ئا: هێڤی ئاوات
مردنی کەسێک بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، چیتر ڕووداوێکی دەگمەنو جێی "شۆک" نییە وەک جاران، بەڵکو ئێستا بەهۆی فشاری جەستەییو دەرونییەوە مەرگی لەناکاو بووەتە دیاردەیەکی خەمهێنەر لەکوردستان، گەنجو پیر، ژنو پیاو، لەناکاو بە بەر چاوی خێزانو هاوڕێکانیانەوە کۆتاییان دێت، دەرونناسیک دەڵێت "پێدەچێت دڵی مرۆڤی کورد بەهۆی فشارو سترێسەوە زۆر تەنکو لەرزۆک بووبێت".
لەچەند رۆژی رابردوودا، مەرگی ناوەختو لەناکاوی نوسەری دیاری کوردستان "خەڵات عومەر" بەلای زۆرێک لەهاوڕێو کەسوکارو ئاشناکانیەوە، رووداوێکی دڵتەزێنو خەمهێنەر بوو، بەپێی گێڕانەوەی کەسێکی نزیکی "خەڵات" بۆ ئاوێنە، دوو رۆژ بەر لەوەی تووشی جەڵتە بێت، پێکەوە بوونو قسەی خۆشیان کردووەو بەخەڵاتی وتووە "هەر ئەوەندەی کە بەیانی بەتەندروستییەکی باشەوە هەستیتو بتوانی لەبەردەم دەستشۆرەکە دەموچاوت بشۆیت، نیعمەتێکی گەورەیە"، خەڵاتیش وتویەتی "جا کێ خوا ئەیداتێ ئەو بیتاقەیەی بۆ دەرچێتو چانسی ئەوەی هەبێت بەپێوە بمرێت".
ئەم کەسە وتی "خەڵات تا کاتژمێر ١١ی شەو کتێبی خوێندوەتەوەو کە هەستاوە، کەوتووە، منداڵەکانی وتویانە با بتبەین بۆ نەخۆشخانە، وتویەتی نەخۆشخانەی چی؟! بۆ چیمە؟! پاش نیو کاتژمێر کە هەستی کردووە دۆخی باش نییە، خۆی وتویەتی بمبەن بۆ نەخۆشخانە، کە بردویانە پێش ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە، لەڕێگەدا گیانی سپاردووە".
خەڵات عومەر، کە تەمەنی ٥٥ ساڵ بوو، یەکێکە لەسەدان خەڵکی کوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی کتوپڕ جەڵتەی دڵ لێیداونو لەماوەیەکی کەمدا گیانیان سپاردووە.
دکتۆر موراد نامیق، پزیشکی هەناو، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە "باوترین هۆکاری کێشە توندەکانی دڵ بریتییە لەگیرانی ئەو خوێنبەرەی، خوێن بۆ ماسولکەی دڵ دابین دەکات"، ئەو بەئاوێنەی وت "بەگیرانو تەسک بونەوەی بۆڕی خوێنی کۆرۆنەری دڵو نەگەیشتنی خوێنی پێویست بەماسولکەی دڵ، خانەکانی دڵ دەمرێو جەڵتە روودەدات، ئەم گیرانە لەئەنجامی کۆبوونەوەی کۆلیسترۆڵو سێ گلیسیرید، گرژبوونی کتوپڕ لەخوێنبەرەکەدا ڕوودەدات، یان دروستبوونی مەینی خوێن بەهۆی چەوریو خەستی خوێنەوە".
وتیشی "جەڵتەی دڵ دەکرێت بەهۆی لاوازی ماسولکەکانی دڵ، یان هەوکردنێکەوە بێت کە کاریگەری لەسەر دڵ دروست دەکات، زیاتر ئەو پیاوانەش تووش دەبن کە تەمەنیان سەروو ٤٥ ساڵو ژنانی سەروو ٥٥ ساڵن".
ئەم پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون بەنەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکەن، بریتین لە"جگەرەکێشان، فشاری درێژخایەن، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، قەڵەوی، شەکرەو بەرزی کۆلیسترۆڵو سێ گلیسیرید، ئەو وتی "دیارترین نیشانەکانی جەڵتەی دڵ بریتین لەئازارێکی توند لەبەشی ناوەڕاستی سنگو بەرەو ناو دەفەی شانو هەندێکجار بۆ شانیش، هەناسەتەنگی، لێدانی خێرای دڵ، رشانەوە، لەرزو تا، سەر گێژ خواردنو بوورانەوە، ئەگەر ئەم نیشانانە دەرکەوتن، پێویستە دەستبەجێ رووبکەیتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن یان پزیشکی پسپۆڕ بەمەبستی ئەنجامدانی پشکنینو هێڵکاریی کارەبایی دڵ، بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ گیرانێک لەخوێنبەرەکاندا نییە".
ئەم پزیشکە جەخت لە"گرنگی خۆپاراستن" دەکات لەڕێگەی گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروستەوە، کە بریتییە لەڕۆیشتن بۆ ماوەی ٣٠ خولەک ڕۆژانە، دابەزاندنی کێش، کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێنو ڕێژەی شەکرو کۆلیسترۆڵو سێ گلیسیرید لەخوێندا، دوورکەوتنەوە لەجگەرەکێشانو ماددە هۆشبەرەکانو کارکردن بۆ کەمکردنەوەی سترێسو فشاری دەروونی.
جەڵتەی دڵ تادێت دەبێت بەدیاردەیەکی باوو هۆكارێكی سەرەكی مردن لەسەر ئاستی کوردستانو بە"بکوژی بێدەنگ" ناودەبرێت، دەرونناسان باس لەوە دەکەن کە مرۆڤی ئەم سەردەمە فشارێکی دەرونی گەورەی لەسەرەو ژێانێکی "سترێساوی" بەسەردەبات، کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی جەستەو لەدەستدانی لەشساغی، ئەمە جگە لەوەی پیسبوونی ژینگەو خراپی کوالێتی خۆراکیش رۆڵیان هەیە لەزیادکردنی رێژەی تووشبوونی جەڵتەدا.
دەروونناس، کوێستان جەلال جەغت لەوە دەکات کە "پەیوەندی نێوان جەستەو تەندروستی دەروونی، زۆر تێهەڵکێشن، بەو پێیەی جەستە زۆرجار ئازاری دەروونی بەشێوەیەکی جەستەیی دەردەبڕێت، کەڵەکەبوونی فشاری دەرونیو هەستە چەپێنراوەکان دەتوانن بەچەندین نیشانەو شێوازی جۆراوجۆر لەجەستەدا دەربکەون، لەوانە ئازاری دڵ".
ئەم دەرونناسە بۆ ئاوێنەی رڕوونکردەوە کە "دڵ هێمای هەستو سۆزەکانەو کاتێک کەسێک هەستەکانی سەرکوت دەکاتو دەرینابڕێت یان ڕێگەیەکی تەندروست بۆ بەتاڵکردنەوەی نادۆزێتەوە، ئەم کەڵەکەبوونە دەرونییە دەکرێت بگۆڕێت بۆ فشارێکی دەروونی درێژخایەن، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی دەبێت".
ئەو وتی "فشارو ئازاری دەروونی کاتێک پشتگوێ دەخرێت، دەتوانێت وەک نیشانە لەبەشە جیاوازەکانی جەستەدا دەربکەوێت".
وتیشی "پێدەچێت دڵی مرۆڤی کورد بەهۆی فشارو سترێسەوە لەم سەردەمەدا زۆر تەنکو لەرزۆک بووبێت، کەمخەویو ماندوێتی دەروونی بەردەوام فشارو ئاستی ماندوێتی زیاد دەکات، بۆیە پێویستە گرنگی بدەیت بەتەندروستی دەرونیو جەستەییو کەمتەرخەم نەبیت بەرامبەر بەجەستەو دەرونی خۆت، چونکە ئەو جۆرە پشتگوێخستنە کوشندە دەبێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات