پەرتەوازەیی، پێگەی کورد لەعێراق لاواز دەکات
  2025-11-27       673       
ناو ماڵی کورد ترازاوە

ئا: شاھۆ ئەحمەد

 

لەدوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق مشتومڕو دانوستانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکھینانی حکومەتی عێراق‌و دیاری کردنی کاندید بۆ سەرۆکی حکومەت گەرمتر بووە، شیعە بەدروستکردنی گەورەترین فراکسیۆن‌و سوونەش بۆ دانوستانی نێوان لایەنەکان‌و وەرگرتنی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن، بەرەیەکی ھاوبەشیان لەحزبە سوونیەکانیان پێکھێناوە، ئەوەی بەپەرتەوازەیی ماوەتەوە کوردە، کە تا ئێستاش ھیچ ھەماھەنگێیەک لەنێوان حزبە کوردستانیەکان دروست نەبووە.

 

د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و کاندیدی دەرچووی پارتی لەکەرکوک لەبارەی ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان، بەئاوێنەی وت "زۆر گرینگ‌و پێویستە کورد یەکدەنگێیەک دروست بکات بۆ داواکردنی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان‌و ئیستحقاقاتی حزبە کوردستانیەکان، ئەگەر ھەر ھێزەو بەتەنھا بچێت بۆ بەغدا ئەو ئامانجە بەدینایەت، ئێمە ھەمومان بەشداریمان لەھەڵبژاردن کرد ئامانجی سەرجەم حزبەکان ئەوە بوو نوێنەر دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان بپارێزێت، دەستور‌و مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت‌و یاسا ئیتحادییەکان بنوسرێتەوە، ھەموو ئەوانە دروشمی ھەموو حزبەکان بوو، ئەوەش وایکردووە رێگرییەک نەبێت لەبەردەم یەکڕیزی نێوان لایەنەکان، با لەھەرێمی کوردستان ململانێ‌و کێبڕکێ ھەبێت ئاساییە، بەڵام لەبەغدا چۆن سوونەکان بەو ھەموو کێشە‌و توندیەی نێوانیان بەرەکیان دروست کردووە بۆ وەرگرتنی ئیستحقاقاتی خۆیان، ھەر بۆیە کوردیش گرنگە بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکات".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد کەوا لەپێناوی یەکریزی نێوان لایەنەکان بەفەرمانی مەسعود بارزانی وەفدێک دروست بووە سەردانی لایەنەکان بکات بۆ ئەوەی بەیەکەوە بچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی ئیستحقاق‌و بەرچاوڕوونی کورد لەحکومەتی داھاتووی عێراق، ئەو وتی "ساڵی رابردوو جەنابی سەرۆک بارزانی داوای کۆکردنەوەی ھێز‌و لایەنەکانی کرد لەپیرمام، زۆربەی ھێزەکان بایکۆتیان کرد، پارتی پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و دوای ھەڵبژاردنیش سەردانی ھەموو لایەنەکانیان کردووە بۆ بەشداری کردنی لەحکومەتی داھاتوو، ھەربۆیە بەردەوام جەنابی سەرۆک ئەو دەستپێشخەرییەی ھەبوە، بەڵام ئەوە تەنھا بەس نیە بەڵکو دەبێت لایەنەکانیش وەڵامیان ھەبێت ".

وتیشی "ئەرکە ھەموو کەس‌و لایەنەکان بەدەم ئەو داوایەی جەنابی سەرۆک بچێت‌و بەرەیەکی کوردستانی دروست بکرێت بەتایبەت بۆ ئەم قۆناغە، چونکە ھەلومەرجی ناوچەکەش لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، پێویستە کورد ئامادە بێت بۆ رووبەروو بوونەوەی ھەر ئاڵنگارییەک".

