چۆن ئەفسەرانی ئیتلاعات لەڕێی مۆسادەوە موشەکی دژە تانک‌و دژە فڕۆکەو چەکی قورسیان لەلایەن سی-ئای-ئەیەوە پێدرا؟!
  2026-02-08       3430       
مەنوچەر قوربانیفەڕ

بەشی یەکەم

 

ژمارەی فایلی ئەم زنجیرە بەڵگەنامە نهێنییەی سی-ئای-ئەی: پاش تەواوبونی هەمو بەشەکانی ئەم بابەتە لە چوارچێوەی نامیلکەیەک دا چاپ دەکرێت. بۆیە لە پێناو ڕێزگرتن لە ماندوبونەکانی وەرگێڕ لە دۆزینەوەوکۆکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانەو، ڕێگرتن لە کۆپیکردنیان لە ناو سۆشیاڵ میدیا کە کەسانی تر بە ناوی خۆیانەوە، بڵاوی نەکەنەوە. هەتا چاپکردنی نامیلکەکە، ژمارەی فایلەکانی ئەم زنجیرە بەڵگەنامە نهێنییانەی سی-ئای-ئەی دەپارێزرێت.

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: شەریف عەلی؛ دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

فەرمون لەگەڵ وەرگێڕانی بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە بەڵگەنامە نهێنییانەی سی-ئای-ئەی.

 

چۆن ئەفسەرانی ئیتلاعات لە ڕێی مۆسادەوە موشەکی دژە تانک و دژە فڕۆکەو چەکی قورسیان لەلایەن سی-ئای-ئەیەوە پێ درا!؟

لە مانگی یانزەی ١٩٧٩ تا مانگی یەکی ١٩٨١، ڕژێمە نوێیەکەی ئێران، دیپلۆماتە ئەمریکییەکانی ناو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، بە بارمتە گرت. لەگەڵیشی دا، بەردەوام لایەنگرانی ڕژێمەکە دەڕژانە ناو شەقامەکانی تارانەوەو دروشمی: "مردن بۆ کارتەری سەرۆکی ئەمریکاو، بەڵێ بۆ وێرانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"یان دەوتەوە. هەربۆیە لە ١٤-١١-١٩٧٩، وەک یەکەمین کاردانەوە بەرانبەر بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکان و، هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و عێراق؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی فرۆشتنی چەکی خستەسەر ئێران. زیاتر لەوەش، لە مانگی دوانزەی ساڵی ١٩٨٣ ەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی فشارخستنە سەر وڵاتانی گرتەبەر بۆ ئەوەی چەک و تەقەمەنی بە ڕژێمی ئێران نەفرۆشن، لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و عێراق، ئەم سیاسەتەشی ناونا: ئۆپەرەیشن ستانچ Operation Staunch

 دژایەتی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی چەک بە ئێران هۆکارێکیشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ڕژێمە نوێیەکەی تاران بەردەوام چەندین چالاکی تیرۆریستیی-نێودەوڵەتیی ئەنجام دەدا. دوای چەندین کردەوەی تیرۆریستیی ئێران لە لوبنان لە دژی ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمی ڕژێمی ئێرانی خستە سەرەوەی لیستی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانیی لە تیرۆریزم دەکەن. سیاسەتی کابینەی سەرۆک ڕۆناڵد ویڵسن ڕەیگن لە بارەی تیرۆریزمەوە زۆر ناسرابو و، بە ڕونی لەلایەن سەرۆکەوە ئاماژەی بۆ کرابو، کە: "ئێمە هیچ ئیمتیازێک و هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو وڵاتانە ناکەین کە بە تیرۆریزمەوە تێوەگلاون و تێوەدەگلێن". بۆچی سەرۆک ڕەیگن بە ئاشکرا بۆ جەماوەر و میدیاکان ئەم سیاسەتەی خستەڕو، بۆ ئەوە بو کە بە ئێران بڵێت: هیچ ئیمتیاز و مامەڵەیەکت لەگەڵ ناکەین و چەکیشت پێ نافرۆشین. بەڵام ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران پێچەوانەبویەوە بەهۆی ئەو ئەمریکییانەی کە ئێران لە ڕێی حیزبی خودا، حیزبوڵا،وە لە لوبنان لە چەندین کردەوەی تیرۆریستیی دا بە بارمتە گیرابون.

بۆ زۆرینەی ئەمریکییەکان سوپرایز و مەترسیدار بو؛ کاتێ زانرا سەرۆک ڕەیگن بەنهێنیی بڕیاری داوە دژە تانک و چەک و تەقەمەنی بەم ڕژێمەی ئێران بفرۆشێت.

 

نەبونی گەرەنتییەکی هەرێمایەتیی!

یەکێک لە کاردانەوەکانی ئەمریکا بەرانبەر شەڕی ڤێتنام ئەوە بو؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٩ ەوە دەستی کرد بە گۆڕینی سیاسەتی جیهانیی کە چیتر گەرەنتی ڕاستەوخۆ بە پاراستنی هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانی نادات. بەڵکو لەبری ئەوە؛ مەشق بە هاوپەیمانەکانی دەکات تا دەگەن بەو ئاستەی لە ڕوی سەربازییەوە دڵنیاببنەوە توانای بەرگریکردن لە خۆیان هەیە لە دژی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکیی. بەپێی دۆکترینەکانی سەرۆک نیکسن؛ هێندە جیۆپۆلەتیکی ئێران بەلای ئەمریکاوە گرنگە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک هێزێکی هەرێمایەتیی وا لە ئێران دەڕوانێت کە وەک پاسەوانێک خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات لە کۆرنەرە دورەکانی جیهانیش دا.

 پرەنسیپی سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شا ئەوەبو: وەک خزمەتکارێکی ئەمریکا دانرابون لە دژی دەستدرێژیکارە هەرێمایەتییەکان. سەرۆک کارتەر لە ماوەی گەشتەکەی بۆ تاران لە ساڵی ١٩٧٧ ڕایگەیاند: "بەهۆی ڕابەرایەتیکردنی مەزنانەی شاوە؛ ئێران دورگەیەکی ئارامە لە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان دا". هێزە چەکدارەکانی ئێران پڕچەک کرابون بە تازەترین چەکی ئەمریکیی ئەو سەردەمە؛ بە پشتیوانی ٣٥٠ هەزار سەربازی ئێرانیی؛ ئێران ببوە پۆلیسی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو دا.

محەمەد ڕەزا شا چێژی لە ڕۆڵبینین و دەسەڵاتە ڕەهاکەی وەردەگرت و، بە سەرۆک کارتەری ڕاگەیاند بو: "هیچ کەسێک ناتوانێت من لە دەسەڵات لابدات". شا دیسانەوە بە شانازی بەخۆکردنەوە وتبوشی: "من لەلایەن ٧٠٠ هەزار سەربازی شەڕکەرەوە پاڵپشتی دەکرێم. هەمو کرێکارەکان و، زۆرینەی خەڵکی ئیرانیش پشتیوانمن؛ بۆیە من دەسەڵاتدارێکی مەزنم و بەهێزم".

 سەلما کە هێزی شا و خۆهەڵکێشانەکانی؛ وەهم بو! پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن خوێندکاران، چەپەکان و، چینە زۆر گرنگە ئۆپۆزسیۆنە دژبەرەکە کە پیاوانی ئاینیی بون؛ بوبەهۆی ئەوەی لە مانگی دوی ساڵی ١٩٧٩، شا لە دەسەڵات لادراو، شوێنگرەوەکەشی لەلایەن پیاوێکی ئاینیی شیعەوە بو؛ ئایەتوڵا خومەینیی، کە ئەو لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە نەفی کرابو سەرەتا بۆ عێراق و، دواتریش بۆ فەرەنسا. ڕژێمە نوێیەکە بەردەوام سوکایەتی بە ئەمریکا "شەیتانی گەورە" و بە خۆراوا دەکات. پیاوە ئاینییە شیعە ئاگراوییەکان؛ ئیمپریالیزمی ئەمریکا تاوانبار دەکەن بە کوشتنی هەزاران لە خەڵکی ئێران لە سەردەمی حوکمڕانی شا دا.

  ئێستا هیچ گومانێک لە بارەی سروشتی [دڕندەیی] ئەم ڕژێمە نوێیەی ئێران بونی نەماوە. لە ڕۆژی ٤-١١-١٩٧٩، زریانی میلیشیاکانی خومەینیی، لە ژێر ناوی: پاسەوانانی شۆڕش، دای بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و، ٦٦ دبلۆماتکاری ئەمریکییان بە بارمتە گرت. قەیرانی ئەم بە بارمتەگیراوانە ٤٤٤ ڕۆژی خایاند. ئینجا ئەم ڕژێمەی ئێران ڕایگەیاند: "ئیتر ئەمریکا ناتوانێ وەک جاران بە خۆیدا بنازێ، چونکە بۆ هەمیشە شەرمەزارمان کردوە".

 

فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بەم ڕژێمەی ئێران

 دە ڕۆژ دوای ئەوەی ٦٦ دبلۆماتکارە ئەمریکییەکە بە بارمتە گیران، لە ڕۆژی ١٤-١١-١٩٧٩، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "وەک وەڵامێک بۆ بە بارمتەکردنی دبلۆماتکارە ئەمریکییەکان، گەمارۆ دەخەینەسەر فرۆشتنی هەمو جۆرە چەکێک بە ئێران، ئەوەش بەشێکە لە گەمارۆی گشتیی کە بازرگانیکردن و هەمو مامەڵەیەکی دارایی، دەگرێتەوە". دوای دە مانگ، داگیرکردنی بەشێکی ئێران لەلایەن عێراقەوە لە ڕۆژی ٢٢-٩-١٩٨٠ ئەو پرسیارەی هێنایە بون: لە کاتی گرتنەبەری سزا بەرانبەر بە هەڵگیرسێنەرانی ئەم جەنگەی ئێران-عێراق؛ دەبێت لەکۆتایی ئەم جەنگەدا کێ سزا بدرێت؟

ئاسۆی شکستی ئێران لەم جەنگەدا دەرکەوتوەو، جێی بایەخپێدانیشە؛ چونکە کاریگەری سۆڤیەت لە ناوچەکەدا زیاتر گەشە دەکات کە پشتیوانی ڕژێمی سەددامە! لە جەنگەکەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران پشێو و بێ سەروبەرە بون. جبەخانەی سوپای ئێرانیش هەژار بو. فڕۆکە مۆدێرن و زرێپۆشە نوێیەکان و کەشتییە جەنگییەکان کە ڕژێمی شا لە ئەمریکای کڕی بو لە ٢٤ مانگی سەرەتای شۆڕش لە دەست دران و، بەشێکیشیان ئەمریکا نەیناردان بۆ ئێران بە هۆی سیاسەتی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئەم ڕژێمەی ئێران.

 ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکاو سی-ئای-ئەی گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی ئایەتوڵا خومەینیی بەشێوەیەکی زۆر خراپ و زۆر لاواز ئامادەکاری بۆ جەنگەکە کردوە؛ بۆیە سەددام لە مانگەکانی سەرەتادا سەرکەوتنی لە بەرەکانی جەنگ بەدەست دەهێنا. لاوازبونی ئێران وایکرد لە ڕۆژی ٢١-٧-١٩٨١ ئەنجومەنی باڵای کابینەی سەرۆک ڕەیگن لە بارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران کۆبونەوەیەکی نهێنیی بکەن. هەمو ئەندامانی ئەنجومەنەکە گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی: "سیاسەتی گەمارۆی چەکفرۆشتنی ئەمریکا بە ئێران وا دەکات سۆڤییەت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوەو، برسێتیی ڕژێمی ئێران بۆ کڕینی چەک تێر بکات".

 لەلایەکی ترەوە، بەپێچەوانەی بۆچونەکانی ئەنجومەنی باڵای کابینەکەی سەرۆک ڕەیگن، سەرۆکایەتی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا بۆچونێکی جیاوازی هەبو: "ئەگەر ئەمریکا چەک بە ئێران بفرۆشێت؛ ئێران دەبێتە مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەمو وڵاتە عەرەبییەکانی هاوپەیمانمان لە کەنداو". سەرۆکایەتی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ئەوەشی خستەڕو: "فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بە ئێران وا دەکات جەنگی ئێران و عێراق توندتر و درێژماوەتر بێت". هەربۆیە، دەرئەنجامی ڕاپۆرتی سەرۆکایەتی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەنجومەنی باڵای کابینەی سەرۆک ڕەیگن پێشنیاری کردبو: "نابێت چەکی ئەمریکیی بەم ڕژێمەی ئێران بفرۆشرێت".

 نزیک بە دو ساڵ لە تەمەنی جەنگەکە، سەرەڕای بەردەوامیی گەمارۆی فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بە ئێران، ڕاپۆرتەکانی سی-ئای-ئەی ساغیان کردەوە کە ئێران لە بازاڕەکانی جیهان دا دەیان جۆر چەکی کڕیوە؛ نەوت تەنیا فاکتەری سەرەکی بو کە وڵاتان چەکیان بە ئێران دابو، ئێران لە کەنداوەوە نەوتی بۆ هەناردە کردبون. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣، کابینەی سەرۆک ڕەیگن لیستی چل و یەک وڵاتی ئامادە کرد کە چەکیان بە ئێران فرۆشتبو لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق دا. ئیسرائیلیش یەکێک بو لەو وڵاتانە، بەڵام دانی پێدا نەدەنا.

ئیسرائیل تاکە وڵات بو لە جیهان دا کە بەهۆی فاکتەری نەوت چەکی بە ئێران نەفرۆشتبو، بەڵکو ئیسرائیل لەبەر لاوازبونی ڕژێمی سەددام و سەرنەکەوتنی عێراق بەسەر ئێران دا؛ چەند جارێک بەنهێنیی چەکی دژە تانکی بە ئێران فرۆشتبو.

بەمپێیە، لە بەهاری ١٩٨٣، بەهۆی فرۆشتنی هێواش بە هێواشی تۆپ، موشەکی زەوی بە زەوی، موشەکی زەوی بە ئاسمان و، چەکی دژە تانکی ئیسرائیلیی بە ئێران؛ پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیی زنجیرەیەک سەرکەوتنیان بەسەر هێزە دەریایی و وشکانییەکانی عێراق بەدەستهێناو، توانییان هێزەکانی عێراق لە کەنداو دەربکەن. تەنانەت هێزەکانی پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران گەمارۆی گەورە شاری بەسرەی عێراقیان داو، توانیشیان بە چەکی ئیسرائیلیی تۆپباران و بۆمبارانی بەغدای پایتەخت بکەن. کەوابو بیرۆکە و شیکردنەوەکانی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا دروست هاتەدی و ئێران توانی سنورەکانی پێشوی خۆی بگرێتەوە، کە لە سەرەتای جەنگەکە لەدەستی دابو.

 ئەو ڕاپۆرتانەی بۆ سی-ئای-ئەی دەهات بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئیسرائیل بەنهێنیی بەردەوامە لە پڕچەککردنی ئێران. لەسەر خواستی ئیسرائیل؛ نوێنەرانی ئەمریکاو ئیسرائیل کۆبونەوە بۆ مشتومڕکردن لەسەر پێویستییە جەنگییەکانی ئێران. بەڵام نوێنەرانی ئەمریکا دیسانەوە ڕەتیان کردەوە چەکی ئەمریکیی بە ئێران بفرۆشن. لەگەڵ ئەوەش دا، ڕاپۆرتەکانی سی-ئای-ئەی نیشانیان دەدا؛ توانای سەربازی ئێران بەهۆی چەکەکانی ئیسرائیلەوە گەشەی کردوە. حکومەتی ئەمریکا بەڕاگەیەنراوی فەرمی ئاشکرای کرد: "ئەمریکا ئامادە نییە چەک بە ئێران بفرۆشێت". لە مانگی پێنجی ١٩٨٥، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چەک بە ئێران و عێراق نافرۆشێت؛ هەتاکو ئەو دو وڵاتە کۆتایی بە جەنگەکەیان دێنن".

 

پشتیوانی ئێران لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی

کۆمەڵگای شیعەی لوبنان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ڕژێمی ئێران هەبو، ئیلهامێکی توندیان بۆ سەرکردایەتیکردنی خومەینیی هەبو. پاش داگیرکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٨٢، شیعەکانی لوبنان بە پشتیوانی ئێران دەستیان کرد بە بارمتەگرتنی سیاسیی و کردەوەی تیرۆریستیی دژی ئەو ئەمریکیانەی لە لوبنان بون و دژی دامەزراوە ئەمریکییەکانیش لەوێ. ئەمەشیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دژی ئەمریکا دەناساند کە ئەمریکا پشتیوانیی لە ئیسرائیل کردوە لە داگیرکردنی لوبنان دا. کەچی لە هەمان کاتیش دا، ئیسرائیل و ئێران پەیوەندییان هەبو و، ئیسرائیل بەردەوام بەنهێنیی چەکی بە ئێران دەفرۆشت و نکۆڵیشی لێ دەکرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵگەی یەکلاکەرەوەی دەستکەوت کە ڕژێمی ئێران لە مانگی حەوتی ١٩٨٢ ەوە بە ڕاستەوخۆ پشتیوانی گروپە تیرۆریستییەکانی لوبنان دەکات، لەوانەش: گروپی جیهادی ئیسلامیی و، حیزبی خوا Party of God ، کە ناوە عەرەبییەکەی حیزبەڵا (حیزبوڵا)یە. ئەمانە لە دۆڵی بیقاع مەشقی تیرۆریستییان پێ دەکرا. لەوێ، گروپێکی کۆمۆنیستی کوردییش کە ئەندامانیان لە کوردەکانی تورکیاوسوریا پێکدەهات، هەمان جۆری مەشقی تیرۆریستییان پێ دەکرا دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، کە بە پەکەکە ناسران.

 لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٢، هێزێکی مارێنزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نێردرا بۆ لوبنان بۆ سەرپەرشتیکردنی کشانەوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە بەیروت و، گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ لونان لە پاش ڕەشەکوژییەکانی سەبراو شاتیلا. ئامانجی مانەوەی هێزە مارێنزەکەی ئەمریکا لە لوبنان بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی لوبنان بو لە فەراهەمکردنەوەی ئەمن و ئاسایش و، پشتیوانی لە مانەوەی باڵادەستی ئەو مەسیحییانەی کە حکومەتی لوبنانیان کۆنترۆڵ کردبو.

  لە مانگی چواری ساڵی ١٩٨٣، زنجیرەیەک هێرشی توندی تیرۆریستیی دژ بە ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری لوبنان ئەنجام درا، بەتایبەت کردەوەی تیرۆریستیی لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیروت، کە بوەهۆی کوژرانی ٦٣ کەس، کە ١٧ لە کوژراوەکان ئەمریکیی بون.

لە ڕژۆی ٢٣-١٠-١٩٨٣، هێرشێکی خۆکۆژی کرایەسەر سەربازگەی مارێنزەکانی ئەمریکا لە بەیروت، بەوهۆیەوە ٢٤١ مارێنز لە ناو سەربازگەکەدا کوژران.

لە مانگی دوانزەی هەمان ساڵیش، زنجیرەیەک کردەوەی تری تیرۆریستیی، وەک بەکارهێنانی بۆمب لە دژی باڵوێزخانەکانی ئەمریکاو فەرەنسا لە کوێت ئەنجام درا. حەڤدە کەس لە ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کوەیت گیران و، سەر بە حیزبی خوا (حیزبوڵا)ی لوبنانیی و دەعوە بون کە لایەنگرانی خومەینیی بون.

 گروپی تیرۆریستیی حیزبی خودا، حیزبوڵا، پێکهاتەیەکی نەگەییو و ناڕێکخراو بون، ناوەندی مرۆیی ئەمانە ئەو هۆز و خێڵە شیعانە بون کە لە دۆڵی بیقاع دەژیان. ئایدۆلۆژیا و میتۆدەکانی پەروەردەکردنی ئەو گروپە تیرۆریستییانەی کە لە دۆڵی بیقاع پەروەردە دەکران لەسەر دژایەتیکردنی ئەمریکاو وڵاتانی خۆراواو ئیسرائیل داڕێژرا بو. دەزگای سی-ئای-ئەی پشتڕاستی کردەوە؛ هەمو ئەندامەکانی حیزبی خودا، حیزبوڵای لوبنان، لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ نەکرابون، بەڵکو بەشێکیان سەر بە دەزگای هەواڵگری ڕژێمی حافیز ئەسەدی سوریا بون.

واتە؛ ڕەگەزەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییانەی دۆڵی بیقاع بە ئامانجێکی سیاسیی-سەربازیی-تیرۆریستیی هاوبەش بۆ دژایەتیکردنی ئەمریکاو ئیسرائیل پەروەردە دەکران، نەک لەسەر ئامانجێکی هاوبەشی دینیی. هەربۆیەش گروپییان تێدا بو کە دینیی نەبون و، مارکسی بون؛ وەک گروپە کوردییەکە. لە پەروەردەکردنەکەدا، پەیامبەر و پێشەواکانی ئیسلام و، بەتایبەتریش حوسێن و حەسەنی ئیمامەکانی شیعەکان، وەک سەرکردەی شۆڕشگێڕ بە ئەندامانی گروپە مارکسییە کوردییەکەش دەناسێنران.

 دەرئەنجام، دەزگای سی-ئای-ئەی بە وردی بەڵگەی تەواوی دەستکەوت؛ هێرشی سەر مارێنزەکان و، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکانی ئەمریکاوفەرەنسا لە کوەیت و، تیرۆرکردنی ماڵکەم هووپەر کێ Malcolm Hooper Kerr ی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی لە بەیروت لە ١٨-١-١٩٨٤، هەر هەموی گروپە تیرۆریستییەکانی دۆڵی بیقاع ئەنجامدەری بون، بەتایبەت حیزبی خودا، حیزبوڵا. لە ڕۆژی ٢٠-١-١٩٨٤، وەزیری دەرەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئێران سەرەکیترین دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە لە جیهان دا".

 

دەستپێکردنی پرۆسەی بارمتەگرتن لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران 

لە ساڵی ١٩٨٤، ئێران پلانی بەبارمتەگرتنی ئەمریکییەکانی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆشی گرتەبەر. لە ٧-٣-١٩٨٤ تا ٨-٥-١٩٨٣، سێ ئەمریکیی لە لوبنان بە بارمتە گیران، کە یەکێکیان ولیەم باکلی William Buckley سەرۆکی وێستگەی سی-ئای-ئەی بو لە لوبنان. بە بارمتەگرتنی ولیەم باکلی زۆر ولیەم جۆسیف كەیسی William Joseph Casey ی [بەڕێوەبەری دەزگای سی-ئای-ئەی] ی نیگەران کرد. لە کاتی بەبارمتەگرتنی ولیەم باکلی دا تەنیا وەک گومانلێکراوێک لای خۆیان گلیان دابویەوە، بەڵام سی-ئای-ئەی لەوە دڵنیابوەوە کە زۆر ئەشکەنجە دەدرێ. هەربۆیە [ولیەم کەیسی]ی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی دەیویست هەمو هەوڵێک بدات بۆ گەڕاندنەوەو ئازادکردنی ولیەم باکلی.

 گرتنبەری هەر هەمو شێواز و ڕەفتارەکانی تیرۆریزم لەلایەن ئێرانەوە، وای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٤، یاسایەکی نوێی توند دەربکات کە فرۆشتنی هەمو جۆرە چەکێکی سوک و قورس، هەمو جۆرە پارچەو کەرەستەیەکی فڕۆکەو مەکینەی فڕۆکەو، هەمو جۆرە تەکنەلۆژیایەک بە ئێران قەدەغە بکات. جۆرج شوڵتزی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٥-١٠-١٩٨٤ لە نیویۆرک ڕایگەیاند: "ئێمە ناتوانین نەتەوەیەکی بچوک بین لە بەرانبەر ئێران دا. نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە کە بە چ شێوازێک وەڵام بدەینەوە".

 پرۆسەی بە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکان لە لوبنان لە ساڵی ١٩٨٥یش بەردەوام بو؛ چوار ئەمریکیی دیکە، یەک بە دوای یەک، ڕفێندران، کە هەر یەکەیان بەرپرسی یەکێک لە ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بون لە لوبنان دا. لە ١٤-٦-١٩٨٥، گروپێکی سێ کەسی لە تیرۆریستەکانی حیزبی خوا، حیزبوڵا، فڕۆکەی TWA Flight 847 یان ڕفاند. تیرۆریستەکان هەڵسابون سەرنشینەکانی فڕۆکەکەیان بەستبوەوەو، بە توندی لێیان دابون، کە بوەهۆی مردنی یەکێک لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە. ئەم گروپە تیرۆریستییە داوای ئازادکردنی تەواوی ئەو ئەندامە تیرۆریستانەی حیزبوڵایان دەکرد کە لە زیندانەکان دا بون. ڕۆبەرت مەکفارلینی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند: "مەبەستمە بە بیری تیرۆریستەکانی بهێنمەوە؛ هەر کردەوەیەکی توندوتیژی دژی ئەمریکییەکان بە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت". سەرۆک ڕەیگنیش لە ٣٠-٦-١٩٨٥ ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هیچ خەڵات و گەرەنتیی و بەرتلێک بە تیرۆریستان نادات. ئێمە هیچ ئیمتیازێک و هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ تیرۆریستان ناکەین". بەڵام حەوت مانگ دوای ئەم لێدوانەی، خودی سەرۆک ڕەیگن ڕێگەی بە فرۆشتنی چەک بە ئێران دا!

 

فرۆشتنی چەک بە ئێران

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەیزانی ئیسرائیل هەر بەردەوامە لە فرۆشتنی چەک بەنهێنیی بە ئێران. ئیسرائیل پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ بەرپرس و ئەفسەرانی ئیتلاعاتی ئێران هەبو. بەشێکی زۆر لەو ئەفسەرانە هەمان ئەفسەرانی پێشوی دەزگای ساواکی شا بون، کە مۆساد ئەو دەزگایەی دروست کردبو. سی-ئای-ئەی ڕاپۆرتیشی پێگەشتبو: بەشێک لە ئەفسەرانی ئیتلاعات دو سەرە بون، لە یەک کات دا ئیشیان هەم بۆ ئیتلاعات و، هەمیش بۆ مۆساد، دەکرد. لەو هەلومەرجەدا، بە پێشنیاری ئیسرائیل، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان؛ سەرۆک ڕەیگن ڕازی بو کە بەردەوام بۆ ماوەی پانزە مانگ ئەمریکا چەک بە ئێران بفرۆشێت.

 

ئەکتەرەکان شوێنی خۆیان دەگرن بۆ مامەڵەکردنەکە

ئیسرائیل دەستی کرد بەڕێکخستنی کۆبونەوەکان لە نێوان ئەفسەرانی ئیتلاعات و سی-ئای-ئەی دا. لێرەوە ڕونتربویەوە، لە پاش تاران، ئۆرشەلیم دەمێک بو ماڵی دووەمی کاربەدەست و ئەفسەرانی ئیتلاعات بو.

 

جیاوازی لە بۆچونی دامەزراوەکانی ئەمریکا لە فرۆشتنی چەک بە ئێران

لە کۆبونەوەی تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران؛ هەردو وەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری ئەمریکا پێداگربون لەسەر ئەوەی: نابێت بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەمریکیی بە ئێران بفرۆشرێت و، بە توندی دژی هەر هەنگاوێک بون کە بنرێت بۆ فرۆشتنی چەک بە ئێران. بەڵام [ولیەم کەیسی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی] جەختی کردەوە: "پێویستە چەک بە ئێران بفرۆشرێت". ئەم جیاوازییە ماوەیەک مامەڵەکردنەکەی دواخست. هەرچەندە جیاوازی لە بۆچونی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری لەلایەک و، سی-ئای-ئەی لەلایەکی دیکە، لە پەیوەندی لەگەل فرۆشتنی چەک بە ئێران، بە درێژایی سەردەمی سەرۆک ڕەیگن بەردەوام بو. هەمیشە وەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری ئەمریکا دژی فرۆشتنی چەک بون بە ئێران. بەڵام [ولیەم کەیسی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی] مەیلی فرۆشتنی چەکی ئەمریکیی بە ئێران هەبو.

حکومەتی ئیسرائیل پەیوەندی کردەوەو جەختی کردەوە، پێویستە ئەمریکا چەک بە ئێران بفرۆشێت لەبەر دو هۆکاری پراگماتیکی:

یەکەم: هۆکاری بازرگانیی.

دووەم: هۆکاری دبلۆماسیی.

حکومەتی ئیسرائیل ئاماژەشی بەوە دا: "ئۆرشەلیم بەپەرۆشە کە پەیوەندییە نهێنییەکەی لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، چونکە زۆربەی سەرکردەکانی ئێستا ئێران و ئەفسەرانی ئیتلاعات دۆستی ئیسرائیلن لە سەردەمانی حوکمڕانی محەمەد ڕەزا شاوە".

ئامانجی ئیسرائیل ئەوەبو: هەر کەسێک ببێتە جێگرەوەی خومەینیی لە ئەگەری نەمانی خومەینیش دا؛ هەر پەیوەندییە نهێنییە بازرگانیی و دبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت. ئیسرائیل مەبەستی بو ئەم ڕژێمەی ئێران بۆ لێدان لە بزوتنەوە پان-عەرەبیستەکانی وڵاتانی عەرەب بەکاربهێنێت.

لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی ئێران بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانییەوە دروشمی لێدەدا کە ئەمریکا؛ شەیتانی گەورەیەو، ئیسرائیلیش؛ ناوەندی کافرانە، بەڵام ئامانجی ئێرانیش لە بەردەوامی پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و، هەوڵەکانی لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ئەوە بو: موشەکی مۆدێرنی دژە فڕۆکەو دژە تانکی پێشکەوتو لە ئەمریکا بکڕێت دژی ئەو فڕۆکەو تانکە مۆدێرنانەی کە سەددام لە سۆڤیەت کڕیبونی. ئامانجی دووەمی ڕژێمی ئێران ئەوە بو: هەمو ئەو فڕۆکە پێشکەوتو و تانکە مۆدێرنانەی کە محەمەد ڕەزا شا لە ئەمریکای کڕی بون و، لە ڕوخانی ڕژێمی شاوە، ئەمریکا ڕێگای نەدا بیاننێرێت بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی، بەدەستیان بهێنێت.

 

ئەو ئێرانییەی کە بە دو سەرە ئیشی بۆ ئیتلاعات و مۆساد دەکرد

مەنوچەر قوربانیفەڕ گرنگترین سیخوڕی مۆساد و ئیتلاعات بو. لە لایەک پلانەکانی مۆسادی بۆ بەکارهێنانی ئێران لە لەناوبردنی حیزبە پان-عەرەبیستەکانی وڵاتانی عەرەبیی لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێران دەبردە پێشەوەو، لەلایەکی تریش پلانەکانی ئیتلاعاتیشی لە بەردەوام دەستکەوتنی چەکی قورس لە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لاوازنەبونی ڕژێمی ئێران لە بەرانبەر ڕژێمی سەددام دا، جێ بەجێ دەکرد.

مۆساد و ئیتلاعات بە چ پیشەیەک و لە کوێ مەنوچەر قوربانیفەڕیان بۆ پلانەکانیان جێگیر کردبو؟

مەنوچەر قوربانیفەڕ: وەک بازرگانێکی سەرمایەدار لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا جێگیرکرابو و، هەر لەوێش دەژیا. قوربانیفەڕ بەو ئەزمونە زۆرەی کە لەگەڵ ساواک و مۆساد ئیشی کردبو، لە تێرمێکی سیخوڕیکردن؛ تێگەشتبو، ئەویش بریتییە لەوەی: "چۆن سیخوڕ دەبێ لە توانای دا هەبێت کە چوار ڕیانێکی زۆر-جیاواز پێکەوە ببەستیتەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە خودییەکانی یان هی دەوڵەتەکەی!؟".

قوربانیفەڕ بەو دەرئەنجامە گەشتبو: تەنیا هۆکارێک کە هاندەر بێت بۆ ئەوەی ئەمریکا چەکی قورس بە ڕژێمی ئێران بفرۆشێت و، ئەو فڕۆکە پێشکەوتو و تانکە مۆدێرنانەی کە شا لە ئەمریکای کڕی بو و ئەمریکا ئامادە نەبو بیانێرێت بۆ ئەم ڕژێمەی ئێران، بریتی بو لە کەیسی بەکارهێنانی ئەمریکییە بە بارمتەکراوەکان.

بەو مانایەی ڕژێمی ئێران ئامادەیە ئەمریکییە بارمتەکراوەکانی لای حیزبی خودا، حیزبوڵا، ئازاد بکات، لە بەرانبەریش دا دەبێت ئەمریکا چەکی قورسی دژە تانک و دژە فڕۆکە بەم ڕژێمەی ئێران بفرۆشێت و، ئەو فڕۆکە پێشکەوتو و تانکە مۆدێرنانەی کە شا لە ئەمریکای کڕی بو، ئەمریکا بۆ ئەم ڕژێمەی ئێرانی بنێرێت.

 

لە ساڵی ١٩٨٤، بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی فایلێکی تایبەتی بۆ مەنوچەر قوربانیفەڕ کردبوەوەو دەیزانی: هەرچەندە قوربانیفەڕ لە ساڵی ١٩٧٩ کە ڕژێمی شا ڕوخا، لە ئێران هەڵهاتبو و لە پاریس وەک بازرگانێک دەژیا؛ بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەردەوام ئیش بۆ مۆساد و ئیتلاعات دەکات و، خۆشی زۆر پێی دەوڵەمەند دەکات. بەپێی فایلە تایبەتەکەی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی: ئەرکی قوربانیفەڕ لەلای ئیتلاعات بریتی بو لەوەی پیشە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکەی بەکاربێنێت بۆ تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکەی لە نێوان ئەم ڕژێمەی ئێران و وڵاتانی خۆراوا هاتبوە کایەوەو، هەوڵبدات بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی ئابوریی و سیاسیی و هەواڵگریی لە نێوان وڵاتانی خۆراواو ئێران. ناوی فایلە تایبەتەکەی قوربانیفەڕ لەلای بەڕێوەبەری دەزگای سی-ئای-ئەی بریتی بو لە: ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەر!

 لەگەڵ ئەوەی بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی سی-ئای-ئەی بەوپەڕی ناڕازیبونەوە لە قوربانیفەڕیان دەڕوانی، بەڵام ئەوە نەبوە هۆی ئەوەی کە [قوربانیفەڕی ئێرانیی] بێهیوا بکات لە هەوڵدانەکانی بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە ڕێی چەندین پیلان و پلانی جۆراوجۆردا کە دایدەڕشت، هەمو ئەوانەش لە ڕوی داراییشەوە سودێکی زۆریشیان بۆ خودی خۆی هەبو.

       

لە فایلە تایبەتەکەی سی-ئای-ئەی کە بۆ قوربانیفەڕ کراوەتەوە، بەم شێوەیە وەسف و پێناسەی کراوە:

"مەنوچەر قوربانیفەڕ نازناوێکی بۆ خۆی داتاشیوە کە ئێرانییەکی بازرگانە. بەڵام سیاسییەکی سیخوڕی درۆزنە لە فۆرمی [بازرگان] دا. واتە: ئەو مرۆڤێکی Weeler Dealer ە [کەسێکە کە بە درۆ کاری بازرگانیی دەکات و خاوەن سەرمایەی گەورەشە بۆ ئامانجی سیاسیی و سیخوڕیی و، زۆر زۆرزان و، لێزان و، بێ بەڵێنە]. پێش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، قوربانیفەڕ بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایەکی کەشتیوانی ئێرانیی بو کە ئەو کۆمپانیایە تەنیا لەگەڵ ئیسرائیل کاری بازرگانیی دەکرد. ئەو سەردەمە ناوێکی ناسراو بو لای ساواک و مۆساد و، لە یەک کات دا کاری لەگەڵ هەردو دەزگا سیخوڕییەکە دەکرد. بەلام هەردو دەزگاکە هەرگیز ئەوەیان پشتڕاست نەکردەوە. قوربانیفەڕ بۆیە بازرگانیی هەڵبژاردوە بۆ ئامانجە سیخوڕییەکەی؛ چونکە پیشەی بازرگانیی ڕێگای دەدات کە هاتوچۆی هەمو جیهان بکات. قوربانیفەڕ ئەوەی درکاندوە کە لەگەڵ هەردو براکەی، کە ناویان: عەلیی و، ڕەزا یە، پەیوەندیشیان هەبوە بە هەوڵێکی شکستخواردوی کودەتایەک کە لە ڕۆژی ٩-٧-١٩٨٠ لە تاران ڕوی دا. ئێستا قوربانیفەڕ تۆڕێکی جالجاڵۆکەیی-سیخوڕیی بەدرێژایی هەمو شوێنە دورەکانی ئەوروپا پەرە پێ داوەو، هەوڵیش دەدا ڕاپۆرتی هەواڵگری بە وڵاتانی خۆراوایی فرۆشێت. زانیاری هەیە کە قوربانیفەڕ پاش ساڵی ١٩٧٩، سەردانی تارانی کردۆتەوە. خۆی دەڵێت: "گیراوم و بە چەندین بەڵێنی درۆ کە بە کاربەدەستانی ئێرانم داوە؛ ئازاد کراوم".

بەڵام هەر خۆشی قسەیەکی تری جیاواز دەکات و دەڵێت: "لە دەست کاربەدەستانی ئێران ڕامکردوەو، ڕۆشتومەتە کوردستان و، کوردەکان منیان هەتاکو تورکیا بردوەو، بە هۆی کوردەکانەوە ڕزگار کراوم".

هێشتا لە بەدواداچون داین بۆ زانینی ژمارەی پاسپۆرتەکانی مەنوچەر قوربانیفەڕ. ئەوەی تا ئێستا توانیبێتمان لەسەری کۆی بکەینەوە: ئەو هەڵگری یەک پاسپۆرتی ئێرانییە بە ناوی [مەنوچەری سوزەنی]. هەڵگری پاسپۆرتێکی عێراقیشە بە ناوێکی عەرەبیی کە هێشتا ناوەکەی نازانین. هەڵگری پاسپۆرتێکی یۆنانیشە بە ناوی [نیکۆلاس کلاریس]. هەڵگری یەک پاسپۆرتی پرتوگالیشە بە ناوی [مانوێل پیرۆرا].

قوربانیفەڕ لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٠ەوە پەیوەندی بە سی-ئای-ئەیەوە کردو، بو بە ئەندامی بەشی ڕاپۆرتپێدان بە سی-ئای-ئەی. ئەوەی تێبینیمان کرد: "قوربانیفەڕ جار جار ڕاپۆرتی گوماناویی و سەرچاوە نادیاری بەسودی دەنارد! زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکانی زۆر لێزانانە پێکەوەی دەگونجاندن؛ بە جۆرێ هەم سەرنجڕاکێش بو بۆ ئێمەو، هەمیش لە سەدا بیستی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکانی ڕاستبون و، لە سەدا هەشتای ناوەڕۆکەکانیشی درۆو فریدەرانەو تەڵەکەبازیی بو". ئەمە وایکرد، کە سی-ئای-ئەی لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨١ کۆتایی بێنێت بە پلەی ئەندامێتی ڕاپۆرتوەرگرتن لە ناوبراو، چونکە وا هاتە بەرچاو کە قوربانیفەڕ تەنیا بۆ گەشەپێدانی بەرژەوەندییە بازرگانیی و ئابورییە تایبەتەکانی خۆی ئەو ڕاپۆرتانە بۆ سی-ئای-ئەی دەنێرێت. بەڵام قوربانیفەڕ وازی لە ڕاپۆرت ناردن بۆ خودی بەڕێوەبەری دەزگای سی-ئای-ئەی و بەشەکانی تری سی-ئای-ئەی نەهێناو، بەردەوامیی پێ دا. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٤، قوربانیفەڕ پەیوەندی کردبو بە بەشی هەواڵگریی سوپای ئەمریکا لە خۆراوای ئەڵمانیا لەگەڵ داڕشتنی چیرۆکی: [چالاکییەکان و پلانەکانی دامەزراوە تیرۆریستییەکانی ئێران]. لە ناوەڕاستی مانگی سێی ساڵی ١٩٨٤، ئەفسەرێکی سی-ئای-ئەی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ قوربانیفەڕ لە فرانکفۆرت ئەنجام دا بۆ بەدواداچونی ئەو داتاو زانیارییانە کە قوربانیفەڕ پێشنیاریان دەکات.

  لە کۆبونەوەکە، قوربانیفەڕ ئاماژەی بەوە دابو: زانیاری لەسەر ئەو ئەمریکییانە هەیە کە ڕفێنراون، بەتایبەت زانیاری لەسەر ولیەم باکلی سەرۆکی وێستگەی لوبنانی سی-ئای-ئەی هەیە کە لە کوێ بە بارمتەکراوە. قوربانیفەڕ پێشنیاری کاربەدەستێکی باڵای ئێرانی کردبو کە دەتوانێ بەشدار بێت لە کۆبونەوە هەواڵگرییەکانیان لەگەڵ سی-ئای-ئەی، کە ناوبراو بەرپرسی چالاکییەکانی بە بارمتەکردنە بەگشتیی و بەرپرسی کەیسی ڕفێنراوە ئەمریکییەکانیشە لە ناو ڕژێمی ئێرانیی داو، دەکرێ لە کۆبونەوەکان دا نازناوی (دووەم ئێرانی)ی بۆ دابنێن. بەپێی پێشنیارەکەی قوربانیفەڕ: ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران دەتوانێ گرنگترین ڕۆڵی هەبێت بۆ ئازادکردنی ولیەم باکلیی و ئەمریکییە ڕفێنراوەکانی تر. زیاتر لەوانەش، قوربانیفەڕ ئاماژەشی بەوەش دابو: ئاگاداری ئەوەیە کە ئێران پیلانێکی داڕشتوە بۆ تیرۆرکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. دوای کۆبونەوەکە، بەشی پۆلیگرافی درۆکەشفرکردن لە دامەزراوەی سی-ئای-ئەی هەڵسان بە هەڵسەنگاندنی ئەو زانیاریانەی کە قوربانیفەڕ لە فرانکفۆرت دابوی بە ئەفسەرەکەی سی-ئای-ئەی، بەشی پۆلیگراف بەو دەرئەنجامە گەشتن: زانیاریی و داتاکانی قوربانیفەڕ درۆن و فریودەرانەن.

  زانیاری بە سی-ئای-ئەی گەشت؛ ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە بەرپرسی بەرەکانی جەنگی ئێرانە لە دژی عێراق، هەوڵەکانی کاربەدەستە ئێرانییەکانی بۆ خومەینیی باس کردوە بە مەبەستی کڕینی چەکی ئەمریکیی و، ئاماژەشی بەو چەکانە کردوە کە ئیسرائیل چەند جارێک بۆ ئێرانی ناردوە. لە وەڵامدا، خومەینیی بە ڕەفسەنجانیی وتوە: "گرنگترین شت ئەوەیە بەسەر سەددامی سوننەی کافر دا سەرکەوین. دەبێت جەنگی ئێمە لە دژی عێراق لە سەرو هەمو شتێکەوە دابنێن. لە ڕوی دینییەوە: هەر وەسیلەیەک کە سەرکەوتنمان بەسەر سەددامی سوننەی کافر بۆ فەراهەم بکات؛ پیرۆزەو، من پەسەندی دەکەم و، ئەنجامی بدەن". ئەمەش ئەو ماناو پەیامەی گەیاند: خومەینیی زۆر دڵخۆش بوە بەوەی ئیسرائیل چەندینجار چەکی بە ئێران داوەو، گەشبینیش بوە بە هەوڵەکانی ئێران بۆ کڕینی چەک لە ئەمریکا و بەکارهێنانی دژ بە عێراق.

   لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٨٤، دەزگای سی-ئای-ئەی دەستی کرد بە ڕێکخستنی کۆبونەوەیەکی نهێنیی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئێران بە مەبەستی پێدانی چەکی ئەمریکیی لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەمریکییە بە بارمتەکراوەکان دا. بەرپرسە باڵاکەی ئێران بۆ کۆبونەوە نهێنییەکانی لەگەڵ سی-ئای-ئەی نازناوی (یەکەم ئێرانی)ی بۆ خۆی هەڵبژارد. بە بێ ئەوەی مەنوچەر قوربانیفەڕ لەلایەن سی-ئای-ئەیەوە ئاگادارکرابێتەوە لە بارەی کۆبونەوەکەی نێوان سی-ئای-ئەی و بەرپرسە باڵاکەی ئێران (یەکەم ئێرانیی)، کەچی لەوکاتەدا، قوربانیفەڕ دیسانەوە ڕاپۆرتێکی بۆ سی-ئای-ئەی ناردو، تێیدا ناوی (یەکەم ئێرانیی) هێنابو کە مەیلی بە لای بەستنی پەیوەندییە لەگەل ئەمریکادا.

   دوبارە، بەشی پۆلیگرافی درۆکەشفرکردن لە دامەزراوەی سی-ئای-ئەی دەستیانکرد بە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕاپۆرتەی کە قوربانیفەڕ لەسەر بەرپرسە باڵاکەی ئێران (ئێرانیی یەکەم) بۆ سی-ئای-ئەی ناردبو، دیسانەوە بەشی درۆکەشفکردن سەلماندیانەوە کە قوربانیفەڕ فریودەرە. هەربۆیە لە ڕۆژی ٢٥-٧-١٩٨٤، دەزگای سی-ئای-ئەی لە مێژوی خۆی دا بەیاننامەیەکی دەگمەنی دەرکرد کە بۆ هەمو کارمەندانی دەزگاکەو دەزگاکانی تری هەواڵگریی و دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێردرا، لەژێر ناونیشانی: "تێبینی لەسەر ساختەچییەک"، تێیدا ئاماژە بەوە درابو: "دەبێت مەنوچەر قوربانیفەڕ وەک خاوەن بازرگانێکی ساختە، بێزارکەر، درۆزن و، فریودەر، دابنێن".

قوربانیفەڕ هەر واز ناهێنێت

بەڕێزان چاوەڕوانی بەشی دووەم و کۆتایی وەگێڕانی ئەم زنجیرە بەڵگەنامە نهێنییانەی سی-ئای-ئەی بن بۆ ئەوەی بەوردیی و بەتەواوی لەم بابەتە گرنگە بگەن.

لە بەشی دووەم دا، ڕؤڵی کاراکتەرەکانی وەک قوربانیفەڕ، تیۆدۆر شاکلی یاریدەدەری جێگری پێشوی بەڕێوەبەری سی-ئای-ئەی، جەنەراڵ مەنوچەر هاشمی بەرپرسی پێشوی لقی سێی ساواک، دکتۆر شەهابی سەرۆکی ئەوکاتەی تیمی ئێران بۆ کڕینی چەک لە وڵاتانی خۆراوایی، عەدنان خاشوجی سعودی گەورە بازرگانی چەک، شیومەری ڕاوێژکاری دواتری شیمۆن پێرێزی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یەعقوب نیمرۆدی گەورە بازرگانی ئیسرائیلیی و کاربەدەستی پێشوی حکومەتی ئیسرائیل، ولیەم کەیسی بەڕێوەبەری ئەوکاتەی سی-ئای-ئەی، ڕیگنی سەرۆکی ئەمریکا، میکایل لێدین، گراهام فولەری بەرپرسی ئەو سەردەمەی بەشی خۆرهەڵاتی نزیکی سی-ئای-ئەی، جۆرج بۆشی جێگری ڕیگنی سەرۆکی ئەمریکا، موحسین کنگرلوی کاربەدەستی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆبەرت ماکفەرلینی ڕاوێژکاری ئەوکاتەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و ڕۆیشتنی ناوبراو بەنهێنیی بۆ ئێران بە پاسپۆرتێکی ئیرلەندییەوەو، پێدانی نزیکەی سەد هەزار موشەکی جۆراوجۆر بە ئێران لە ناویشیان دا موشەکی هۆک و تۆو کەچی ئێران دواتر ئەو بەڵێنانە ناباتەسەر کە بە ئەمریکای داوەو،  زۆری پرسی تر دەخرێنەڕو.

ئەم وێنە بەڵگەنامەییانەی مەنوچەر قوربانیفەڕ لە فایلەکانی سی-ئای-ئەی دایە. بە نزیکەی ٢٧ وێنەیە. ستایل و سەکسوک و شێوازی ڕوخساری قوربانیفەڕ لە برای ئەژی ئەمین ئەچێت.

ئەو وێنەیەی کە قوربانیفەڕ لە پاڵ ئاڵای ئێران گرتویەتی، کەسی لای ڕاستی ئەو: موحسین کنگرلووە.

ئەو پیاوەش کە لە دو وێنەدا بە دانیشتن و بە هەستان لەگەڵ قوربانیفەڕ دایە، ئەوە: عەدنان خاشوجی سعودی گەورە بازرگانی چەکە.

وێنەکانی تر کە ڕوخساری قوربانیفەڕ دەردەکەوێت بەڵام کەسەکانی تر پشتیان دەرچوە، ئەوانە: ئەفسەرانی سی-ئای-ئەین.

 

ئینشائەڵا چاوەڕوانی بەشی دووەمی ئەم بابەتە بەڵگەنامەییەی سی-ئای-ئەی بن لە چەند ڕۆژی داهاتو دا.

***

دکتۆر شەریف عەلی لە ٢٤-١١-١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایک بوە.

خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواو کردوە.

دواتر، یەکەمی بەشی مێژوی زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە سالانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ نوێنەری خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان بوە.

لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ ماستەری لە زانکۆی لەندەن لەسەر: (ستراتیژی بەریتانیا لە خاکی ئەمریکا: چۆن بەریتانیا سیستەمی سیاسیی خۆی ڕواند لە خاکی ئەمریکا لە سەدەی حەڤدە)، بە پلەی (زۆرباشەی باڵا)، تەواو کردوە.

لە ٢٠٠١ ەوە دەستی بە نوسین لە ڕۆژنامەکانی کوردستان کردوەو، لە ٢٠٠٨ ەوە بەردەوام کتێبەکانی بە چاپ دەگەیەنێ.

لە ساڵانی ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٩ بە میلاک مامۆستای زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە هەمان کاتیش دا لە سێ زانکۆی تریش دا وانەبێژ بوە.

لە ٢٠١٩ سکۆلارشیپێکی ئەوروپیی بۆ خوێندنی دکتۆرا بردۆتەوە.

پاش شەش ساڵ لە خوێندنی دکتۆرای فول-تایم، بە بێ پێشنیاری هیچ ڕاستکردنەوەیەک، تێزەکەی دەقاودەق وەک پرۆژەیەکی ئۆریجناڵی دکتۆرا قبوڵکرا لە ٢٩-٤-٢٠٢٥.

لە ٢٥-٨-٢٠٢٥ تێزی دکتۆراکەی دو خەڵاتی ماددی و مەعنەوی بردەوەو، لە لەوحی ڕێزلێنانەکەدا دکتۆر شەریف وەک توێژەرێکی بیرمەند ناوی نوسراوەو، تێیدا هاتوە:

Congratulations to Dr. Shareef Ali, who possesses higher cognitive intellectual abilities, on this outstanding academic achievement.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×