پێنج پارتی سویسری کۆمیتەی پشتیوانیان لە کوردانی ڕۆژئاوا پێکهێنا
  2026-01-28       532       

نوسینی: تۆبیاس گرۆسه‌ر

و: هیوا ناسیح

 

هەریەک لە پارته‌کانی سۆسیالدیموکراتی سویسرا و لیبڕاڵەکان و سەوز و ناوەندو یەکێتی دیموکرات. کۆمیتەیەکی هاوبەشیان بۆ پشتیوانی لە کەمە نەتەوایەتیەکانی سوریا و کوردانی ڕۆژئاوا پێکهێنا

 

لە ئێستادا ڕوداوی زۆر ترسناک لە باکووری سووریا ڕوودەدات، یارەن کیرمیزیتاش، نوێنەرێکی کوردانی سویسرا دەڵێت: حکومەتی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سوریا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سیستەماتیک توندوتیژی پیاوسالارانه‌ دژی ژنان وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنن.  کان میرزال نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاڤا) داوا ده‌کات که‌ ((بە هەموو هێزی دیپلۆماسییەوە هەوڵ بدەین بۆ ڕاگرتنی ده‌ستبه‌جێی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە هەموو هێرشانەکان دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا)).

کیرمیزیتاش باس لە توندوتیژی سێکسی، دەستدرێژی، ڕفاندن و کۆیلەکردنی ژنان و هەروەها کوشتنی ژنان (فێمیساید) دەکات. هەروەها ده‌ڵێت: بێڕێزی به‌ ته‌رمه‌کانی شەهیدبووانی یەکەکانی پاراستنی ژنانیش دەکرێن.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتدا، کوردان لە ساڵانی ڕابردوودا ناوچەی خۆبەڕێوەبەرییان دروست کردوە کە پێی ده‌ڵێن «ڕۆژئاڤا». لێرەدا بە شێوەیەکی دیفاکتۆ هه‌موو دەسەڵاته‌کانی ده‌وڵەتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام ئێستا لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە هێرشیان ده‌کرێته سه‌ر.

کان میرزال وەک نوێنەری ئەم خۆبەڕێوەبەرییەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوا له‌ سویسرا دەکات بۆ کارکردن:
«ئێمە بانگەواز دەکەین بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی و پەرلەمانی سویسرا، که‌ بە هەموو هێزی دیپلۆماسییەوە هەوڵ بدەن بۆ ڕاگرتنی ده‌ستبه‌جێی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە هەموو هێرشانەکان دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.»

کۆمیتەی پشتیوانی ڕایان وایه‌: “سویسرا دەتوانێت ڕۆڵێک بگێڕێت، ئەگەر بیەوێت”

کۆمیتەیەک کە لە نوێنەرانی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویسرا و پارتی لیبڕاڵەکان و پارتی سەوز و پارتی ناوەندو یەکێتی دیموکرات پێکهاتووە، پشتگیری لە داواکانی کوردان دەکات. بە باوەڕی ئەوان، سویسرا وه‌ک پێویست کار بۆ مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سوریا ناکات.


«پێویستە پشتگیری سیاسی بۆ ڕۆژئاڤا هەبێت. پێویستە هه‌ڵمه‌تێکی دیپلۆماسی بۆ هەموو ناوچەکە بکەین. سویسرا دەتوانێت ڕۆڵێک بگێڕێت، ئەگەر بیەوێت»، ئه‌مه‌ گوتەی ستێفان مولەر-ئالتەرما‌ته‌، که‌ ئەندامی پەرلەمانه‌ له‌ پارتی ناوه‌ند.

سویسرا هەروەها بەرژەوەندیی ئاسایشی له‌وه‌دا هەیە، کە خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە سوریا تێک نەچێت، ئەمەش فابیان مولینا، ئەندامی پەرلەمانی  سۆسیالدیموکراته‌کان پشتڕاستی دەکاته‌وه‌. بە گوتەی ئەو، هێزە کوردییەکان ڕۆڵێکی سەرەکیان لە شەڕ دژی داعش گێڕاوە، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ئەوان بە قوربانییەکی زۆرەوە بەشداربوون لە تێکشکاندنی سەربازیی داعش و هەزاران کەس لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەست دا.»

خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە سوریا تەنها لەلایەن حکومەتی گواستنەوە و هێزەکانی ناو فشاردا نییە، به‌ڵکو سوپای تورکیاش لە ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر شوێنەکانی کوردان، ئەمریکاش لە سەردەمی ترەمپدا کوردانی جێهێشت. بەلته‌سار گڵەتلی، ئەندامی پەرلەمانی سەوزەکان ره‌خنه‌ له‌وه‌ ده‌گرێ، که‌
«لە عێراق و باکوری سوریادا کوردان لە ڕابردودا چەند جارێک خیانەتیان لێکراون. ئەمڕۆ هەلی ئەوەمان هەیە کە په‌ره‌گرافێکی نوێ/ جیاواز بۆ ئەم مێژووە بنووسینه‌وه‌.»

 

بانگەواز بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی

لە کەمپەکانی زیندانییه‌کان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەزاران شەڕکەری داعش و خێزانەکانیان بە چاودێری هێزە کوردییەکان زیندانی کراون. ئەگەر ئەوان ئازاد بن، ڕەنگە بە شێوەیەکی بێکۆنترۆڵ بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا و سویسرا. پارلەمانتاران لێره‌دا داوا دەکەن کە سویسرا بە شێوەیەکی دیپلۆماسی هەوڵ بدات بۆ ئاگربەست و یارمەتیدانی مرۆیی بەهێز بکات، و ئاماژە بە داواکارییه‌ک دەکەن، کە لەلایەن هەردوو ئەنجومەنەوە (په‌رله‌مانی سویسرا له‌ دوو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان پێک دێت /هیوا) پەسەند کراوە.

لە وەڵامێکدا، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژە دەکات کە حکومه‌تی سویسرا لە پەیوەندیدایه‌ لەگەڵ حکومەتی قۆناغی گواستنەوەی سوریا و بەردەوامیش بیری ئەوان لە پابەندبوونیان بە یاسای نێودەوڵەتی ده‌خاتەوە. ئاگربەست پێویستە بە شێوەیەکی پێویست جێبەجێ بکرێت و هاوڵاتیانیش بپارێزرێن. هەروەها سویسرا ئێستا یارمەتی مرۆیی فراوان لە سوریا پێشکەش دەکات.Formularbeginn

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×