەو کەسەیە کە ڕاھێندراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئایدۆلۆجیا، ستراتیج و کاروباری حزب. لە دوا پەیڕەوی پەسند کراوی یەکێتی، یەکێتی وەکو حزبێکی سۆشیال دیمکرات تەعریف کراوە، جا ئایا یەکێتی ئێستا حزبێکی سۆشیال دیمکراتەو کادرەکانی بەرنامەو ئایدۆلۆجیا و ستراتیجی سۆشیال دیمکرات جێبەجێ دەکەن یان ئامانج و خواستەکانی حزبی بنەماڵەیی؟ بۆیە لە ئێستادا، زۆربەی ئەوانەی وەکو کادر لە ئۆڕگانەکانی یەکێتی دا کاردەکەن خەسڵەتی کادریان نییە بەڵکو زیاتر وەکو چەپڵەلێدەر و پەردەپۆشکردنی عەیب و ھەڵەکانی یەکێتی نمایش دەکەن.
ئاوێنە: وەک دەزانن ئێستا چەند گروپێکی کۆمەڵایەتی رۆڵیان ھەیە لەیەکێتیدا، وەک کادێر و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی داھاتووی کوڕەکانی کاک کۆسرەت چۆن دەبینن لەسایەی کەمکردنی دەنگەکانی یەکێتی لەھەولێر لەم ھەڵبژاردنەو لەقۆناغی دوای کۆسرەت رەسوڵدا؟
جەواد سەعید: کاک کۆسرەت گروپی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو یەکێکە لە ڕەمزو کارەکتەرە ھەر سەرەکی و کاریگەرییەکانی ناو یەکێتی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. کاک کۆسرەت وەکو تێکۆشەرو نیشتیمان پەروەرێکی کەم وێنەی ناو مەیدانی کوردایەتی و تێکۆشاوە. لە شاخ و شار، لە نزیکەوە ئاگاداری دەیان ھەڵوێستی جوامێرانە و ئازایەتی و سیاسی بویمە.
ساڵی ١٩٨٨، دوای ئەنفالی یەک و دوو، حکومەتی عێراق لە ھەموو لایەکەوە ھێرشی بۆ سەر مەڵبەندی سێ، دەستپێکرد، ئەوکات کاک کۆسڕەت بەرپرسی مەڵبەندی سێ بوو، ڕەوانشاد مام جەلال لەدەرەوەی ووڵات بوو، کاک نەوشێروان (روحی شاد) سەرپەرشتی یەکێتی دەکرد، دوای دوو مانگ شەڕ، کاک نەوشێروان لە بروسکەیەکدا بە ناوی مەکتەبی سیاسی داوای لە کاک کۆسرەت کرد، خۆتان و تەواوی ھێزەکان بکشێنەوە سەر سنور، لەوەڵامدا کاک کۆسرەت وتی ھێزەکان دەنێرمەوە سەر سنور بەڵام خۆم و سەد پێشمەرگە دەچینە سەر قەڵای ھەولێر، چەک و تفاق و خوارن دابین دەکەم، دەشزانم. ھەمومان شەھید دەبین بەڵام ھیچ نەبێ داستانێک بۆ کوردو ھەولێرو یەکێتی تۆمار دەکەین، بەڵام کاک نەوشێروان ڕازی نەبوو وتی با شەھید حەسەن کوێستانی و چەند مەفرەزەیەک لە باڵەکایەتی بە نھێنی جەولە بکەن.
ساڵی ١٩٩٤، لەکاتی شەڕی ناوخۆدا، کاک کۆسرەت، ھەوڵی زۆریدا تاکو شەڕەکە تەشەنە نەسێنی، کاتێک شەڕەکە پەرەی سەند، بە خۆی و ھێزێک دەچێتە لای کاک مەسعود بۆئەوەی شەڕەکە بوەستێنن، لە گەڕانەوە کەمینیان بۆ دانابۆوە، لە سلێمانی پێیان وتبوو مادام ھەرچوی بۆ سەری ڕەش، بۆچی کۆتاییت پێنەھێنان، خۆ شەڕونیوەشەڕ وەکو یەکە، ئەویش وتبوی چۆن شتی وا دەکەم و فیتنەو ئاگرێک لەناو کورد بەرپا دەکەم کە ھەتاھەتایە کۆتایی نێت.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا، شەوەکەی بەھێزیکی تایبەت گەیشتە کەرکوک بۆ بەرگریکردن، دوای شەڕێکی دەستەوەویەخەی ھێزەکەی و شەھیدێکی زۆر، دەرکەوتبوو ھێزەکانیتر بەرەکەیان جێھێشتووە و گەسک و ماسیحەشیان لە بارەگاکان گواستۆتەوە. ھاوڕێکانیشی بە زۆر و پاڕانەوە سواری ئۆتۆمۆبیلیان کردبو و بە موعجیزە ڕزگاری بوو. دوو ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە چومە لای بەڵام تاقەتی قسەو باسکردنی ئەو پیلانگێڕییەی نەبوو، تەنیا وتی خۆزیا لە کەرکوک بکوژرابومایە و ئەوەم بەچاوی خۆم نەدیتبایە. لەپاش بڵاوکردنەوی بەیاننامەکەشی لە سەر کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە تێیدا ئەنجامدەرانی بە کاڵفام وەسف کردبوو، دایانە بەر ڕەخنەو توانجی ناڕاست و پاساوی بێ بنەما کە گوایە لەبەر پاراستنی شاری کەرکوک پاشەکشەیان کردوە، کەچی دوای پێنج ساڵ دانیاننا بەوەی کە کەرکوک-یان فرۆشتووە، بەمەش ڕەشترین و شەرمەزارترین لاپەڕەیان خستە ناو مێژوی سەروەری و شانازییەکانی یەکێتی.
سەبارەت بە داھاتوی کوڕەکانیشی، خۆیان لە من باشتر دەزانن. بەڵام مادام یەکێتی بویتە میرات، ئەوانیش پشکی دووەمیان لە پۆست بەردەکەوێ. بەڵام حەقە ئەو دۆخەی یەکێتی و پێگەی خۆیان بەو فۆڕمەی ئێستا قبوڵ نەکەن، چونکە ئەوان لە شاخ بوینە، ئەوانیتر لە ئەوروپا، ئەوان برایان شەھید بووە و ئەوانیتر نەک ھەر خوێن لە پەنجەیان نەھاتوە ھیچیشیان نەکردووە.
ئاوێنە: بۆچی ئەو جارە سەرپەرشتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ھەولێر-یان نەکردو کاک قوباد ئەو بەرپرسیارییەتییەی گرتە ئەستۆ؟
جەواد سەعید: ڕەنگە کاک قوباد ویستبێتی خۆی تاقی بکاتەوەو دەنگ لە کوڕەکانی کاک کۆسرەت زیاتر بینێت، بەڵام. مۆفەق نەبوو گرەوەکەی دۆڕاند.
ئاوێنە: شێوازی بانگەشەی یەکێتی چۆن هەڵدەسەنگێنن، کە زیاتر یەک کاراکتەر "بافل تاڵبانی" بووە تایتلو بزوێنەری بانگەشەکە؟
جەواد سەعید: یەكێتی ئێستا هەر یەك كاراكتەر بەڕێوەی دەبات. خراپترین بانگەشە بوو، جگە لە دروشمی بێ پڕۆژە چیترم نەبینی. ئەوەی بۆ من مایەی سەرسوڕمان بو، لە دهۆك، لەدوا ساتەكاندا لە پێناو كاندیدێكی كۆتای دژە كورد، مەڵبەندێكیان پوكاندەوە!
ئاوێنە: ئایا یەکێتی و پارتی بەم زووانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێن و لەسەر پۆستی سەرۆک ڕێکدەکەون؟
جەواد سەعید: واقیع و دۆخی ھەرێمی کوردستان، نییەتی شیعە و سونەی عەرەب بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و ململانێی زلھێزەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، دەبو زووتر حکومەت پێکبھاتایە، ئێستاش زەرورەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی حەتمییە بە زووترین کات پێکی بێنن تاکو چیتر ھەرێم نەبێتە قوربانی ململانێی حزبی. پۆستی زیاد یان کەم بۆ ھەرلایەکیان ئەوەندە گرنگ نین، بەڵکو ئەوەی گرنگە کارنامەی حکومەتە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی خەڵک، گەرچی یەکێتی و پارتی بە فەرمی ڕایانگەیاند لەسەر کارنامەی حکومەت ڕێککەوتوین، بەڵام پێموانییە وردەکاری و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی سیاسی، ئابوری، خزمەتگوزارییەکان و یەک ھەڵوێستی کوردی تێدا باس کرابێ. بەبۆچونی من لەژێر فشاری ناوەوەو دەرەوە دەگەنە ڕێککەوتن. سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار ڕەنگە یەکێتی و پارتی بباتەوە گەڕێکی تری ململانێ. ھەرچەندە ئەمجارە بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی و سونە داوا دەکەن ئەم پۆستە بۆ سونە بێت، بەڵام پێناچێت ئێران و شیعەکان ڕازیبن. تا ئێستا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد بووە، لەناو کوردیش بەر یەکێتی کەوتووە، ئەو پۆستەش لەدوای مام جەلال -ەوە خێری بۆ کورد نەبووە، بەتایبەتی سەرۆک کۆماری ئێستا کە بەداخەوە نە کەسێکی سیاسییە، نە قسە دەزانی، نە پڕۆتۆکۆل، نە عەرەبی و کوردی بەباشی دەزانی تەنانەت خۆی و پۆستەکەشی کردۆتە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵک و میدیاکان.
پێموانییە پارتی لاری ھەبێت کە ئەو پۆستە بۆ یەکێتی بێت بەو مەرجەی کەسێکی قبولکراو و سیاسی و زمان زان بێت. یەکێتیش لە ئێستادا، لەناو بازنەی بنەماڵە کەسێکی نییە ئەو مەرجانەی تێدابێت. ئەو مەرجانە تەنیا لە کاک مەلا بەختیار و کاک عەدنان موفتی دا ھەیە، ئەوانیش لەبەر دۆخ و فۆرمی بەڕێوەبردنی ئێستای یەکێتی لە ھیچ ئۆڕگانێکی یەکێتی کار ناکەن و لە ماڵەوە دانیشتون. بۆیە پێموایە ڕێککوتن لەسەر ئەم پۆستە ئاسان نابێت.
ئاوێنە: ئایا پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەھێنێت؟
جەواد سەعید: پارتی، ڕەنگە بتوانێت ھەندێ لایەن ڕازی بکات، تا نیسابی یاسایی تەواو بکات بەڵام بێ یەکێتی دۆخەکە تێکدەچێ و ھەرێم بەرەو چارەنووسێکی مەترسیدار دەبات.
ئاوێنە: کوردستان بەکۆمەڵێک قەیرانو ناکۆکییەوە گیرۆدەیە، چارەنوسی کوردستان لەسایەی ململانێی پارتیو یەکێتیدا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات؟
جەواد سەعید: گەورەترین کارەساتی ئێستای باشور، بەردەوامی ناکۆکییەکانی ساڵانی شەستەکانە. مام جەلال توانیبوی ئەم ناکۆکییانە کاڵ بکاتەوە و دۆخی ململانێی حزبی و کاری سیاسی، ژینگەیەکی ئارامتری بۆ بخوڵقێنی.
ئەوەی ئێستاش دەیبینین، نوێ کردنەوەی ناکۆکییەکانە بە دروشمی سوتاوو بەھانەی بێکەلک و کاراکتەری بێ مۆڕال، کە تەنیا ھەرێم و خەڵکی کوردستان زەرەرمەند دەبن. جاران ململانێکان ڕاستەوخۆ بون، بەڵام ھەنوکە بەناڕاستەوخۆ دەستی پێکردۆتەوە لە ڕێگای شەڕی پڕۆکسی بە کەسانی بەناو ڕەخنەگرو ڕۆشنبیر، ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆو ھاوردەکردن و بەکرێ گرتنی کەسانی بێ مەعریفە و جنێوفرۆش بۆ ناو بازنەی ناکۆکییەکە.
یەکێتی و پارتی، دوو پژاردەیان بۆ بەردەوام بون لەبەردەستە، ڕێککەون لە پێناو پاراستنی ھەرێم و بەرژەوەندی خەڵک یان یەکیان لەڕێگای دروستکردنی حکومڕانییەکی تەندوست و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و فەراھەمکرنی ئازادییەکان و یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئەوی تریان لە ڕێگای پرۆسەی ھەڵبژاردن بە دەنگی زۆرینە بکاتە دەرەوە. بژاردەی سێیەم، دوور نییە ھەرێم و خۆشیان بەرەو کۆتایی ببەن.

جەواد سەعید: زۆربەی ئەوانەی وەکو کادر لەئۆڕگانەکانی یەکێتیدا کاردەکەن خەسڵەتی کادریان نییە بەڵکو زیاتر وەکو چەپڵەلێدەر و پەردەپۆشکردنی عەیب و ھەڵەکانی یەکێتی نمایش دەکەن