ئەوانەی پەردەی کچێنی لەدەستدەدەن بۆ تیمارکردنی ئازارەکەیان سەردانی پەرستارە مامانەکان دەکەن
ئا: ئیمان زەندی
کۆمەڵگەی کوردەواری وەک زۆرێک لەکۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان، پەردەی کچێنی بەکۆدی ئەستۆپاکی کچان دادەنرێت بۆ هاوسەرگیریی، هەندێکجار کجان بەناوی خۆشەویستییەوە بەر لەهاوسەرگیریی پەردەی کچێنی لەدەسدەدەنو دەبنە قوربانی، پارێزەرو چالاکوانێکی مافی ژنان دەڵێت "لەدەستدانی پەردەی کچێنی بەداخەوە بووە بەدیاردە".
شەش جۆر پەردەی کچێنی هەیە، ئەوانیش جۆری لاستیکی، قەپات، مەتاتی، زۆر بچوک، بەرین، شەبەکی، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاوێنە ئەو پەردانە کێشەی کۆمەڵایەتی دروستدەکەن کە مەتاتیو لاستیکینو خوێن نابینرێت.
لەدەستدانی پەردەی کچێنی پەرەیسەندووە
د.عەتیە حەمەسەعید، پزیشکی نەخۆشییەکانی ئافرەتانو منداڵبوونو نەزۆکی لەلێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بەلەدەستدانی پەردەی کچێنی بەئاوێنە دەڵێت "٥٤ ساڵە کاری پزیشکی دەکەم، لەساڵی ١٩٩١ یەک بۆ دوو کەیسمان هەبوو ئەویش سکپڕبووە، لەساڵی ٢٠٠٢ لەدەرەوە گەڕامەوە بینیم دۆخ گۆڕاوە، بەڵام بێدەنگیمان لێکردووە تاوەکو نەبێتە هۆی کوشتنی خانمەکان".
سەبارەت بەهۆکاری ئەو حاڵەتانەش، د.عەتیە ئاماژە بەوەدەکات، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی مۆبایلو ساتیە سێکسییەکان، لەدەستدانی رێژەی پەردەی کچێنی زۆربووە، ئەو وتی "لەماوەی ١٠ ساڵدا کە چاودێرم، ١٢ هەزار نەخۆش لەلام تۆمارکراوە نزیکەی ٢٨ کچیانم بینیوە پەردەی کچێنی نەماوە، تیاشیدا بووە سکپڕبووە، کە پرسیارم لێکردووە هەندێکیان دانیان پێداناوەو هەندێکیش نەخێر؛ بەڵام ئێمە بەڕووکەش دەیانناسینەوە".
ئەو پزیشکی ئافرەتانە گلەیی لەحکومەتی هەرێم دەکاتو باس لەوەدەکات کەلە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راوێژکار بووە، چەندین نوسراوی کردووە کە چۆن ئەو کەیسانە کەمبکرێتەوە، بەڵام "پەڕەکانمیان هەمووی دڕاندووەو پیشانی سەرۆکوەزیرانیان نەداوە کە بوومە ٦٣ ساڵیش وتیان بڕۆ. ١٤ ساڵە دەرکراوم لەئەنجومەنی وەزیران، کورد لەگەڵ خۆیو دڵسۆزانو رۆشنبیرانی پاک نییە".
لەبارەی ئەوەی تاچەند پەردەی کچێنی کۆدی ئەستۆپاکی کچانە بۆ هاوسەرگیریی؟ ناوبراو وتی "مەرج نییە هەموو کچێک خوێن ببینێت، چونکە دروستبوونی پەردە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە لەسەدا ٢٠ی کچان خوێن نابیننو کچیشن، بەڵام تائێستا پەردەی کچێنی کۆدی خانمانە بۆ هاوسەرگیری. دوورینەوەی پەردەی کچێنیش تەنیا بۆ پارە پەیداکردنە، ئەگینا لەرووی زانستەوە بنەمای نییە".
"کوڕان کاتێک دەزانرێت سێکسی کردووە کە نەخۆشی گوازراوەی هەڵگرتبێت"
د.دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەریو مامۆستای زانکۆ لەرووی زانستییەوە لەبارەی پەردەی کچێنییەوە بەپەیامنێری ئاوێنەی وت "کۆرپەلە لەمنداڵدانی دایکیدا لەگەڵ کۆئەندامی زاوزێی مێینیەوە پەردەی کچێنی بۆ دروستدەبێت، هەروەها تەمەن دیارینەکراوە بۆ نەمانی پەردەی کچێنی یاخود (هایمن). ئەو کوڕانەی دەستدرێژی دەکە نەسەر کچان؛ ئێمە بەهیچ جۆرێک سکاڵا ناکەین لەبەرئەوەی پزیشکینو خاوەن حاڵەت نیین".
سەبارەت بەوەی پزیشکی دادوەری چۆن کەیس وەردەگرێت؟ د.دیلمان وتی "کاتێک کێشەی ژن یان پیاو دێتە پزیشکی دادوەری کەلە دادگاوە یان لێکۆڵەری داد یاخود پۆلیس هەروەها لایەنی پەیوەندیداریش؛ ڕەوانە بکرێت وەریدەگرین، هەروەها راپۆرتی پزیشکی سەرەتایی بابەتێکی ترە لەتەواری دەکرێت بۆ حاڵەتی زەبر ئەوەش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی مافی نەخۆش".
ناوبراو ڕای وایە کە بۆ ئەوەی هۆشیاری بگاتە کۆمەڵگا دەبێت "لەئەهلی پسپۆرەوە بگاتە دەست خەڵک". هەروەها وتیشی "لەرووی سۆزدارییەوە دەبێت کچەکان بەبەهێزییەوە پەروەردە بکرێت، زۆر پێویستە دایک ببێت بەهاوڕێی نزیکی کچەکەی، هەروەها فێریبکات بڕوانامەو ئابووری سەربەخۆ پشتو پەنایەتی، بەپێی ئەزموونو گەڕانەکانم خێزان رۆڵی سەرەکی هەیە لەژیانی کچو هەر ئافرەتێکدا".
دەربارەی ئەوەی ئایا دەردەکەوێت کوڕان سێکسیان ئەنجامدابێت؟ د.دیلمان ئاشکرایکرد "دەرناکەوێت تا ئەوکاتەی نەخۆشی گوازراوەی سێکسی هەڵگرتبێت، ئەوەش بەڵگەیە کە ئەگەری هەیە سێکسی ئەنجام دابێت، بەڵام لەڕێگەی هۆڕمۆناتەوە بزانرێت تاوەکو ئێستا شتی لەوجۆرەم نەبیستووە".
هاوکات ئەوانەی پەردەی کچێنی لەدەستدەدەن بۆ تیمارکردنی ئازارەکەیان سەردانی پەرستارە مامانەکانیش دەکەن، خانزاد محەمەد، پەرستارو راهێنەری مامانی لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا باس لەوەدەکات، حاڵەتەکانی نەمانی پەردە بۆ لای مامانەکان زۆربووە، عثص صفغ "لەلای ئێمەی مامان هیچ پەردەیەک نادورێتەوە، تا بێت ئەو دیاریدەیە رێژەکەی بەرزدەبێتەوەو مانگانە نزیکەی ٣ بۆ ٥ کەیسمان هەیە".
پارێزەرێک: کوڕان بەناوی هاوسەرگیرییەوە پەردەی کچان نەهێڵن، سزای هەتاهاتیی دەدرێن
شۆخان ئەحمەد، پارێزەری راوێژکارو کوشتنی کەیسەکانی ژنان لەرووی یاساییە بەئاوێنەی وت "ئەو کەسەی کچێک هەڵدەخەڵەتێنێت بەبەڵێنی هاوسەرگیریو پەردەی کچێنی لەدەستدەدات، بەپێی ماددەی ٣٩٣ـی یاسای سزادانی عێراقی بەزیندانی هەتاهەتایی یاخود کاتیی لەپێنج ساڵ بەرەو ژوور سزا دەدرێت، ئەو کەسەشی خوار تەمەن ١٨ ساڵە تەنانەت بەڕەزامەندی خۆشی بێت کوڕەکە هەر بەتاوانبار هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر لەکەسە نزیکەکانی خۆی بوو بەهەمان شێوە سزاکەی قورس دەبێت، بەڵام ئەگەر کارمەند یان فەرمانبەرێک بێت ئەوە سزاکەی لەوانی دیکە قورسترە".
ئەو زیاتری وت "کوشتن بەناوی شەرەفەوە بەپێی ئەو یاسایانەی هەموارکراونەتەوە هیچ لێخۆشبونێک نایگرێتەوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ بەزیندانی هەتاهەتایی یاخود سێدارەدان سزادەدرێت، بەڵام لەشارەکانی دیکەی کوردستان ئەم ماددەیە تاوەکو ئێستا هەموارنەکراوەتەوە ئەویش دەبێتە پاساوی سوککردنی سزاکەی".
بەوتەی شۆخان ئەحمەدی پارێزەر بێت، کوشتنی ژنان بەپاساوی شەرەف رێژەکەی "زۆر" بەرزبووەتەوە، کەلە ساڵێکدا ٥٠ بۆ ٦٠ ژن دەکوژرێت، ناوبراو دەشڵێت "بەڵام ماوەیی دوو ساڵە ئامارەکان بڵاوناکرێتەوە لەسەر پەردەی کچێنیو کوشتن لەسەر شەرەف ئەویش بەهۆی نهێنی کەسەکان و کێشەی کۆمەڵایەتی".
راشیگەیاند "سکاڵا لەسەر گێچەڵی سێکسی زۆر کەمن، زۆرجار بەسوڵحی عەشائیری لەدەرەوەی دادگاکان چارەسەردەکرێتو زۆرجار کچەکان هەڕەشەیان لێدەکرێت تاوەکو سکاڵا تۆمارنەکەن".
کوشتن بەناوی شەرەفەوە زیادیکردووە
رێزان شێخ دلێر، پارێزەرو چالاکوانی مافی ژنان لەسەر پەردەی کچێنی بەئاوێنەی وت "لەدەستدانی پەردەی کچێنی بەداخەوە بووە بەدیاردە، چونکە ئێستا کچانو کوڕان زیاتر دەتوانن یەکتری ببیننو ئاسانکاری زۆرە، هەروەها بۆ ئەوەی کچان متمانە بەکوڕەکە بکەن بەڵێنی هاوسەرگیرییان پێدەدەن، ئێمە کەیسێکی زۆرمان هەیە لەوبارەیەوە".
لەبارەی بەکۆدکردنی پەردەی کچێنیشەوە، رێزان هێما بۆ ئەوەدەکات، لەوکاتەوەی "ئایینەکان" هاتوونەتە خوارەوە پەردەی کچێنی بووەتە 'کۆد'، سەبارەت بەکوشتن بەناوی شەرەفیشەوە ئەو دەڵێت "هەندێکجار ژنێک پرۆسەکەشی ئەنجامنەداوە، بەڵکو پەیوەندیەکی یاسایی ئەنجامداوە کوژراوە، لەمانگێکدا نزیکەی ٣ بۆ ٤ ژن دەکوژرێت لەسەر شەرەف".
ناوبراو دوو کەیس بۆ ئاوێنە باسدەکاتو دەڵێت "کەیسمان هەبووە گەیشتووەتە جینایەتو ١٨ ساڵی تەواو نەکردبوو کەیسەکەش خۆشەویستی نەبوو، بەڵکو دەستدرێژی کرابوەوە سەری، تەنانەت لەرێگەی دادگاکانیشەوە دراوە بەو کوڕەیەو تاوەکو سێ ساڵ لەلای بوو بەڵام زۆر بۆی خراپ بووە؛ دواتر تەڵاقیداوە، کەیسیشم هەبووە کەلەڕێگەی خۆشویستییەوە سێکسیان کردووە کوڕەکە وتبووی من ئارامدەگرم لەزیندان، بەڵام نامەوێت ئەو کچەیە بخوازمو منداڵەکەشم ناوێتو نایکەم بەناوی خۆمەوە، تەنانەت پشکنینی DNAـیشمان بۆ کرد منداڵەکە هی ئەو پیاوە بوو، بەڵام لەکۆتایدا مارەی نەکرد".
"ئەوپەڕی نەنگییە بەچەند دڵۆپێک بڕیار لەپاکیزەیی خانمان بدرێت"
کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی بواری ژنانو توندوتیژی دژی خێزان لەلێدوانێکدا بەئاوێنەی وت "بوونی پەردەی کچێنی لەکۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو کۆدی کچێتی هەژمار دەکرێت، کوردیش وەکو هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەقلیەتی خێڵەکی زاڵە بەسەر بیرکردنەوەیاندا بەهەمانشێوە. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر هزری خەڵکدا هاتو بەکارهێنانی تۆڕەکان زیادبوو؛ ئەو بابەتە جدیاتی نەما".
وتیشی "ئەوپەری نەنگییە بەبینینی چەند دڵۆپێک خوێن یان نەبینینی بڕیاری پاکیزەیی بدرێت. هەروەها پەیوەندییەکان گەیشتووەتە ئاستی هەڵخەڵەتاندن بەناوی هاوسەرگیرییەوە کچ ئەبێت بەقوربانی دەستی نێرێکی بێویژدان کە خاوەنی ئەقڵییەتێکی پیاوسالارو بێمۆراڵە".
ئەو چالاکوانە ئامارێکی مەترسیدار ئاشکرادەکاتو دەڵێت "کوشتنی ژنان بەناوی شەرەفەوە زۆر لەزیاد بووندایە، لەچالاکییەکانی ١٦ رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی؛ ئامارێکی نافەرمی خرایەروو کەلە ١١ مانگدا ٥٣ ژنو کچ کوژراون".
مامۆستایانی ئاینی لەدەستدانی پەردەی کچێنی دەپۆشن
زەید دوزتەپەیی، قوتابی ماستەر لەفقهی ئیسلامی، بەئاوێنەی وت "زانستی پزیشکی زۆر پێشکەوتووە کە دەتوانرێت (پەردەی کچێنی) دابنرێتەوە وەکو چۆن دڵو پەنجە دادەنرێتەوە، ئەگەر کچەکە بەهۆی زەڕبەوە یاخود نەشتەرگەری پەردەی کچێنی لەدەستدابێتو شاهید هەبێت، لەرووی شەرعەوە ئەگەر پەردە لەرووی زانستییەوە بدورێتەوە؛ جائیزە، ئەویش بەنوسراوی پزیشک، بەڵام ئەگەر بەئارەزوومەندانە بێت دروست نییەو غەشە بۆ زاوا".
مامۆستا دوزتەپەیی نمونەیەک دەگێڕێتەوەو دەڵێت "لەچەند ساڵی ڕابردوودا بوکوزاوایەک هاتنەلام بەناوی (بەزاوا نەبوون)، پاشان لەگەڵیان دانیشتنم زانیم بوکەخان گرفتی چیە! بۆیە هاتم بەڵێنم وەرگرت لەزاوا بۆ گوێڕایەڵکردن، دوای وتمە؛ بوکەخان تۆ گرفتت لەدەستدانی کچێنییە؟ دواتر دانیپێداناو داوام لەزاواکرد رەزامەندی بداتو بۆی پەردەپۆش بکات، سوپاس بۆ خودا ئێستا ژیانێکی بەختەوەر دەبەنەسەر".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات