ئا: ئاوێنە
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناکۆکییەکانی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیران لەنێوان هەرێم و بەغدا زانیاری بۆ ئاوێنە دەخاتە روو، بەگوێرەی لێدوانی ئەو ئەندامەیە لەئێستادا لە "بۆشایی دەستور"ـیدان و بۆ ئەو دوو پۆستە دوو حزب و عێراقیش "تاوانبار"ن.
د. غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لەلێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاوێنەی وت "چوارچیوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەم چەند رۆژەدا بە یەکێتی و پارتیان وتووە؛ ئەگەر رێکبکەون هەموومان دەنگ بەو کاندیدە دەدەین، بەڵام ئەگەر نایکەن ئەوا ئەندامان سەرپشک دەکرێن بۆ دەنگدان".
دەربارەی دواین پێشهاتی رێکەوتن لەسەر ئەو پۆستەیە؟ د. غالب دەڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە لەنێوان یەکێتی و پارتی هەر لەبەر ئەوەش کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەو بڕگەی تێدا نەبوو، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە چەندێک پەیوەندی بە سەرۆککۆمارەوە هەیە دوو ئەوەندە بە پۆستی سەرۆکوەزیرانەوە، چونکە چوارچێوەکە وتویەتی؛ تا مالیکی خۆی نەکشێتەوە ئێمە نایکشێنینەوە".
ئەمڕۆ شەممە، وەکو یەکەم میدیا ئاوێنە نوسراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بڵاوکردەوە، بەڵام تیادا دەنگدان بە پۆستی سەرۆککۆمار لە بڕگەکاندا نەبوو، بەڵکو دەنگدان بوو بە دیاریکردنی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق زیاتری روونیکردەوە "ئێستا ئێمە لە فەراغی دەستوریداین، چونکە ئەگەر سەرۆکوەزیران دیارینەکرێت لەلایەکەوە سەرۆککۆمار دیاریکرابێت چۆن سەرۆککۆمار پۆستی سەرۆکوەزیران جێگیر بکات، ئەگەر نەشبێت دەبێتە فەراغێکی دەستوری گەورە".
سەبارەت بەوەی ئایا کێشە لە کوردە یان عێراق بۆ ئەو دوو پۆستە، د. غالب محەمەد ئاشکرایکرد "لەراستیدا هەردوولا، لەناو دەستوردا هیچ شتێک نییە بەناوی رێککەوتن، ئێمەی کورد کە ٦٠ ئەندامین دەستور نیسابی ٢/٣ ناشکێنین ئەی بۆچی شیعە نایەت کۆبوونەوەکە بکات، چونکە هەردولا تاوانبارن".
پەرلەمانتارەکەی هەڵوێست باسی کۆبوونەوەکەی پێشوو دەکات و دەڵێت "دەنگۆ هەبوو کە بەتەنیا حەلبوسی تێکیدا بەڵام وانەبوو، بەنوسراوی فەرمی پارتی داوایکرد کۆبوونەوەکە دوابخرێت، هەروەها بەشێک لە شیعەکانیش نەهاتنە کۆبوونەوەکە کە بەتەنتا خۆیان ١٧٣ پەرلەمانتارن و نەشیانویست کۆبوونەوەکە بکرێت، لەگەڵ کورد و بەشێک لەسوننەکانیش نەیانهێشت، بەمەش بەئاشکرا سەرپێچی کاتی دەستور کرا".
لەبارەی ئەوەی ئایا راستە کە پارتی هەوڵی سەرۆککۆماری دەدات؟ د. غالب وتی "بەڵێ راستە، پارتی زۆر بەجدی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەیە دەدات و رێکلامی بۆ دەکات و روماڵی بۆ دەکات تا دەنگ کۆبکاتەوە".
ناوبراو ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر یەکێتی و پارتی بەڕێککەوتن نەیەنە ژوورەوە پەرلەمان دەستکراوەی پەرلەمانتارەکان دەکات، جگە لەوەش چوارچێوەی هەماهەنگی بە یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ پۆستەکە ناکات واتە ١٢ سەرکردایەتی چوارچێوەکەمان هەیە لەودۆخەدا هەر سەرکردایەتییەک دەنگ بە کاندیدی خۆی دەدات. روون نییە تاوەکو ئێستا کێ دەبێت بە سەرۆککۆمار".