ئا: ئاوێنە
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، بژاردەکانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەتوانێت بریتی بێت لە "تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، هێرشی سەربازی یاخود هێرشی ئەلیکترۆنی".
دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند بیر لە"بژاردەی زۆر بەهێز" دەکاتەوە، بۆ ئەگەری دەستێوەردان لەئێرانو دەڵێت "دەتوانرێت وەڵامێکی زۆر بەهێزی تاران بدرێتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداری داوە کە ئەگەر ڕژێمی ئێران دەست بەکوشتنی خۆپیشاندەران بکات، ئەوا گورزی توندی ئەمریکای بەردەکەوێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تەلەگراف، بژاردەکانی سەر مێزەکەی ترەمپ بریتین لە: هێرشی ئاسمانی، هەوڵی تیرۆرکردن یان ڕفاندن لەدژی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئێرانو هێرشی ئەلیکترۆنی.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، ئاماژەی بەچوار سیناریۆ بۆ ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا لەئێران کردووە.
بژاردەی یەکەم: هێرشە ئاسمانییەکان
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی ڕەنگە بژاردەی یەکەمی ئەمریکا سنووردار بێت بەهێرشە ئاسمانییەکان تەنیا بۆ "ناردنی پەیام".
ڕاگەیەندرا کە بنکەکانی سوپای پاسداران، دامەزراوە مووشەکییەکان، بیناکانی حکومەت لەتاران، یان دامەزراوە ئەتۆمییەکان وەک ساڵی ڕابردوو، دەکرێتە ئامانج.
بەڵام هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم جۆرە هێرشە ڕەمزییانە، لەبری ئەوەی ڕژێم ڕابگرن، دەتوانێت ئەو باوەڕە لەناو خەڵکی ئێراندا دروستبکات کە ئەمەریکا جددی نییە لەدەستتێوەردان.
بژاردەی دووەم: هەڵمەتی بۆردومانی بەرفراوان
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە دروست بکاتو کوشتنی خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕابگرێت یان بەڕاستی ڕژیم لاواز بکات، ئەوا پێویستی بەهەڵمەتێکی بۆردومانی بەردەوام و بەربڵاوتر هەیە.
شارەزایان دەڵێن "بۆ تێکدانی سەقامگیری رژێم"، بنکەکانی سەر بەسوپای پاسداران و بەسیج، ئیتیلاعاتو هێزە ئەمنییەکان، میدیای دەوڵەتی، دامەزراوە دادوەرییەکان بەقەبارەیەکی بەرفراوان بکرێنە ئامانج.
ڕۆژنامەکە بەوەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو لەهەڵمەتێکی بۆردومانی ١٢ ڕۆژەدا نەیتوانی ڕژێمەکە بڕوخێنێت، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورەترو درێژتر پێویست بێت بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرکەوتوو بێت.
لە لایەکی دیکەوە لە ئێستادا هیچ کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی لەناوچەکەدا نییە.
ڕۆژنامەی تێلێگراف هەروەها ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بی ٢، کە دەتوانرێت لەئەرکێکی لەو شێوە دوور مەودایەدا بەکاربهێنرێن.
جگە لەوەش هەندێک لەشارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری بۆردومان دەتوانێت ئەگەری بەهێزبوونی ڕژیم لەناوخۆدا زیاتر بکات لەگەڵ یەکگرتنی خەڵک لەژێر یەک ئاڵادا.
بەوتەی هەندێک لەشارەزایان، تاکە ڕێگا بۆ ڕاگرتنی ڕاستەقینەی سەرکوتکردن لەشەقامەکان، "ناردنی هێزی زەمینییە"، بەڵام نیکۆلاس هۆپتۆن باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لەتاران بەڕۆژنامەی تەلەگرافی ڕاگەیاندووە "ترەمپ هێزی ئەمریکی بۆ ئێران نانێرێت".
بژاردەی سێیەم: تیرۆرکردن یان رفاندنی خامنەیی
ڕۆژنامەی تەلەگراف باس لەوە دەکات کە بژاردەی سێیەم لابردنی خامنەییە لەدیمەنی سیاسیدا، ئەم بژاردەیە بەمانای ڕفاندن یان تیرۆرکردنی خامنەیی دێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کۆشکی سپی پڕکردووە لەمتمانەو ڕەنگە بژاردەیەکی لەو شێوەیە بۆ ئیدارەی ترەمپ سەرنجڕاکێش بێت.
بەم هەنگاوە، ڕەنگە ئەمریکا بتوانێت هیوای ئەوە بخوازێت کە وەک لەڤەنزوێلا، کەسایەتییەکانی دیکەی ڕژێمەکە هاتنە سەر دەسەڵات ئامادەن بەرێساکانی واشنتۆن گەمە بکەن. واتە بەو مەرجەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوەو دەستبەرداری تەماحە ئەتۆمییەکانیان بن و فشاری سەرکوت کەم بکەنەوە.
ڕەنگە دەرئەنجامێکی لەم شێوەیە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا بێت، بەڵام دەکرێت وەک خیانەتێک لە لایەن ئێرانییەکانەوە سەیر بکرێت کە بەهیوای ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
دانی سیترینۆڤیچ، شرۆڤەکاری سەربازی ئیسرائیلی دەڵێت "ئەو بژاردەیە پڕە لەمەترسی، دەکرێت شەڕێک هەڵگیرسێنێت کە هەموو شیعەکانی ناوچەکە بەشدار بنو ئەمەش لەبەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە".
دەشڵێت "ئەمە وەک ئەوە نییە نیکۆلاس مادۆرۆ دەربهێنیتو تەواو، ئەگەر خامنەیی بکوژیت، ئەوا سندوقێکی پاندۆرا لەگەڵ کۆمەڵگەی شیعەدا دەکەیتەوە، کۆمەڵگەیەک کە خامنەیی بەلایەوە تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو سەرکردەیەکی ئایینیشە".
بژاردەی چوارەم: هێرشی ئەلیکترۆنی
لە سیناریۆیەکدا کە ترەمپ نایەوێت بچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەیەکی دیکەی ناسەربازی هەیە، ئەویش شکاندنی سانسۆری ئینتەرنێتی ئێران و پەیوەندیکردن بە خەڵکەوە لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی وەک ستارلینک، بێدەنگکردنی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی و ئیفلیجکردنی پەیوەندیی هێزە ئەمنییەکانە.
بەڵام بە گوتەی هەندێک لەشارەزایان، ڕەنگە زۆر درەنگ بێت بۆ ئەم هەنگاوانە. سەنام وەکیل لەشاری چاتام هاوس بەڕۆژنامەی تەلەگرافی ڕاگەیاندووە، "دەبوو ئەمریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مامەڵەی لەگەڵدا بکردایە، لە ئێستادا پێدەچێت ڕژێم دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە لەڕێگەی خوێناویترین شێوازەوە بێت".
هاوکات، دانی سیترینۆڤیچ، شرۆڤەکاری سەربازی ئیسرائیلی و هاوکارێکی باڵای ئینستیتیوتی ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی نیشتمانی، دەڵێت "نازانین ترەمپ دەیەوێت ڕژێمەکە بڕوخێنێت یان دەیەوێت لاوازیان بکات بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی؟".
ئەمە پرسیاری سەرەکییە لەبارەی سروشتی ئەو کارەی ئەمریکا دەیەوێ لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامیبدات!