ئا: محەمەد هاوژین
وشکەساڵیو بێ بارانیی تەنگی بەکوردستانو عێراق هەڵچنیوە، لەهەرێمو هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا خەڵکی پەنا دەبەنە بەر نوێژە بارانە بۆ ئەوەی رەحمەتی ئاسمان بەسەریاندا ببارێت، شارەزایەکی بواری کشتوکاڵ دەڵێت "ئەگەر ئەمساڵ وشکەساڵ بێت، کوردستانو عێراق لەدابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا تووشی کێشەی جددی دەبنەوە".
لەباریکە، کە ناوچەیەکی هەژارنشینی نزیک شاری سلێمانییەو هاوینان تەپو تۆز دایدەپۆشێو زستانیش بەنمە بارانێک لەقوڕاودا نقوم دەبێت، دوا رۆژەکانی پایزەو وەرزی باران بارین تەواو دواکەوتووەو خەڵکێکی زۆر روویان کردوەتە دەشتێکی نزیک شارۆچکەکە تا لەخودا بپارێنەوە بارانی رەحمەتیان بەسەردا ببارێنێت.
ئەوانەی بۆ نوێژە بارانە هاتوون، سەر بەتەمەنو رەگەزو چینی جیاوازن، هەیانە بەئوتۆمبێلی ئاخیر مۆدیلەوە هاتووەو هەشیانە بەپیادە یان بەماتۆڕ، هەیانە تەمەنی هەڵکشاوەو پیرەو هەشیانە هەرزەکارو گەنجە، پیاوان لەپێشەوەو ژنان لەدواوە بەڕیز وەستاونو ئامادەن بۆ نوێژکردن لەسەر ئەو بەرماڵانەی لەگەڵ خۆیان هێناویانە، ئیمامێکیش لەبەردەمیاندا دەستی بەرز کردوەتەوە بۆ ئاسمانو بەدەنگێکی پەژارەهێنەوە لەپەروەردەگار دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی بەزەیی بەمەخلوقەکانی بێتەوەو پڕ بەگەرووی هاوار دەکات "خوایە بارانی رەحمەتمان بۆ ببارێنە، خوایە هەموو کانیایەکانمان وشک هەڵاتن، خوایە داوات لێدەکەین لەگونحمان خۆش بە، بارانمان بۆ ببارێنە لەبەر منداڵە چاو گەشەکان، لەبەر ئاژەڵە بێ زمانەکان، لەبەر فەقیرو هەژارەکان، لەبەر بێنازو نەدارەکان، خوایە وڵاتمان بپارێزە لەنەهامەتیو وشکەساڵیی، خوایە باران ببارێنە بەسەر گوندەکانماندا، بیرەکانمان پاراو بکە، خوایە بەگەورەی خۆت بارانی رەحمەتمان بۆ ببارێنە".
مام عەلی، پیاوێکی جامانەبەسەرو ریش سپی بەتەمەنەو منداڵێکی بچوکیشی لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ نوێژە بارانە کە کوڕەزایەتی، ئەو بەنیگەرانیەوە بەئاوێنەی وت "لەوەتەی هەم بێ بارانییو وشکە ساڵی ئاوام نەبینیوە، دوو ساڵە خوا رەحمەتی خۆی لێگرتوینەتەوە، بەدرێژایی پایزو زستانی ساڵی رابردوو، بارانمان بەدەگمەن بینی، ئەمساڵیش وا مانگی دوانزەیەو هێشتا باران لەچەند شوێنێک نەبێ نەباریوە".
وتیشی "ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئەوەی لەپەروەردەگار بپاڕینەوە تا خوا رەحمان پێبکاتو بارانمان بۆ ببارێنێت، بارینی هەر دڵۆپێک باران بەفەرمانو رەحمەتیی ئەوە".
نوێژە بارانە، نەریتو سونەتێکی ئایینییە کە لەکوردستانو زۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکە، لەئوردنو سوریاوە بگرە تا دەگات بەسعودیەو قەتەرو عێراق پەیڕەو دەکرێت، کە لەبەرامبەر بێ بارانییو وشکەساڵیدا بەناچار پەنە دەبەنە بەر نوێژو نزاو دوعای باران بارین.
مامۆستا هوشیار محەمەد، وەک پیاوێکی ئایینی باس لەگرنگی نوێژە بەبارانە دەکات بۆ چارەسەری بێ بارانیو وشکەساڵی، ئەو بەئاوێنەی وت "نوێژە بارانە سونەتە، بەپێی ئەم سونەتە ئەگەر خەڵک پێویستی بەئاو بوو، یان وشکەساڵ بوو، پەنای بۆ دەبرێو لەدەرەوەی شارو لەدەشتدا دەکرێ نەک لەناو مزگەوتدا، کە داوای باران بارین دەکەین لەخوای گەورەو هەموومان هەر چاوەڕوانی رەحمەتی ئەویین".
وتیشی "ئەم نوێژە دوو رکاتە، وەک نوێژی جەژن، لەو رێورەسمەدا چەند سورەتێک دەخوێنرێ، ئیمامێک لەو رێورەسمەدا پێشنوێژی خەڵک دەکاتو بیریان دەخاتەوە کە خوا بەهۆی تاوانو خراپەوە بارانمان لێدەگرێتەوە، بشبارێ رەحمێکە خوا بەئاژەڵەکانو بێ زمانەکانی دەکات، بەهۆی ئەوانیشەوە خێرو بەرەکاتی ئاسمان بەسەر ئێمەو مانانیشدا دەبارێنێت".

ئەنجامدانی نوێژە بارانە
زۆربەی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وشکەساڵییەکی گەورە گرتوییەتیەوە، بەشێک لەجوتیاران دۆخەکە بەخراپترین ساڵانی بێ بارانییو بێ ئاویی خۆیان ناودەبەن.
رەفیق سدیق، جوتیارێکی ناوچەی شارباژێڕە، کە بەیەکێک لەناوچە ئاودارو پاراوەکانی کوردستان دادەنرێت، بەڵام ئەو ئێستا لەنێو رەزو باخە وشکبووەکەیدا بەنیگەرانییەوە باس لەوە دەکات کە لەوەتەی لەبیری بێت، شارباژێڕ وشکەساڵیو بێئاوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، خەڵک بۆ دابینکردنی ئاو پەنا دەبەنە بەر لێدانی بیرو کڕینی تەنکەرە ئاو، ئەو بەئاوێنەی وت "لەهەرچییەکی دەوروبەرم دەڕوانم لەتینوێتیو بێ ئاویدا وشک هەڵگەڕاوە، کانیاوو چەمەکان، باخی ترێو دار چوالەو هەرمێکان، بێ ئاویی هەمووی وشک کردوون، بەزەحمەت ئاومان بۆ ئاژەڵەکانیشمان دەستەبەر دەکرێت."
وتیشی "دڵم ژان دەکات کە دەبینم ئەم هەموو باخو چەمو ئاوەمان وشکی کردووەو خەریکە بێ ئاویی کۆتایی بەئاوەدانیی گوندەکانمان دەهێنێت".
ئەو وشکەساڵییەی لەناوچەی شارباژێر روودەدات، هەموو کوردستانو عێراقی بەڕێژەی جیاواز گرتووەتەوە، زۆربەی چەمو کانیاوو سەرچاوەکانی ئاو وشکیان کردووە.
کەمال ئەحمەد، مامۆستای کشتوکاڵ، کە بڕوانامەی ماستەری لەئاودێریدا بەدەستهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات کوردتسناو عێراقو ئێرانیش لەمەترسی وشکەساڵیو بەبیابان بووندا رۆژگاریان بەسەردەبەن، ئەو بەئاوێنەی وت "وڵاتانی وەک ئێمە کە دەیان ساڵە سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی دەقۆزینەوەو بەبێ پلانو بەرنامەیەکی زانستی بەکاریدەهێننو بێبەشین لەتەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕیسایکلکردنی ئاوو ئاودێرێیو سەرچاوەکانی ئاویش خراپ بەکاردەهێنین، بەرەو دۆخێکی زۆر خراپتر دەچین لەسایەی وشکەساڵیو بێ بارانیدا، ئەگەر ئەمساڵ بەهەمانشێوەی پار وشکەساڵ بێت، کوردستانو عێراق لەدابینکردنی ئاوی خواردنەوەشدا تووشی کێشەی جددی دەبنەوە، کە هەر ئێستا پاشەکەوتی بەنداوەکانی دوکانو دەربەندیخان لەکەمترین ئاستدانو بەهۆی زۆریی بیرلێدانو کردنی ناوچەی بازیانەوە بەناوچەیەکی پیشەسازیی، ئاوێکی زۆری ژێر زەویمان بەفیڕۆ رۆشتووە".
ئەوەش رووندەکاتەوە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواو گەرمبوونی زەویو بڵاوبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی کیشوەرییەوە، جیهان لە٢٥ ساڵی رابردوودا، بەشێکی بەرچاو لەسەرچاوە ئاوییەکانی لەدەستداوە، بەڵام نزیکەی لەسەدا ٧٠ی کەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانە بەهۆی دەرهێنانی زۆرو ناکارامەیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوییەوە بووە، ئەمەش کاریگەری کوشندەی ژینگەییو ئابوریو کۆمەڵایەتیو کشتوکاڵیو ئاژەڵداریو تەندروستی هەبووە، ئەو وتی "زیاتر لە ٣٠ ساڵە شارەزایان هەمیشە هۆشداریی دەدەن لەدەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەواو تێکچوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکەو دەوترێت شەڕی داهاتوو شەڕی ئاو دەبێت، بەڵام لەکوردستانو عێراق، تا کارەسات بەڕاستی ڕوونەدات، هەست بەگەورەیی مەترسییەکە ناکرێو بیر لەچارەسەری جیددی ناکرێتەوە".
وتیشی "لهماوهی ٤٠ ساڵی رابردوودا، وشكهساڵی گەورەترین کارەساتی سروشتییە کە کۆمەڵگای مرۆڤاتی بەدەستیەوە دەناڵێنێتو تا ئێستایش نەتوانراوە چارهسهرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەم بێدەسەڵاتییەی مرۆڤ لەبەردەم نەهامەتییەکانی سروشتدا، وایکردووە تەنها ئەوە شک بەرێت چاوەڕوانی رەحمەتی ئاسمان بێتو بپارێتەوەو نوێژە بارانە بکات".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات