ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمنی کە شەوی رابردوو لەتارانەوە گەیشتوەتە واشنتۆن، پشتڕاستی دەکاتەوە کە جموجۆڵو خۆپیشاندانەکانی ئێران زۆر جددییەو پایەکانی کۆماری ئیسلامی لەق کردووە!"
ئاوێنە: ڕاپۆرتەکە دیدگا جیاوازو ناکۆکەکانی پێشووی ئەمریکای گۆڕیوە بۆ ساغبوونەوە لەسەر یەک هەڵوێستی ئیدارەی ئەمەریکا بەرامبەر بەئێران.
بەپێی راپۆرتەکە بەر لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، دوو دیدگای ناکۆکو جیاواز لەناو ئیدارەی ئەمریکادا هەبوون.
بەشێکیان پێیوابوو کە پێویستە کار لەسەر لەناوبردنی بریکارەکانی ئێران بکرێت بەمەبەستی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانو لەناوبردنی.
بەشێکی دیکەشیان پێیوابوو کە پێویستە "سەری مارەکە لەتاران" پان بکرێتەوە بەمەبەستی لاوازکردنو نەهێشتنی کاریگەریی لەناوچەکەدا.
بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەتاران، پێدەچێت بۆچوونی باوی بەرەو یەک دیدو ڕوانگە گۆڕی بێت: پانکردنەوەی "سەری مارەکە".
ڕاپۆرتەکە کە خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێرانی بەزۆر جددی وەسف کردووە، هاوکێشەکەی گۆڕیوەو وا دیارە ئێستا ئاراستەکە ئەوەیە ئەمریکا خۆی دەست بەکاربێت بۆ لێدانی ئێران، نەک ئیسرائیل.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمەریکا بەوردی چاودێری بارودۆخی ئێستای ئێران دەکاو بەدوای پاساوێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هێرشبکاتە سەر کۆماری ئیسلامی، بەمەبەستی فریاکەوتنی گەلی ئێرانو پاراستنی.