حەوت ساڵ لەمەوبەر کە دەستمکرد بەم کارە، گوێم لەبەشێک لەدراوسێو کەسوکارەکەم دەبوو دەیانگوت ئەوە ئیشی ژن نییە
ئا: هێڤی ئاوات
پیشەی شۆفێریی لەهەرێمی کوردستان هێشتا بۆ ژنان نەبووەتە نەریتێکی باو، بەڵام سەڕەرای ئەوەش بۆ بەشێک لەژنان چوونە پشت سوکان تەنیا هەڵبژاردنی پیشەیەک نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ سەربەخۆیی ئابوریو بەئەنجام گەیاندنی ئەرکێکی کۆمەڵایەتیی.
"رۆشنا"ی تەمەن ٣٦ ساڵ، شۆفێرێکی ژنەو ماوەی ٧ ساڵە هاتووچۆ بەقوتابیو خوێندکاران دەکات، ئەو کە تا پۆلی ٩ی بنەڕەتی خوێندووەو کابانی ماڵە، باس لەوە دەکات پاش ئەوەی کچەکەی لەپۆلی ٦ەوە دەرچوو بۆ پۆلی ٧، قوتابخانەکەی لەشوێنی نیشتەجێبوونیانەوە دوور بووەو ئەمیش بیری لەوە کردوەتەوە لەبری ئەوەی بچێت پاسی بۆ بگرێت بەمەبەستی گەیاندنی، بۆچی خۆی کچەکەیو هاوڕێکانیشی نەگەیەنێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بیرم لەوە کردەوە کە خۆم بیگەیەنم، جگە لەوەی بڕە پارەیەکم بۆ دەگەڕێتەوە، دەشتوانم سێ قوتابی تریش بگەیەنم لەبەرامبەر بڕێک پارەدا، کە بۆ بژێویی ژیانمان پێویست بوو، بۆ ساڵی دواتریش بیرم لەوە کردەوە کە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەمان بگۆڕم بەمینی پاسێکو رۆژانە هاتوچۆم بەچەند قوتابییەکی کچ دەکرد".
وتیشی "ئەم کارە بۆ من تەنها بزنس نەبوو، بەڵکو پشتیوانییەکی ڕاستەقینەش بوو بۆ ئەو خێزانانەی کە رۆژانە پێویستیان بەگواستنەوەی منداڵەکانیان بوو، هەمیشە دەیانووت دڵخۆشین کە کچەکانمان لەگەڵ تۆدانو جێی متمانەیت".
رۆشنا، ئێستا حەوت ساڵە لە پشت سوکانەوەیە، لەم ماوەیەدا تووشی کاردانەوەی جۆراوجۆر بووە، لەبەرئەوەی ئەم پیشەیە لەکۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر پیاوانە بووە، ئەو وتی "حەوت ساڵ لەمەوبەر کە دەستمکرد بەم کارە، گوێم لەبەشێک لەدراوسێو کەسوکارەکەم دەبوو دەیانگوت ئەوە ئیشی ژن نییە، تەنانەت پێیاندەوتم چیت داوە لەمە، بۆچی ناچی بۆخۆت لەماڵەوە دانیشتو خەریکی چێشتلێنان بیت، بەڵام من باوەڕم وایە ژن دەتوانێت ماڵەکەشی بەڕێوەبباتو پیشەی شۆفێریش بکات".
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەم ساڵانەی دواییدا تێڕوانینی خەڵک گۆڕاوە، جگە لەوەی بەشێکی زۆری شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان مێینەن، ئێستا ژنان خەریکە شۆفێریی وەک پیشەیەک ئەنجامدەدەن، ئەو وتی "من بووم بەسەرمەشق بۆ چەندین کچو ژنی هاوڕێم کە قوتابی بگوازنەوەو ئەو نەریتە بشکێننو پیشەی شۆفێری بکەن".
ژنان لەکوردستاندا بەردەوام لەهەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، کارکردن لەدەرەوەی ماڵ نەک هەر هێزو سەربەخۆیی ئابورییان پێدەبەخشێت، بەڵکو جیاوازییەکانی نێوان ژنو پیاویش لەکارو پیشەدا کەم دەکاتەوە.
بنار (ناوێکی خوازراوە)، یەکێکە لەو ژنە دەگمەنانەی کە شۆفێری تەکسییە، ئەو باس لەوە دەکات لەتەمەنی ٧ ساڵیدا بۆ یەکەمجار ژنێکی بینیوە ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە، لەو کاتەوە متمانە بەخۆبوونی ئەو ژنە کاریگەری زۆری لەسەر هەبووە، ئەو بەئاوینەی وت "تا ١٢ی ئامادەییم خوێندووەو خاوەنی سێ منداڵم، چەند ساڵێک لەمەوبەر بیرم لەوە کردەوە کە سەرچاوەی داهاتو چۆنیەتی ژیانمان باشتر بکەینو رێگەیەکیش بدۆزمەوە بۆ دەربازبوون لەو بۆشاییەی تیا دەژیام، بوون بەشوفێری تەکسی بۆ من ئەو رێگەیە بوو".
بنار بەدەر لەکاری شوفێری تەکسی، کاری ناو ماڵیش دەکات، باس لەوەش دەکات کە هاوسەرەکەیو کەسوکاری زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەو پێش ئەوەی وەک ژنێک بەتەکسییەکەیەوە بچێتە ناو شەقامەکان، چەند جارێک هاوسەرەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، ئەو وتی "هەستێکی زۆر سەیرم لا دروست بوو کاتێک بۆ یەکەمجار کە پارەم لەنەفەرێک وەرگرت لەبەرامبەر ئەوەی بەئۆتۆمبێلەلکەم گەیاندومە شوێنێک".
وتیشی "ئەوەی تەکسیەکەی من جیا دەکاتەوە لەتەکسی شوفێرە پیاوەکان ئەوەیە هەموو نەفەرێک سەرناخەم، تەنها ژن سەردەخەم، ئەگەر پیاویشیان لەگەڵ بێت، ئەوا دەبێت پیاوەکە لەکوشنی دواوە سوار دانیشێتو ژنەکە بێتە پێشەوە، ژنانیش پێیانخۆشە کە من دەیانگەیەنمو دەستخۆشیم لێدەکەن".
بنار هیوای ئەوە دەخوازێ کە پیشەی شۆفێری لەکوردستاندا ببێتە نەریتێکی باو، ئەو وتی "هەندێکجار لەلایەن پیاوانەوە توانجم تێدەگیرێت، بەڵام من گوێ نادەمە قسەی خەڵکی، چونکە من دەمەوێ کار بکەم، ئەم کارە ڕێگەم پێدەدات لەسەر دوو پێی خۆم بوەستمو کارێکە زۆرم خۆشدەوێت".
ئەم ژنانە هەرچەندە لەژیانی رۆژانەدا نەرمو نیانن، بەڵام بەهێزنو خوازیاری ئەوەن لەهەموو بوارەکاندا بەیەکسانی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
خۆزگە عەبدولقادر، کۆمەڵناس ئاماژە بەوە دەکات کە ژنان لەم ساڵانەی دواییدا لەڕێگەی بەدەستهێنانی سەربەخۆی ئابورییانەوە رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لەدوورخستنەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەباڵادستی پیاو لەهەموو بوارەکاندا، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچەندە ئێستاش کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییەو دەسەڵاتی پیاو لەناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیو ئابوریو سیاسیدایە، بەڵام رۆژ بەڕۆژ ژنان رۆڵیان لەهەموو ئەو بوارانەدا گەورەتر دەبێتو نایانەوێ بەشێوەیەکی سیستەماتیکی بخرێنە پاشخانەوە، ئەوەی ئەم رۆڵەشی پێبەخشیون سەربەخۆیی ئابورییە".
وتیشی "ئەوەی جێی گەشبینییە ژنان ئێستا تەنیا کار ناکەن، بەڵکو بەردەوام خۆیان ڕێکدەخەن، دەیانەوێ لەژێر باری لیستێکی سیستماتیکی ئەو ئەرکانە بێتەدەر کە چەندین سەدەیە لەسەر شانی ژنان دانراوەم هەر ئەو خەریک بێت ماڵ بەڕیوەببات. منداڵ بەخێوبکات، چاودێری بەساڵاچووەکان بکات، لەگەڵ سەختی ئابوری، دڵەڕاوکێ لە کایەی گشتی، بارگرانی ناوماڵ، فشاری کۆمەڵایەتی هەوڵبدات، ئێستا دەیانەوێ بەهێز بنو لەهەموو بوارەکاندا بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، تەنانەت ئەو کارانەش دەکەن کە پێشتر تایبەت کرابوون بۆ پیاوان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات