ئا: ئەیهان سەحید
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤای کوردستان لەلوبنان، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ئاوێنە دەڵێت "ئەوەی ئەمڕۆ لەسوریا دەگوزەرێت تەنھا دروستبوونی سوپایەک نیە کە پڕە لەچەکدارانی ھەڵگری پاشخانی داعش، بەڵکو وردە وردە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئایینی جیھادییە کە مەترسیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە".
ئاوێنە: بۆچوونی ئێوە چییە لەسەر ھێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (ھەسەدە) کۆنتڕۆڵکراون؟ ئەم ھێرشانە چ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی سوریا و ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێی سوریا (بەتایبەت عێراق) دروست دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ھەزاران دیلی داعش لەو ناوچانە و ھەزاران ئەندامی گروپە جیھادیەکان لە سوپای نوێی سوریا؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ھێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون، پێشھاتێکی مەترسیدارە کە ھەڕەشە لەئاسایشی سوریاو تەواوی ناوچەکە دەکات. ئەم ناوچانە ھەزاران دیلی داعشی تێدایەو بە رەو پێشچوونی ململانێ سەڕبازییەکانی ئەم دواییانە، بووەتە ھۆی داڕمانی سیستەمی ئەمنی و ھەڵاتنی توخمە تیرۆریستییەکان لەزیندانەکانی ڕەقەو دێرەزورو کەمپی ئەلھۆل.
لەوەش مەترسیدارتر بوونی ھەزاران چەکدار کە پاشخانی داعشیان ھەیە لەڕیزەکانی سوپای نوێی سوریادا، کە لەبری بنبڕکردنی تیرۆر، بەڕوونی تیرۆر بەرھەمدەهێنن. ئەم واقیعە، ململانێکە لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر دەگۆڕێت بۆ ھەڕەشەیەکی ئەمنی ئاڵۆز کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت باشوری کوردستان و عێراق دەبێت، کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی لێکەوتەی ھەر پەککەوتنێکی ئەمنی دەبێتەوە لەسەر سنوورەکانی، ھەروەھا لوبنان و ئوردن.
بە ئامانجگرتنی ئەو ھێزانەی کە شەڕی داعشیان کردووەو باجێکی قورسیان داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، یارمەتی یەکێتی و سەقامگیریی سوریا نادات. بەڵکو زەمینە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی تیرۆر بەپۆشاکێکی نوێ و ئاسایشی ھەموو ناوچەکە دەخاتە لێواری تەقینەوە.
ئاوێنە: ڕوونە کە ھاوپەیمانی دژە داعش ھەڵوێستێکی دیاریکراوی لەسەر ئەم ھێرشانە بۆ سەر ھێزەکانی (ھەسەدە) نەبووە. ئایا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو گروپە چەکدارانە ھەڵکردووە کە لەژێر ناوی سوپای سوریادا چالاکی دەکەن؟ ھۆکارەکانی ئەمە چین؟ ڕۆڵی تۆم باراک چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: بێدەنگی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش سەبارەت بەھێرشەکانی سەر ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) نیگەرانی جددی لەبارەی ئایندەی شەڕی تیرۆرەوە دروست دەکات. نەبوونی ھەڵوێستی ڕوون لە سیاسەتی ھاوپەیمانان و ڕەزامەندی بێدەنگ و فشاری ناڕاستەوخۆ لەیەکدی جیا ناکرێتەوە کە ڕێگا بۆ ناسەقامگیری ئەو ناوچانە خۆش دەکات کە ھەزاران دیل داعشی تێدا دەستبەسەرن.
لەوەش مەترسیدارتر، ئەم بێدەنگییە ھاوکات بووە لەگەڵ دامەزراندنەوەی چەکدارە جیھادیەکان لەشێوەی پێکھاتە چەکدارییەکان کە خۆیان وەک "سوپای سوریا" پیشان دەدەن، لەقومارێکی کورتبینانەدا لەسەر سەقامگیری ڕواڵەتی. بە لاوازبوونی ڕۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) نەک ھەر ھەڕەشە لەسوریا دروست دەبێت، بەڵکو ئاسایشی عێراق و ناوچەکەش دەخاتە بەردەم مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش، ئەمجارەیان لە ناو دامودەزگاکانی حکومیەکان ئەم مەترسیە سەرھەڵدەدات.