 

هەروەها ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق‌و کاندیدی دەرچوو لەبارەی ھەماھەنگی ناو ماڵی شیعەو سوونە‌و پەرتەوازەیی نێوان لایەنە کوردییەکان بەئاوێنەی وت "راگەیاندنی گەورەترین فراکسیۆن لەچواچیوەی ھەماھەنگی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ شیعە، ئەگەر بشتوانن دواجار لەدیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرکەوتوو بن، کاریگەری دەبێت لەسەقامیگری ناو ماڵی شیعەو سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسیی لەقازانجی شیعەکان، ھەروەھا سوونەش لەو ھەماھەنگیەی پێکیانهێنا ئەگەر رووکەشیش بێت بۆ ئەو قۆناغەی ئەوان کارێکی باشە، دەتوانن لەو رێگەوە ئەو ئیستحقاقەی بەر سوونە دەکەوێت وەریبگرن، بەڵام کورد تا ئەو کاتەی مام جەلال مابوو پێش ئەو کوتلانەی باسی دەکەین ناو ماڵی کورد قۆناغی گەورەی بڕی لەدەستورەوە تا دەگاتە ئەو دەستکەوتانەی کورد بەدەستیھێناوە لەھەرێم‌و عێراق".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا پەرتەوازەیی کورد ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئەوەی کە نەتوانێت ئەو ئیستحقاقانەی خۆی بەتەواوەتی بەپێی دووەم نەتەوە لەعێراق دەستەبەر بکات، ھەر بۆیە پێویستە یەکێتیەکی کوردانە پێکبھێنرێت کە بتوانێت لەچوارچیوەی یەکڕیزی ناوماڵی کورد تیمێک ھەبێت لەبەغدا بۆ وەرگرتنی ئیستحقاقی خۆمان لەکۆمەڵێک مەسەلەی خاک‌و نیشتمیان‌و کێشەی پێشمەرگە‌و مادەی ١٤٠‌و چەندان ئیستحقاقی تر، ئەو وتی "بەپلەی یەکەم ئەرکی کاک مەسعودە ئەو ھەنگاوە بنێت‌و ناو ماڵی کورد رێکبخاتەوە، کە بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە، لەقۆناغەکانی رابردوو ھەبوونی مام جەلال لەگۆرەپانی سیاسی سەرکردە سیاسیەکانی کورد زیاتر لێکتێگەشتنیان ھەبوو، یەکڕیزی ناوماڵی کورد کاریگەری زیاتر بوو لەبەغدا، ئێستاش پێویستە لەو قۆناغە ئەو یەکڕیزییە دروست بکرێت ".

سەرۆکی فراکسۆنی یەکێتی پێیوایە ئێستا بەھۆی ململانێی نێوان لایەنەکان، کورد ناتوانێت بەیەک پاکێچ بەشداری لەحکومەتی داھاتووی عێراق بکات، ئەو وتی "کورد نەیتوانیوە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حکومەت پێکبھێنن، ئیدی چۆن دەتوانن بەیەکەوە بچنە بەغدا‌و بەشداری لەکابینەی داھاتوو بکەن؟!".

وتیشی "پارتی ئەو ھاوسەنگی‌و تەوافوقەی لەبەغدا داوای دەکات، ئەگەر لەھەرێمی کوردستان داوای بکردایە ئێستا ئەوا یەکڕیزی کورد پارێزراو دەبوو، ئەوکاتە ئێمە ھەموومان بەرامبەر بەغدا داوای ھاوسەنگی‌و بەشداری راستەقینەمان دەکرد‌و داوای ئیستحقاقی ٦٠ کورسی پەرلەمانمان دەکرد ".

 

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ھەرێمی کوردستانیش ھاوشێوەی پارتی‌و یەکێتی نەیانتوانیوە تا ئێستا ھەماھەنگی لەنێوان یەکتری بکەن، ئەگەرچی چەند لایەنێک ھەوڵیانداوە بۆ لێکنزیکبوونەوە، بەڵام ئێستا چوار لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن (ھەڵوێست ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵ) ھیچ جۆرە ھەماھەنگێکیان نەبووە بۆ چوونە بەغدا.

 

د.غالب محەمەد، کاندیدی دەرچووی ڕەوتی ھەڵوێست ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بۆ بەشداریکردن لەحکومەتی داھاتووی عێراق کۆمەڵێک خاڵیان دیاریکردووە کە پەیوەستە بەژیانی ھاوڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند لایەنی عێراقی داوای دانوستانیان کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە بەلایەنە عێراقییەکانمان راگەیاندووە دوای پەسەندکردنی ھەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە ئەوکاتە ئێمە دانوستانی خۆمان دەکەین، بەڵام ئێمە لەگەڵ پارتی‌و یەکێتی لەھیچ شتێک نابین بەیەک پاکێچ، چونکە ئەوان بۆ پلە‌و پۆست دەچن بۆ بەغدا، ئەگەر ئەوان لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەی ئێمە بن، ئەوا ھەرێمی کوردستان رزگاری دەبێت لەھەموو نەھامەتیەکان، بەڵام قسەمان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە‌و سەردانیشمان کردوون بۆ ئەوەی ھاوپەیمانیەک دروست بکەین بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، بەڵام تاکو ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە لەگەڵمان دەبن یان نا".

