کوژانەوەی کارەبا، بازاڕی چراو پاوەربانکی گەرم کردووە
  2026-03-03     
رۆژانی پێشوو بەمانگیش چوار چرام نەدەفرۆشت، هەر ئەمڕۆ لەوانەیە ١٥٠ چرام فرۆشتبێت

ئا: محەمەد هاوژین

 

کوژانەوەی کارەبا بەهۆی هەلگیرسانی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران‌، چەند رۆژێکە خواستی لەسەر چراو  فانۆس‌و پاوەربانک سەد هێندە زیاد کردووە، چرافرۆشێک دەڵێت "رۆژانی پێشوو بەمانگیش چوار چرام نەدەفرۆشت، هەر ئەمڕۆ لەوانەیە ١٥٠ چرام فرۆشتبێت".

 

کارزان، کە خەریکی چرا فرۆشتنە لەمەزادخانەکەی سەرەوەی سلێمانی، دەمەو ئێوارەیەکی ساردەو لەبەردەم دوکانەکەیدا بەپێوە وەستاوەو پەیتا پەیتا خەریکی وەڵامدانەوەی ئەو کڕیارانەیە کە بەهۆی بڕانی کارەباوە، بەدوای چراو فانۆسی نەوتیدا دەگەڕێن، پێیاندەڵێ ئەم چرایەیان مواسەفاتی چییەو ئەویان بۆچی گرانەو خەڵکەکەش بەردەوام لێیدەکڕن، ئەو بەئاوێنەی وت "لەبەیانیەوە بەپێوە وەستاوم‌و فریای وەڵامدانەوە ناکەوم، رۆژانی پێشوو بەمانگیش چوار چرام نەدەفرۆشت، هەر ئەمڕۆ لەوانەیە ١٥٠ چرام فرۆشتبێت، هەر بەکارتۆن لەمەخزنەکەوە دەیهێنن‌و ناکەوێتە سەر ئەرز فرۆشراوە".

وتیشی "خەڵک لەم بێ کارەباییەدا چرای لەلایتی شەحنیش پێباشترە، هەرچەندە ئەویش فرۆشی زۆر بووە، بەڵام چراکە باشییەکەی ئەوەیە بەنەوت ئیش دەکاو خەڵک پەکی لەسەر بەکارهێنانی ناکەوێ".

کارزان باس لەوە دەکات کە نرخی چراکانیان جیاوازە بەپێیی باشی‌و خراپی‌و گەورەیی‌و بچوکیان کە نرخیان لە ٣ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ١٠ هەزارو زیاتریش، ئەو وتی "فرۆشمان لەسەدا ٣٠٠ زیادیکردووە، بەهۆی نەبوونی کارەباوە، بازاڕمان باشە، ئەگەر کارەبا هەبێت خەڵک، هەر داوای ناکاتم ٢٠ ساڵیشە چرا باوی نەماوەو کەس لێیناپرسێ".

 

رۆژی ٢٨ی شوباتی رابردوو، لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران‌و مەترسی هێرشی مووشەک‌و درۆن بۆ سەر کوردستان‌و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی غاز، کاتژمێرەکانی کارەبا نەک هەر کەمبوونەوە، بەڵکو بەتەواوی کارەبای شارەکانی کوردستان کوژانەوە.

کۆڕمۆڕ گەورەترین کێڵگەی بەرھەمھێنانی نەوت‌و غازە لەھەرێمی کوردستان‌و عێراق، دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، سەرچاوەی دابینکردنی وزەی کارەبایە بۆ ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان‌و بەشێکی عێراق، بەهۆی زیادبوونی مەترسی هێرشی درۆنی‌و مووشەکەوە بەرهەمهێنانیان راگرت‌و کارەبای کوردستان بەتەواوی کوژایەوە.

 

حسێن ئەحمەد، هاوڵاتییەکی تەمەن ٦٨ ساڵە خەریکی کڕینی چرایەو هەر ئەمدیوو ئەودیووی دەکاو لێی ورد دەبێتەوە، ئەو  بەئاوێنەی وت "کارەبا نەبێ ‌لایتی شەحن بەرگە ناگرێ‌و بێسوودە، ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بەخەیاڵمدا نەدەهات گەڕانەوەمان بوو بۆ فانۆس‌و چرای نەوت، نەمردین ئەمەشمان بینی".

وتیشی "ئەمشەو دوو کاتژمێر کارەبامان هەبووە، موەلیدەش بمایە هەر باش بوو، بەڵام وا خوا پڕۆژەی روناکی‌و موەلیدەشی بڕی، دەبێت فانۆس‌و چرا بکڕین".

 

ئەمە لەکاتێکدا بوو کە چەند مانگێکە بەهۆی کارپێکردنی پڕۆژەی روناکییەوە، موەلیدە ئەهلیەکان کاریان پێنەدەکرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەوانە تاریکی باڵی بەسەر کوردستاندا بکێشێت‌و هاوڵاتیان لەناو بازاڕو مارکێت‌و دوکانی گەڕەکەکاندا بەدوای روناککەرەوەدا بگەڕێن.

عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لەپەیوەندییەکدا سەبارەت بەئەگەری کارپێکردنەوەی موەلیدەکان بەئاوینەی وت "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢٦ خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کۆببنەوەو بڕیار لەبارەی چۆنییەتی كارپێكردنەوەی موەلیدەكانیان بدەن".


بێ کارەبایی بازاڕی نەک هەر چراو لایتی شحن‌و موەلیدەی جوڵاند، بەڵکو بازاڕی پاوەڕبانكی بەتەواوی بوژاندەوەو ئەمڕۆ خواستێکی زۆری هاوڵاتیانی لەسەرە.

 

شیروان مەحمود، لەمەزادخانەی سلێمانی کە دوکانی پاوەربانکی هەیە، باس لەوە دەکات کە بەخەونیش فرۆشی لەمجۆرەی پاوەربانکی نەبینیوە، ئەو بەئاوێنەی وت "تەنیا ئەمڕۆ لەوانەیە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ پاوەربانکم فرۆشتبێت، لەدەرەوەی شارو تەنانەت لەهەولێریشەوە سەدان داواکارئ گەیاندنمان هەبووە، شەوو رۆژ مەسیج‌و تەلەفونم بۆ دێ‌و داوای پاوەر بانک دەکەن".

وتیشی "دوو رۆژە هیچ نافرۆشم تەنها پاوەربانک نەبێت، ئەوەندە خواستی لەسەرە نرخەکەی دۆلارێک بۆ دوو دۆلار زیادیکردووە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×