ئا: مەزهەر کەریم
دوای تێپەڕینی زیاتر لەسالێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، هێشتا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە تا لایەنی براوە راسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت "ئێستا سەردەمی سەرۆک پاڤڵەو ڕازیینابین بەوەی کە پێشتر روویداوە"، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت "یەکێتی داوای پەنجا بەپەنجاو وەزارەتی ناوخۆ دەکات، ئێمەش بەوە رازی نین".
محەمەد تەھا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکێتی سەبارەت بەهۆکاری بەشداری نەکردنیان لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە ئاوێنەی وت "ئێمە دەمانەوێت رێڕەوی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان راست بکەینەوە، نەوەک حکومەتێکی ناھاوسەنگ بێت وەک حکومەتەکانی پێشتر، کە وەزارەتێکمان ھەبوو تەنیا وەزیرەکەی ھی یەکێتی بوو، ئێمە دەمانەوێت ئەمجارە حکومەتێک بێت بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی، نەوەک بۆ خزمەتی لایەنێکی دیاریکراو بێت، واتا حکومەتی داھاتوو دەبێت بەشێوەیەک بێت خزمەتی سنووری سەوزو زەردیش بکات، بەیەکچاو خزمەتی ھەمووان بکات".
وتیشی "ئێستا سەردەمی سەرۆک پاڤڵە، جیاوازە لەھەموو سەردەمەکانی دیکە، بۆیە ئێمە بەوە ڕازیی نابین کە پێشتر روویداوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێک لەئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، "وەزارەتی ناوخۆ"یە، یەکێتی داوا دەکات ئەم وەزارەتە وەربگرێت، بەڵام پارتی ئامادە نییە ئەم وەزارەتەی بداتێو بە"ئیستیحقاقی" خۆی دەزانێت.
بەختیار حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی، بەئاوێنەی وت "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی پەرلەمانمان ھەیە، کۆبونەوەمان لەگەڵ زۆربەی حیزبەکان کرد بۆ پێکھێنانی حکومەت، وتیان ئۆپۆزیسیۆن دەبین، تەنیا یەکێتی نیشتمانی کوردستان مایەوە کە لەگەڵیان رێکەوتین، بەڵام لەناوەرۆکدا یەکێتی داوای پەنجا بەپەنجاو وەزارەتی ناوخۆش دەکات، لەکاتێکدا ئێمە ٢٢ وەزارەتمان ھەیە، یەک وەزارەت بۆ پێکھاتەکان، ٩ وەزارەتی بۆ یەکێتی، ١١ وەزارەتی بۆ پارتی، بەڵام ئەوان بەوەش رازیی نابن، ئێمەش بەوە رازی نین کە وەزارەتی ناوخۆیان بدەینێ، چونکە بەئیستیحقاقی خۆمانی دەزانین".
وتیشی "بەڵێنی یەکێتی وەھابوو دوایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشداریی حکومەت بکەن، تا دەنگی زیاتر بھێنن خەڵکی تۆڵەیان لێنەکاتەوە، بەڵام دوایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەھاتنە پێشەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتو کاراکرنەوەی پەرلەمان، یەکێتی داوای وەزارەتی ناوخۆش دەکات، ئەمەش دەبێتە پەنجا بەپەنجا، ئەوکات رێز لەدەنگی خەڵک ناگیرێتو ھەڵبژاردن بەھای نامێنێت، ئەگەر ھەر پەنجا بەپەنجاکەی جاران بێت".
جگە لەیەکێتیو پارتی، کە ئامادەییان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەربڕیوە، هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە کە بەشداری لەحکومەتی نوێدا ناکەنو دەبنە ئۆپۆزیسیۆن.
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان بەئاوێنەی وت "ئێمە دەستپێشخەریمان کردووە لەپێناو ئەوەی ئەو پچڕ پچرییەی کورد لەبەغداو ناکۆکی پارتیو یەکێتی دەستکەوتەکانی کورد لەبەغدا نەکات بەقوربانی، کە ئەوەی دەبینرێت شیعەو سوننە ناوماڵی خۆیان رێکخستووە، پێویستە کوردیش بەیەک بەرنامەو بەیەک قسە بچینە بەغدا، ناکرێت وڵاتێکی بێ حکومەتو بێ پەرلەمانمان ھەبێت، دەبوو پەرلەمانی کوردستان خاڵی کۆکەرەوەی ھەموولایەنەکان بوایە، بۆ ئەوەی لەبەغدا یەک دەنگو یەک قسە بین".
وتیشی "گرفتی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەیە ئێمە ٧ کورسی پەرلەمانمان ھەیە، بەھەموو ئۆپۆزیسیۆن ٣٠ کورسیمان ھەیە، بۆیە ناتوانین ھەنگاوێکی گەورە بنێینغو پەرلەمان کارا بکەینەوە، ئەمە دەکەوێتە ئەستۆی پارتیو یەکێتی تا پەرلەمان کارا بکەنەوە، هەڵەن کە لەبەر شەڕێکی مێژووی خۆیان لەم دۆخە ناسکەی ھەرێمی کوردستان، دەستی یەکتر بشکێننەوەو قۆڵی یەکتر با بدەن".
لەبارەی ئەوەی ئایا بەشداریی لەپێکهێنانی حکومەت دەکەن یان نا وەک یەکگرتوو، مستەفا عەبدوڵا وتی "بڕیاری سەرکردایەتی یەکگرتووە کە بەشداریی کابینەی دەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەکەین، لەمبارەوە ھیچ گفتوگۆیەکمان نەکردووە، ھیچ لایەنێکیش لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ یەکگرتوو نەکردووە".
هەروەها عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پێکنەھێنانی حکومەتو کارا نەکرنەوەی پەرلەمان، بەئاوێنەی وت "پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی سێ ساڵ، وادەکات حکومەتی ھەرێم مەرجەعی باڵای نەمێنێتو دەسەڵاتێک نەمێنێت چاودێری دەسەڵاتەکان بکاتم لەمەشەوە بۆشایی یاساییو دەستووری دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتو سەرۆکی ھەرێم ماوەی سێ ساڵە کاربەرێکەرن، ئەمانەش بوونەتە ھۆی ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕووی بنەماکانی حکومڕانیەوە تەواو تەواو لاواز بکات".
وتیشی "لەئێستادا حکومەتی ھەرێم لەبەردەم وڵاتانو ھەموو لایەنە دەرەکیو ناوخۆیەکاندا بەلاواز دەبینرێتو سەرەنجامیش ھیچ دەسەڵاتێکمان نیە لەکوردستان ئاگاداریی ئەم ھەموو داھاتە بێت لەکوردستان ھەیە یان خەرجیەکانی حکومەتی ھەرێم چەندەو حکومەتش پابەند بکات لەپێناو خزمەتکرنی خەڵکو پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا رێکبخاتو بزانرێت مووچە بۆچی لەکاتی خۆیدا نادرێت، داھاتی خاڵە سنووریەکان چی لێدێت، بەرپرسیاری جدیی رووبەرووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە زۆرینەن لەپەرلەماندا، دەبوو پەرلەمانتار ئەم دۆخەی ئێستای پەرلەمانی قبووڵ نەکردایە کە پەرلەمان داخراوە".
ناکۆکییەکانی نێوان پارتیو یەکێتی سەبارەت بەچۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتو دابەشکردنی وەزارەتەکان، دۆخێکی وای دروستکردووە کە پەرلەمانیش پەکبخرێت، تەنانەت هۆڵی پەرلەمانیش بەڕووی پەرلەمانتاراندا دابخرێت.
سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەرەوتی ھەڵوێست، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ماوەی ساڵێک تێدەپەرێت بەسەر سوێندخواردنماندا لەپەرلەمانی کوردستان، بەڵام ھیچ کردەوەیەکی راستەقینەمان نەبووە لەچوارچێوەی کاری پەرلەمانتاریی، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریە، ھۆڵی پەرلەمان داخراوەو ھەر نایەڵن بچیتە ژوورەی ھۆڵی پەرلەمانو سەرێکش بدەیتو بزانیت چی دەگوزەرێت، ئەمەش بۆ ئەو ھەوڵانەی پارتیو یەکێتی دەگەڕێتەوە کە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا دەرگایی پەرلەمانیان داخستووە".
وتیشی "داخستنی دەگای پەرلەمان مێژوویەکی دووری ھەیە، ئەگەر بەبیرمان بێت لە خولی پیشووی پەرلەمان ئەم کێشەو ملمڵانێیە بەزەقی دەبینرا کە پارتیو چەند حیزبێک پەرلەمانیان کارا کردو دواتر یەکێتی چووە ژێربار، واتە ئەم کێشەیە رابردوویەکی قوڵی ھەیە کە کۆمەڵێک پۆستو وەزارەت ھەیە پارتیو یەکێتی شەڕی لەسەر دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی دەرەکی کاریگەریی لەسەر کارا نەکرنەوەی پەرلەمان ھەیە، بۆ ئەمەش پێویستەو دەبوو جگە لەپارتیو یەکێتی ھەموو فراکسیۆنەکان ھەموومان یەک بینو بچینە بەردەم دەرگای پەرلەمانو داوای کاراکرنەوەی بکەین کە تەمەنا دەکەم ئەوە بکرێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات