ئا: ئاوێنە
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی پەردەی لەسەر هەبوونی ژمارەیەک لە منداڵ و کەسوکاری بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لادا، کە هەندێکیان خاوەنی پۆستی ئەکادیمی و توێژینەوەن لە زانکۆ گەورەکانی نیویۆرکەوە تا لۆس ئەنجلۆس. ئەم ئاشکراکردنە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گرژییەکی سیاسی توند و لێدوانی دوژمنکارانەی پێوە دیارە، بەتایبەت دوای هێرشە ئەمنییە ئەمریکییەکانی ئەمدواییە بۆ سەر ڕژێمی ئێران، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" (New York Post)ی ئەمریکیدا هاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم کەسانە لە دامەزراوە فێرکارییە ناودارەکانی وەک زانکۆی "ماساتشوستس"، کۆلێژی "یۆنیۆن" لە نیویۆرک، و زانکۆی "جۆرج واشننتۆن" دابەش بوون. لە کاتێکدا هەبوونی ئەوان وەک مافێکی کەسی و ئەکادیمی سەیر دەکرێت، بەڵام لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆن پرسیار دەربارەی سروشتی ئەم هەبوونە و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی دەورووژێنن.
شیکەرەوەکان، وەک "جاناتان سایە" لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان، پێیان وایە گەیشتنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ڕژێمەوە هەیە بۆ پێگەی کاریگەر، ڕەنگە بەشدار بێت لە داڕشتنی دیدگایەکی دیاریکراو لە ناوەندە زانکۆییەکانی ئەمریکادا. لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراو نییە لەسەر تێوەگلانی هیچ کام لەو کەسایەتییانەی ناویان هاتووە لە چالاکیی نایاسایی یان دژ بە بەهاکانی ئەمریکا.
دیارترین کەسایەتییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە:
لەیلا خاتەمی: کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران محەمەد خاتەمییە، و وەک مامۆستای ماتماتیک لە کۆلێژی "یۆنیۆن" لە نیویۆرک کار دەکات. باوکی لە ڕووی سیاسییەوە وەک "چاکسازیخواز" پۆلێن دەکرێت، بەڵام نەیارانی پێیان وایە ئەو هەر بەشێکە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران.
فاتیما ئەردەشیر لاریجانی: کچی عەلی لاریجانی، ئەو بەرپرسە باڵایەی کە لەم دواییانەدا کوژرا. وەک پزیشک و توێژەر لە پەیمانگای "وینشیپ"ی سەر بە زانکۆی ئیمۆری کاری دەکرد تا مانگی یەکی ڕابردوو، کە دوای گوشاری چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن پۆستەکەی جێهێشت.
زەهرا محەققەق داماد: کچی ئایەتوڵڵا مستەفا محەققەق داماد و کچە خوشکی عەلی لاریجانییە. وەک مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری ئەتۆمی و تیشک لە زانکۆی ئیلینۆی کار دەکات و سەرپەرشتی یەکەی شیکردنەوەی مەترسییەکانی سیستەمە تەکنەلۆژییە ئاڵۆزەکان دەکات.
عیسا هاشمی: مامۆستای یاریدەدەرە لە لۆس ئەنجلۆس، کوڕی مەعسوومە ئیبتیکارە؛ ئەو ژنەی بە ڕۆڵی وەک وتەبێژی خوێندکاران لە کاتی قەیرانی بارمتەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩دا ناسراوە و دواتر بووە جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژنان.
ئاشکرابوونی ئەم پەیوەندییە خێزانییانە بووەتە هۆی دروستبوونی جووڵەیەک لە سۆشیاڵ میدیا و ماڵپەڕەکانی واژۆکۆکردنەوە. هەزاران کەس واژۆیان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە باری یاسایی هەندێک لەم ئەکادیمییانە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ، وەک "لۆدان بازرگان"، پێیان وایە "دووفاقی" لە پێوەرەکانی نوخبەی ئێراندا هەیە کە لە لایەک ڕەخنە لە ڕۆژئاوا دەگرن و لە لایەکی تریشەوە سوود لە سیستەمی فێرکاری و تەندروستییەکەی دەبینن.
خەمڵاندنی شارەزایان و نەیاران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە نێوان ٤٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ کەسوکاری بەرپرسانی ئێران لە ئەمریکا دەژین. ڕاپۆرتەکە باس لە سەختیی بەدواداچوونی هەموو حاڵەتەکان دەکات بەهۆی گۆڕانی پاشناوی خێزانی لە زۆر حاڵەتدا، ئەمەش وا دەکات دیاریکردنی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان کادیرە ئەکادیمییەکان و سەرکردایەتییە سیاسییەکانی تاران کارێکی ئەستەم بێت.
ڕۆژنامەکە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم مشتومڕە ڕەنگدانەوەی دابەشبوونێکە؛ ئایا دەبێت ڕێڕەوی ئەکادیمیی تاکەکان لە پاشخانی سیاسیی خێزانەکانیان جیابکرێتەوە، یان ئەوەی کە پەیوەندی خزمایەتی دەیانکاتە بەشێک لەو دیمەنە سیاسییە گرژەی نێوان هەردوو وڵات؟