بۆچی ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێرانی نەدا؟
  2026-01-18       857       

ئا: ئاوێنە

 

باس لەوە دەکرێت کە هۆکاری ئەوەی ترەمپ فەرمانی بە هێرشکردنە سەر ئێران نەدا، کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان تاران و واشنتۆن بووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پلاتفۆرمی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس، بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی ئەمریکا، ترەمپ ئامادەبوو فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران بدات پێش کۆبوونەوەی ئێران کە سێشەممەی ڕابردوو لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە لە ڕاپۆرتەکەدا وەک سەرچاوە وەرگیراوە، جددیەتی دۆخەکەی باسکردووە و دەڵێت "بەڕاستی بڕیاری هێرشکردن نزیک بوو، سوپای ئەمریکا ئامادەبوو زۆر بە خێرایی هەنگاو بنێت. بەڵام ئەو فەرمانە نەدرا".

بانگەشەی ئەوەشی کراوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران، ئاستەنگی لۆجستی و کاردانەوەکانی هاوپەیمانانی ناوچەکە، ئەگەری هێرشی بۆ سەر ئێرانی ڕاگرت.

ڕاگەیەندرا کە کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە لەم پرۆسەیەدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، عێراقچی پەیامێکی بۆ ویتکۆف ناردووەو "پابەند بووە بە ڕاگرتنی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لەئێران"و ئەم پابەندبوونەی ئێران لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڕیارەکەی ترەمپ بوو بۆ ڕاگرتنی ئەگەری هێرشێک.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری ترەمپ بۆ وەستاندنی هێرشەکە لە ژێر کاریگەریی نائامادەیی لۆجستیکیشدا بووە کە لەجێگیرکردنی یەکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی کاریبی و ئاسیا سەرچاوەی گرتووە.

ڕاگەیەندرا کە پنتاگۆن لەم پرۆسەیەدا "بژاردە سەربازییە ئەگەرییەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار کردووە" و ترەمپ ئەم دۆخە لۆجستییەی لەبەرچاو گرتووە.

هەروەها باس لەوە کرا کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ترەمپی وتووە "ئیسرائیل ئامادە نییە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئێران"و "پلانی پێشنیارکراوی ئەمریکا هێزێکی پێویستی نییە". بە هەمان شێوە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دەوترێت، نیگەرانی قووڵی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕیوە.

لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەو هۆکارانە، کاربەدەستێکی ئەمریکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، دڵنیایە کە ترامپ چیتر فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران نادات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×