سەبارەت بەپێکھێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، د.غالب وتی "پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی عێراق بەپێی دەستور لەسێ بەشە، یەکەم سەرۆکی پەرلەمان کە پەیوەندیدارە بەسوونەوەو دەبێت رێکبکەون لەسەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە‌و دەنگی لەسەر بدەن ئەگەر نا دەچێتە دەنگدانەوە. دووەم ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە دەبێت نیسابی ٢٢١ کەس تەواو بکات، ئەویش دەبێت کورد لەسەر کەسێک رێبکەوێت، ئەگینا دەچێـتە دەنگدانەوە. سێیەم سەرۆک وەزیران، کە ئەویش شیعەکان کەسێک دیاریبکەن دەنگی لەسەر بدرێت. ھەروەھا تاکو سەرۆکی پەرلەمان‌و سەرۆکی کۆمار دیاری نەکرێت ناتوانرێت سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت ".

 

هەروەها د.عومەر محەمەد پێنجوێنی، کاندیدی دەرچووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان بەئاوێنەی وت "بەداخەوە ناو ماڵی کورد لەئێستادا ترازاوە، ھیچ کاتێک لەماوەی رابردوو ئەوەندە ترازانی بەخۆیەوە نەبینوە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە‌و رەنگیداوەتەوە لەپێکنەھێنانی حکومەت‌و کارانەکردنەوەی پەرلەمان، ئەوەش کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لەھەرێمی کوردستان".

کاندیدە دەرچووەکەی یەکگرتروو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ئەوان داوایان کردووە ھەماھەنگی لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بکرێت‌و ھەوڵشیان بۆ داوە، ئەو وتی "یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەردانی لایەنەکانی کردووە بۆ ئەوەی وردە وردە لێکنزیک بوونەوە ھەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ".

 

هاوکات ئەحمەد حاجی رەشید، کاندیدی دەرچووی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئەو حزبانەی خاوەنی دەسەڵات‌و پارە‌و ھێزن دەتوانن یەکڕیزی دروست بکەن، حزبەکانی تر ھەر دەستپێشخەریەک بکەن لەبەرامبەر پارتی‌و یەکێتی دەستپێشخەریەکەیان لاواز دەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە حزبە گەورەکان دروستیان کردوە، سوونە حزبە خاوەن کورسیەکان ھەماھەنگیان دروست کردووە، ئەو بەئاوێنەیت وت "کاتێک پارتی‌و یەکێتی داوا لەخەڵک دەکەن شەریک بن لەبەغدا، لەھەرێم مەبدەئی شەراکەتیان قبوڵ نیە لەگەڵ ھیچ ھێزێکی سیاسی، ھەربۆیە دواجار ھیچ پڕۆژەیەکی نزیکبوونەوەی ھێزە کوردییەکان سەرناگرێت بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنەوە ".

وتیشی "کورد ٥٧ کورسی لەپەرلەمانی عێراق ھەیە بەتێکڕا، بەڵام پەرتەوازەیە، ھیچ دوو ھێزێکیان پەیوەندیان بەیەکەوە نیە، ھەر بۆیە کاریگەریان زۆر لاواز دەبێت، من دەستم کردووە بەدانوستان لەگەڵ لایەنەکان، سەردانی رەوتی ھەڵوێست‌و یەکگرتووم کردووە، چاوەڕیی وەڵامی نەوەی نوێ دەکەم".

ئاوێنە پەیوەندی کرد بەکاوە عەبدولقادر کاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کەوا ئەوان ناتوانن لەئێستادا لەسەر ھیچ بابەتێک قسە بکەن‌و وتی "تا ئێستا ھیچ کەسمان دیاری نەکردووە بەناوی نەوەی نوێوە لێدوان بدات".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×