ئا: ئەیھان سەعید
ئیلهام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی باکورو رۆژھەلاتی سوریا تایبەت بۆ ئاوێنە دەڵێت "حکومەتی کاتی دیمەشق بەئاشکرا بڕیاری شەڕیان داوەو خوازیاری ھێرشکردنی سەر رۆژھەلاتی فۆراتیشن".
بەبڕیاری وڵاتانی ھەرێمی دیمەشق شەڕ دەکات
لە وەڵامی پرسیاری ھێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک تا کوێ بەردەوام دەبنو ئایا شەڕ تا رۆژھەڵاتی فۆراتیش بەردەوام دەبێت؟
ئیلھام ئەحمەد ھاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی باکورو رۆژھەلاتی سوریا ڕاگەیاند "بەڵێ حکومەتی کاتی دیمەشق بەئاشکرا بڕیاری شەڕیان داوەو خوازیاری ھێرشکردنە سەر رۆژھەلاتی فوراتیشن، بەڵام لەڕاستیدا وڵاتانی ھەرێمی ناوچەکەو نێودەوڵەتی خوزیاری جەنگنو دەیانەوێت بەپەلە زۆرترین ناوچەکانی خاکی سوریا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانو بەداخەوە خەڵکی سوریا دەبنە قوربانی ئەم ھەژمۆنگەراییەی جەنگی وڵاتان لەسوریا".
راشیگەیاند "لەنێو سوپای سوریادا ئەندامی داعش ھەنو مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەو ئەورپاش".
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانن شەڕ بوەستێنن
دەربارەی بەردەوامی جەنگ لەسوریا، ئیلھام ئەحمەد وقتی "پێمانوایە دەسەڵاتی شام تا ڕادەیەکی زۆر خاوەن بڕیاری خۆی نیەو بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەرەوەی دیمەشق بۆیان دێت، بەئاشکرا دەڵێم؛ نابیت خۆمان ھەڵخەلەتێنین زۆر بەدڵنیاییەوە لەو بڕوایەداین کە ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان بیانەوێت دەتوانن بەیەک وشەو یەک بڕیار شەڕ بوەستێنن، قسەکانی دەرەوەی ئەم بڕوایە، ھەمووی حیکایەتن".
"پشتیوانی شۆڕشی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان دەکەین"
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئۆنلایندا کە لەلایەن سەنتەری لێکۆلینەوەی کوردی-بەرلین بۆ ئیلھام ئەحمەد ھاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی باکورو رۆژھەلاتی سوریا رێکخرابوو، ئیلھام ئەحمەد لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاوێنەدا دەربارەی ھەلۆێستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکورو سوریا دەربارەی کوژرانی دەیان کورد لەخۆپیشاندانەکانی ئیلام، کرماشانو مەلاک شاھـدا ڕاگەیاند "ئێمە ھەموو ئەو تۆمەتانەی لەلایەن دەولەتی تورکیاو حکومەتی کاتی سوریا ڕەتدەکەینەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران ھەیە، ھاوکات ئاشکرا پشتیوانی شۆڕشی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان دەکەین".
ئیلھام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد؛ لەڕۆژھەلاتی کوردستاندا دۆخێکی ڕاپەڕینی نوێ سەریھەڵداوەو تا ئێستاش زۆرجار ئەو سەرھەلدانانە رووئەدەن ئەمجارە ئاشکرایە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تێگەیشتنێکی گشتی ھەیە تاکو دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپەڕینە ببنە مایەی گۆڕانکاری، بەڵام بەداخەوە کۆمەلکوژیەکی زۆر گەورەش ڕوویداوە، بەپێی وێنەی ئەو ھەموو تەرمو جەنازەیەی دەردەکەون رژێمی ئێران بەرامبەر کۆمەڵگای خۆی دڕندەیە، ھاوشێوەی سەرەتای ڕاپەڕینی گەلان لەسوریا، ئەم کارەش نەک تەنیا دژی گەلی خۆیان، بەڵکو تەواو دژی مرۆڤایەتییە".
ئیلھام ئەحمەد ئەوەشی خستە روو "ھەمیشە لەلایەن دەولەتی تورکیاو میدیا فەرمیەکانی حکومەتی کاتی سوریا ئەو تۆمەتە ئاراستەمان دەکرێت کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکورو رۆژھەلاتی سوریا لەبەرەی ئێراندایە، ئەمەش بەمەبەستی چەواشەکاری ھاوپەیمانەکانمان، جگە لەوەی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە بۆچوونی فەرمی ئێمە ئەوەیە؛ کومەڵگا نیودەوڵەتیو وڵاتانو گەلانی ئێرانو بەتایبەتی گەلی کورد لەڕۆژھەلاتی کوردستان زۆر دەرفەتیان بەڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا بۆ پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیان، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ھەموو ئەو دەرفەتانەی لەبار بردنو بەردەوامە لەسەر عەقلیەتی ناوەندیو زەبروزەنگ بەرامبەر گەلی خۆیان.
ئیلھام ئەحمەد لەبەردەوامی وەڵامی ئاوێنەدا وتی "ئێمە هەرگیز لەسەر حسابی میللەتی خۆمان لەناوچەیەکی دیکەی کوردستان سیاسەت بەڕێوە نابەین، بەتەواوی دژی ئەو کۆمەلکوژیەی بەرامبەر رۆژھەلاتی کوردستان دەکرێت دەوەستینەوەو بەھەموو تواناکانمانەوە پشتگیری ڕاپەڕینی گەلی خۆمان دەکەین".