ئا: ئاوێنە
"گەلی کورد نەتەوەیەکی گەورەیە، یەکێکە لە گەورەترین ئەو گەلانەی کە دەوڵەتیان نییە، ئەوان هاوپەیمانی سروشتیی ئێمەن. پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا بەهێز بکەین و پەرەی پێ بدەین، لەبەر هۆکاری دیپلۆماسی و ئەمنی."
بەو شێوەیە گدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، تێڕوانینی خۆی بۆ کورد لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا خستە ڕوو، داوای کرد پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کورد بەهێز بکرێت و پشتیوانییان بکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی ناوی برد بە "چەوساندنەوەی تورکی و ئێرانی". ئەم لێدوانانە پێش ماوەیەکی زۆر لە شەڕی ئێستا لەگەڵ ئێران دران، و پێش ئەوەی ئەگەری بەکارهێنانی کەمینەکانی ئێران، لەوانەش کورد، بۆ لاوازکردنی ڕژێمی ئێران هاوشانی بۆردومانە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بخرێتە سەر مێز. لەسەر هەمان ڕێچکە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا لەبەردەم پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی (INSS) لە ساڵی ٢٠١٤دا، جەختی لە پێویستی پشتگیریکردنی سەربەخۆیی کورد کردەوە و ڕێکخراوە کوردییەکانی بە "نەتەوەیەکی شەڕکەر" و میانڕەو و شایستەی دەوڵەت وەسف کرد، کە بەشێکن لە تەوەرەیەکی ناوچەیی کە ئیسرائیل هەوڵی هاوکارییان لەگەڵ دەدات.
ئەم لێدوان و جووڵانە لەگەڵ "عەقیدەی دەورەدان" (عقيدة الطوق) یەکدەگرێتەوە کە دەیڤید بن گۆریۆن، دامەزرێنەری دەوڵەتی عیبری دایڕشتبوو، کە دەیان ساڵ لەمەوبەر گوتبووی ئاسایشی ئیسرائیل بەستراوەتەوە بە دەورەدانی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتە ناعەرەبییە هاوسێکانیدا. ئەم عەقیدەیە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕا بۆ ستراتیژێک کە ئامانجی گەڕانە بەدوای هاوپەیمانە "نا-دەوڵەتییەکاندا"، بەتایبەت دوای ئەوەی تەلئەبیب هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ ئێران (دوای ١٩٧٩) و لەگەڵ تورکیا (لە سەرەتای هەزارەی نوێوە) لەدەستدا. بۆیە، ئەگەر هاوپەیمانییەکانی ئیسرائیل لە ڕابردوودا تورکیا و ئێرانی شای دەگرتەوە، ئەوا ئەمڕۆ هەندێک لە بزووتنەوە کوردییەکان (کە هەموویان مەرج نییە وەڵامدەرەوەی ئەو پڕوپاگەندەیەی ئیسرائیل بن) و هەندێک ڕێکخراوی درووزی لە باشووری سووریا دەگرێتەوە.
هەوڵی تەلئەبیب بۆ یاریکردن بە کارتی کوردی ئێران لە چوارچێوەی شەڕی ئێراندا سوپرایز نەبوو، بەڵکو تێڕوانینێکە ئیسرائیل ساڵانێکە کاری لەسەر کردووە و دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان نەیانتوانی ڕژێم بڕووخێنن، دەرکەوت. سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان کردووە بە پەرەپێدانی ڕێڕەوی شەڕەکە لە ڕێگەی پڕچەککردنی ڕێکخراوە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕۆژهەڵات، کە لە کوردستانی عێراق جێگیرن، بە ئامانجی کردنەوەی بەرەیەکی ناوخۆیی دژی تاران و پەکخستنی سەرچاوە سەربازییەکانی ئێران.
لای خۆیەوە، ترەمپ پەیوەندی بە ژمارەیەک سەرکردەی کوردی عێراق و ئێرانەوە کردووە، لەوانە مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، و هەردوو سەرکردەی کورد مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەمەش دوای ئەو گوشارانەی نەتانیاهۆ خستیە سەر ترەمپ بۆ گرتنەبەری ستراتیژی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران. هەرچەندە ئەم جووڵانە لەم دواییانەدا کەمێک خاو بوونەتەوە، بەڵام دوور نییە جارێکی تر بگەڕێنەوە مەیدان ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت و واشنتۆن و تەلئەبیب بە جددی بیر لە گواستنەوەی شەڕەکە بۆ سەر زەوی (شەڕی وشکانی) بکەنەوە.
نەخشەی بۆردومانەکان و ئامانجەکان
نەخشەی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئێستا ئەم سیناریۆیە پشتڕاست دەکاتەوە؛ واشنتۆن و تەلئەبیب هێرشەکانیان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران چڕکردووەتەوە و بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و ژێرخانە ئەمنییە ناوخۆییەکانی وەک بنکەکانی پۆلیس و بەندیخانەکان دەکەنە ئامانج. ئامانجەکەش شڵەژاندنی دەسەڵاتە لە کوردستانی ئێران و هاندانی دروستبوونی بەرەیەکی کوردی کە کۆنترۆڵی زەوی بکات.
ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج شارەکانی سنە، ورمێ، ڕوانسەر، کامیاران، کرماشان، پاوە، پیرانشار و مەهاباد و چەندین گوندی نزیک سنووری عێراقی گرتووەتەوە. ئەم لێدانانە تەنها بۆ پەکخستنی سوپا نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە حکومەتی ناوەندی نەتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ئەو پارێزگایانە دابین بکات.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، نەبوونی تێڕوانینێکی یەکگرتووە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دۆسیەی کورد؛ ئەو ئەمریکایەی دەیەوێت کورد لە شەڕی ئێراندا بەکاربهێنێت، هەمان ئەو وڵاتەیە کە لە سووریا پشتی تێکردن و ڕەهانی لەسەر حکومەتە نوێیەکە کرد، ئەمەش وای کردووە سەرکردە کوردەکان بپرسن: تا چەند واشنتۆن پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت؟ هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ڕۆژاوا دەریدەخەن کە ئەوان کورد وەک کارتێکی مەیدانی دەبینن و کاتێک بەرژەوەندییەکەیان تەواو بوو، لێی دەکشێنەوە.
بەربەستە پێکهاتەییەکان و مەترسیی "پەراوێزخستن"
هەر ڕەهانێکی دەرەکی لەسەر بەکارهێنانی پرسی کورد لە ئێراندا، ڕووبەڕووی تەحەددییەکی ئاڵۆز دەبێتەوە. گرنگترینیان ئەوەیە کە پێکهاتەی نەتەوەیی فرەچەشنی ئێران وای کردووە پڕچەککردنی کورد ببێتە "بۆمبێکی چێنراو" کە ڕەنگە ڕێگە بۆ جوداخوازی نەتەوەکانی تری وەک بەلوچ، عەرەب و ئازەرییەکان خۆش بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی فراوان کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی کەنداو، پاکستان و تورکیا دەبێت، کە ئەمانە هەموویان پەیوەندییان لەگەڵ واشنتۆن هەیە.
تەحەددییەکی تر لە ناوخۆی بزووتنەوە کوردییەکان خۆیاندایە کە دووچاری دابەشبوونی ناوخۆیی بوون، ئەمەش وای کردووە ڕێکخستنیان بۆ ماوەیەکی درێژ قورس بێت. هەروەها لاوازیی توانای سەربازییان بەراورد بە دەوڵەتی ئێران و دامەزراوە ئەمنییەکانی، وا دەکات گەیشتن بە ئامانجەکانیان دوور بێت، مەگەر پشتیوانییەکی سەربازی و لۆجستی زۆر گەورە لە چوارچێوەی داگیرکارییەکی وشکانی تەواوەتیدا وەربگرن، کە ئەمەش تا ئێستا سیناریۆیەکی دوورە.
توانای سنووردار و گرەوی مەترسیدار
دوایین خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە قەبارەی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئێران کە بتوانن بەشداریی شەڕێکی ڕێکخراو بکەن، لە نێوان ٥ بۆ ٨ هەزار شەڕکەردایە کە زۆربەیان لە دیوی عێراق جێگیرن و چەکی سووکیان پێیە. واتە توانایان بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵێکی فراوان سنووردارە و بەشدارییەکەیان تەنها تاکتیکی دەبێت نەک یەکلاکەرەوە.
تەنانەت ئەگەر پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆش لە ئەمریکا یان ئیسرائیل وەربگرن، ئەو پشتیوانییە بەس نابێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەسەر زەوی. ئەگەری زۆر ئەوەیە ئیسرائیل و ئەمریکا چەتری ئاسمانی بۆ هێرشە وشکانییەکانیان دابین بکەن، بەڵام توانای ڕێکخراوەیی و سەربازییان هەر بە کەمی دەمێنێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، تورکیا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە هەر جووڵەیەکی کوردی، چونکە لەگەڵ ئێراندا هاوبەشە لە ڕەتکردنەوەی هەر قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردیدا. ئێران و تورکیا پێشتر چەندین ڕێککەوتنی ئەمنییان واژۆ کردووە (وەک ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠١٨) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە کوردییەکان. ئێران لە کاتی ئەم شەڕەی ئێستادا چەندین جار بنکەکانی حیزبە کوردییەکانی لە هەولێر و سلێمانی بۆردومان کردووە، تەنانەت بنکەی هێزەکانی پێشمەرگەش (وەک یەکەی ٧٠ لە سلێمانی) کراونەتە ئامانج.
ئەنکەرە جووڵەی کوردەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەبینێت و دەترسێت تێکچوونی دۆخی ئێران بپەڕێتەوە بۆ ناو تورکیا. بۆیە ڕەنگە تورکیا هێرشی تاکتیکی بکات یان گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی هەر پاڵپشتییەک بۆ ئەو حیزبانە. بەکارهێنانی خاکی هەرێم وەک بنکەیەک دژی ئێران، ڕەنگە گرووپە شیعەکان و حەشدی شەعبی هان بدات هێرش بکەنە سەر هەرێم، ئەمەش دەبێتە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە بەرەو تورکیا.
ڕێکخراوە کوردییەکان.. ململانێی ئایدۆلۆژیا
لە پشت هەموو ئەم ئاڵۆزییانەوە، ڕاستییەک هەیە: واشنتۆن قەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناو ماڵی کوردی (بەتایبەت لە ئێران) فەرامۆش دەکات. کاتێک ئەوان باس لە "گەلی کورد" دەکەن، مەبەستیان تەنها ئەو ڕێکخراوانەیە کە پەیوەندییان پێوە دەکەن. بەڵام دیمەنی کوردی ئێران زۆر فرەچەشنە.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI): کۆنترین ڕێکخراوە (دامەزراو لە ١٩٤٥)، خاوەنی مێژووی کۆماری کوردستانە لە مەهاباد. دروشمی "دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان" بەرز دەکاتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوای ١٦ ساڵ لە لێکترازان، جارێکی تر یەکی گرتەوە و ترەمپ لەم دواییانەدا پەیوەندی پێوە کردوون.
کۆمەڵە: لە کۆتایی شەستەکاندا وەک ڕێکخراوێکی مارکسی دروستبوو، دوای شۆڕشی ١٩٧٩ چالاکییەکانی ئاشکرا کرد و تێکەڵەیەکە لە بیری نەتەوەیی و چەپ.
پژاک (PJAK): لە ٢٠٠٤ دامەزرا، باڵی ئێرانی پەکەکەیە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان شەڕی چەکداری دەکات.
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK): داوای سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستانی گەورە دەکات و خاوەنی باڵی سەربازییە.
خەبات: ڕێکخراوێکی نەتەوەیی ئیسلامییە.
خاڵێکی گرنگ: نزیکەی ٢٧٪ی کوردەکانی ناو ئێران "شیعە مەزهەبن" و زۆربەیان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام نیشتەجێن. ناسنامەی مەزهەبی وای کردووە بەشێکیان زیاتر بە دەوڵەتی ناوەندییەوە ببەسترێنەوە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە مێژووانە کەمتر بەشدارییان لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا کردووە کە زۆربەیان "سوننە مەزهەب" بوون.
کارتی کورد.. لە سۆڤیەتەوە بۆ سەدام
جووڵەی کوردی لە ئێران هەمیشە بەستراوەتەوە بە هێزە گەورەکان. یەکێتی سۆڤیەت یەکەم ئەکتەری سەرەکی بوو کە لە ١٩٤٦دا ژینگەی بۆ دروستبوونی کۆماری مەهاباد خۆش کرد. بەڵام هەر کە سۆڤیەت لەگەڵ تاران ڕێککەوت و لە ئێران کشایەوە، کۆمارەکە هەرەسی هێنا و سەرکردەکانی لەسێدارە دران. مۆسکۆ بە عەقڵییەتێکی "براگماتی" مامەڵەی کرد؛ سەکفی داواکارییەکانی کوردی لە سەربەخۆییەوە بۆ ئۆتۆنۆمی نزم کردەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تاران نەفەوتێت.
لە دوای نەوەدەکانیشەوە، ڕۆڵی ڕووسیا تەنها چاودێریکردن بووە لە چوارچێوەی کێبڕکێ لەگەڵ ئەمریکادا، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە پشتیوانی سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی کوردی کردبێت.
لە هەمان کاتدا، لە ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا ڕەوتێک دەرکەوت کە پێی وابوو بەدیهێنانی داواکارییەکانی کورد پێویستی بە کرانەوە هەیە بەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، هەرچەندە ئەم ئاراستەیە لە ناو خودی بزووتنەوەکەدا بە جێگەی مشتومڕ مایەوە. بەڵام واشنتۆن چاودێریی حەراکی کوردی لە ئێراندا دەکرد لە چوارچێوەی شەڕی سارددا، بەتایبەت دوای چوونی مەلا مستەفا بارزانی، سەرکردەی دیاری کورد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، و نیگەرانیی ئەمریکا لە ئەگەری کەوتنی بزووتنەوەی کورد لەژێر کاریگەریی شیوعییەتدا.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک بەڵگەنامە دووپاتیان کردەوە کە سەرکردەکانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا پەیوەندییان بە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ئازەربایجان و تاران کردووە بۆ داوای پشتگیریی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە وتارە بەناوبانگەکەی وودرۆ ویڵسۆن، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە مافی گەلان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان، بەڵام ئەو هەوڵانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەنجامێکی بەرجەستەیان لێ نەکەوتەوە؛ چونکە ئەو کاتە تەواوی سەرنجی واشنتۆن لەسەر جێگیرکردنی دەسەڵاتی شای هاوپەیمانی بوو بۆ ئەوەی ببێتە دیوارێکی ڕێگر لەبەردەم فراوانخوازیی سۆڤیەت، بەتایبەت کە زۆرێک لە ڕێکخراوە کوردییەکان پشتیان بە مەرجەعییەتی مارکسی-لینینی بەستبوو، بەتایبەتیش ڕێکخراوی کۆمەڵە و حیزبی تودەی شیوعی، کە کاریان کرد بۆ گواستنەوەی ئەزموونی ڕێکخراوەیی چەپ بۆ ناو بزووتنەوە کوردییەکان.
"ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە پشتگیریکردنی ڕێکخراوە کوردییەکانی ئێران و بە شێوەیەکی سیاسی و سەربازی لە چوارچێوەی ململانێ درێژخایەنەکەیدا لەگەڵ تاران بەکاری هێنان."
جگە لە پشتگیریی سۆڤیەت و ئامادەیی کاڵی ئەمریکا، ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لە پشتگیریکردنی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئێران و بە شێوەیەکی سیاسی و سەربازی لە چوارچێوەی ململانێ درێژخایەنەکەیدا لەگەڵ تاران بەکاری هێنان. سەرەتای ئەمەش کاتێک بوو کە حیزبە کوردییەکانی ئێران، و لە سەروویانەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی کۆمەڵە، ناچار بوون بارەگاکانیان بۆ کوردستانی عێراق بگوازنەوە دوای شۆڕشی ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەمەش لە ئەنجامی گوشارە سەربازییەکانی ئێران بوو. لەو سەردەمەدا پەیوەندییەکی "براگماتی" لەگەڵ ڕژێمی سەدام حسێن دروست بوو، کە پشتیوانیی دارایی و لۆجستی پێشکەش بەم ڕێکخراوانە دەکرد و ڕێگەی پێدان خاکی عێراق وەک بنکەیەکی پشتەوە بۆ چالاکییەکانیان بەکاربهێنن.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕی عێراق-ئێران لە ساڵی ١٩٨٨دا، بارودۆخەکە پێچەوانە بووەوە و سەدام حسێن دەستی کرد بە گومانکردن لە حەراکی کوردی؛ چونکە بەغداد هێزە کوردییەکانی تۆمەتبار کرد بە هاوکاری لەگەڵ تاران لە کاتی شەڕەکەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پشتگیریی ئێران کۆنترۆڵی شاری هەڵەبجەیان کرد. سەدام ئەمەی وەک پاساوێک بەکارهێنا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاییەکان و وێرانکردنی ژمارەیەک لە گوندە کوردییەکان، بە ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی و توانەوەی ناسنامەی کوردی لە ناو ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەعسیدا، و ڕێگریکردن لە هەر پڕۆژەیەکی حوکمی زاتی یان هاوپەیمانییەکی کوردی-ئێرانی لە داهاتوودا کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا یان پێگەکەی لە ململانێ ناوچەییەکاندا لاواز بکات. لەو ساتەوە، سەدام بزووتنەوەی کوردی وەک یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشە ناوخۆییەکان لە تەک ئۆپۆزسیۆنی شیعەدا ئەژمار دەکرد.
کوردستان و واشنتۆن
گواستنەوەی حیزبە کوردییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق تەنها بژاردەیەکی ڕێکخراوەیی یان بڕیارێکی تاکتیکی کاتی نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی ڕێڕەوێکی درێژخایەنی گوشاری سەربازی و سیاسی بوو کە ڕژێمی ئێران دوای کۆتاییهاتنی شەڕی لەگەڵ عێراق سەپاندی. لەو قۆناغەدا، سوپای پاسداران ئەولەویەتە ئەمنییەکانی و بەشێکی زۆری تواناکانی خۆی ڕووبەڕووی ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا کردەوە بۆ تێکدانی چالاکیی ڕێکخراوە کوردییەکان. دەسەڵاتدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانیان دژی گوندە شاخاوییەکان و ڕێڕەوەکانی پێشمەرگە ئەنجامدا، و تۆڕێک لە دامەزراوەی سەربازیی هەمیشەییان دروستکرد کە مەودای جووڵەی شەڕکەرە کوردەکانی کەمکردەوە و مانەوەیان لە ناو خاکی ئێراندا گرانتر و مەترسیدارتر کرد، ئەمەش حیزبە کوردییەکانی ناچارکرد ناوەندە سەرکردایەتی و ڕێکخراوەییەکانیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بەرەو هەرێمی کوردستانی عێراق بگوازنەوە.
ئامانج لە گواستنەوە بۆ کوردستانی عێراق، ڕێکخستنەوەی کاغەزەکانی بزووتنەوەی کورد بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعێکی ناوچەیی نوێ. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە کوردستانی عێراق و جەنگی دووەمی کەنداو، کاتێک حکومەتی عێراق دوای دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە کشایەوە، و مەیدانەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئایاری ١٩٩٢دا کرایەوە، پاشان یەکەم حکومەت و پەرلەمانی ناوخۆیی کوردی سەربەخۆ پێکهێنرا. ئەم پێشهاتانە سەرکردایەتیی هەرێمە تازەپێگەیشتووەکەی پاڵپێوەنا کە خۆی لە هەر پاساوێک بۆ دەستوەردانی سەربازیی تاران بپارێزێت. هەر بۆیە حیزبە کوردییەکانی ئێران کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانیان بە شێوەیەکی پلەبەندی و وەرچەرخان بەرەو کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ناو ئەو کەمپ و بارەگایانەی لە هەرێمدا هەیانبوو.
"تیرۆرەکانی ئێران بەشداربوون لە پەکخستنی تواناکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، ئەمەش وای لێکردن نەتوانن دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی بکەن."
بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی ململانێکان. لە ساڵی ١٩٩٦دا، هێزەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە ناو خاکی کوردستانی عێراق ئەنجامدا و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە "کۆیە" لە پارێزگای هەولێر گەمارۆدا، و ناچاریان کرد ڕێککەوتننامەیەک واژۆ بکات بۆ ڕاگرتنی کردەوە چەکدارییەکان لە سنوورەکانەوە. سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران تەنها لە گوشاری سەربازیدا کورت نەبووەوە، بەڵکو شێوازی ستراتیژێکی ئەمنیی فراوانتری گرتەبەر بۆ ڕاوەدوونانی سەرکردە سیاسییەکان لە دەرەوە بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد.
تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڤیێنا ساڵی ١٩٨٩ دوای ساڵێک لە شەڕی عێراق، پاشان تیرۆرکردنی جێگرەوەکەی، سادق شەرەفکەندی لە چێشتخانەی میکۆنۆس لە بەرلین ساڵی ١٩٩٢، دیارترین کردەوەکانی تیرۆر بوون کە ئەو کاتە درانە پاڵ تاران. ئەم کردەوانە بەشداربوون لە پەکخستنی تواناکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، ئەمەش وای لێکردن نەتوانن دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی بکەن، بەمەش کردەوەکانیان لە ناوخۆی ئێراندا پاشەکشەی کرد.
لەژێر قورسایی گوشارەکاندا، بزووتنەوەی کورد وردە وردە دەستی کرد بە وەرچەرخان لە کاری چەکدارییەوە بۆ کاری مەدەنی و سیاسی لە ناو پێکهاتەی ڕژێمدا، بەتایبەت لەگەڵ سەرکەوتنی ڕەوتی چاکسازیخواز لە سەردەمی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧–٢٠٠٥، کە ئەو قۆناغە شاهیدی دەرکەوتنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەی کوردی و پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردی لە ناو پەرلەماندا بوو، هەرچەندە ئەم کرانەوەیە بەشێکی و سنووردار بوو لەژێر چاودێرییەکی ئەمنیی بەردەوامدا.
بەڵام لەگەڵ گەیشتنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد بۆ لوتکەی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٥دا، تێڕوانینە ئەمنییە توندەکە گەڕایەوە، بەتایبەت کە ئەحمەدی نەژاد پێشتر بەرپرسێکی ئەمنی بووە لە ناوچە کوردییەکان، لەوێ کاری کردووە بۆ ڕاوەدوونانی ڕێکخراوە کوردییەکان و دەستگیرکردنی چالاکوانەکانیان، و پێی وابوو سیاسەتەکانی کرانەوەی خاتەمی پێش خۆی بەشداربووە لە دەرکەوتنی ڕێکخراوە چەکدارییە نوێیەکان وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. دوای ئەویش حەسەن ڕۆحانی کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣–٢٠٢١ دەسەڵاتی گرتە دەست، هەمان سیاسەتی پەیڕەو کرد سەرەڕای ئەوەی بە چاکسازیخواز هەژمار دەکرا، ئەمەش وای لە هەندێک حیزبی کوردی کرد جارێکی تر کاری چەکداری چالاک بکەنەوە، بەم شێوەیە بزووتنەوەی کورد لە نێوان ڕێڕەوەکانی کاری مەدەنی و ناڕەزایەتی سیاسی و گەڕانەوەی سنووردار بۆ کاری سەربازی بە هەڵواسراوی مایەوە.
ڕێکخراوە کوردییەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کاریان کردووە بۆ بەشداربوون لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران، لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا دەگاتە ناڕەزایەتییە نوێیەکانی ئەمساڵ، و ڕۆڵێکی ڕێکخراوەیی تریان گێڕا لە ئۆپۆزسیۆنی ڕژێم لە ناوخۆوە، لە ڕێگەی ئامرازە جەماوەرییەکانەوە وەک مانگرتنی گشتی و یاخیبوونی مەدەنی، لەگەڵ بەکارهێنانێکی سنوورداری کاری چەکداری. بەتایبەتی لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢دا، ناوچە کوردییەکان بوونە یەکێک لە چەقە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئێراندا، و هەوڵەکانی هەماهەنگی سیاسی و سەربازی لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا زیادی کرد، بەمەش بزووتنەوەکە وردە وردە لە پێگەی پشتگیرییەکی پەراوێزیی بۆ ناڕەزایەتییە چاکسازیخوازییەکانەوە گۆڕا بۆ یەکێک لە ئەکتەرە هەرە دیارەکان لە هاوکێشەی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا.
لە ناو ئاگری شەڕدا
لە ٢٢ی شوباتی ڕابردوودا، و کەمتر لە هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران، پێنج لە ڕێکخراوە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکهێنانی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"یان ڕاگەیاند، پاشان لە ٤ی ئازاردا حیزبی کۆمەڵەش چووە ناو هاوپەیمانییەکە، تا ببێتە چەترێک بۆ نزیکەی تەواوی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران. لەو ساتەوە، هاوپەیمانییەکە بە ئاشکرا بەشداربوونی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی ئێران ڕاگەیاند، و چەندین جار داوای لە سەربازانی سوپا کرد کە بێبەریبوونی خۆیان لە وەلا بۆ ڕژێم ڕابگەیەنن.
سەرەڕای زاڵبوونی ئەجێندای ئایدۆلۆژیی چەپ بەسەر ئەم هاوپەیمانییەدا، بەڵام ئەندامەکانی نەیانتوانی بەرگەی دەرفەتی کرانەوە بەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بگرن لەژێر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، سەرەڕای مێژووی هەندێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە ڕەتکردنەوەی "ئیمپریالیزمی" ئەمریکی، کە دیارترینیان حیزبی "کۆمەڵە"یە و نیگەرانییان لە گرەوکردن لەسەر واشنتۆن لەبەر ڕۆشنایی تۆمارە "پڕ لە گۆڕانکارییەکەی" بەرامبەر بە کورد. وا دیارە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێم، هاوپەیمانیی کوردی و واشنتۆنی لەسەر کورتەمەودا کۆکردووەتەوە، و بەشداربووە لە کاڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لە ڕیزی ئەو هاوپەیمانییانەی کە واشنتۆن دەیەوێت سەرپەرشتییان بکات بۆ لاوازکردنی ڕژێمی ئێران.
ئەم ناکۆکییانە بە ڕوونی لە پێکدادانی ئاشکرای نێوان هاوپەیمانیی کوردی و ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشوو کە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ڕووخاندی، دەرکەوتن. پەهلەوی هێرشی کردە سەر هاوپەیمانییەکە و تۆمەتباری کردن بە تێکدانی سەقامگیریی ئێران و پیلانگێڕان دژی یەکپارچەییەکەی، کە ئەمە هەمان ئەو تۆمەتە نەریتییەیە کە باوکی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کورد بەکاری دەهێنا، و جێی سەرنجە هەمان ئەو تۆمەتەیە کە پەیوەندیی تاران بە بزووتنەوەی کوردەوە لە دوای دامەزراندنی ڕژێمی ئیسلامییەوە پێکدەهێنێت. لە تویتێکدا لەسەر سەکۆی "ئێکس" (X)، پەهلەوی هەڕەشەی هەڵمەتێکی سەربازیی لە هاوپەیمانیی کوردی کرد ئەگەر ڕژێم بکەوێت و ئەو بگەڕێتەوە بۆ تاران. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانییەکە وەڵامی پەهلەوی دایەوە و بە خاوەن عەقڵییەتێکی ئەمنی و سەربازی وەسفی کرد کە مێژووی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد پشتگوێ دەخات.
"کەلەپووری مێژوویی وای کردووە کوردەکان لە گرەوەکانیاندا پارێزگار بن، بەتایبەت لە سایەی یەکگرتوویی ڕوونی ڕژێمی ئێران کە وا دیارە واشنتۆنی خۆشی تووشی سەرسوڕمان کردووە."
لە ئێستادا، وا دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکان مێژوویەکی درێژە وازی لە هۆگری و گرەوکردن لەسەر کوڕی شای لادراو هێناوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بەردەوامە بەڵام بێ هەماهەنگییەکی گشتگیر لەسەر زەوی، بەتایبەت لە سایەی نەبوونی تێڕوانینێکی ڕوون دەربارەی مەودای شەڕەکە و ئامانجە کۆتاییەکانی. هەروەها لە سایەی یادەوەرییەکی تاڵی بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ بەڵێنەکانی واشنتۆن، کە زۆربەی کات لە پشتیوانییەکی سنوورداری چەک تێپەڕ نابێت، و زۆر بە خێرایی دەبێتە دووکەڵ کاتێک ڕێککەوتنێکی "براگماتی" لە ئاسۆدا لەگەڵ فەرمانڕەواکانی تاران یان بەغداد یان دیمەشق دەردەکەوێت، هەر ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژییان هەبێت.
ئەم کەلەپوورە مێژووییە وای کردووە کوردەکان لە گرەوەکانیاندا پارێزگار بن، بەتایبەت لە سایەی یەکگرتوویی ڕوونی ڕژێمی ئێران کە وا دیارە واشنتۆنی خۆشی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەم یەکگرتووییە -ئەگەر بەردەوام بێت- بەو مانایەیە کە هەمووان بە واشنتۆن و ئۆپۆزسیۆنی کوردیشەوە، لە کۆتاییدا ناچار دەبن لەگەڵ ڕژێمی تاران دانوستان بکەن. تاکە جێگرەوە ئەوەیە کە ترەمپ بڕیار بدات هەڵگەڕێتەوە لە بەڵێنەکانی و بچێتە ناو شەڕێکی وشکانیی گشتگیر لە تاران، کە ئەمە سیناریۆیەکە لێکەوتەکانی لە کورد و ئێران و ناوچەکەش تێدەپەڕێت.
سەرچاوە: کەناڵی جەزیرە