چۆن مووشەکەکانی ئێران "نەبینران"و بەر ئیسرائیل کەوتن؟
  2026-03-23       449       

ئا: ئاوێنە

 

بێتوانایی لەڕێگریکردن لە دوو مووشەکی بالیستیکی ئێرانی شەوی شەممە کە ڕاستەوخۆ شارەکانی دیمۆناو ئارادیان گرتەوە، هەستێکی تایبەتی بۆ زۆرێک لەئیسرائیلیەکان دروستکرد کە چۆن سیستەمی بەرگری "قوبەی پۆڵایین"یان نەیتوانیوە رێگریان لێبکات".

 

خەمڵاندنە سەرەتاییەکان لەسەر ئەو ڕاستییە کۆدەبنەوە کە چەندین هەوڵی ڕێگریکردن لە قۆناغە جیاوازەکانی ڕێڕەوی مووشەکەکەدا دراوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری شکستهێنان لە زیاتر لە ئاستێکی زنجیرەی بەرگریدا.

مووشەکەکان بەخێرایی سەروو دەنگیی مەزەندە دەکران، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو ماوەی کاردانەوەی بەردەست سنووردار دەکات، لەکاتێکدا وا بیر دەکرێتەوە کە هەوڵی ڕێگرییە سەرەتاییەکان لەبەرزایی‌و دەرەوەی ئاسمانی سەرەکیدا دراون، بەبێ ئەوەی بتوانن لەناوبردنی مووشەکەکان بەدەستبهێنن.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسیارێتیەکە بگوازرێتەوە بۆ ئاستە لاوازەکانی بەرگری، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەڕووداوەکە بەردەوامە،  لەهەمان کاتدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی 100% کاریگەر نییە.

لە لێدوانە سەرەتاییەکانیاندا، بەرپرسانی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی سەرکەوتنی گشتیی ڕێگریکردنەکان بە بەرزی دەمێنێتەوە، زیاتر لە 90%، ئەمەش بە ڕوونی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم ڕووداوە تایبەتە شکستێکی دەگمەنەو ئاماژە نییە بۆ لاوازی توانای بەرگریی.

بەپێی یەکەم لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی IDF، شکستی ڕێگریکردنەکە لە شەوی شەممەدا بۆ یەک هۆکار ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ "زنجیرەیەک لەتێکچوونی کارکردن"ی کوشندە دەگەڕێتەوە.

لە دۆسیەی دیمۆنادا، باس لەوە دەکرێت کە لە کاتێکدا ڕادارەکان ئامانجەکەیان دەستنیشان کردووە و مووشەکێکی ڕێگریکەر هەڵدراوە، بەڵام لەکاتی فڕیندا تووشی شکستی تەکنیکی بووە و پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی دوژمندا لەدەستداوە.

لە ئاراد، وا دیارە هۆکارەکان جیاوازن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کێشەکە یەک کەموکوڕی بەرهەمهێنان نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری تەکنیکی بووە کە هاوکات بوون.

لەم حاڵەتە دووەمدا، هەندێک لە ڕاپۆرتەکان – کە پشتڕاستکراونەتەوە – دەڵێن کە ئێران سەری جەنگی MIRV (Multiple Independently targetable Reentry Vehicles)ی بەکارهێناوە.

بەپێی سیناریۆیەک کە شرۆڤەکاران ئاماژەی پێدەکەن، کاتێک موشەکەکە لە ئامانجەکە نزیک دەبێتەوە، سەرە سەرەکییەکە دە مووشەکی بچووکتر یان زیاتری لێدەبێتەوە.

ڕادارەکانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناکاو بەدەیان خاڵ لەسەر شاشەکە زەق دەبنەوە.

ئەلگۆریتمەکە دەبێت دەستبەجێ بڕیار بدات کامیان هەڕەشەی ڕاستەقینەیەو کامیان فێڵبازە.

لە هێرشەکەی دوێنێدا، لە ژێر هەمان سیناریۆدا، وا دەردەکەوێت کە موشەکە ڕێگریکەرەکان فێڵبازەکانیان "هەڵبژاردووە"، ئەمەش ڕێگەی بە سەرە جەنگییە ڕاستەقینەکان داوە تێیدا تێپەڕن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×