ئاوێنە: چ مەترسی و ھەڕەشەیەک لەسەر کۆبانی و حەسەکە دەکات؟ پێویستە چی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسیانە؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: شارەکانی کۆبانی و حەسەکە لەئەنجامی پەرەسەندنی سەربازی و بێدەنگییە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی جدی گەورە دەبنەوە. کۆبانی لەژێر گەمارۆو فشارێکی سیستماتیکیدایە بەئامانجی خنکاندنی و کۆچپێکردن لەدانیشتوانەکەی و لەناوبردنی گرنگی ڕەمزییەکەی وەک شوێنی شکستیپێھێنانی مێژوویی داعش. ھاوکات، حەسەکە بەھۆی بوونی ھەزاران دەستگیرکراوو شانە نووستووەکانی داعشەوە ھەڕەشەی تەقینەوەیەکی ئەمنی جددی لەسەرەو ھەر ناسەقامگیرییەکی ئەمنی لەوێ دەبێتە کردنەوەی دەروازەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ گەڕانەوەی تیرۆر.
بەردەوامی بەئامانجگرتنی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)، ئەو ھێزەی سەرکردایەتی شەڕی داعشی کرد، نەک ھەر ھەڕەشە لەئاسایشی باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا دەکات، بەڵکو ئاسایشی سوریا و عێراق و تەواوی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئێمە داوای ھەڵوێستی نێودەوڵەتی ڕوون و کردەوەی خێرا دەکەین بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندن و پاراستنی ھاوڵاتیانی مەدەنی و بێلایەن ھێشتنەوەی ئەو ناوچانە لە ململانێکاندا، چونکە ھەر تێکچوونێکی ئەمنی لەوێ ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی داعش بە بەرگی نوێ.
ئاوێنە: ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟ پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا چی بکات؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بەرز دەنرخێنین بەتایبەتی لێدوانەکانی بەڕێزان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کە بەڕوونی دەستدرێژییەکانی باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریایان ڕەتکردەوەو نیگەرانی جددی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەسیاسەتە تائیفیەکانی حکومەت و ئەو مەترسیانەی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی باشور و رۆژئاوای کوردستان دروست دەبن.
ئەم ھەڵوێستە نوێنەرایەتی گۆڕانێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە دەکات کە دووپاتی دەکاتەوە ھەرێمی کوردستان لە پاڵ ئاسایش و مافەکانی گەلی رۆژئاوای کوردستاندا وەستاوەو ھەر ھەوڵێک بۆ سەپاندنی ھێز یان نوقمکردنی ھەرێم بۆ پشێوی ڕەتدەکاتەوە. ھاوکات لەگەڵ ھەڵسەنگاندنێکی واقیعیدا ھاوتەریبە کە ھۆشداری دەدات لەوەی بەئامانجگرتنی گەلی کورد، کە شەڕی تیرۆریان کردووە، خزمەت بە یەکڕیزی سوریا ناکات، بەڵکو دەرگای سەرھەڵدانەوەی داعش دەکاتەوە و ھەڕەشە لە ئاسایشی سوریا و عێراق و تەواوی ناوچەکە دەکات.
ئێمە ئەم ھەڵوێستە بە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی لەم کاتە گرنگەدا دەبینین، ھیوادارین بە کردەوەی دیپلۆماسی و مرۆیی کاریگەر تەواوکەر بێت کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ھاوڵاتیانی مەدەنی و زامنکردنی سەقامگیری، ئەو ھەلۆێستانە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی ھەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە.
ئاوێنە: ئایا ھێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن؟ ئەگەر وابێت ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێت؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ھەندێک لەھێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سوریا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (ھەسەدە) ئەنجامدراون و ئەو چەکدارانەی لە لایەن ھەسەدەوە دەستگیکراون، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لەوانەش لە ڕێگەی پاڵپشتی لۆجستی و سیاسی و ھەماھەنگی لەگەڵ کوتلە ناوخۆییەکانی سەر بە تورکیان.
ئەم پاڵپشتییە ڕەنگە دەستکەوتی تاکتیکی کورتخایەنی ھەبێت بۆ تورکیا، بەڵام مەترسی درێژخایەنی جددی ھەڵدەگرێت لەسەریان، بەو پێیەی ناکۆکی لەگەڵ کورد لە ناوخۆی تورکیادا ھەڵدەگیرسێنێت و ئاسۆی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێکدەدات. ھەروەھا ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات و ئەگەری سەرھەڵدانەوەی داعش و ئاوارەبوونی زیاتر زیاد دەکات.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ھەر پەرەسەندنێک بەپشتیوانی دەرەکی سەقامگیری تێکدەدات و ناوچەکە دەخاتە ناو قەیرانێکی ئاڵۆزەوە کە پێویستی بەھەڵوێستێکی نێودەوڵەتی ڕوون ھەیە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی ئاسایش و ئاشتی.
ئاوێنە: ئایا بوونی سوپای سوریای نوێ بە ھەبوونی گروپە توندڕەوەکانی بیانی ئاماژەیە بۆ سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی؟ ئایا ئیسرائیل ڕێگە بەدەوڵەتێکی جیھادی ئیسلامی دەدات دراوسێی بێت؟
عەبدولسەلام ئەحمەد: ئەوەی ئەمڕۆ لەسوریا دەگوزەرێت تەنھا دامەزراندنی سوپایەک نییە، بەڵکو وردە وردە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئایینی جیھادییە بەوەرگرتنی ئایدۆلۆژیای جیھادی وەک بناغەی دامەزراندنی سەربازی. تێکەڵکردنی چەکدارەکان پاشخانی داعش و پاشخانی جیھادی بەسوپا، بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی ئایدیۆلۆژی یان ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیی بەدیل، بە شێوەیەکی کاریگەر بەمانای ئیسلامیکردنی سوپا وەک پێشەکییەک بۆ ئیسلامیکردنی دەوڵەت و شەرعیەتدان بەتوندوتیژی بە ناوی ئایینەوە دێت. مەترسییەکە نەک تەنھا لە خودی چەکەکاندا نییە، بەڵکو لە ئایدۆلۆژیایەکدایە کە بەکاریان دەھێنێت. لەشکرێک کە لەسەر چەمکەکانی جیھاد و گوێڕایەڵی بنیات نراوە، ناتوانێت دەوڵەتێکی نەتەوەیی بپارێزێت؛ ڕژێمێکی تایبەت دروست دەکات کە ھەڕەشە لە کەمینەکان و گروپە نەتەوەییەکان دەکات و ئاژاوە لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی سوریا بڵاودەکاتەوە.
ئەم ڕێبازە ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی سوریا و ناوچەکە دروست دەکات و دەرگا بەڕووی بوژانەوەی "فەرمی" تیرۆردا دەکاتەوە. بێدەنگی نێودەوڵەتی و ڕازیبوونی ناوچەیی بەرامبەر بەم گۆڕانکارییە مەترسیدارە نابێتە ھۆی سەقامگیری، بەڵکو تەقینەوەیەکی تەوقیتکرا لێدەکەوێتەوە کە سوریا و وڵاتانی دراوسێ باجەکەی دەدەن، پێش ئەوەی ببێتە ھەڕەشەیەکی بەربڵاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
سەبارەت بەئیسرائیلیش پێموایە؛ ئەوان ڕێگە نادەن ھیچ دەوڵەت و قەوارەیەکی جیھادی لەسنوورەکانیدا بوونی ھەبێت و دراوسێی بێت، ھەموو ڕێگەیەکی سەربازی و دیپلۆماسی بەکاردەھێنێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر وڵاتەکەیان.