خودئەڤینترین کەسانی جیهان لەکام وڵاتاندا دەژین؟
  2025-12-16       901       

ئا: ئاوێنە

 

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر 45 هەزار کەس ئەنجامدراوە، هاوڵاتیانی ئەڵمانیاو عێراق لەڕیزی یەکەم‌و دووەمی لیستی خودئەڤینترین‌و نێرگسیترین وڵاتانی جیهاندان.

توێژینەوەیەکی مەیدانی بەرفراوان کە لەسەر ٤٥ هەزار کەس لە ٥٣ وڵاتی جیهاندا ئەنجامدراوە، راستییەکی چاوەڕواننەکراوی ئاشکرا کردووە: ئەمریکا لەڕیزی ٥ وڵاتی خودئەڤین‌و نێرگسی سەرەکی جیهاندا نییە، بەڵکو وڵاتێکی وەک عێراق لەترۆپکدایە کە ڕەنگە پێشبینیت نەکراو بووە، ئەمریکا لەپلەی ١٦ی جیهاندایە.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ویلایەتی میشیگان، ئەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین تێکڕای نمرەی نێرگسییان هەیە بریتین لە:

ئەڵمانیا

عێراق

چین

تورکیا

کۆریای باشوور

لیستەکە ئەوە دەردەخات کە نێرگسییەت دیاردەیەکی تەنیا ڕۆژئاوایی یان تاکگەرایی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە کولتوورە بەکۆمەڵگەراییەکاندا هەیە.

لەکۆتایی لیستەکەدا ئەو وڵاتانە هەن کە خەڵکەکەیان کەمترین ئەگەری شانازیکردن و خودئەڤینییان هەیە، ئەو ٥ وڵاتەی کەمترین نمرەی نەرگسییان هەیە بریتین لە:

سربیا

ئێرلەندا

بەریتانیا

هۆڵەندا

دانیمارک

توێژەران خودئەڤینییان بەسەر دوو جۆردا دابەشکردووە: "ستایشکاری خود" (من موهیمم)و "کێبڕکێکار" (دەبێت ئەوانی تر شکست پێبهێنم).

یەکێک لەخاڵە سەرنجڕاکێشەکان لەسەرانسەری هەر ٥٣ وڵاتەکەدا کاریگەری تەمەن و ڕەگەزە. توێژەران دەڵێن "گرنگ نییە خەڵکی کوێیت، گەنجان لە هەموو شوێنێکی جیهان لەکەسانی بەتەمەنتر نێرگسیترن، پیاوانیش نمرەی بەرزتر لەژنان بەدەستدەهێنن".

هەروەها توێژینەوەکە بیرۆکەیەکی هەڵەی دیکە پووچەڵ دەکاتەوە، کە پێشتر وا بیردەکرایەوە نێرگسیزم لەکولتوورە بەکۆمەڵگەرییەکاندا کەمترەو بەرژەوەندییەکانی گرووپ لەپێش تاکەوەیە. بەڵام بوونی وڵاتانی وەک چین و کۆریای باشوور لە سەرووی لیستەکەدا ئەوە دەردەخات کە تەنانەت لەم کۆمەڵگایانەشدا ڕەفتاری خۆسەنتەری سەرکوت ناکرێت.

جگە لە ڕۆشنبیری، ئابووریش ڕۆڵی هەیە. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی لەو وڵاتانەدا داهاتیان زیاترەو لەچینی کۆمەڵایەتی باڵاترن، بەگشتی زیاتر نێرگسیترن، چونکە هەست بە باڵادەستی و شایستەتربوون دەکەن لەوانی تر.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×