ئا: شیلان محەمەد
لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا، چەندین گروپی داخراوی تایبەت بەکچانی تەمەن ١٥ ساڵ تا ٥٠ ساڵ هەن، کە زۆرجار باسی نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیان دەکەن، خوێندکاری دکتۆرا لەپسپۆری پەیوەندییە گشتیەکان دەڵێت "ئەم گروپە داخراوانە کار لەسەر تێکدانی کلتورو ئادابو نەریتی کۆمەڵگاو بەخراپ ئاڕاستەکردنو بەکارهێنانی کچانو ژنان دەکەن".
"کچانی ئەو گروپانە هەموو زانستو پێشکەوتنیان، خۆ جوان کردنە!"
بانوی تەمەن ٣٢ ساڵ، ئەندامێکی ئەو گروپە داخراوانەیەو ماوەی زیاتر لەساڵێکە بەوردی چاودێرییان دەکات، هۆکاری چونە نێو گروپەکانیشی ئەوە بووە ویستویەتی بزانێت کچان کێشەیان چییە، بانو کچێکە دوای دنیای پەمەییو جوانیو فیلەرو بۆتۆکسو دانانی پەیوەندی خۆشەویستی نەکەوتووە، بەپێچەوانەوە دەیویست کاتێک کێشەیەکی تووش دەبێت دوور لەلایەنی هەستو سۆز وەڵامی بدرێتەوە لەو گروپەدا، ئەو بەئاوێنەی وت "تاوەکو ئێستا یەکجار لەو گروپە پۆستم کردووە، ئەویش لەسەر ئەوە بووە چۆن بزانم هاوسەری داهاتوم ڕەزیلە؟ زۆرێک لەکۆمێنتەکان کە بۆ پۆستەکەم هاتبوون سوودبەخش بوون بۆم".
وتیشی "بەڵام ئەوەی تێبینیم کردووە کەسانێک هەن لەو گروپانە زۆر بەتاڵن، وەک ئەوەی کێچێک دەکەن بەگایەک، دەبینیت شتی وا پڕوپوچ هەیە کە کچ گەورەی دەکات مێشک باوەڕ ناکات، تەنانەت وایان لێهاتووە گەر پرسوڕا بەئەندامانی گروپ نەکەن ناتوانن سەنتەرێک بدۆزنەوە گوێچکەی لێ بسمن! هەندێک کچی تیایە بەهۆی ئەم پۆستانەوە دەچێت خۆی ئەخاتە بەر چەقۆ".
بانو ئاماژە بەوە دەکات کە کچ هەیە لەهەموو تەمەنیدا بیری لەجوانکاریی لوت نەکردۆتەوە، لەڕێگەی ئەم گروپەوە هەستاوە وەک چاولێکەریی جوانکاری لوتی کردووە، ئەو وتی "کارێکی چەوتی دیکەی ئەم گروپانە ئەوەیە کچان فێری خۆشەویستی لابەلا دەکاتو لەهەمانکاتدا کچان ئاگادار دەکەنەوە چۆن لەخۆشەویستە خراپەکانیان ڕزگاریان ببێت، کچان دنیای مۆدێرنە کەلەپچەی کردوون بەجۆرێک هەموو ژیانو پێشکەوتنیان یەکسان کردووە بەجوانی، پێشکەوتنی کچان جوانییە، پێستێکی سافە، فیلەرو بۆتۆکسە، ڕەنگکردنی قژو سوراوێکە کە نرخی ١٥ هەزارە، نەک زانستو زانیاریی".
وتیشی "دنیای کچان وایلێهاتووە زۆر ئاساییە پەردە لەدەست بدات، تەنها بۆ ئەوەی بەخۆشەویستەکەی بگات ، دنیای کچان وای لێهاتووە لەنێو ئەم گروپانە قێز لەماڵی دایکو باوکی دەکاتەوە، قێز دەکاتەوە لەماڵی باوکی بێت، ئازادی ئەوەیە کە لەدەرەوە بێتو نەگەڕێتەوە ماڵەوە، کچ وایلێهاتووە دەڵێت ئەگەر زانکۆ تەواو بکەم دەچمەوە بۆ کولانەکەی ماڵی باوکم ! بیری چۆتەوە کە ئەم کولانەیە نانی پێداوە، فێری پەروەردەی کردووە، شەرم و ئابڕووی پاراستووە، فێری زانستو رەوشتی کردووە".
بانو باس لەوە دەکات گروپەکە لەتەمەنی ١٤ ساڵەوە تیایەتی تاوەکو تەمەنی ٥٠ ساڵ، ئەو وتی "٥٠ ساڵەکە ئامۆژگاریت دەکاتو ١٤ ساڵەکە بەدوای ئەوەن جێبەجێی بکەن، ١٨ ساڵەکانیش بەدوای ئەوەن چۆن خۆیان بەناوبانگ بکەن، ٢٠ ساڵەکانیش بەدوای ئەوەن چۆن هاوسەرگیری بکەن، ٣٠ ساڵەکانیش بێهیوا بوون لەوەی هاوسەرگیری بکەن".
وتیشی "ئەو گروپانە جگە لەئیفلیج بوونی ئەقڵی کچ کە وایکردووە جیابوونەوە زۆر ببێت، هیچ سودێکی دیکەی نەگەیاندووە ، من خەریک بوو مێشکم ئیفلیج ببێت، خۆم پاراست، کچانی ئەو گروپانە ئەوپەڕی زانستو پێشکەوتنیان خۆ جوان کردنە!".
"ئامانجمان سوودگەیاندن بووە بەیەکتر"
ئەژین، ئادمینی یەکێک لەگروپە داخراوەکانی کچانە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئامانجمان لەدانانی گروپەکە، سوودگەیاندن بووە بەیەکتر، لەبەرئەوەی ئافرەت ناتوانێ لەهەموو شوێنێک پرسیار بکات، پرسیار لەهەموو کەسێک بکات، لێرە هەرچیەکیان پێوویست بێت پرسیار دەکەن لەسەریو وەڵام وەردەگرن، لەبابەتی خواردن بێت یان ئارایشتگاو هەندێک بابەتی تەندروستیو باسکردنی هەندێک کێشەو وەرگرتنی ڕای یەکتر".
سەبارەت بەو بابەتانەی پۆست دەکرێن، ئەو وتی "٩٠٪ بابەتی بەسوودە، تەنانەت کاری خێرخوازی تیا دەکرێت، زۆرکەس لەڕێی گروپەوە لەبارودۆخی ناخۆشی ژیانیان دەرچوون، یان زۆرینەی کچە گەنجەکانمان لەهەڵە گەڕاونەتەوە بەهۆی کۆمێنتی ئەندامەکانەوە، کاتێک پرسو ڕایان کردووە ڕێگا ڕاستەکەیان بۆ داناون".
وتیشی "وەک گروپی ئێمە بەهیچ جۆرێک ئەدمین پۆستی نەشیاو ناکات بۆ ئەکتیڤ، چونکە هیچ پێویستمان بەئەکتیڤ نەبووە، بەپێچەوانەوە بەئەکاونتی ئاشکرای خۆمان پۆستی باشو بەسوود و ئامۆژگاری دانراوە".
"ئەم گروپانە لایەنی باشو خراپییان هەیە"
هێمن کامیل، توێژەری کۆمەڵایەتیو خوێندکاری دکتۆرا لەکۆمەڵناسی، ئاماژە بەوە دەکات ئەو گروپانەی کە تایبەتە بەژنانو کچان لەکوردستان دیوێکی باشو دیوێکی خراپی هەیە، ڕووە باشەکەی ئەوەیە کاتێک کەسێک کێشەیەکی هەیە دەتوانرێت بەناوێکی خوازراوەوە کێشەکەی بخاتە ڕوو، ڕەنگە ژمارەیەک ڕێنماییو ئامۆژگاری باشی دەستبکەوێت، کە لەوانەیە ئەم کەسە نەتوانێت لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆی
گفتوگۆ لەسەر کێشەکەی بکات، بەهەر هۆکارێک بێت، ئەو وتی "بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە کە هەندێک جار کەسانی نابەرپرسیار لەو گروپانە هەن، کەسانی پەروەردە خراپ لەو گروپانە هەن، کە نەک نابنە سەرچاوەی چارەسەر کردن بەڵکو دەبنە سەرچاوەی گەورەکردنی کێشەکەت، جا بۆ ئەوەی بەهەلی بزانن وەک نێچیرێک بێنە نێو ژیانی تایبەتیتەوە، یان لەوانەیە بەهۆی ڕێنماییو ئامۆژگارییە نابەرپرسیارێتییەکانیان کاریگەری خراپیان لەسەرت هەبێت، باشتر وایە ئەو کەسانەی کێشەیەکیان هەیە لای کەسێکی ناسراوی متمانەپێکراویان کێشەکەیان بخەنە ڕوو".
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕەنگە هەندێکجار لەنێو ئەو گروپانەی تایبەتە بەکچانو ژنان، ڕەگەزی بەرامبەر واتە کوڕانو پیاوان بەناوی کچانەوە لەوێ بن، کە ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەسەرچاوەی کێشەکان، هەندێکجاریش دوور نییە دامەزرێنەری گروپەکان پیاو بن، بۆ مەبەستێکی تایبەت ئەو گروپانەیان دانابێت، ئەو وتی "پێویستە ئەو کەسانەی ئەو گروپانە دەبەن بەڕێوە، هەموو کەسێک وەرنەگرن لەو گروپانە، بەدواداچوون بۆ ئەندامەکانیان بکەن، گەر کەسێکیش گروپەکەی بەخراپ بەکارهێنا لەئەندامێتی دەریبکەن".
"گروپە داخراوەکان تێکدانی کلتورو ئادابو نەریتی کۆمەڵگایە"
ڤیان عمر خدر، خوێندکاری دکتۆرا لەپسپۆری پەیوەندییە گشتیەکان، بەئاوینەی وت "لەنێو زانکۆکان یاخود قوتابخانەکان کە ئێستا هەندێک لەقوتابخانەکانیش بەتێکەڵاوی لەکوڕو کچ ماونەتەوە، گرنگ ئەوەیە بتوانن بەها کۆمەڵایەتییەکانو کلتورییەکان بپارێزن، لەسەر بنەمای ڕەوشتو ئیتیکی مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەن، بتوانن ڕێز لەیەکتر بگرنو سنورەکانیان لەنێوان خۆیان نەبەزێنن، جوانییەکان ئەوکاتە دەست پێدەکات لەسنوری بەها کلتوریو کۆمەڵایەتیو ئایینیو ڕەوشتییەکاندا بمێنێتەوە ".
لەبارەی گروپە داخراوەکانی فەیسوکیش، ئەو وتی "ئەم گروپە داخراوانە لەژێر هەر ناوێکدا بێت کە ئێستا زۆر بەربڵاوە، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە لەژیانی هەر یەکێک لەو تاکانەدا هەیە، شتی تێدا بڵاودەکەنەوە، هەندێکیان بەمەبەستەو هەندێکیان بێ مەبەستە، بە هەردوو بارەکەدا لای من کارێکی نابەجێیە، لەبەرئەوەی تۆ باسی بابەتێکی خۆت دەکەیت بۆ کۆمەڵە کەسانێک ڕەنگە ڕۆژێک لەڕۆژان لەنێو بازاڕیش بەلایدا تێنەپەڕیبیت، چ بگات بەوەی ئەو کەسە هاوکاریەکی تۆ بکات لەپێدانی ئامۆژگارییەک، لەلایەکی دیکە دەبێت ئامادەی ئەوەت تێدابێت، ئەو پۆستەی تۆ ئەگەری هەیە کەسێکی نزیکیشت بیبینێت، بۆیە گروپە داخراوەکان جگە لەتێکدانی کلتورو ئادابو نەریتی کۆمەڵگا هیچ شتێکیتر نییە ".
وتیشی "ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لەم بابەتانە بکەین دەبێت هۆشیاریەکی زۆر لەناو خەڵکیدا بڵاوبکرێتەوە".
"ئەم گروپانە مەترسین بۆ کۆمەڵگا"
کارزان جەمال، خاوەنی ماستەر لەدەرونزانی، سەبارەت بەگروپە داخراوەکانی فەیسبووک، بەئاوێنەی وت "لەنێو ئەم گروپانەدا زۆر جار کوڕانو کچان دەکەونە هەڵەوە، لەبەرئەوە مەترسین بۆ کۆمەڵگا، بەتایبەت لەکۆمەڵگای کوردی ئێمەدا کە سانسۆری بۆ هیچ شتێک نییە، لەچۆنیەتی بەکارهێنانی ئەنتەرنێتو سۆشیاڵ میدیا، بەداخەوەش زۆرجار ئەم گروپانە ڕاستی نین، ئەو کەسانەی بەڕێوەی دەبەن کەسانێکن لەدوای هەلدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئەم کەسانە دابنێنو ئیستیغلالیان بکەن، بەهۆی داخراوەیی یاخود کەمی گوێگرتن لەئافرەت، بەدەرفەتی دەزانێت لەو گروپانەدا دەردە دڵ بکات".
وتیشی "بەداخەوە زۆرکات ئافرەت بێ ئاگا کۆمەڵێک شتی ژیانی تایبەتی خۆی باسدەکات، ڕەنگە ئەم نهێنیانە لەڕاستیدا بەهەند وەربگیرێو دژی بەکاربهێنرێتەوە، باسکردنی شتەکانی ژیانی خۆت ئاساییە بۆ ئەو کەسەی متمانەی پێدەکەیت، هاوڕێ یان کەسێکی نزیکت، بەڵام لەو جۆرە گروپانەدا کارێکی خراپە".
"ئەم گروپە داخراوانە پێچەوانەی یاسان"
خالید نەقشبەندی، پارێزەری ڕاوێژکار ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ کە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە گەر پەیجو گروپی خانمان هەستن بەبڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی ژیانیان، ئەگەر بچێتە ئەو بارەی زیانێک بگەیەنێت، ماددەکانی ١و ٢و ٣و ٤ لەو یاسایە دەیانگرێتەوە، ئەو وتی "لەدادگاکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەیسی زۆر هەیە لەم بابەتانە، ئەو کەیسانەی دەگاتە دادگاکان، ئەوانەن کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیانی بەتاکەکان گەیاندووە، بۆ نموونە کەسێک لەڕێگای مۆبایلەوە هەڕەشەی کردووە لەکەسێکیتر، نامەی ناردووە، پەیوەندی کردووە، پۆستێکی کردووە، ئەگەر بگاتە ئەوەی زیان بەکەسەکە بگەیەنێت، ئەوا بە ڕاستەوخۆی ماددەی دوو لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەیگرێتەوە، ئەم یاسایەش سزای دیاری کردووە کە زیندانی کردنە، لەساڵێکەوە دەستپێدەکات تا پێنج ساڵ، یان بەغەرامەیەک لەملیۆنێک کەمتر نەبێتو لەسێ ملیۆن زیاتر نەبێت".
وتیسی "ئەو گروپە داخراوانەی باسی لێوە دەکەن، ئەو پۆستانەی تێیدا بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی یاسایەو یاسا ڕێگا بەم بابەتانە نادات، ئەمانە نهێنیەکانی خەڵکن، زیان بەخەڵکی دەگەیەنێت، ناکرێت بڵاوبکرێتەوە، پێویستە هەموو ئەوانەی کاری لەو شێوەیە دەکەن ملکەچی یاسا بن، داواکاری گشتی لەڕێگای دادگاوە بتوانێت بانگهێشتی هەر کەسێک بکات کە شایستەی سزایەو سزا بدرێت، لەبەرئەوەی تەکنەلۆژیا سامانێکە کە دەبێت لەپێناو خزمەتی کۆمەڵگاو خێزان بەکاربهێندرێت، نەک بۆ ئەوەی لەکەداری بکات".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات