عەلی قەرەداغی، هەسەدەو حیزبی بەعس دەخاتە یەک خانەوەو دەڵێت "بەباوەڕ گەندەڵن"
  2026-02-10     

ئا: ئاوێنە

 

عەلی قەرەداغی، لەرونکردنەوەیەکدا هەسەدەو حیزبی بەعس دەخاتە یەک خانەوەو دەڵێت "ئەوانە باوەڕێکی گەندەڵ‌و عەلمانین‌و من موسڵمانم‌و مێشکم بەو ئایدۆلۆژیا گەندەڵانە پیس نەبووە".

 

ئاوێنە: عەلی قەرەداغی، لەڕوونکردنەوەیەکدا باس لەوە دەکات کە "پرسیارێکم لێکراوە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لێم بکرێت: ئایا لەگەڵ گەلی کوردم؟ ئایا لەگەڵ هەسەدەم؟ دوو پرسیار کە پێویستم بەوەڵامدانەوەیان نەبوو، ئەگەر هەندێک کەشی تەمومژاوی و هەندێک هەوڵی فیتنە و بوختان نەبووایە، کە وایان لێ کردم روونکردنەوەیەک بدەم بۆ بڕینی رێگە لە دەنگۆکان و دانانی شتەکان لە شوێنی راستی خۆیان. بە روونی و بێ تەمومژ دەڵێم: من موسڵمانم، کوڕی ئەم ئایینەم، وەلائیم بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی و ئیماندارانە، ئینتیمای یەکەم و کۆتاییم بۆ ئیسلامە، لە سەرەتای تەمەنمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بێ هیچ دوو فاقییەک و بێ هیچ پلەبەندییەک لە بەهاکانمدا. لەژێر سێبەری ئەم ئینتیما باڵایەدا، هەموو ئینتیما نەتەوەیی، نیشتمانی و مرۆییەکانی دیکە دێن، تاوەکو ئەو کاتەی پابەندی بنەما بڕاوەکانی ئیسلام بن و لەگەڵ بنەڕەتەکانیدا پێچەوانە نەبن و دژی مەبەستە گەورەکانی نەبن. لە فەزڵی خودای گەورەیە کە فیکرم بە هیچ عەقیدەیەکی فاسد و ئایدیۆلۆژیای هیچ پارتێکی عەلمانی پیس نەکردووە".

دەشڵێت "لەسەر بنەمای ئەم پێوەرە، هەڵوێستم بەرامبەر پارتە خاوەن ئایدیۆلۆژیا عەلمانییە تووندەکان، وەک هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیان، هەڵوێستێکی بنەمایی و فیکرییە، کە سەرچاوەی لە ناکۆکیی بنەما عەقیدی و فەلسەفییەکانی ئەوانەوە گرتووە لەگەڵ مەرجەعیەتی ئیسلامیی مندا. من لەگەڵیان نیم، بەڵکو دژی ئایدیۆلۆژیاکانیانم کە لەگەڵ ئاییندا دەیکەن بە شەڕ، یان پەراوێزی دەخەن، یان دژایەتی دەکەن. بەڵام ئەم ناكۆکییە عەقیدی یان فیکرییە، لای من هەرگیز نابێتە هۆی ستەمکردن لە کەس، و پاساو نییە بۆ دەستدرێژی، و رقێکی کوێرانەش بەرهەم ناهێنێت. من تەواوی تەمەنم دژی ستەم وەستاومەتەوە، ستەمکار هەرکەسێک بێت، و لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤدا بووم، خاوەن ئینتیماکە هەرکەسێک بێت. ژیاننامەم پێش قسەکانم شایەدی دەدەن: هەڵوێستم بەرامبەر فەلەستین ناسراوە، وەستانم لەگەڵ مافی گەلی سووریا بۆ رزگاربوون لە میراتی ستەمکاری جێگیرە، رەتکردنەوەی کودەتای حوسییەکان لە یەمەن روون بوو، و پشتیوانیم بۆ چەوساوەکان لە کشمیر، رۆهینگا، و تورکستانی رۆژهەڵات نە وەرزی بووە و نە تەنها قسە. بەبێ دوودڵیش دەڵێم: زیاتر لە 40 ساڵە لەگەڵ گەلی کورد وەستاوم، لە رووی فریاگوزاری، پەروەردە، گەشەپێدان، بەرگریکردن لە مافەکان و رەتکردنەوەی پەراوێزخستن و ستەم. پشتگیریم بۆ گەلی کورد هەرگیز مەرجدار نەبووە بە حیزبێک، و نەبەستراوەتەوە بە ئاڵایەکی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکو لایەنگری بووە بۆ مرۆڤ، بۆ حەق و بۆ دادپەروەری، و بە پاڵنەری ئیمان و بەپێی ئایەتەکانی قورئان بووە".

 

بڕوانە ئەم لینکە:

https://www.facebook.com/share/p/17kWdSraSm/

 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×