ھەموو جارێک ئێمە دەنگ دەدەین، بەڵام دوای دەنگدان شتێکی باشو گەورە بۆ ئێزدییەکان ناکرێت
ئا: عەمار عەزیز
بەراورد بەھەڵبژاردنی ٢٠٢١، پارتی لەبازنەی نەینەوا ٢ کورسی لەدەستداوە، بۆئەم جارەش سێ کەسایەتی ناوداری ئێزیدی سەر بەپارتی، کە ھەریەک لەڤیان دەخیل، مەحما خەلیل، ماجد شنگالی بوون، دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێناو دەرنەچوون، بەرپرسێکی پارتی دەڵێت "ئەمجارە ھەندێک لایەن پلانیان لەدژی پارتی ئەنجام دا" .
پارتی لەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ خاوەنی ٧ کورسی بوو لەبازنەی نەینەوا، بەڵام ئەمجارە کەمیکردوە بۆ ٥ کورسی، کۆی گشتی ئەو دەنگانەی پارتی لەبازنەی نەینەوا بەدەستیھێناوە ١٨٩ ھەزار دەنگ بووە.
ئیدریس زۆزانی، کارگێری لقی ١٧ی پارتی لەشنگالو بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنو رۆشنبیری بەئاوێنەی وت "لەبازنەی نەینەوا پارتی ١٨٩ ھەزار دەنگی بەدەستھێناوە، ئەمەش ژمارەیەکی کەم نیە، خاوەنی ٥ کورسییە، لەگەڵ کورسی کۆتای ئێزدییەکان، راستە وەکو ژمارەی کورسیییەکانی کەم بووەتەوە کە پێشتر ٧ کورسی بوو، بەڵام پارتی لەسەر ئاستی نەینەوا ھەر حزبێکی گەورەو خاوەن پێگەیەیەکی بەھێزی جەماوەرییە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم جارە ئێزدییەکان دەنگیان نەداوە بەپارتیو بەتایبەت لەکەمپەکان، زۆزانی وتی "پێشتر زۆر لایەنی سیاسیو کۆمەڵێک خەڵک بێوژدانی زۆریان بەرامبەر بەپارتی کردووە، کە گوایە پارتی ئاوارەکانی ئێزیدی بۆ ھەڵبژاردن بەکاردەھێنێت، بەڵام ئەم قسەیە لەبنەڕەتەوە رٍاست نیەو تەنیا تۆمەتە، ھەندێک ھێزی تر لەناو ئاوارەکاندا دەنگیان ھێناوە، ئەگەر ئێمە ئەو کارەمان بکردایە بەدڵنیایی ھێزەکانی تر دەنگیان نەدەھێنا".
زۆزانی ئاماژە بەپلانێک دەکات لەشنگال کە لەدژی ئەوان ئەنجامدراوە، ئەو وتی "بۆ ئەم ھەڵبژاردنە لەسنوری شنگال ھەندێک لایەن پلانیان دانابوو لەدژی پارتی، ھەروەھا ھاوپەیمانیەکی تازە پێکھێنراوە کە لەدژی پارتی بەکاریانھێناوە، دەیانویست بەھەر شێوەیەک بێت ئێزدییەکان دەنگ بەپارتی نەدەن، ھەروەھا لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئوفیسی مەحما خەلیل، کاندیدی پارتی کە تایبەت بوو بەکاروباری ھەڵبژاردن سووتێنرا".
لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا، سێ تێبینی لەسەر دەنگی ئاوارە ئێزیدییەکان هەبوون، یەکەم لەنزیک بنکەکانی دەنگدان بەئاشکرا کڕینو فرۆشتن بەدەنگەکان دەکراو لەناو دوکانو بازاردا ئەم ماڵەیە دەکرا. ھەروەھا لایەنە سیاسیەکان کارتی کاندیدانی خۆیان بەسەر منداڵان دابەش دەکرد، دواتر ئەو منداڵانە بەسەر دەنگدەراندا دابەشیان دەکرد، بەبێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار رێگری لەم کارە بکەن .
خاڵی دووەم، رێژەی بەشداریکردنی ئاوارەکانو رێژەی دەنگداندانیان لەسنوری پارێزگای دھۆک لەنێوان ٦٥٪ بۆ ٧٠٪ بوو،
خاڵی سێیەم، "ھاوپەیمانی دۆزی ئێزیدی"، کە ھاوپەیمانیەکی تازەیەو بۆ یەکەمجارە بەشدار دەبێت لەدەنگدان لەزۆرینەی کەمپەکان زۆرترین دەنگی ھیناوە.
سالم بدەل، چالاکوانێکی دیارە لەناو کەمپی شاریا، لەم بارەیەوە بەئاوێنەی وت "ئەمە سێیەمین جارە ئێزدییەکان لەئاوارەییدا بەشداری هەڵبژاردن دەبن، ھەموو جارێک ئێمە دەنگ دەدەین، بەڵام دوای دەنگدان شتێکی باشو گەورە بۆ ئێزدییەکان ناکرێت، جارێکیتر ھەر پەراوێز دەخرێین".
وتیشی "بێزاربووین لەوەی بڵێین ئەوەندە ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین، ھەموو لایەنە سیاسیەکان حاڵی ئەمە دەزانن، ئیتر پێویست ناکات ئاماژە بەداواکارییەکانی خۆمان بکەین، ھیوادارین ھەرکەسێک دەربچێت ویژدانی بجوڵێتو ئاوارەکان لەم نەھامەتییە رزگاربکەن".
ئەوەی زیاتر دەنگی ئاوارەکانو خەڵکی شنگالی بەدەستھێناوە، ھاوپەیمانی دۆزی ئێزدییەکان بۆ کە بۆ یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردن بکات، زیاتر لە ٣٠ کاندیدیان ھەبوو لەبازنەی نەینەوا، توانیان ٤٩ ھەزارو ٢١١ دەنگ بەدەستبهێنن، کورسیەکیان بەدەستھێناوەو کاندیدێکی ئەوان لەسەر ئاستی ھەموو کاندیدانی ژن لەو بازنەیە زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە.
خەیری عەلی، ئەندامی ھاوپەیمانی دۆزی ئێزدییەکان ئەوە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن یەپەشەو حەشدەوە پشتیوانی بکرێن، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە سەربەخۆیین، ھاوپەیمانی ئێمە لەدژی ھیچ ھێزو لایەنێک دروست نەبووەو لەئاییندەشدا لەدژی ھیچ ھێزێک کارناکەین، یەک ئامانجیشمان ھەیە کە ئەویش کارکردنە لەسەر دۆزی ئێزدییەکان، بەبڕاوی ئێمە لایەنەکانی پیشتر شتێکی وایان نەکردوە کە خەڵک پێی دڵخۆش بێتو دووبارە دەنگی پێبدات".
وتیشی " کورسیەکمان ھێناوە، ھەروەھا تانەشمان لەئەنجامی ھەڵبژاردنەکان گرتووە، کاندیدێکی ئێمە کە کچێکە ٧ ھەزارو ٣٤٨ دەنگی بەدەستھێناوە، پێویست بوو وەک کۆتای ژن دەرچێتو کاندیدێکی تریشمان دەربچێت، هەموو لایەک باش دەزانێت کە بۆچی خەڵک دەنگی بەپارتی نەداوە، بەتایبەت ئاوارەکانی ئێزیدی، زیاتر لە ١١ ساڵە لەکەمپ دەژین ھێشتا ھیچ ھەنگاوێکی دڵخوشکەرو باش جێبەجێ نەکراوە کە ئاوارەکان بگەرێنەوە زێدی خۆیان، شتێکی زۆر سروشتییە ئاوارەکان دەنگ بەھێزێکی تر بدەن، ئەوان ئێمەیان تاقیکردوەتەوەو بەئیزنی خوا کاری باش بۆ پرسی ئێزدییەکان دەکەین".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات